ڕێکەوتنی برێگزت لەنێوان بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپا کۆتایی دێنێ بە ئازادی جمووجۆڵ و ئازادی کارکردن نووسینی: سالار حمە سەعید

0

ڕێکەوتنی برێگزت لەنێوان بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپا

کۆتایی دێنێ بە ئازادی جمووجۆڵ و ئازادی کارکردن

نووسینی: سالار حمە سەعید

 بەریتانیاو یەکیەتی ئەوروپا لە کۆتاییدا گەیشتنە رێکەوتنێک لەسەر برێگزت واتە جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکیەتی ئەوروپا.

شەوی کریسمەس واتە ٢٤/١٢/٢٠٢٠ ئەم ڕێکەوتنە کرا. بەڵام لە رۆژی ٢٦/١٢/٢٠٢٠ واتە رۆژی ”بۆکسین دەی” وردەکاریەکانی ئەم ڕێکەوتنە بڵاوکرایەوە. ئەم ڕێکەوتننامەیە پێکهاتووە لە ١٢٤٦ لاپەرە. ئەوەی جێگەی سەرنجە هەندێک لەحزبە دیارەکانی وەک حزبی کرێکارانی بەریتانیا لەزاری سەرۆکی حزبەوە پشتگیری لەو رێکەوتننامەیە ڕاگەیاند بەبێ ئەوەی ”کیر ستارمر”ی سەرۆکی حزبی لەیبەری بەریتانی تەواوی ١٢٤٦ لاپەرەکەی بینیبێت یاخود خوێندبێتەوە و هەر هەرەمەکی پشتیوانی خۆی و حزبەکەی لەم رێکەوتنە راگەیاند، لەبەرئەوەی هەر دوا بەدوای ڕاگەیاندنەکەی بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە حزبی پارێزگاران، ستارمر یەکسەر پێشوازیکرد لە ڕێکەوتنەکە. هەروەها داوای لە ئەندامانی پەرلەمانی حزبەکەی کرد کە دەنگ بدەن بەو رێکەوتننامەیەی نێوان بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپا لەپەرلەماندا.

حزبی کرێکاران کە بڕیارە نوێنەرایەتی کرێکاران بکات بەبێ ئەوەی سەرنج بداتە لایەنە خراپەکانی ئەم ڕێکەوتنە بەتایبەتی سەبارەت بە مافەکانی کرێکاران و دەرەنجامە ترسناکەکانی هەڵدەستێ بە پشتیوانی کردنی بێسنووری لە بۆریس جۆنسن و ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ ئەوروپا و هانی حزبەکەشی دەدات کە بچنە پاڵ جۆنسن و پشتیوانی بکەن. سەرۆکی حزبی کریکاران بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو ڕاستیەی کە لە مەڵبەندێکی لێکۆڵینەوەدا هاتووە و هۆشداریداوە کە ڕێکەوتنی برێگزتی نێوان بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپا دەبێتە هۆی لەدەستدانی مافەکانی کرێکاران، سەرەڕای ئەمەش لە هەڵوێستی خۆی پاشگەزنابێتەوە و سوورە لەسەر دەنگدان لە پەرلەمان لە پشتگیری لە رێکەوتنەکە. هەروەها ئەو سەنتەرەی لێکۆڵینەوەی سیاسەتی گشتی کە پێی دەوترێت ” ثنک تانک ” کە پەیمانگەیەکی لێکۆڵینەوەیە دوێنی یەکشەممە هەڵسەنگاندنی خۆی بڵاوکردەوە و لەسەر ئەو بۆچوونەیە کە ڕێکەوتنی بازرگانی پاش برێگزتی بۆریس جۆنسن لەگەڵ یەکیەتی ئەوروپا مافەکانی کرێکاران و پاراستنی ژینگە دەخاتە مەترسی لەدەستدان وە ئەمە گەشەی ئابووری هێواش دەکاتەوە، ئەمە بەپێی ئەو هۆشدارییە  شیکاریە سەرەتاییانەی مەڵبەندی لێکۆڵینەوە.

ئەمەو تەنانەت هەندێ لە ئەندامانی پەرلەمان سەر بە حزبی موحافزین ئامادەنین پشتیوانی ئەم ڕێکەوتنە بکەن و گومانیان هەیە لەناوەرۆکەکەی و دەیانەوێت زیاتر بچنە ناوەرۆکەکەیەوە و ئەوکاتە بڕیاربدەن کە ئایا پشتیوانی بکەن یان نا.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەڵێت کە بەریتانیا پاشەکشە ناکات لەسەر کێشەو مەسەلەکانی سەرباری ئەوە پەیمانیدا کە ئازادییە یاسایی و ڕێکخەرەکان بخاتەگەڕ و لەم کەینوبەینەدا ڕێگەنادات کە خەڵک زەرەرمەندبن، بەڵام رەشبینەکان بە یەکیەتی ئەوروپا دەیانەوێت بزانن کە ئایا دەتوانن پشتیوانی بکەن لەو رێکەوتننامە ١٢٤٦ لاپەرەیە یان نا.

مارلی مۆریس کە بەڕێوبەرایەتی بازرگانی و پەیوەندیەکانی یەکیەتی ئەوروپا دەکات، هۆشداری دەدات کە پاراستنی کرێکاران و ژینگە و کەشو هەوا لە مەترسیەکی گەورەی لەدەستدان دایە.

