نەجمەدین فارس: ئەو جەماوەرە پێویستی بەخۆ ڕێکخستنە و بارگاوی کردنی بیرو بۆچوونیەتی بەبیرو زانستی مارکسیزم، جیاواز لە هەموو ئەو پارتانەی کە لەم ناوچەیەدا بوونیان هەیە…

0

نەجمەدین فارس: ئەو جەماوەرە پێویستی بەخۆ ڕێکخستنە و بارگاوی کردنی بیرو بۆچوونیەتی بەبیرو زانستی مارکسیزم، جیاواز لە هەموو ئەو پارتانەی کە لەم ناوچەیەدا بوونیان هەیە…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ ‌بەڕێز نەجمەدین فارس مارکسیست و نووسەر سەبارەت ”بە هەژاری و بێ موچەیی و ئاینندەی خۆپیشاندانەکانی کوردستان“

بۆپێشەوە: جارێکی تر جەماوەری کوردستان، دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی و بەشێکیان هاتوونەتە سەر شەقام، هۆکاری ئەم ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانانە چییە؟

نەجمەدین فارس: سەرچاوەی هەموو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانێک، نادادپەروەریە، جا ئەگەر لەڕووی ئابووریەوە بێت، یان سیاسی، یا کۆمەڵایەتی بێت. ئەوەی لەم ناوچەیە دەگووزەرێت، خەڵک بەگشتی و توێژی موچەخۆرو خەڵکی زەحمەتکێش بەتایبەتی، دەرگیری هەرسی لایەنی جیاوازی و جیاکاری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بوونەتەوە، ئەمەش بەرئەنجامی خۆپیشاندانەکانە.

بۆپێشەوە: بەشی هەرەزۆری خەڵکی کەم دەرامەتی کوردستان، ژیان و گوزەرانیان تا دێت بەرەو خراپتر دەچێت، ئەم خەڵکە چی بکات بۆ بەرگری لە ژیان و گوزەرانی؟

نەجمەدین فارس: بۆ هەموو کردەیەکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، دەسەڵات فشاری پێ دەخاتە سەر دانیشتوانەکەی بەهەموو چین و توێژەکانیەوە، وەڵامی کردەیی دەوێت. پێش هەموو کردەیەک پێوویستی بەخۆ ڕێکخسنێکی هوشیارانەیە. لەبەرئەوە هووشیاربوونەوە گرنگە لەڕیزکردن و ئامانجی داخوازی و خۆپیشاندان و ئاڕاستەکردنیان. ئەگینا بەدەردی ڕابردوو دەچێت، چەند هێزو لایەنێک و چەند بەناو ڕۆشنبیرێک بۆ مەرامی ئابووری و سیاسی خۆیان، ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکانیان بۆ ئیمتیازی سیاسی و دیاری ئابووری بۆخۆیان گۆڕی.

 بۆپێشەوە: ئایندەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئێستای خەڵکی کوردستان چۆن دەبینن؟

نەجمەدین فارس: بەداخەوە ئایندەی ئەم خۆپیشاندانانە بەهەمان دەردی ڕابردوو دەچێت. بەڵام دەبێتە ئەزموون و دەچێتە سەر ئەزموونەکانی تر. گرنگ وەرگرتنی وانەیە لێیان هەمان شت دووبارە و سێبارە نەبنەوە. بۆئەوەی ئەمانە چەندبارە نەبنەوە، ئەو جەماوەرە پێویستی بەخۆ ڕێکخستنە و بارگاوی کردنی بیروبۆچوونیەتی بەبیرو زانستی مارکسیزم، جیاواز لە هەموو ئەو پارتانەی کە لەم ناوچەیەدا بوونیان هەیە.

بۆپێشەوە: نەک هەر موچەی فەرمانبەران کەمە و دوا دەخرێت، بەڵکو دوبارە هەڕەشەی کەم کردنەوەو بڕینیشی هەیە، هۆکاری ئەمە چییە؟

نەجمەدین فارس: هۆکاری دواخستن و کەمکردنەوەی مووچەکانیان، سیستمی دابەشکردن و وەرگرتنە. بەمانایەکی تر، ئەوەی کۆمەڵێک لە ئۆلیگارشی سیاسی و ئابووری و سەربازی پاوانی هەموو لایەنەکانی ژیان و گوزەرانی خەڵکیان کردووە، بۆ خۆیان داهاتێکی گەورەو بەردەوامیان هەیە لە ڕێگەی تاڵان و بڕۆی سەروەت و سامانێک هەیە لەم هەرێمەدا کە مافی گشتی هەموو کەسێکە وەک یەک لێیان بەهرەمەندبێت. واتە سیستمی بەڕێوەبردنێکی ئۆلیگارشیانە سەرچاوەی بێبەشکردنی زۆرینەی خەڵکی ئەم هەرێمەیە.

بۆپێشەوە: بەشێک لە یەکێتی و هەروەها گۆڕان، خوازیاری گواستنەوەی موچەی موچە خۆرانن بۆ سەر بەغدا، لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

نەجمەدین فارس: ئەمە شانخاڵیکردنەوەیە، لەو بەرپرسیارێتیە کە ئەم هێزە سیاسیانەی دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات هەیانە بەرامبەر بە خەڵک و دەنگدەرەکانیان. ئەگینا گۆڕینی سیستم گرنگە، نەک گۆڕینی شوێن و ناوچەی پێدانی مووچە کە هەمان سیستم پەیڕەو دەکات. هەموو ئەمانە خۆڵکردنە چاوی خەڵکە، بۆ ئەوەی درێژە بەهەژموون و دەسەڵاتیان بدەن بەسەر خەڵکدا. ئەم حیزبانە لەگەڵ یەکتری ململانێ دەکەن، لەسەرشان و بەگۆشت و ئێسقانی خەلک. چارەسەر گۆڕینی سیستمی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری ئێستایە بەسیستمێکی دادوەرانەی بێ چین و توێژەکانی کۆمەڵگە.

بۆپێشەوە: تائێستا دەسەڵات مل بەخواستی زۆر سادەی دابینکردنی هەلی کار، دانی موچە لەکاتی خۆیدا، دابینکردنی لانی کەمی خزمەتگوازارییەکان نادات درێژەی ئەم هەلومەرجە تاکەی دەبێت؟

نەجمەدین فارس: بەشێوەیەکی تر بڵێین درێژە نەکێشانی ئەم هەلوومەرجەی ئێستا، بەندە بە ڕێکخراو بوون و کۆبوونەوەی زۆرینەی کۆمەڵگە لە ڕێکخراوێکی مارکسیستی جیاواز لە هەموو ئەو پارت و ڕێکخراو و گرووپانەی کە بوونیان هەیە لە دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات، بۆ ئەوەی جووڵانەوەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان و داخوازیەکان، ئامانجەکانیان ڕوون و دروست وبەرهەمدار بن، ئەم هەلومەرجانە درێژە نەکێشێت و نەبێتە نەخۆشیەکی درێژخایەن. هێزو لایەنەکان بۆ سوودی خۆیان بەکاری نەهێنن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.