چەند وشەیەک لە بەرز ڕاگرتنی شێرزاد فاتح

0

چەند وشەیەک لە بەرز ڕاگرتنی شێرزاد فاتح

شێرزاد فاتح جێی هێشتین!

هەواڵێک لەپڕ وەک گوێزان گیانمی بڕی.

ئەو ئینسانێکی لەسەرخۆ، هێمن و سادە بوو. ساڵانێک کە لە ڕادیۆ کارم دەکرد، ڕۆژانی جومعەش لە مەشتەلەکەی سەرچنار کارم دەکرد، ئەوم لەوێ دەبینی. دواتر لە ڕادیۆ بەرنامەیەکی تایبەتی لە ڕادیۆ تایبەت بە منداڵان هەبوو (ئەگەر دروست لە بیرم بێ) جاروبار لەوێش دەمبینی و وەکو تر لە کۆڕ وکۆمەڵ و کۆبونەوەکانی ئەو سەردەمەی حیزب و هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست، هەمان ئەو سیما هێمن و سادەیەم بۆ دەیانجار بینیەوە. لێرەش له دیاسپۆرا جارێک و دوان پەیوەندی کرد بۆ کار لەسەر پڕۆژەی تایبەت بە منداڵان و دواجاریش لە دواکۆبوونەوەی گشتی ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان لە هێلسنکی، بینیمەوە. وەک هەمیشە زەردەخەنەیەکی تەنک و سیمایەکی هێمن باوەشێک گوڵ و سوپاسی پێ بوو.

ئەو ژیانی خۆشدەویست، ئەو شەیدای ژیانی ئازاد بوو، هەر لەبەرئەوە ئەو شێوە ژیانەی نەدەویست کە ژیانکردنی ئازادانە و ئازادانە ئەزمونکردنی ژیانی لە مرۆڤایەتی درێغ کردوە، ئەوشێوە ژیانەی نەدەویست کە ژیانکردنی تا ئاستی تەقەلایەکی کوێرانە بۆمانەوە ئەویش بەشەرتی ئەوەی هێزو توانستی خوڵقاندنی خۆت بتوانی بخەیتە خزمەتی سەرمایە، هێناوەتە خوار. ئەو ئەو شێوە ژیانەی نەدەویست کە هەناسەو ئۆکسیجین و مانەوەیەکی سەلامەتی لە ئیسانیەت درێغ کردوە. خۆشبەختی و ئازادانە ژیانکردنی لە مرۆڤایەتی درێغ کردوە، سیستەم و شێوە ژیانێکی نە دەویست کە تیایدا بە پێی ئاماری ڕەسمی چەندین ساڵ لەمەوبەری خۆیان، ساڵانە ٤٠ میلیۆن منداڵ بەهۆی ئەو نەخۆشیانە دەمرن کە هەر ئێستا پێکوتە و ڤاکسینیان هەیە.

هەربۆیە دڵی دابوویە دەریا و خولیای گۆڕین وئاڵۆگۆڕ و تێپەڕاندنی ئەم بەربەرییەتەی لەسەردابوو، خولیای کۆمەکردن بە باشترکردنی ژیان، ئینسانیترکردنی ژیانی بە هەر ئاست و ڕاددەیەکی مومکینی لەسەردابوو. ئەگەر شێزاد فاتیحەکان لە دیمەنی تاریکی ڕاستڕەوی و کاپیتالیزمی ئەمڕۆ، دەرکێشین، ئەگەر ئەو تەقەلا و ئومێدە ئینسانیە بە ئاڵوگۆڕ، بە ئیمکانی ژیانی باشتر دەربکێشین، ئەگەر ئەو موقاوەمەتەی ئینسانیەت دەرکێشین لەم دنیایە، جگە لە تاریکی و بەربەریەتێکی ڕووت، شتێکی تر نامێنێتەوە.

ئەو ڕۆژە لێرە لە هێلسینکی  باوەشێک گوڵ و سوپاست پێشکەشی کەسانێک کرد کە لەم تەقەلا و موقاوەمەتە ئینسانی و چینایەتیەدا دا بەشداربوون، ئێستا نۆرەی ئێمەیە بۆ هەر تەقەلایەکت، بۆ هەر کارو کۆششێکت باوەشێک گوڵ و دنیایەک سوپاست پێشکەش بکەین. ماڵ ئاوا هاوڕێ!

 ابراهیم حسین

٢٤.١٢.٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.