ساڵی نوێ! ابراهیم حسێن

0

ساڵی نوێ!

ابراهیم حسێن

ساڵی نوێ و ساڵی کۆن، ساڵی ٢٠٢٠ و٢٠٢١، دوو ژمارەن، چرکەساتێک لە چەندین وچەندەها بلیۆن و تریلیۆن لە زەمەن لە کوڕڕەیەکی ئەم کەونە کە تیایدا شانسی تەجرەبە کردنی ژیانمان پێ بڕاوە. دەرفەتێکی تاقانە و دەگمەنی شیرینی یەکجاری، کە دوبارە نابێتەوە.

قەرار بوو ئەم دەرفتە شیرینە لە هەموو ماناکانی خۆیدا و تا ئەوپەڕی تاقی بکەینەوە. قەرار بوو ئازادانە ئەم دەرفەتە بژین، قەرار بوو ژیان بژین. قەرار بوو بۆتەجرەبەکردنی ئەم دەرفەت شیرینە، هاتبیتنە ئەم جیهانەوە. بتوانین بۆهه ر جیگایەک لەم هەسارەیەدا گەشت بکەین، مەلە بکەین و هەرگۆرانیەک و ئاوازێک کە دڵمان خواستی ببیستین. له هەرشوێنێک و هەر گۆشەیەک دابنیشین، داهێنان بکەین، سروشت و پڕۆسە و دیاردەکان لەوەی کە هەن بگۆڕین بەوەی کە ئێمە دەمانەوێ و خاوەن و سەروەری ژیانی خۆمان بین.

بڕیار نەبوو ئێمە زەبوونی زۆر و قەهری هێزە دەرەکیەکان بین، بڕیار نەبوو ئێمە هەموو ڕۆژێک هەڵسین و لە تەقەلایەکی ناچارییدا، بۆ مانەوەمان، هێزی بەدەنی و وزە و کاتمان بفرۆشین تا دواتر چەن ئەسکەناسێک وەربگرین تا دواتر لە ڕێگەیانەوە هەمان ئەو بەرهەمانە بەدەست بهێنینەوە کە بەرهەمی دەستی خۆمانن. قەرار نەبوو بۆ هەر قەترەیەکی ژیان، سەر لەنوێ و هەموو ڕۆژ بکەوینە داوی بەندایەتی سەرمایە، قەرار نەبوو، بۆ هەر قەترەیەکی ئازادانەی ژیان، ڕووبەڕوی دەوڵەت ببینەوە، ڕووبەڕی قەهری کۆمەڵگەو شێوە ژیانێکی کۆمەڵایەتی ببینەوە کە لەسەر بناغەی داماڵرانی ئێمە له ئازادی واقیعی بنیات نراوە.

زۆرێک ئێستا دەیانتوانی لە دەوری مێزێک بە دیار مۆمێکەوە ئێوارەیەکی ئارام لەگەڵ هاوژین، منداڵ و کەسانی خۆشەویستیان بەسەربەرن، زۆرێک دەیانتوانی و دەکرا، هێشتا پێبکەنن و ڕابکەن و گۆرانی بڵێن و گوێ لەو مۆسیقایە بگرن کە حەزیان لێێەتی، زۆرێک دەیانتوانی هەرئیستا لە بیری ئەوەدابن لە ژوانی دڵدارەکەیاندا چ جلێک لەبەربکەن، چ بۆنێک لە خۆیان بدەن، ستایڵی قژیان چی لێ بکەن، زۆرێک دەیانتوانی سەرباری ئەم محنەت و مەهلەکەیە هێشتا دڵ بەژیان ببەستن و هیوای ئەوە بخوازن کە ڕۆژێک لە کەناری دەریایەک بڕۆن، بەسەر ملەی چیایەکی تردا سەرکەون، لەبەر بەڕۆچکەیەک هەزازان خەیاڵی خۆش ختۆکەیان بدا، خەڵکانی ترببینن، دوبارە عاشق ببنەوە و بۆ ئەو گۆشانەی تری دنیا سەفەر بکەن کەنەیاندیوە. ئەوان ڕۆشتن و‌ ئێستا نین ونەبوونی هەریەکێکیان حفرە وبۆشاییەکی قوڵی لە ویژدانی ئەو نزیکانەیان دروستکردوە کە خۆشیان ویستون ودڵیان بە بوونیان لە گەڵیاندا، گەرم داهاتوە.

ئەوەی کە سەرباری هەموو ئەو مەهلەکەیە، دەتوانین دڵ بە ژیان ببەستین، دڵمان بدەینە دەریا و خولیای ئاڵوگۆڕ، خولیای ژیانێکی باشتر لەهەر تەقەلایەکی بە کۆمەڵ و فەردیماندا هەبێ، هێشتا سەرباری ئەو شێوە ژیانە پەستە، سەرباری تاکپەرەستی و بێدڵی و قەساوەتی ئەم شێوە ژیانە چینایەتیە، کۆیلایەتی مۆدێرن، هێشتا سوشیالیستین، هێشتا جۆر دۆستین و بەدەم یەکەوەین، بە ئازار و دەردی یەکتر نیگەران و بێ تاقەت دەبین، نیشانەی ئەوەیە بەشەری ئەمڕۆ چ پۆتانسێڵێکی گەورەی هەیە بۆ ئازادانە ژیان و بۆ خۆشبەخت ژیان، نیشانەی ئەوەیە کە ئەگەر ئەم ئینسانیەتە سۆشیالیستیە، ڕزگار بێ لە قەهری چینایەتی، لە کۆتی خاوەندارێتی و سەرمایە، چ تەقینەوەیەکی گەورەی خەللاقیەت و داهێنان دەتوانین ببینین. ڕۆژگارێک کە بۆ هەمیشە بەشەرییەت بە وتەی مارکس قۆناغی پێشا مێژووی خۆی تێدەپەڕێنێ. مێژووی واقیعی، مێژووی مرۆڤی ئازاد، دەست پێدەکا.

ئەم خولیایە، ڕیشەی لە زاتی هەر تاکێکمان دایە و جوڵانەوەیەک کە دڵی لێرەدایە هەر وا بەردەوامە!

٣١.١٢.٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.