هێرش بۆسەر خۆپیشاندەران و داخستنی کەناڵی ئین ئارتی، پەلەقاژەی مەرگی دەسەڵاتە!

0

هێرش بۆسەر خۆپیشاندەران و داخستنی کەناڵی ئین ئارتی، پەلەقاژەی مەرگی دەسەڵاتە!

جارێکی تر بەهۆی ڕوماڵی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەم دواییەی زۆنی سەوز و نیلی، دوێنێ ٦ دیسەمبەر کەناڵی ئین ئارتی لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە داخراو، بەشێک لە کەلوپەلەکانی فەرهود کرا.

داخستنی کەناڵی ئێن ئاڕتی و هەر کەناڵ و دەزگاو میدیایەکی تری ڕاگەیاندن، بەجیا لەهێرش بۆسەر ئازادی و ئازادییەکان و ئازادی کاری رۆژنامەگەری و میدیایی، بەشێکە لەو هێرشە فراوانەی دەکرێتە سەر خۆپیشاندەران و جەماوەری ناڕازی، کە بۆ موچەو خزمەتگوازرییەکان بەدەستی بەتاڵەوە هاتوونەتە سەر شەقام. داخستنی ئەم کەناڵانەو هێرش بۆ سەر میدیاکاران لە زۆنی سەوز و نیلی، بەشێکی جیانەکراوەیە لەو هێرش و ڕەشبگیریەی پارتی لە بادینان، کەبەدەیان لە هەڵسوڕاوانی سیاسی و بەشدار لە خۆپیشاندانەکان و رۆژنامەنووسانی تا ئێستا لە کونجی زینداندا راگرتووە.

داخستنی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لەلایەن یەکێتی سۆشیال- دیموکرات!! و حزبی گۆڕانی دەم کەفکردوو لەباسی  چاکسازی… هەر هێرش نییە بۆ ڕیگەگرتن لە ڕوماڵی نارەزایەتی و خۆپیشاندانەکان و گواستنەوەی هەواڵ و بەرەوپیشچوونەکانی نارەزایەتیەکان… بەڵکو تەواوکەری ئەو هێرشە فراوانەیە کە بەڵەتەجیەکانی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بە جبەخانەیەکی فراوانی چەک و هێزێکی رەشەوە، لەسەراسەری کوردستان دەیکەنە سەر ئەو جەماوەرە ناڕازییەی کە بەبڕین و نەدانی موچە و خزمەتگوزارییەکانەوە، ژیانیان لێ سەندراوەتەوە.

گرتن و ڕاوەدوونان. زیندان شکنجە، داخستنی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، وەکو چۆن بە فریای هیچ دەسەڵاتێک نەکەوتووە، بەهەمان شێوە بە فریای دەسەڵاتی تاڵانچی و مافیایی و نۆکەر پیشەیی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی ناکەوێت، بەڵکو توڕەیی و نەفرەتی جەماوەری بەرینتر و فراوانتر دەکاتەوە و چاوی بەشێکی زۆر لەو جەماوەرەش دەکاتەوە کە بە ناڕەوا بوونەتە لایەنگر و زەخیرەی هێزی ئەو هیزە سیاسیە ڕەشانەی بە زۆری هێز و دەست بەسەراگرتنی قوتی هاوڵاتیان، نزیک بە ٣٠ ساڵە دەسەڵاتیان، داسەپاندووە.

جەماوەری ئازادیخواز و ئینسان دۆستی کوردستان، پێویستە چۆن بۆ موچە زەوتکراوەکانیان وە لەدژی دزی و تاڵانچێتی میلیشیایی حزبی لە مەیداندان، ئاواش دەخوازێت بۆ ڕاماڵینی دیکتاتۆریەتی دەسەڵات تێبکۆشن کە دەیانەوێت نوزە لە ئازادیی و ئازادییەکان ببڕن و دەنگی “نا” ی ملیۆنی جەماوەری خامۆش بکەن.

داخستنی کەناڵی ئین ئاڕتی و کەناڵ و میدیای تر و دەستگیری ڕابەران و هەڵسوراوانی جەماوەری  خۆپیشاندانەکان و هێرش بۆ سەر رۆژنامەنووسان… پەرلەقاژەی مەرگی دەسەڵاتە، مەرگێک کە تەنها لە رێگای بزوتنەوەی ناڕەزایەتی رێکخراو و نەخشەمەندانەو بە نەریتی شۆڕشگێرانەی چینی کریکار و بێبەشانی کۆمەڵگە لەدەوری ئاسۆیەکی ئینسانی پیشکەوتنخوازانە، دەتوانێ زامنی سەرکەوتن بکات و ئایندەیەکی ئینسانی ئازاد و ژیانێکی تەسەل و خۆشگوزەران، دابمەزرێنێ.

بڵاوکراوەی بۆپێشەوە

٧/١٢/٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.