مێژووی سۆشیالیزم لە ئەمریکا ڕیچارد ۆڵف

0

مێژووی سۆشیالیزم لە ئەمریکا

ڕیچارد ۆڵف

بەشی سێهەم و کۆتایی

وەرگێڕانی: عامر سابیر

تێبینی: پرۆفیسۆر ڕیچارد ۆڵف ئەم وتارەی لە سمینارێکدا لە 22/04/2016 پێشکەش کرد. ڕێچارد ۆڵف لە ئەمریکا دامەزرێنەری (ڕێکخراوی دیموکراسی لە شوێنی کاردا)یە. ئەو پرۆفیسۆری ئیقتیساد و مارکسیستێکە کە خاوەنی چەندین کتێبە و بڕوانامەی  پی هێچ دی و سێ ماستەری لە ئیقتیساد و مێژوودا هەیە. لە ساڵی 2011ەوە بەرنامەیەکی هەیە بە ناوی (ئیکۆنۆمیک ئەپدەیت) کە لە ئێستادا هەفتانە لە زیاتر لە 180 ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەوە لەسەرتاسەری ئەمریکادا بڵاوئەبێتەوە. بەردەوام کۆڕ و سمینار دەگێڕێ و چاوپێکەوتنی بیستراو و بینراو ئەنجامئەدا بۆ بەرگری لە سۆشیالیزم. ئەو بەرگریکارێکی سەرسەختی سۆشیالیزم و مارکسیزمە. بە بڕوای من ڕیچارد ۆڵف یەکێکە لە بە ئیمکانترین و ڕۆشنترین مارکسیست و سۆشیالیستەکانی ئەمڕۆی دنیا. ئەمە وەرگێڕانی ناوەڕۆکی قسەکانێتی کە لەم کۆرەدا پێشکەشی کردوە. ئەم وتارەی بە سێ بەش بڵاوئەبێتەوە، ئەمەی خوارەوە بەشی سێهەم و کۆتاییە کە لێرەدا ئەیخوێنیتەوە.

بەشی سێهەم و کۆتایی.

بەڵام بۆ ئێستا با باسی پرۆسەی بەرهەمهێنان بکەین کە چی تیادا ئەگوزەرێ. بۆ ناو پرۆسەی بەرهەمهێنان سەرمایەدار کاری بەرجەستەبوو ئەهێنێ. لەم نمونەیەی باسی ئەکەین بۆ دروستکردنی کورسییەک، سەرمایەدارەکە (تەختە و بزمار و چەکوش و کەتیرە) ئەهێنێ. بۆ ئەوەی حیساباتەکە ئاسان بکەینەوە، وادابنێ شتەکانی هێناوێتی (کاری بەرجەستەبوو) بایی 100. ( گرنگ نییە ئەم 100 چییە، هەرچییەک بێت موشکیلە نییە). ئێستا کرێکار (کاری زیندوو) ئیش لەسەر ئەم  ماتریاڵانە (تەختە، بزمار، چەکوش، کەتیرە) ئەکات و ئەیانگۆڕێ بۆ کاڵایەکی نوێ. کورسییەک دروست ئەکات. یان ئەتوانی هەر شتێکی تر بە نمونە بهێنیتەوە، مێزێک، یان هەر کاڵایەکتر. کرێکار بە گۆڕینی ماتریاڵە خاو و موادە سەرەتاییەکان (تەختە و بزمار و چەکوش و کەتیرە) بۆ ئەو بەرهەمە نوێیەی دروستی کردووە (کورسی)، بەهای ئەو شتە زیاد ئەکات کە دروستی کردووە. بۆ ئەوەی ئاسانی کەینەوە با وادابنێین ئیشی کرێکارەکەش (کاری زیندوو) بەهای 100ی زیاد کرد بۆ ئەو کاڵایەی کە بەرهەم هاتووە (کورسییەکە)

واتە بەهای کورسییەکە ئێستا 200.

من پێم وتن کە حیساباتەکە ئاسانە، بزانن 100 + 100 = 200

ئیکۆنۆمیستەکان پێیان وایە کە ئەمە لێرەدا دەسکەوتێکی زۆر گەورەیە. بەڵام زۆر لە ئێوە ڕەنگە وابیرنەکەنەوە. حیساباتەکە ئاسانە. ئیستا با دوای لۆجیک بکەوین، هەر وەک مارکس کردی.

ئەمەی لەخوارەوە باسی ئەکەم، ئەو شتەیە کە سەرمایەدار ئەیکات.