ئەگەرچی جۆنسن نکۆڵی لەوەدەکات کە پاشەکشە بکات لەسەر مافەکانی کرێکاران، بەڵام هەرخۆی دانی پێدانا کە دەگونجێ رێکەوتنەکە تا ئەو جێگەیە نەڕوات کەخوازیاریەتی و دەیەوێ  دەستی بگات  بە خزمەتگوزارییە داراییەکان و بازاڕی یەکیەتی ئەوروپا.

خاڵە سەرەکیەکانی ئەم ڕێکەوتنە یەکەمیان ئەوەیە کە تەعریفەی گومرگی (رسوم گومرگی) ناخرێتە سەر کاڵاکان. کۆتایی دێت بە ئازادی جمووجۆڵ واتە لەمەولا هاوڵاتیانی بەریتانیا مافی کارکردنیان نییە لە وڵاتانی یەکیەتی ئەوروپا وە مافی خوێندنیان نییە و مافی دەستدان بە کاری بازرگانی و کەسب و کاریان نابێت لەئەوروپادا بەبێ ڤیزە و رەزامەندی. پشکنین لەسەر سنوورەکانی نێوان بەریتانیا و وڵاتانی یەکیەتی ئەوروپا جێبەجێ دەکرێت. سنووری نێوان ئیرلەندای باکوور و کۆماری ئێرلەندا سنووری سەخت نابێت واتە سنوورێک نابێت کە پشکنین و کۆنترۆڵکردن هەبێت لەنێوانیاندا. پاراستنی شەفافیەت لەسەر گومرگ و ماڵیات و باج. هەروەها بەپێی مەرجەکانی ئەم ڕێکەوتنە نوێیە تەنها لەسەدا ٢٥ مافی ڕاوچیانی ماسی یەکیەتی ئەوروپا لە ئاوەکانی بەریتانیا دەگەڕێتەوە بۆ قافڵەی ڕاوچیانی ماسی بەریتانی لە قۆناغی ڕاگوزەردا (فترة انتقالیة) کە پێنج ساڵ و نیوە.

مافەکانی کرێکاران لە سێکتەری گواستنەوە، هەموو ئەمانە و خاڵی تر کە تەماوین و زۆر رۆشن نین بۆ خەڵکی بەریتانیا، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە لەیبەر کە حزبی کرێکارانە چۆتە پاڵ پشتگیری لە حزبی موحافزین و دەیەوێ دەنگ بدات بەم ڕێکەوتنە کە لە بەرژەوەندی مافەکانی کرێکاراندا نییە.

ستارمری سەرۆکی حزبی لەیبەر ڕووبەڕووی یاغیبوونێکی گەورە دەبێتەوە لەلایەن ڕابەرانی گەورەی نێو حزبی لەیبەر وە هەندێک ئەندام پەرلەمانەکانی وەک جۆن ماکدۆنێڵ و کڵایڤ لیویس کە  سەرۆکی حزبی لەیبەر تاوانبار دەکەن بەوەی کە نابێت حزب بکەوێتە نێو داوی گردبوونەوە لەدەوری ڕێکەوتنێکی بەد و بێ کەڵک. کۆمەڵێک لایەنگری ناوداری لەیبەر ستارمر هاندەدەن کە ئەوڕەوتەی گرتوویەتیە بەر بیگۆڕێت.

کۆمەڵێک لە کەسانی نێوداری ناو حزبی لەیبەر لێدوانێکیان ئیمزاکردوە کە داوا لە ستارمر دەکەن کە پشتیوانی نەکات لە ڕێکەوتنەکە لەوانە جۆن ماکدۆنێڵ و بێن برادشۆ کە وەزیری کابینەی پێشوو بوو وە لایەنگرێکی سەرسەختی ستارمرە. بەپێێ ئەو لێدوانەی ئەو کۆمەڵە ئەندامەی لەیبەر ئەم ڕێکەوتنە دابەزینێکی بەرچاوی پەیوەندیەکانی بەریتانیایە لەگەڵ یەکیەتی ئەوروپادا، کە دەبێتە لەدەستدانی ماف و پاراستنی کرێکاران و پاراستنی ژینگە و ستانداردی خۆراک و زۆرێکی تر لە بوارەکانی ژیان.

رۆژی ٣٠ دیسەمبەری ٢٠٢٠ بڕیارە پەرلەمان کۆبێتەوە و باس و گفتوگۆ بکەن لەسەر ئەم ڕێکەوتنەی ئەم دواییەی بۆریس جۆنسن لەگەڵ یەکیەتی ئەوروپا و دەنگ بدەن بۆ تێپەڕاندنی رێکەوتنەکە وە وا پێشبینی دەکرێت کە ئەم ڕێکەوتنە پەسەند بکرێت لەلایەن دوو حزبی سەرەکی نێو پەرلەمان لەیبەر و پارێزگارانەوە. بەڵام حزبی ناسیۆنالیستی سکۆتلەندی بڕیارە کە دژ بەم ڕێکەوتنە دەنگ بدات. هەروەها ناڕەزایەتی و یاغی بوون لەنێو ڕیزەکانی لایەنگرانی برێگزت لە حزبی موحافزین دا پێشبینی دەکرێت کە بێکاریگەر و لاواز و بچووک بێت.

٢٨ ی دیسەمبەری ٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.