چاوپێکەوتنی ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ لەگەڵ کامل احمد لەسەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی کوردستان

0

چاوپێکەوتنی ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ لەگەڵ کامل احمد لەسەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی کوردستان

ئاڕاستە: لە چەندین شاری کوردستان دووبارە خۆپیشاندانەکان دەستیانپێکردۆتەوە، ئێوە ئەمە چۆن دەبینن؟

کامل احمد: وەکو هەموومان دەیبینین، لەم ڕۆژانەی دواییدا جارێکی تر جەماوەری بێبەش و ناڕازی کوردستان لە زۆنی سەوزدا لە بەرامبەر نەبوونی مووچە دا هاتنە مەیدان و بە شێوازی جۆراوجۆر ناڕەزایەتیان دەربڕی. ناڕەزایەتیەکان بە گردبوونەوە و بانگەوازی مامۆستایانی ناڕازی لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد و تەشەنەی کرد بۆ بەشێکی زۆر لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان. لە بەشێک لەو شوێنانە ئاگربەردرایە بارەگای حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی، بە تایبەتی هەرسێ حزبی بەشداری “حکومەت”. هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و چەکدارانی بارەگاکانی حزبەکانیش دەستیان لە خۆپیشاندەران نەپاراستووە و تەقەیان لێکردوون چەندین خۆپیشاندەر گیانیان لە دەستداوە و چەندینی تریش برینداربوون. هاوکات هێزەکانی دەسەڵاتداری شاری سلێمانی کەناڵی ئێن ئار تی یان بە زەبری چەکەکانیان داخست. لە هەولێر و شارەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی و زۆنی زەردیش دەسەڵات، لەژێر پیادەکردنی ئەوپەڕی دەسەڵاتی ئەمنی و سەربازی موتڵەقدا، تا ئێستا توانیویەتی بەر بە هاتنەمەیدانی خەڵکی بێبەش بگرێت، تۆقاندێک کە خەڵک لە بەرامبەر کامێرای تەلەفزیۆنەکانیشدا ئامادەنەبوون یەک قسە بکەن و هەموویان خۆپارێزیان دەکرد لەوەی گوزارشت لە باری ژیان و گوزەرانیان بکەن. ئەمە دەکرێت ڕووی دەرەکی و ڕواڵەتی مەسەلەکە و ڕووداوەکانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی بێت، بەڵام با بزانین مەسەلەی سەرەکی چیە.

بە جیا لەوەی کە خواستی مووچە، خواستی بەرحەق و حاشاهەڵنەگری هەموو کرێکاران و مووچەخۆرانی کوردستانە و لەبەرامبەر کارێک دا کە دەیکەن، و بە قەولی بورژوازیش خۆیان بێت واجبێک کە جێبەجێی دەکەن، دەبێت کرێیەکیش وەربگرن، واتە مافیان هەبێت. بەڵام دەبینین کە لەژێر ڕەحمەتی پڕۆژە “چاکسازیەکانی” ئەم بە ناو حکومەتە و جێبەجێکردنی ئەرک و بەرنامەکانی بانک و سندوقی نەختی نێودەوڵەتیدا، ڕۆژ بە دوای ڕۆژ کرێکاران و بێبەشانی کوردستان مافەکانیان لێوەردەگیرێتەوە و دەکەونە ژێر ڕەحمەتی بێکاری و سەعاتکاری زۆر و کرێی کەم و لەژێر ڕادەی هەژاری یەوە ڕادەگیرێن. هەموو داهات و سامانی کۆمەڵگاش لە دەستی کۆمپانیا حزبیەکانی سەر بەم حزبانەدا کۆبۆتەوە و لەسەر حسابی سفرەی خاڵی کرێکاران سەرمایەکانیان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە زیادبووندایە. مەسەلەی سەرەکی و بابەتی ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران و بەشمەینەتانی کوردستان بۆ مووچە و باشبوونی باری گوزەرانیانە، بەڵام هەر زوو لە لایەن ئەحزابی بورژوازییەوە لە کۆمەڵگادا ئاڕاستەکانی یاری پێدەکرێت و دەبزوێنرێت و لە ڕێڕەوی خۆی لادەبرێت و ئەوەی لە دواجاردا باسی نامێنێت ئەو داوا سەرەکیەیە کە خەڵک بۆی هاتۆتە مەیدان.