سەرمایەدار بۆ ناو پرۆسەی بەرهەمهێنانەکە 100 ئەهێنێ لەوەی کە بووە بە خاوەنی و دەستی بەسەردا گرتووە و ئێستا موڵکێتی، واتە (کاری بەرجەستەبوو). جا سەرمایەدارەکە چۆن بووە بە خاوەنی ئەمە؟ نازانین چۆن. ئایا ئێمە هەرگیز پرسیار لە سەرمایەدار ئەکەین کە چۆنی بەدەستهێناوە؟ بێگومان نەخێر. لە ڕاستیدا تەنها ئەوە مەسەلەیە کە ئایا تۆ هەتە یان نیتە و نەتتوانیوە ببی بە خاوەنی. ئەگەر هەتبێ ئەوە ئەتوانی ببی بە خاوەنکار، وە ئەگەر نەتبێ ئەوە ناتوانی. لە ڕاستیدا ئەوەی سەرمایەدار بووە بە خاوەنی بە بێ ئەوەی ڕەنجی لەگەڵدا کێشابێ، موشکیلەیەکە کە بەردەوام لە دووبارەبوونەوەدایە. کە پێمان باشترە پرسیاری نەکەین. بەڵام ئەگەڕێینەوە سەر ئەمە.

تۆ ئەوە ئەزانی کە ناتوانی خاوەنکار بیت، لەبەرئەوەی کە تۆ بەدەستت نەهێناوە، بەڵکو کەسێکی تر بەدەستی هێناوە و دەستی بەسەردا گرتووە. کەواتە سەرمایەدارەکە 100ەکەی خۆی ئەهێنێ. کە لە پرۆسەی دروستکردنی کورسییەکەدا بەکاریهێناوە، ئەمە ئەدەواتەکان بوو کە بەکارهات (تەختە و چەکوش و بزمار و کەتیرە). کە ئەم 100 ە ئەکاتە نیوەی بەهای کورسییەکە کە 200 تە. واتە بەهای کورسییەکە کە دروستکراوە 200. لەبەرئەوەی لەگەڵ ئەم 100 ەتەی کە هی شتەکان بوو 100ی ترلە لایەن کرێکارەکانەوە (بە ئیشی کرێکارەکان) زیادکرا بۆ بەهای کورسییەکە کە ئێستا بەهاکەی بووە بە 200.

لەمەدا مارکس ئەڵێ، وە تۆش لەگەڵ مندا ئەیڵییتەوە، چونکە ئێستا لێی تێ ئەگەی. مارکس ئەڵێ کە سەرمایەدارەکە ئەیەوێت ئەو 100ەی خۆی وەربگرێتەوە کە داینابوو. کەپیتالیستەکە 100ی خستبووە پرۆسەی بەرهەمهێنانەکەوە، کاتێک کە کورسییەکە ئەفرۆشێ بە 200 ئەو 100ی خۆی هەڵئەگرێتەوە لەبری ئەو ماتریاڵە سەرەتاییانەی (تەختە و چەکوش و بزمار و کەتیرە) کە بەکارهێنرا لە دروستکردنی کورسییەکەدا. بەم ڕێگەیەیە کە بەرهەمهێنان درێژەی پێ ئەدرێ لە سەرمایەداریدا. بەم ڕێگەیەیە کە کورسییەکە چۆتە ژێر دەستی کەپیتالیستەکە. سەرمایەدارەکە ئەبێت ئەوە هەڵبگرێتەوە کە کردبوویە ناو پرۆسەی بەرهەمهێنانەکەوە کە بریتی بوو لە ئەدەواتە سەرەتایی و ماتریاڵە خاوەکان.

ئایا وانییە؟ بەڵێ وایە. کەپیتالیستەکە ئەوەی داینابوو بۆ دروستکردنی کوردسییەکە هەڵیئەگرێتەوە.

با ئێستا سەیرکەین، کەپیتالیستەکە 100ی خۆی هەڵگرتەوە لەو دووسەدەی کە بەهای کورسییەکە بوو. کەواتە ئێستا 100ی ماوە. ئایا ئەم سەدەی کە ماوە چی لێ ئەکەین.؟ لێرەدا دیقەت بدەن ئەمە گرینگترین مەسەلەیە لێرەدا.

