هێمن جەوهەر: خەڵکی بەشمەینەتی هەرێم و بەغدا پێویستە هیچ لایەکیان فریوی سیاسیە دەسەڵاتدارەکانیان نەخۆن بەتایبەتی خەڵکی کوردستان بە (فشەی کوردایەتی دەسەڵاتداران) فریونەخۆن و ڕێگەنەدەن ناکۆکی نەتەوەیی بخەنە نێوانیانەوە…

0

هێمن جەوهەر: خەڵکی بەشمەینەتی هەرێم و بەغدا پێویستە هیچ لایەکیان فریوی سیاسیە دەسەڵاتدارەکانیان نەخۆن بەتایبەتی خەڵکی کوردستان بە (فشەی کوردایەتی دەسەڵاتداران) فریونەخۆن و ڕێگەنەدەن ناکۆکی نەتەوەیی بخەنە نێوانیانەوە…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ ‌هاوڵاتی هێمن جەوهەر سەبارەت بە پەیوەندی هەولێر و بەغدا و پرسی موچەو ئایندەی سیاسی کوردستان…

 بۆپێشەوە: لەم ماوانەی دواییدا سەرباری هەموو ئامادەییەکی هەرێم بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، کەچی دەسەڵاتی سیاسی ناوەند ڕازیی نییەو داوای داهاتی نەوت، خاڵەسنورییەکان، داهاتی ناوخۆ… و بەکورتی بەدوای داسەپاندنی زۆرترین دەسەڵاتی ئابوری و سیاسی و ئەمنییە بەسەر هەرێمدا، ئەمە بۆچی دەگەڕیتەوە؟

هێمن جەوهەر:  لە ڕاستیدا هەرێم تەنها بەڕووکەش ئامادەیی دەردەبڕێت بۆ ڕێککەوتن و پاشان جێبەجێیان ناکات، چونکە قازانجی ئەوان لەوەدایە هەر خۆیان سەرپاڵەبن و چی هەیە لەداهات خۆیان سەرف و سونی بکەن و بیدزن و تاڵانی بکەن، و ژیانی خەڵکیش چی لێ بەسەردێ بۆ ئەوان هیچ بەهایەکی نییە. هەرچەندە ئەگەر بشیانەوێت لەگەڵ بەغدا بگەنە ڕێککەوتن ناتوانن، چونکە نەوتی هەرێم بە پارەی پێشوەختە فرۆشراوە و خوراوە و ئێستا تورکیا خاوەنیەتی، نەک هەرێم.

 سەبارەت بە هەوڵی ناوەند بۆ داسەپاندنەوەی دەسەڵاتەکانی خۆی، دەبێت ئێمە ئەوە بەبیر خۆمان بهێنینەوە کە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دانپێدانراوی سیاسی و یاسایی و دەستوریە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ دا، و خاوەنی جۆرێک لە (خۆبەڕێوەبەری) ئەوتۆ بووە کە لەسەر زەمین دا نزیکبووە لە سەربەخۆیی، بەوەی کە خۆی مەلەفە گرنگەکانی وەک دەرەوە و وزە و خاڵە سنوریەکان و ناوخۆشی دەستبەسەراگرتووە و پەیڕەوی لێیانکردووە. لە ڕاستیدا هەرێم بەشێوەی ڕاستەوخۆ و بێ گەڕانەوە بۆ ناوەند مافی پەیڕەویکردنیانی نییە.

هەموو ئەوانەش لە ئەنجامی لاوازی و پەرتەوازەیی ناوەندەوەبووە، هەروەها پێش ساڵی (٢٠٠٣) ش بەهۆی غیابی دەسەڵاتی ڕژێمی سەدامەوە بووە لە هەرێمی کوردستان.

جا بۆیە هەر کاتێک حکومەتی ناوەند هێز و گوڕێکی بێتەوەبەر داوای گرتنەوە دەستی دەسەڵاتەکانی خۆی دەکات.