ئاڕاستە: ئەتەوێت بڵێیت کە خۆپیشاندانەکان ئاڕاستەکراون؟

کامل احمد: بزووتنەوە چینایەتیە جیاوازەکان لە کۆمەڵگادا، بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە. هەر بزووتنەوەیەکیش بە دوای بەرژەوەندیە چیانیەتیەکەی خۆیەوەیەتی و دەیەوێت پایەکانی خۆی جێگیربکات. بۆیە ئاڕاستەکردنیش لە چوارچێوەی ئەم بەرژەوەندیە چینایەتیەدا مانا پەیدادەکات. ئێمە ئەگەر لەوە گەیشتین، ئەوا بە ساناییش ئەوە قبوڵدەکەین کە بورژوازی هەمیشە خەریکی ئاڕاستەکردنی ناڕەزایەتیەکان و جووڵانەوەی فراوانی بێبەشانی کۆمەڵگایە و بە قازانجی خۆی لە هەوڵی بەلاڕێدابردنیەتی. نموونەیەکی بەرچاوی ئەم ئاڕاستەکردنە ئەو تەرحەی بورژوازی کوردە، بە بەشێک لە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنیشەوە، کە دەیانەوێت خەڵکی کوردستان تەسلیم بە دەسەڵاتی بورژوازی کۆنەپەرستی ئیسلامی و قەومی لە بەغدا بکەنەوە و تەپڵی ئەوە لێبدەن کە ئەمە تەنها ڕێگاچارەیە.

ئەم تەرحە تەرحێکی بورژوازی کوردە و ئاڕاستەیەکی فراوانیشە. لەهەلومەرجی ئێستادا بە ئاشکرا ئەم تەرحە دەبینرێت و تەنانەت بۆ بردنە پێشەوەی خەریکی سەروگوێلاک شکاندنی یەکترن چ لە ناو حزبەکانیاندا و چ لە ناو پەرلەمانە کارتۆنیەکەیاندا. بۆیە لە غیابی هێزی یەکگرتووی پڕۆلیتاریا و ئاسۆیەکی ڕۆشن بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان و لە نەبوونی ڕێگاچارەیەکی تر و هیوایەکی تردا خەڵک بە ناچاری شوێن ڕێگاچارەی گەڕانەوە بۆ باوەشی دەسەڵاتی قەومی و ئیسلامی بەغدا دەکەون و کازمی دەست سوور بە خوێنی سەدان گەنجی ناڕازی عێراق وەک فریادڕەس و “گۆدۆ” چاولێدەکرێت. ئەگەر پڕۆلیتاریا هۆشیار بێت بە بەرژەوەندی چینایەتی خۆی، هەر زوو هۆشمەندی ئەوە پەیدا دەکات کە ئەم قەیرانە بینەقاقای سەرمایەی گرتووە لە هەموو جیهاندا و ئەمڕۆ لێرەیە و سبەی لە بەغدایە و ئەم ئەڵقەیە دووبارە دەبێتەوە، ئەو کاتە ڕۆشن دەبێت کە ئەمە ڕێگا چارە نیە و لە کۆتاییدا بە هەمان شوێن دەگات و هەمیشە دووبارە دەبێتەوە. لە لایەکی ترەوە ئاشکرایە ئەگەر پرۆلیتاریا وەکو چینێک یەکگرتوو نەبێت، ئەوا ناڕەزایەتیەکانی ئێستا و تەنانەت شۆڕشیش، لەلایەن هێز و ووڵاتە بورژوازیەکانەوە، بەلاڕێدا دەبرێت و ناوەرۆکەکەی بەتاڵدەکرێتەوە. هەروەک دەبینین ئێستا ئاڕاستەی سیاسی ئەم ناڕەزایەتیانە بەرەو ئاستێکی زۆر باڵاتر لەخۆی براوە، بەرەو تەقینەوە و سوتاندن و پەلاماردان، بەبێ ئامادەیی ‌هێزی چینایەتی یەکگرتوو. ئاڕاستەیەک کە ڕووی لەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەلەڕەقی پارتی لەبەرانبەر بەغدادا  تەسلیم بە کازمی بکاتەوە، بەڵام بە هێزی ناڕازی و بەرحەقی خەڵک.