ئەم 100ەی کە ماوە، پێویستە بدرێ بە کرێکارەکە. چونکە لە ئەنجامدا ئەوە ئیشکردنی کرێکارەکە بوو، هێزی کاری کرێکارەکە بوو کە موادە سەرەتاییەکانی گۆڕی و کورسییەکی دروست کرد کە بەهاکەی بووە بە 200 . ئەتوانی ئەمە بکەی. ئەو سەدەی تر بدەی بە کرێکارەکە. ئایا وا نییە؟ وە لۆجیکیش وا ئەڵێ. چونکە ئەوە کارکردنی کرێکارەکە بوو، کە بەهای 100ی بۆ کورسییەکە زیاد کرد. کرێکارەکە بوو کە کورسییەکەی دروستکرد. کرێکارەکە بوو کە کورسییەکەی بەرهەم هێنا. کەواتە ئەبێت ئەو 100ەی ماوە وەربگرێتەوە. ئەمیش 100ەکەی خۆی هەڵبگرێتەوە.

ئایا باوەڕت وایە کە ئەمە ڕوو ئەدات لە سیستەمی سەرمایەداریدا؟  نا باوەڕت وانییە.

لە سیستەمی سەرمایەداریدا ئەو بەهایەی کە کرێکار زیادی ئەکات بۆ بەرهەمەکە، هەرگێز نادرێتەوە بە کرێکارەکە. ئەمە ئەو ڕێگەیە نییە کە سەرمایەداری کاری پێ ئەکات. ئێوە هەموو ئەمە ئەزانن کە کرێکارەکە ئەو بەهایەی زیادی کردووە وەرناگرێتەوە. ئەوەی من کردوومە لێرەدا تەنها ئەوەیە کە بە گەورەیی و پوختەیی خستومەتە بەرچاوتان تا بزانن کە سەرمایەداری چی ئەکات.

سەرمایەدارەکە ئەو 100ی کە ماوە ئەکات بە دووبەشەوە. بەشێکیان ئەوەیە کە ئەدرێ بە کرێکارەکە. با من لێرەدا زۆر سەخی و دڵفراوان بم و بڵێم 50ی ئەدات بە کرێکارەکە. ئەها،،، ئێستا لێی تێ گەیشتی؟

ئەگەر تۆ کورسییەک دروستبکەی و بیفرۆشی بە 200. وە 100 ی ئەمە سەرمایەدارەکە هەڵیبگریتەوە لەبری ئەو ماتریاڵە خاو و ئەدەواتە سەرەتاییانەی کە بەکارهێنرا لە دروستکردنیدا. وە 50 بدەی بە کرێکارەکە. کەواتە ئێستا 50ی ماوەتەوە. حیساباتێکی گرنگە لە ئیکۆنۆمیدا. وە مارکس ئەمە (50 کەی کە ماوەتەوە) ناو ئەنێ زێدەبایی (سێرپڵەس). ئەمە ئەوەیە کە سەرمایەدارەکە بۆی ئەمێنێتەوە پاش ئەوەی 100 ئەدات بە خۆی لە بری ئەو ماتریاڵە سەرەتایی و ئەدەواتەکان کە بەکارهێنرا لە دروستکردنی کورسییەکەدا. وە 50ی لێ ئەدات بە کرێکارەکان. وە ئەبێت ئەمە بدات بە کرێکارەکان. چونکە ئەگەر ئەمە نەکات ئەوە کرێکارەکان نایەنەوە، وە کارکردن و یارییەکە تەواو ئەبێت.

بۆیە، بۆ ئەوەی ئەمە بەردەوام بێت، سەرمایەدارەکە پێویستە ئەوەی خۆی هەڵبگرێتەوە کە هێنابوویە ناو پرۆسەی بەرهەمهێنانەکەوە (ئەدەوات و ماتریاڵە سەرەتاییەکان). وە هەروەها پێویستە کە پارەی ئیشی کرێکارەکانیش بدات. بەڵام پارەیەکی (کرێیەکی) کەمتر لەوەی کە کرێکارەکان زیادیان کردووە بۆ بەهای کورسییەکە. با لێرەدا وشەیەکی تیکنیکەڵ بەکاربهێنم کە ئیکۆنۆمیستەکان حەزی لێ ئەکەن، سەرمایەدارەکە کرێکارەکان ئەڕوتێنێتەوە (ڕیپ زە ۆرکەرس ئۆف). سەرمایەدارەکە دزی لە کرێکارەکان ئەکات و ئەو بەهایەی زیادیان کردووە بۆ بەرهەمەکە ناداتەوە بە کرێکارەکان.