بۆپێشەوە: پێگەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، دوای ١٦ ئۆکتۆبەر گورزێکی سەختی بەرکەوت و لاواز بوو، لەئیستادا بەرەو لاوازتر بوون دەچێت، چۆن دەڕواننە ئەم ئاڵوگۆڕە؟

هێمن جەوهەر: بەهۆی شەڕی داعشەوە پێگەی سیاسی و سەربازی هەرێم زۆر بەهێزبوو بوو و سۆزێکی زۆری نێودەوڵەتی زۆر باشی بۆ دروستبووبوو، بەڵام بەهۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی ساختە و گوماناوی و گوێ نەگرتن و مەلەکردن بە پێچەوانەی خواستی ئەمریکا و زۆربەی دۆستەکانی کورد، و پشتگوێخستنی نامە فەرمیەکەی (تیلەرسن) بۆ دواخستنی وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، هەموو ئەوانە وایان کرد کە گڵۆپی سەوز بۆ عەبادی هەڵبکرێت و لە زۆر شوێن تا ناوچەی هێڵی 36 بێتەوە، و ئەو سەنگەرانەی کە بە خوێنی هەزاران شەهیدی کورد لە داعش پاککرابوونەوە لە شانزەی ئۆکتۆبەر کەوتەوە دەست بەغدا، بەمەش پێگەی هەرێم لەڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازیشەوە لاوازبووە…

بۆپێشەوە: پیشووتر پرسی نەوت و موچە کێشەی سەرەکی نێوان بەغدا و هەرێم بوو، ئێستا باس لە کۆنتڕۆڵی خاڵەسنورییەکان، رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ، دەکرێت، ریشەی ئەم ئاڵوگۆرە لە چیدایە؟

هێمن جەوهەر: هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێداوە، دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان پێشتر کۆمەڵێک دەسەڵاتی بەکارهێناوە، کە لە بنەڕەتدا هی ناوەندن، یەکێک لەوانە خاڵە سنوریەکانە…

جێگەی باسە خاڵەسنوریەکانی باشوری عێراقیش وەک خاڵەسنوریەکانی هەرێم لەژێر هەیمەنەی گروپ و دەستە و تاقمە دەستڕۆیشتووەکانە، و زۆرترین قاچاغچێتی و بەهەدەردانی داهاتی گشتی تیایاندا ئەنجامدەدرێ، هەربۆیە مستەفا کازمی هەوڵەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خاڵەسنوریەکان چڕکردووتەوە هەرچەندە هەژموونی گەندەڵکاران زۆر زاڵە و چاکسازی ئاستەنگی زۆری لەپێشە.

بۆپێشەوە: پێشتر دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، وەرگرتنی بودجە لەبەغدا و دابەشکردنی، کۆنترۆڵی خاڵە سنورییەکان، دەست بەسەراگرتنی داهاتی ناوخۆ لەدەستی خۆیدا بوو، ماوەیەکە بەغدا داوا دەکات هەموویان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی، لەو حاڵەتەدا رۆڵی دەسەڵاتی هەرێم چی بەسەر دێت؟

هێمن جەوهەر: لە ئەگەری دەستبەسەراگرتنی سەرجەم داهاتی ناوخۆ و خاڵەسنوریەکان و نەوتیش لەلایەن ناوەندەوە، دەسەڵاتی بەناو سیاسی هەرێم بەرە و پوکانەوە دەڕوات، و دەچێتەوە ئەو قاوغەی  کەدەبوو تیایبوایە. لەوەها دۆخێکیشدا بەسودی هاوڵاتیان دەشکێتەوە، چونکە لە ڕابردووش دا ئەوە سەلماوە هەر کاتێک لە بەغداوە بودجە و موچە هاتبێت بۆ هەرێم، کوردستان و خەڵکەکەی بوژانەوە و ئاوەدانی بەخۆیانەوە بینیوە.

بۆپێشەوە: لە ململانێی نێوان دەسەڵاتی بەغداو هەرێمدا، موچەخۆران و خەڵکی کوردستان قوربانی یەکەمن، دەبێ چ بکرێت بۆ پوچەڵکردنەوەی سیاسەتی بەغدا و هەرێم؟

هێمن جەوهەر: هەمیشە هەر وابووە سوتەمەنی ناکۆکیەکانی نێوان بەغدا و هەرێم، هەر خەڵک بووە و هاوڵاتی باجەکەی داوە، جا بۆئەوەی خەڵک هەمیشە مافەکانی ژێرپێ نەخرێت، پێویستە یەک دەنگبن و بەرەنگاری دەسەڵات بکەن و لەسەر مافی خۆیان بێنە دەنگ.

