بەڵی بۆ بەرگری لە ژولیەن ئەسانج!…. نووسینی:عەبدوڵا مەحمود

0
بەڵی بۆ بەرگری لە ژولیەن ئەسانج!
 
عەبدوڵا مەحمود
 
دادگای بەریتانیا رەتی کردەوە کە جولیەن ئەسانج دامەزرێنەری ویکیلیکس ڕادەستی دەوڵەتی ئەمریکا بکاتەوە. جولیەن ئەسانج، بەوێنەی دامەزرێنەری ویکیلیکس، بە خستنەڕووی هەزاران فایلی نهێنی سەبارەت بە چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا بەتایبەت لە عیراق و ئەفغانستان، لەلایەن دادگای ئەمریکا تۆمەتبار کراوە.
دیارە ئەو هەزاران دۆسیەیەی کە دامەزراوەی ویکیلیکس خستویەتیە ڕوو، تەنها گۆشەیەک و بەشێکی کەم لە سەدان هەزار و ملیۆنەها فایلی ترە کە دەوڵەتی ئەمریکا و دەزگا هەواڵگری و جاسوسیەکانیان، لەچوارچێوەی ملهوری و داسەپاندنی هەیمەنەی سیاسی و سەربازی خۆیدا بەسەر دنیادا، ئامادەیان کردووە.
خستنەرووی بەشێکی کەم لەو دۆسیانە، لەلایەن دەزگای ویکلیکسەوە، بەر لەهەموو شت دەزگا جاسوسی و هەواڵگریەکانی ئەمریکا دەخاتە بەردەم لێپرسینەوە، دەخاتە بەردەم رای گشتی دنیا، وە ئەو راستیە دەخاتە روو کە دەوڵەتی ئەمریکا چۆن لە پێناوی زاڵکردن و داسەپاندنی هەژموون خۆیدا، ئامادەیە چەندین وڵات وێران و بەسەدان ملیۆن ئینسان برسی و لەبەین ببات و بنەماکانی کۆمەڵگە و ژیانکردن خاپور بکات.
ئەگەر دادگای ئەمریکا و دادگای جیهانی لەژێر کۆنترۆڵی دەق و بڕیارەکانی بۆرژوازی و کۆمپانیا قازانج پەرستەکان و دەوڵەتەکانیاندا نەبوایە، پایەکانی لەسەر کەمترین ڕادەی پاراستن و پرانسیبەکانی ڕیزگرتن و یەکسانی ئینسان دابمەزرایە، ئەوا سەران و نوخبەی سیاسی و سەربازی و هەواڵگری ئەمریکا، دەبوایە لە بەردەم دادگا بوونایە و سزای ئەو تاوانکاریانەیان بدایە کە بەرامبەر بۆ کۆمەڵگەی ئینسانی ئەنجامیان داوە..
دادگای دەوڵەتی ئەمریکا، کە پارێزەری دەسەڵاتی سەرمایەو باڵادەستی و ملهوری” یاسایی” ئەون بەسەر دنیادا، لەبەرامبەر دزەپێکردنی بەشێک لەبەڵگەنامە تاوانکارییەکانی ئەمریکادا، ژولیەن ئەسانج و هاوشێوەکانی روبەرووی دادگا دەکاتەوە، بەڵام بکەران و تاوانبارانی کوشتنی ملیۆنەها ئینسان، دەبەخشێ و لەوەش واوەتر نەک چاوپۆشی، بەڵکو رەوایەتی بەو دڕندەیی و هەوسار پچراوییە سیاسی و سەربازی و کردە تیرۆریستانە دەدەت کە دەوڵەتی ئەمریکا، لە دنیادا، بێشەرمانە ئەنجامی دەدات.
ژولیان ئەسانج… نە بکوژە و نە تۆمەتبار بە هەرەشەی کوشتن و سوکایەتی بە هیچ کەسێک، بەڵکو لەراستای وێل بوونی بەدوای راستیەکانی پشتی دەزگا هەواڵگری و جاسوسیەکانی ئەمریکادا، گۆشەیەک لە دۆسیەکانی لەناو ملیونەها دۆسیەدا، دەست پێڕاگەیشتووەو خستۆیەتە ڕوو، بەمەش رۆڵ و نەخشی تاوانکارانەی دەوڵەتێکی خستۆتە روو کە سەر ڕێژە لە تاوانکارای دیموکراسی بۆرژوازی. هەموو ئەو تاوانکارایانەی دەوڵەتی ئەمریکا و دەوڵەتە بۆرژوازییەکان ئەنجامی دەدەن و ئەنجامیان داوە، بە دادگا و لەرێگای یاساوە، لە بنەرەتدا دادگا و یاسای بەرگری لە دەسەڵاتی دەوڵەت و چینی بۆرژوازین رەوایەتیان پێدراوە.