دەرسێک کە لەمە وەرئەگیرێ ئەوەیە کە ئەگەر وا خەیاڵ بکەی کە دوای تەخەروجت ئەو ئیشەی وەریئەگری، یان ئەو کارەی کە تۆ لێی قبوڵ ئەبی، ئەمە ئەو ئیشەیە کە ئەوەندەت کرێ ئەداتێ کە تۆ شایان و مستەحەقی. بزانە کە ئەمە هەرگیز لە سەرمایەداریدا ڕوونادات. شوێن و ڕێی وەرگرتنی کارت، هەلومەرجی دامەزراندنت ئەوەیە کە بە هێزی کارت (بە هێزی بیرت یان بازووت) تۆ بەهایەکی زیاتر لەو کرێیەی کە وەری ئەگری بەرهەم ئەهێنی بۆ خاوەنکارەکەت. بەخێربێی بۆ سیستەمی سەرمایەداری. سیستەمی سەرمایەداری بەم شێوەیەیە کە ئیش ئەکات و ئەچەرخێ. ئەمەی لیرەدایە (50 ەکەی ماوەتەوە) زێدەباییە. ئەمە قازانجە. ئەمە قازانجی پرۆسەی بەرهەمهێنانە.

باشترین ڕێگە بۆ پێناسەکردنی ئەو کارەی کە تۆ لە سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا ئەیکەی. ئەوەیە کە تۆ زێدەبایی ئەدەی بە خاوەنکارەکەت، نەک خاوەنکارەکەت ئیش ئەدات بە تۆ. ئەوەی وەریئەگرێ و ئەوەی ئەیدات بە پێچەوانەوە دانراوە و تەعبیر لە زمانی ئاخاوتن ناکات و پێچەوانەکەیەتی. تۆ بەوەی زێدەبایی دروستئەکەی، کارێکی زۆر پڕ بایەخ ئەکەی بۆ خاوەنکارەکەت. وە خاوەنکار تۆ لەو ئیشەدا ئەهێڵیتەوە تا ئەو جێگەیەی تۆ زێدەبایی بۆ بەرهەم بهێنی و پێویستی پێت بێ و مانەوەت گونجاو بێ بۆی.

باشە. ئەمەی سەرەوە کە باسم کرد، هەنگاوی یەکەم بوو. وە بەرگی یەکەمی سەرمایە باسی هەموو ئەمانە ئەکات بە درێژی.  

بۆ ئەوانەتان کە پێشتر هەرگیز ئەمەتان نەبینییەوە. ئایا هەرگیز پێشتر هیچ کەس ئەمەی بۆ باس نەکردوون؟ کە زۆر ئاسانە، تەنها پێنج خولەکی خایاند کە باسی بکەم بۆتان. بۆیە هەر وەک لە سەرەتاوە بۆم باسکردن، ئێستا هەست بەو سەرکوتە ئەکەی کە لە ئەمریکادا بەرقەراربووە. ئاخر ئەمە لە کۆمەڵگەدا ڕووئەدا کاتێک ڕێگەنەدرێ بەم شێوەیە بیربکەیتەوە و هەموو باسێکی لەسەر سۆشیالیزم تیادا قەدەغەکرابێ. بۆیە بۆ هەندێ لە ئێوە ڕەنگە ئەمە یەکەم جاربێ کەسێک باسی ئەمەتان بۆ بکات.

با بەردەوام بین،

ئایا سەرمایەدارەکە چی لەم (زێدەبایی)یە ئەکات و چۆن بەکاریئەهێنێ؟ سەرمایەدارەکە شتی زۆر ئەکات بەم زێدەبایییە. زۆر شتی پێ ئەکات و زۆر سەرنجڕاکێشانە بەشێوەیەک بەکاریئەهێنێ کە هەموو سیستەمی ئیقتیسادی پێ لەقالب ئەدا تا لەبەرژەوەندی خۆیدا بێت.

سەرمایەدارەکە بۆ ئەوەی بمێنێتەوە و دەسەڵاتی بەردەوام بێت. ئەم 50 یەی کە زێدەباییە. ئەم 50 یەی کە کرێکارەکان بەرهەمیان هێنا و ئێستا ئەم دەستی بەسەردا گرتووە. ئەبێت بە شێوەیەک دابەشی بکات و بەکاریبهێنێ لە کۆمەڵگەدا تا باڵادەستی خۆی پێ فەراهەم بکات و درێژە بە دەسەڵاتی خۆی بدات و بەردەوامێتی بە سیستەمی سەرمایەداری بدات. پێویستە هەموو ئەو هەنگاوانە فەراهەم بکات تا بەردەوام ئەم بەرهەمهێنانی زێدەباییە، ئەم چەوسانەوەیە درێژەی هەبێت و دووبارە ببێتەوە لە کۆمەڵگەدا.