هاوکات بە ئاشکرا ئێمە یاریکردنی سێ هیزە سەرەکیەکەی بە ناو حکومەت و پەرلەمان دەبینین کە چۆن لە بەرامبەر یەکدا و بۆ شکاندنی یەکتری و بۆ بەدەستهێنانی سەهمی زیاتر دەیانەوێت ئەم ناڕەزایەتیە بەرحەقانە ئاڕاستەبکەن و بەلاڕێیدا بەرن. یەکێتی و گۆڕان دەیانەوێت بەم شێوازە فشار بۆ پارتی بهێنن و بەشی زیاتری لێبپچڕنن و لە بەشی خۆیان ناڕازین. تۆ تەماشا کە ئەوەی کە پارتی و یەکێتی بە زەبری چەک ناتوانن بیکەن، پەرلەمانتارەکانی گۆڕان و نەوەی نوێ و هەندێک لە یەکێتیەکان لە ناو هۆڵی پەرلەماندا دژ بە خەڵک و خواستەکانیان دەیکەن و دەیانەوێت بە تەوەهوم بە پەرلەمان و “چاکسازی” و ئومێد بە ناسیونالیزم و بزووتنەوەی کوردایەتی خۆڵبکەنە چاویان و لە برسێتیدا ڕایان بگرن، لە کاتێکدا خۆیان لە ژیانی شاهانە بەهرەمەندن و پارێزەری هەموو جومگەکانی ئەم دەسەڵاتە تۆلیتارێتیەن. ئەم تەپڵ و زوڕنا لێدانەی ناو پەرلەمان گوزارشتە تەنها لە یەک ڕاستی ئەویش ئەوەیە کە ئەم پەرلەمانتارانە هیچ نین جگە لە فەرمانبەرانی ئەحزابی سیاسی کوردستان و بەم جۆرە ئاکتانەیان دەیانەوێت ڕووی دزێو و پووچی ئەم دامەزراوە درۆینەیە لای خەڵک جوانبکەنەوە. ئەم تەپڵ لێدەرانە کەمتر لە مووچەخۆرەکانی تری ناو “پەرلەمان” تاوانبارنین  بەرامبەر بە بێ مووچەیی و خراپی بار و گوزەرانی خەڵکی کوردستان. تەنانەت بەم  هەوڵدانەیان بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکەوە دەبنە سەرڕیزەی تاوانباران لە زەوتکردنی ماف و قووتی خەڵک دا.

ئاڕاستە: کەوابوو مەسەلەی سەرەکی چیە؟ جەماوەری ناڕازی چی بکات؟

کامل احمد: جەماوەری ناڕازی کوردستان دەبێت لە یەک خاڵی جەوهەری تێبگات و بیکات بە بنەمای هەموو داخوازی و ناڕەزایەتی و هاتنەمەیدان و نەبەردێکی چینایەتی خۆی. ئەگەر لەو ڕاستیە گەیشت کە مەسەلەی سەرەکی نە کازمی و نە لاهور و نە پافڵ و نە مەسرور ….هتد نین. تەنانەت باسەکە گەندەڵیش نیە کە کراوە بە وێردی سەرزمانی هەموو زوڕنا ژەنانی بورژوازی و قەڵەم بەدەستەکانیان، بەڵکو باسی سەرەکی ئەوەیە کە پڕۆلیتاریای کوردستان پەی بەو ڕاستیە چینایەتیە بەرێت کە ئەو نە بەشێکە لەو پڕۆژانەی بورژوازی کە بۆ درێژەدان بە ژیانی خۆی تەرحیان دەکات و نە هیچ کات دەتوانێت لێیان سوودمەند بێت. مەسەلەی ئەسڵی ئەو قەیرانە ئابووریە قوولەیە کە بورژوازی تێکەوتووە و حەتمەن بەسەر پڕۆلیتاریادا دەیشکێنێتەوە. بورژوازی لە کاتی ئەم ئەزمانە و قووڵبوونەوەیاندا بە دەیان جۆر خۆی دەردەخات و ڕێکدەخاتەوە بۆئەوەی لەدەست پڕۆلیتاریا قووتاری بێت. دەیان ئەحزابی جۆراوجۆری تازە دروستدەکەن، ئەحزاب دەچنە پاڵ یەکدی، ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی پاڵ بە دەسەڵاتەوە دەدات و سەرەنجام هەموو هێزە بورژوازیەکان لە هەوڵی ئەوەدا دەبن کە بەرژەوەندی چینایەتی چینەکەیان بپارێزن و هەمووشیان هەوڵدەدەن لەمەدا بەرامبەر بە کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدە یەک دەسەت و یەکدەنگ و یەک کرداربن. وە ئەم جێگۆڕکێیانە لە کاتی ئەزمەدا قووڵتر دەبێتەوە و کۆبوونەوە سێ قۆڵیەکان و تەنانەت تەرحی چوونەوە بۆ بەغداش لە هەمان چوارچێوەی خۆڕێکخستنەوەی بورژوازیدا دێت.