بۆپێشەوە: دزی و تاڵانچێتی دەسەڵاتی هەرێم، ئەو بۆچوونەی هێناوەتە ئارا کە بەشێک لە خەڵک و هیزە سیاسیەکان مەیلی گەڕانەوە بۆ بەغدایان هەیە، لە کاتێکدا دەسەڵاتی سیاسی ناوەند بەهەمان شێوەی دەسەڵاتی هەرێم دەسەڵاتێکی دزو تاڵانچییە، لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

هێمن جەوهەر: بێگومان بەهۆی ستەم و نادادی دەسەڵاتی چەتەگەرایی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە، زۆربەی خەڵکی تەواو بڕستی لێبڕاوە خنکێندراوە، بۆیە لەناچاریا دەست بۆ چڵە پوشێکیش دەبات و هانا بۆ بەغدا دەبات. سەرەڕای ئەوەی لە ناوەندیش دزی و تاڵانی و گەندەڵی و کەمی خزمەتگوزاری هەیە، بەڵام لە زۆر ڕووەوە بەغداد باشترە، بەوەی کە لە داهاتی نەوتدا ڕوونییەکی زۆر باش هەیە لە شێوازی دەرهێنان و فرۆشتن و داهاتەکەشی، هەروەها لە پەرلەمانی بەغدا چەندین وەزیر متمانەیان لێوەرگیراوەتەوە و ئەوەتا لەژێر فشاری خۆپیشاندەران کابینەکەی عادل عبدلمهدی هەڵوەشێندرایەوە، بەڵام لای خۆمان دەسەڵات بە خۆپیشاندەران دەڵێن “بڕۆن بۆ خۆتان هەڵپەڕن هیچ حیسابێک بۆ ئێوە نایەتەکردن.”

بۆپێشەوە: خەڵکی نەدار و بێبەشی عێراق و کوردستان… بە کردەوە نیشانیان داوە کە دژی دەسەڵاتی بەغداو هەرێمن، چۆن دەکرێت توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵکی عێراق و کوردستان هاوئاهەنگ بکرێت؟

هێمن جەوهەر: بێگومان خەڵکی بەشمەینەتی هەرێم و بەغدا پێویستە هیچ لایەکیان فریوی سیاسیە دەسەڵاتدارەکانیان نەخۆن بەتایبەتی خەڵکی کوردستان بە (فشەی کوردایەتی دەسەڵاتداران) فریونەخۆن و ڕێگەنەدەن ناکۆکی نەتەوەیی بخەنە نێوانیانەوە بۆ مەرامی خۆیان، پێویستیشە لەڕێگای ڕێکخراو و کەسایەتیە سیاسی یە بێلایەنەکانەوە کار بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی نێوانیان بکەن.

بۆپێشەوە: لە ململانێی نێوان دەسەڵاتی هەرێم و بەغدادا هاوڵاتیان دەبنە سوتەمەنی ئەو ململانێیە، دەبێ هاوڵاتیان چی بکەن و چ ئەرکێک دەکەوێتە سەرشانیان؟

هێمن جەوهەر: هەروەک پێشتر گووتم، پێویستە هاوڵاتیانی هەرێم و بەغدا لەڕێگای کەناڵەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و تەنانەت کەسایەتی کۆمەڵایەتشەوە هەماهەنگی لەنێوانیاندا دروست بکەن و گیانی بەرەنگاریان بەهێزبکەن دژی ستەمکاری بوەستنەوە.

بۆپێشەوە: ململانێی نإوان دەسەڵاتی هەرێم و بەغدا، ململانێی نێو خانەوادەی بۆرژوازییە لە ئاستی عێراقدا، خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بۆئەوەی نەبنە سوتەمەنی ئەو ململانێییە، دەبێ چی بکەن و چ ئەرکێک دەکەوێتە سەرشانیان؟

هێمن جەوهەر: ئایندەی سیاسی کوردستان ئەوەندەی بەندە بە خۆمانەوە، ئەوەندە پەیوەست نییە بە سایەی دەسەڵاتی شیعە و سوننەوە، چونکە ئەوە ئەو دەسەڵاتی ستەمکارە خۆسەپێنەی هەرێمە کە وایکردووە بەری ڕەنج و فرمێسکی دەیان ساڵەی کورد بەهەدەربچێ و بەرەو پوکانەوە بڕوات. چونکە هیچ بنەمایەکی (حکومڕانییەکی باش) و تەندروستی تێدا نییە، بۆیە قابیلی مانەوە نییە، چونکە ئەوەی کە هەیە دوو بنەماڵەی خۆسەپێن و داردەستی دەستی داگیرکەرانی کوردستانن، تیایدا خەریکی چەتەگەرایی و قاچاغچێتی و خۆدەوڵەمەندکردن و خەڵک برسیکردنن، بۆیە ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێ و کار نەکەوێتە دەستی کەسانی دەست پاک و لەخۆبوردوو و شارەزا و شیاو، ئەوا ئایندەی سیاسی هەرێم زۆر لە هی ئێستای ڕەشتر دەبێت.

هێمن جوهر / هاوڵاتی

قــــەرەنــــاو

Leave A Reply

Your email address will not be published.