ڕەنگە بە خەیاڵتدا بێت و بڵێی سەرمایەدارەکە بە ئەم 50 یە کە زێدەباییە ئەچێت لە ناوەندی شاردا ئێوارەیەکی خۆشی پێ بەڕێ ئەکات و ئەچێتە ڕیستۆڕانێکی گرانبەها یان ئەچێت سەیری شانۆگەرییەکی نایابی پێ ئەکات و پاشان ئەچێت سەفەرێکی بەهامەس (دورگەیەکی گەشتیارییە لە ڕۆژهەڵاتی کالیفۆڕنیا) ئەکات. نا نا، سەرمایەدارەکە شتی وا ناکات. ئەو ئەگەر ئاوا بکات و بە شەوێک زێدەباییەکەی سەرف بکات. ئەوا ماوەیەکی زۆر وەک سەرمایەدار نامێنێتەوە. ئەو ئەبێت لەوە دڵنیابێت کە هەموو شتێک لە بەرژەوەندی خۆیدا ئەچەرخێ لە کۆمەڵگەدا. با نموونەیەکتان بۆ بهێنمەوە. لەوانەیە ئەم کرێکارانە، یا ڕێگەم بدە با بە شێوەیەکی سادەتر باسی بکەم. کەسانی وەک ئێوە کە ئیش ئەکەن ڕەنگە تووشی کەسانی وەک من بن لە شوێنی وەک ئیرە یان لە پۆلی قوتابخانەدا و ئەم قسانە ببیستن. کە ڕۆژی دواتر کە ئەچنەوە سەر کار، بیروبۆچوونت ڕەنگە گۆڕابێ و خەریکە لەوە تێ گەیشتووی و لە کۆتایی ڕۆژەکەدا کە لەو بینایەی کاری لێدەکەی دێیتە دەرەوە هەستێکی سەیرت هەیە و لەگەڵ کرێکارەکەی پەنا دەستدا قسەوباس ئەکەی و هەست ئەکەی کە بە شێوەیەکی نادیار دزیت لێ ئەکرێ. زۆر ڕاستە، وایە. حەقیقەتەکەت درک پێ کردووە و هەستەکەت لە جێگەی خۆیدایە.

هۆکاری ئەوەی کە هەستێکی لەم جۆرەت هەیە، واتە ئەوەی کە هەست ئەکەی دزیت لێ ئەکرێ، ئەوەیە کە لە ڕاسیتدا هۆشت داوەتێ. بەشی زۆری خەڵک لە سیستەمی سەرمایەداریدا ئەم هەستەی هەیە. کە بە ڕاستەوخۆیی لە زمانی ئاخاوتندا دەرناکەوێ، بەڵکو پێویستە بەشێوەی تر بیدۆزینەوە، سەرنجبدەن؛ با نموونەیەک بهێنینەوە، لە دوای کارکردن ئێوارە کە ئەڕۆیتەوە بەرەو ماڵەوە لە شوێنێک ئەوەستی و دائەنیشی تا شتێک بخۆیتەوە، ناوی ئەم شتەی ئەیکەی لە فەرهەنگی ئێمەدا پێی ئەڵێن سەعاتی شادی (هەپی ئاوە) [پێکەنینی ئامادەبوانی هۆڵەکە] ئەمە بۆئەوەیە تا تێبگەی کە ئەو سەعاتانەی پێشتر کە کارت کردووە پێچەوانەکەیەتی. ئەم سەعاتەی تیایدا ئەخۆیتەوە کاتی شادیتە لەبەرئەوەی ئەو هەشت سەعاتەی پێشتر کە کارت کردووە وانەبووە. ئەگەر زارەوەیەکی تر بۆ ئەو هەشت سەعاتە بەکاربهێنین (ساک) واتە شادی بەخش نەییە، چەوسانەوەیە، ڕووتانەوەیە. بزانن لە فەرهەنگەکەدا هەستی پێ ئەکرێ و بە ناڕاستەوخۆیی دەردەبڕدرێ و ئەناسرێتەوە، تەنها تۆزێک لێکدانەوەی ئەوێ تا تەرجەمەبکرێ.