بۆ وەڵامدانەوە بەم قەیرانە و بۆ ئەوەی کە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی بۆ خواستی مووچە و هەموو داوا ڕەواکانی تر و بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی بیڕوڕا و ئازادی بێقەید و شەرتی سیاسی و بۆ بەهرەمەندبوون لە ژیانێکی ئینسانی بتوانێت بە ئامانجی خۆی بگات، پێش هەموو شتێک پێویستە کە پڕۆلیتاریا ڕیزی چینایەتی خۆی جیابکاتەوە. بەرژەوەندیەکانیشی وەکو چینێک لە بەرژوەندی چینە داراکان و بورژوازی جیابکاتەوە. ئەوکات تا ئەو ڕادەیە هۆشیار و بە ئاگادەبێت کە پرۆلیتاریا و بورژوازی دوو چینی دژ بەیەکن و دوو ئەلگۆ و دوو جیهانبینی جیاوزیان هەیە بۆ دەسەڵاتکردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا. هەرکاتێک ئەم ئاگاییە ببێت بە ئاگایی هەموو چینەکە، ئەوکات بورژوازی نەک ناتوانێت سوار شەپۆلی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی ببێت، بەڵکو ملکەچ دەبێت لە بەرانبەر هێزی شۆڕشگێرانەی ئەواندا.