دادگا و دەوڵەتی ئەمریکا، بەرگری لە دەستێوەردان، داگیرکاری، ملهوری نواندن، هەڵمەتی سەرکوتی شۆرشی برسییەکان و ئازادی و ئیرادەی وەگەرکەوتویی ئینسان دەکەن و لەوەش واوەتر لەبەرچاوی دنیادا، پیادەی دەکەن، کەچی ئەگەر دەزگایەک، لایەنێک، رۆژنامەنووسێک، ناوەندێک… بەڵگەنامە و سەنەدی تاوانکارییەکانیان بخەنەڕوو، مەحکوم بە سزای هەر ئەو دادگا و دەسەڵاتە دەبن، کە رەوایەتی یاسایی داوە بە تاوانەکانیان. بێگومان ئەگەر هەرکام لەو هەنگاو و سیاسەت و پرۆژانەی بۆرژوازی دەوڵەتی ئەمریکا، کە لە دنیادا لەپێناو هەیمەنە و پاراستنی ئەو هەیمەنەیدا بەدەستیانەوە گرتووە، کەمترین ڕەوایەتی ببوایە، نیگەرانی ئاشکرابوونی نەدەبوون و دەیانتوانی بەرگری لێبکەن. بەڵام بەوهۆیە زۆر سادەیەوە کە نەخشەو سیاسەت و پرۆژەکانی ملهوری سەپاندنی بۆرژوازی بەسەر ئۆردوی ئینسانی گۆی زەویدا، لێوان لیوان لە تاوان و تاوانکارین، بۆیە ناتوانن بەرگری لێ بکەن و خۆیانی لێ بەخاوەن بکەن.
رەتکردنەوەی داوای دادگای ئەمەریکا، لەلایەن دادگای بەریتانیاوە، ناتوانرێت وەکو پشتیوانی دادگا و دەوڵەتی بەریتانیا لە ئازادی سیاسی رادەربڕین و دەستراگەیشتن بەزانیاری، تەماشا بکرێت. بەتایبەت کە کارنامەی خودی دەوڵەتی بەریتانیا و دادگاکەی، بەیانی جیاوازیەک لەگەڵ دادگای ئەمریکا لەسەر تاوانکارییەکانی جەنگ و دەستیوەردان و داگیرکارییەکان ناکات… بەتایبەتیش لەسەر هەر دوو کەیسی داگیرکاری عیراق و ئەفغانستان.
بریاری دادگای بەریتانیا، بریارە لە بەرگری تاکە کەسی راونرا و داواکراو، وەکو هەر کەیسێکی سیاسی تر کە لە دنیادا تا ڕادەیەکی زۆر بۆتە باو و نۆرمی مامەڵە لەگەڵ ئەو فایلانەدا، بەڵام لە هەلومەرجێکدا کە ئەمریکا گوشارێکی زۆر و هەمەلایەنەی خستە سەر بەریتانیا تا بریاری رادەست کردنەوەی جۆلیان ئەسانج بە ئەمریکا بدات، بڕیاری دادگای بەریتانیا بە رەتکردنەوەی داوای ئەمریکا و رادەستنەکردنەوەی هەنگاوێکی ئیجابییە لە راستای بزوتنەوەی بەرگری لە جۆلیان ئەسانج.
دیارە پێویستە، بلۆک و بەرەی ئازادیخوازو و زانیاری دۆست، لەهەر جێگایەکی دنیا هەن، بەرگری لە ژۆلیان ئەسانج و هەر دەزگاو ناوەندێک بکەن، کە راستییە شاراوەکان، بۆ دنیا دەخەنە ڕوو. وە هاوکات نابێ ڕیگە بدەن هیچ کەسایەتیەکی سیاسی، بەرپرسی هیچ دەزگا و ناوەندێکی لێکۆڵینەوە، یان نووسەر و رۆژنامەنووس و رەخنەگری… هیچ وڵاتیک، لەسەر داوای وڵات و دەوڵەتێک کە پەنای بردۆتە بەر دەوڵەتیکی تر رادەست بکرێتەوە. خۆ ئەگەر رادەستکردنەوە کەسایەتییە سیاسیەکان یان نووسەو رۆژنامەنووس و بەرپرسی دەزگاو… داواکراوەکان ڕێگەی پێ بدرێت و ببێتە نۆرم، دنیا دەبێتە گەواهی دەری تراژیدیای زیندانی دەیان و سەدان هەزار ئینسانی چالاکی سیاسی و رۆژنامەنووس و نووسەر و هاوکاتیش پەتی سێدارەو سەندنەوەی ژیان لێیان. لەم ڕوانگەیەوە بڕیاری دادگای بەریتانیا، بەرەتکردنەوەی داوای ئەمریکا هەنگاو و نەریتێکی جێگای پشتیوانییە.
بەرگری لە ژولیان ئەسانج، لە سەلامەتی و تەندروستی تا ئازادکردن و پارێزراوبوونی، ئەرکێکی تەواو ئینسانی ئازادیخوازانەیە…
٧/١/٢٠٢١
تێبینی: ئەم بابەتە لە بڵاوکراوەی ئۆکتۆبەری ژمارە ٣ بڵاوکراوەتەوە…
Leave A Reply

Your email address will not be published.