کەواتە (زێدەبایی)یەکە لە لایەن سەرمایەدارەکەوە دەستی بەسەردا ئەگیرێ و بە شێوەیەک کە سەرمایەدارەکە ئەیەوێ بەکارئەهێندرێ و دابەشئەکرێ. با باسی چەند نمونەیەک بکەین کە سەرمایەدارەکە ئیحتیمالە زێدەباییەکە بەکاریبهێنێ بۆ یارمەتیدانی چەندین دامەزراوەی جیا جیا. لەوانە بۆ نمونە لە زۆربەی وڵاتانی سەرمایەداریدا سەرمایەدارەکان ساپۆرت و پاڵپشتی کڵێسای گەرەکی خۆیان ئەکەن. ئەها بزانن؛ لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە بۆچی سەرمایەدارەکان ئەم کارە ئەکەن؟ لەبەرئەوەی لە کەنیسەدا ئەو شتەی فێری خەڵکی ئەکەن هیچ باسی ئەم شتانەی تیادا نییە کە من بۆم باسکردن. یان سەرمایەدارەکان ڕەنگە کۆمەکی زانکۆیەکی پێ بکەن. یان ڕەنگە بەشێک لە زێدەباییەکە بەکاربهێنن و بینایەکی جوانی وەک ئەمەی لێ دروستبکەن کە ئێستا ئێمەی تیاداین. وە دووبارە پرسیار ئەوەیە کە بۆچی ئەم کارە ئەکەن. لەبەرئەوەی لە زانکۆش هەر وەک کڵێسا چیرۆکێکی بەتەواوی پێچەوانەی ئەمەی کە من بۆم باسکردن ئەوترێتەوە. ڕێگەم بدەن نمونەیەکتان بۆ بهێنمەوە.

لە سەرمایەداریدا بەم شێوەیەی خوارەوە باسی ئیقتیساد و بەرهەمهێنان ئەکرێ و فێری خەڵکی ئەکەن.

ئەڵێن، بەرهەمهێنان، هاوکاری و هەمەئاهەنگییەکی ئاشتیانە و نایابە. کە تیایدا کرێکار هێزی کاری ئەهێنێ. خاوەن زەوی پارچە زەویەکەی ئەهێنێ. وە سەرمایەداریش پارە و کارگە و ئەدەوات ئەهێنێ. وە ئەمانە هەموویان هاوکاری یەکتر ئەکەن و کاڵا بەرهەم ئەهێنن. وە لە کۆتایدا ئەو قازانج و بەرهەمەی پێکهاتووە لە نێوخۆیاندا دابەشی ئەکەن هەر کەسە و بە گوێرەی ئەو ڕێژەیەی کە پێشکەشی پرۆسەی بەرهەم هێنانەکەی کردووە، بەری ئەکەوێ.

سەرمایەداری ئەمە ناوئەنێت عەدالەتخوازی و ئەڵێ ئەمە سیستەمێکی ئیقتیسادییە کە هەر کەس بە دادپەروەری موعامەلەی لەگەڵ ئەکرێ و بەشێوەک باسی یەکسانی و دادپەروەری ئەکەن بۆت، کە وات لێ ئەکەن کە موەکانی لەشت ڕاست بێتەوە و سەمای شادی و خۆشی بکەن.

بەم شێوەیەیە کە ئێمە ئیقتیساد ئەخوێنین و ئەیڵێینەوە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. من ئەمە ئەزانم چونکە خۆم بۆ 50 ساڵ ئەمەم کردووە. ئەمە ئەوەیە کە ئێمە ئەیڵێنەوە، چونکە ئەمە فێرکراوین. وە ئەمە ڕێکەوت نییە، چونکە ئەم شێوە باسکردنە بەتەواوی جیاوازە لەوەی کە من بۆم باسکردن لەسەرەوە. لەم پرۆسەی بەرهەمهێنانەی کە سەرمایەداری باسی ئەکات ئەڵێن دادپەروەرانەیە و هەموو کەس بە گوێرەی ڕێژەی بەشداریکردنەکەی وەرئەگرێتەوە. هیچ باسێک نییە لە زێدەبایی! هیچ باسی رووتانەوە و چەوسانەوەی تیادا نییە! تۆ پێویست ناکات لە هیچ کەس تووڕەبیت! ئەگەر تۆ سەروەتێکی زیاترت نییە لەوەی کە ئەتەوێ، ئەوە موشکیلەی خۆت و خەتای خۆتە. تۆ کە شتێکی زیاترت نەبوو بیکەیتە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوە کەواتە داوای زیاتریش مەکە. سەرمایەداری وەسفی ئەم پرۆسەی بەرهەمهێنانەی خۆی بە نایاب ئەکات و پێمان ئەڵێ کە جوان و ئارام بەخشە. وەک ئەوە وایە کە بزانی سەرمایەداری کەسێکە لەو سەرەوە، کە سەرەڕای هەر شتێک تۆی زۆر خۆش ئەوێت لە کاتێکدا کە ڕەنگە هاوڕێ نزیکەکەت هێندەی خۆش نەوێی! (پێکەنینی ئامادەبووان).