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەک دەگاتە ئەنجام و پڕۆلیتاریا لە بەرهەمەکەی بەهرەمەند دەبێت کە هەڵقووڵاوی جۆرێک لە ئاگایی و یەکگرتن و خۆڕێکخراوکردنبێت. بە داخەوە ئەم خۆپیشاندانانە و هەڵچوون و زوو گۆڕینی ڕێڕەوەکەی بۆ پەلاماردانی پێشوەخت بە بێ ئامادەیی بۆ ئەم کارە لە بێئومێدی و بێ چارەیی و نەبینینی ئاسؤی ئایندەوەیە. هەموو جۆرە پەلاماردانێک مافێکی بێ ئەملاولای خۆپیشاندەرانە، بەڵام کاتی دەستبردن بۆ ئەم کارە پەیوەستە بە یەکگرتووبوون و ڕێکخراوبوون و ئاستی ئامادەیی بۆ پەلاماردانەکە. بەر لە پەلاماردان دەبێت حسابی ئەوەمان کردبێت کە ناگەڕێینەوە هەمان دۆخی پێشوو وە ئەوەی پەلامارمان داوە بووەتە دەستکەوتی چینایەتیمان. ئێمە گەواهی ڕقێکی ئەستووری جەماوەرین، بەڵام ئەم ڕقە بونیادەکەی دیار نیە و ئاسۆی ڕۆشنی نیە و نەبوونی ئاسۆش بێ ئۆمێدی یە. تەنانەت قسەکەران و بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانیش ئەم بێ ئومێدیەیان پێوە دیارە. بێ ئومێدیش تازە لە چی؟ لەوەی کە پێیان وایە نابێت بورژوازی کورد ئاوها بێدەربەستبیت لە بەرامبەر پڕۆلیتاریای کورد دا و دەبوا چاوێکی لێی بوایە بۆ ئەوەی بە حساب دوژمنەکانی کورد بە کورد خۆش نەبن. ئەگەر خەڵک ئاگاهیی چینایەتیان هەبێت ئەوا بە هەر ڕادەیەک خەڵک دڵ پڕ لە قین بێت، خۆپیشاندان نابێتە جنێودان و ئیهانەکردن و قسەی ناشرین ووتن و خۆخاڵیکردنەوە لە بەرامبەر شاشەی تەلەفزیۆنەکاندا. خۆپیشاندان نابێتە بەردەفڕکێ و هێرشی بێ بەرنامە بۆ سەر دەسەڵات و بواردان بە لە خوێن هەڵکێشانی و ئاسان پاشەکشەپێکردنی ئەگەر ئاسۆیەکی ڕۆشنی هەبێت. ناکرێت خەڵکی وە تەنگ هاتوو هیچ جۆرە ئەڵتەرناتیڤێکیان نەبێت کە بیخەنە جێگای ئەم ئەحزابانە و بانگەشەی ڕووخانی بکەن. گریمان وا ڕووخانت، خۆ ئەگەر ئامادەنەبیت و نەزانیت چی لە جێگای دادەنێیت ئەوا بۆی هەیە دەستەوتاقم و جڕوجانەوەری لەمانە خراپتر و ئینسانکوژتر و خوێنمژتر دەسەڵاتبگرنە دەست. هەر هانگاوێک کە دەینێین دەبێت چەند جار بیرمان لێکردبێتەوە و خۆمان بۆ ئامادەکردبێت. تەنها ڕێگا یەکگرتن و خۆڕێکخستنە بە ئاگاییەکی چینایەتیەوە لە ئاستی کارگا و گەڕەک و هەموو ناوەندە خزمەتگوزاریەکاندا.

ئاڕاستە: لە کۆتاییدا قسەیەکی ترت هەیە کە بتەوێت بیکەیت؟

کامل احمد: ئەم جوڵانەوەیە و ناڕەزایەتیەکانی ئێستا، پرۆڤەی بزووتنەوەیەکی گەورەترە، ئەڵقەیەکە لە ئەڵقەکانی بەشۆڕشگێرکردنی هەلومەرجەکە ئەگەر پرۆلیتاریای کوردستان بە هۆشمەندی چینایەتیەوە بڕوانێتە ئەم تەجروبە خوێناویە. هەروەها دەمەوێت بڵێم کە خواستی مووچە خواستێکی بەرحەق و مافێکی بێ ئەملاولای خەڵکە و دەبێت بە بێ دواکەوتن و مانگانە و بە تەواوی لە کاتی خۆیدا بدرێت. بۆ ئەمە پێویستە هەموو شێوازەکانی ڕێکخراوبوون بگرینە بەر و ئەم خواستە سەرتاسەری و گشتی بکەینەوە و هەموو ناوەندەکان لەیەک گرێ بدەینەوە لەسەر ئەم خواستە و نوێنەرانی سەراسەریان ڕابەری ئەم جۆرە لە خۆپیشاندنان و ناڕەزایەتی بکەن و بیگرنە دەست. نوێنەران یان قسەکەران و پێشڕەوانی ئەم ناڕەزایەتیانە، بەبێ گرێدانەوەی خەباتیان بە ناوەندەکانی کارەوە، ناوەندەکانی کەرتی دەوڵەتی و کەرتی تایبەت، خواستەکانیان دەستەبەر نابێت. مەسەلەی سەرەکی ئەوکارەیە لەمڕۆدا. ئەگەر نا، تەجروبەی شکستخواردوو لە کوردستاندا زۆرن و هەتا ئێستا تەنها گەواهی بووە لەسەر ئەوەی کە بورژوازی توانیویەتی ئیحتیوای بکات و بەلاڕێیدابەرێت و تەنانەت خواستەکانیشی بگۆڕێت.

09.12.2020

Kamil.ahmed.f@gmail.com

Leave A Reply

Your email address will not be published.