مەترسیەکانی توندوتیژی دژی ژنان نووسینی: پەرێز سابیر

0

مەترسیەکانی توندوتیژی دژی ژنان

نووسینی: پەرێز سابیر

قوربانیەکانی توندوتیژی خێزانی زۆرینەی هەرە زۆریان ژنان و کچانن، بەشێکی زۆری توندوتیژیەکانیش لەلایەن کەسە نزیکەکانەوە ئەنجام دەدرێن یان ئەوان هۆکارن بۆ ڕودانیان، کە دەڵێین کەسە نزیکەکان واتە ئەوانەی لە خێزاندا پلەی نزیکی خزمایەتیان لەگەڵ قوربانیەکاندا هەیە، یاخود ئەوانەی جێگەی متمانەی قوربانیەکانن و هیوا و ئاواتیان پیایاندا هەڵواسیوە، کە بەداخەوە لەکۆتاییدا دەبنە مۆتەکەی گیانی قوربانیەکە و توشی کارەساتی دەکەن و زۆربەی جاریش ڕووداوەکان بە کوشتنی ژن یاخود کچەکان کۆتاییان دێت و ئەوەی جێگەی داخە تەنانەت دوای تاوانەکەیش پەنجەی گوناهباری بۆ قوربانییەکان درێژ دەکرێت!

ئەم بابەتە لە کوردستان خەریکە دەبێتە دیاردە ولە حاڵەت دەرچووە، کاردانەوەکانیش وەك پێویست نین و زۆر جار لە لێدوان وکاری ڕاگەیاندن ونمایش ئامیز تێناپەڕن، تەنانەت ئەو کەمپین و گردبوونەوەی پشتیوانیانەی لەکاتی ڕودانی تاوانەکانی دژی ژنان ئەنجام دەدرێت کورتخایەنن ومانەوەیان بۆ ماوەیەکی وەها نییە کە بتوانن ئەنجامی دڵخۆشکەر وە دەست بێنن، بۆیە زۆربەی کەیسەکان بە دەربازبوونی تاوانبارەکان وفەوتانی مافی قوربانیەکە کۆتایی دێت.

ئەو ڕوداوە توندوتیژی ئامێزانە و ئەو تاوانانەی دژی ژنان دەکرێن بە ئاشکرا پێمان دەڵێن ئاسایشی خێزان وکۆمەڵگە لەمەترسیدان، پێمان دەڵێن خانەی سەرەکی دروستبوونی وڵات کە خێزانە لە لێواری لەناوچووندایە ومەترسیەکی گەورە لە ئارادایە، لەهەمانکاتدا وەهامان لێ دەخوازن کاری جدی و هەمەلایەن بکەین بۆ دەربازبوون لەو مەترسیە و ڕزگارکردنی خێزان لەو هەڕەشە ترسناکە، کاری هەمەلایەن واتا بینینی مەترسیەکە وەک خۆی و بەسەنگی خۆی، ڕوبەڕوبوونەوەیشی بەقەبارەی خۆی و لەپێناو نەهێشتن و کەمکردنەوەیاندا، نەوەك لەپێناو بەنجکردن و تێپەڕاندنیان و ئیتر بێدەنگبوون تا ڕودانی تاوانێکی تر!

لێرەوە دەڵێن مەترسیەکانی توندوتیژی خێزانی کە بەشێکیان زادەی کەلتور و بەشێکیشیان زادەی کێشەکانی کۆمەڵگەن، بەتەنها مەترسی نین لەسەر خودی قوربانیەکان وبەس، بەڵکو دەبێت لەلایەن دەسەڵات وڕێکخراوەکان و ناوەندەکانی توێژینەوە و زانکۆکانیشەوە وەك هەڕەشەیەکی فراوان لەسەر ئاسایشی خێزان و کۆمەڵگە تەماشا بکرێن و هەوڵی هەمە لایەن بخەنە گەڕ لەپێناو ڕێگە  لێگرتنیان، بۆئەوەی لەوە زیاتر تەشەنە نەکەن، بۆئەوەی بتوانرێت بەهەموو لایەکەوە چارەسەری ڕاستەقینە پێشنیار بکرێت، بەشێوەیەك کە چارەسەرەکان جێ متمانەی قوربانیەکان بن و بە دوربن لە ڕێککاری ڕوکەش و کاتی، کە تەنها دامرکانەوەی ناڕەزایی وئازارەکان بێت بەشێوەی کاتی و هیچی تر، چونکە ئەوە دەبێتە مایەی تەشەنەکردنی دیاردەکانی توندوتیژی و تەنینەوەی بۆ گشت خێزانەکان ودواجاریش چارەسەری دەبێتە ئەستەم و دەرەنجامەکانیشی کارەساتی گەورە دەبن…

Leave A Reply

Your email address will not be published.