ئۆکەی، ئەمە مەسەلەیەکی زۆر گرنگە.

ئێستا با باسی چەند مەسەلەیەکی تر بکەین کە ڕەنگە چۆن سەرمایەدارەکە زێدەباییەکە بەکاربهێنێ.

 لەوانەیە ئەم کرێکارانە بەهەر هۆکارێک بێت ئەوەیان هەست پێکردبێ و حەزیان لەم جۆرە ڕێکخستن و شێوە بەرهەمهێنانە نەبێت. ڕەنگە ڕۆژێک بڕیاربدەن و بچنە لای خاوەنکارەکەیان و پێی بڵێن هەرچەندە تۆ کەسێکی باشی بەڵام لەمەودوا ئێمە بەم شێوەیە کارناکەین، چونکە تۆ ئەتەوێ ئێمە ئیش بکەین و بەهای 100 زیاد بکەین بۆ بەهای کاڵاکە، کەواتە ئەو 100ی خۆمان ئەوێت کە زیادمانکردووە. وە لەم کاتەدا خاوەنکارەکە ئەڵێ نەخێر، وە کێشمەکێش و ناکۆکی لەنێوانیاندا دروست ئەبێت. لەم ساتەدا خاوەنکارەکە هەڵبژاردەیەکی هەیە، هەڵبژاردەیەکی زۆر سەیر! خاوەنکارەکە ئەتوانێت بڕوا و تەلەفۆنێک بکات بۆ شوێنێک لە ناوەندی شار و ئەڵێ فریامبکەون، هەڕەشەم لەسەرە و ئەترسم. پاش ئەم تەلەفۆنە زۆر بەخێرایی شتێکی سەنجڕاکێش ڕووئەدات. سەیارەیەک یان ڤانێک کە پڕە لە خەڵک و جلی شینی تۆخیان لەبەردایە، لە ناوەندی شارەوە بەڕێئەکەون و دێن بۆ شوێنی کارەکەت، کە قامچی و داردەستیان پێیە و ئەکەونە لێدانی ئەم کرێکارانە تا یارمەتیان بدەن بیروڕایان بگۆڕن. ئەمانە کە جلی شینی تۆخیان لەبەردایە، پێیان ئەوترێ پۆلیس. سەرمایەداران بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتیان هەبێ و بەردەوامێتی بەم ڕوتانەوە و چەوسانەوەیە بدەن، ئەوا پێویستیان بەو تەلەفۆنە هەیە، پێویستە ئەو سەیارەیە ئامادەبێ. پێویستە ئەو کۆمەڵە خەڵکەی کە جلی شینی تۆخیان لەبەردایە، بەردەوام لە ئامادەباشیدابن وئۆفیسیان هەبێت. وە هەموو ئەمانە پارەی ئەوێ. تۆ پێت وایە لە کوێوە ئەو پارەیە دێت؟ سەرمایەدارەکە بەشێک لە زێدەباییەکە بۆ ئەم مەبەستە بەکاردێنێ. ئەها بزانن!

ڕێگەم بدەن چەند نموونەیەکی تریش بهێنینەوە و باسی بکەین کە سەرمایەدار زێدەبایییەکە چۆن بەکارئەهێنێ؛ سەرمایەدار بۆ ئەوەی سەرمایە کەڵەکە بکات و ئەم 100 لە لایەن کرێکارەکانەوە بەردەوام زیاد بکرێ بۆ بەهای کاڵاکە. ئەوا ئەبێت لەوە دڵنیابێت کە ئەم کرێکارانە شارەزان لە کارەکەیاندا و ئەزانن چی ئەکەن وە هەروەها ئەو کرێکارانەی کە لە ئایندەشدا پێویستی پێیان ئەبێت سەرمایەدارەکە ئەبێت دڵنیابێت لەوەی کە کرێکاری ماهیرن و ئەزانن بخوێننەوە و داواکان جێبەجێ بکەن و ئیشەکان ڕاپەڕێنن. بە کورتی پێویستە بچن بۆ قوتابخانە و زانکۆ تا فێربن ئیشەکانیان چۆن ئەکەن. وە هەروەها سەرمایەدار ئەوە ئەزانێ کە پێویستە بەشداری بکات لە بەردەوامێتی سیستەمی خوێندندا. بۆیە بەشێک لە زێدەباییەکە وەک باج ئەدات بە حکومەت بۆ بەڕێوەبردنی قوتابخانەکان تا کرێکاری ماهیر بەرهەمبهێندرێ کە بتوانێ لە سبەی ڕۆژی کارکردنیدا بەهای کاڵا زیاد بکات و زێدەبایی بەرهەمبهێنێ بۆ سەرمایەداران.

زێدەباییەکە پێویستە دابەشکرێ. بەڵام لە سیستەمی سەرمایەداریدا بە شێوەیەک دابەش ئەکرێ تا درێژە بە بەردەوامێتی  سیستەمەکە بدات.

بۆ ئاگاداریتان مارکس هەموو ئەمانە باس ئەکات.

ئێستا تۆ تێگەیشتووی هەروەک مارکس باسی ئەکات؛ خاوەنکار کە زێدەباییەکەی چۆتە ژێر دەستەوە بە شێوەیەک زێدەباییەکە بەکارئەهێنێ تا خۆی هەر لە لوتکەدا بێت و بە باڵا دەستی بمێنێتەوە و درێژە بە  بەردەوامێتی سیستەمی سەرمایەداری بدات. کە ئەوە بۆ نزیکەی 200 ساڵە کارێکی زۆر باش لە بەرژەوەندی خۆیان ئەکەن.

ئایا ئەنجامگیرییەک کە لەمە ئەکرێ بۆ سۆشیالیزم چییە؟ ئایا بە ڕەچاوکردنی ئەوەی من بۆم باسکردوون لێرەدا سۆشیالیزم یانی چی؟ من ئێستا وەڵامی ئەم پرسیارە ئەدەمەوە. وە تۆ ئێستا ئەیبینی کە چۆن سۆشیالیزم بە ڕێگەیەکی تەواو جیاوازدا ئەڕوات لەگەڵ ئەوەی کە لە پێشودا هەبووە. سۆشیالیزم ئێستا یانی ئەم زێدەبایییە. بەڵام ئێستا ئەم زێدەباییە لە جیاتی ئەوەی لە گرۆپێک خەڵکەوە (کرێکارەکان) بچێت بۆ گروپێکی تر (خاوەنکارەکان)  ئەمە تەواوبووە ئیتر.

ئەنجامگیرییەک کە لە تیۆری مارکس لێرەدا هەڵئەهێنجرێ بەم جۆرەیە، لە کۆمەڵگایەکی جیاواز و نوێدا، کرێکاران هەر وەک ئێستا ئەچن بۆ ئیش، وە بەهەمان جۆر بەهای 100 زیاد ئەکەن بۆ ئەو کاڵایەی دروستی ئەکەن، وە هەروەها 50 لێ هەڵئەگرن بۆ خۆیان وەک کرێ و موچەی خۆیان. بەڵام ئەو 50 یەی تریش کە زێدەباییە (سێرپڵەس) هەر بۆ خۆیانە، نایدەن بە هیچ کەسێکی تر. خۆیان هەموو پێکەوە بە هاوبەشی و بە دیموکراتیانە بڕیارئەدەن کە چی لەم 50 واتە لەم زێدەباییە ئەکەن، کە هەمویان پێکەوە بەرهەمیان هێناوە و بەشداربوونە تیایدا. سۆشیالیزم واتە ئەمە. واتە ئەو زێدەبایییەی کە کرێکاران بە هاوبەشی بەرهەمی ئەهێنن، هەر خۆشیان بە هاوبەشی بڕیار ئەدەن کە چی لێ ئەکەن. ئەمە واتە کۆتایی سەرمایەداری. ئەمە واتە سەرمایەداری تەواوبوو. کرێکارەکان کە ئەم زێدەبایییەیان بەرهەم هێناوە، کە بە هێزی بازوو و هێزی مێشکی هەریەکەیان بەرهەم هاتووە، هەموویان پێکەوە و بە شێوەیەکی دیموکراتیانە بڕیارئەدەن کە چی لەم زێدەباییە ئەکەن کە خۆیان دروستکەری بوونە و بەرهەمیان هێناوە. یانی وەک ئەوەی لە ئەمریکادا باوە و خەڵك زۆر بەکاریدێنێ ئەوان خۆیان بوونە بە خاوەنکاری خۆیان (زەی بیکەم زێر ئۆون بۆس). ئایا وانییە؟ لە ڕاستیدا ئەمە تەنها ڕێگەیە کە ئامادەیە بۆ کرێکاران تا لە ڕێگەیەوە بە هەرەوەزی (هەموو پێکەوە) ببن بە خاوەنکاری خۆیان.

ئایا ئەو زاراوە سادەیەی کە لە ئەمریکادا هەموو ئەمەی تیادا بەرجەستە ئەبێت چییە؟ هەرەوەزی کرێکارییە (ۆرکەر کۆ-ئۆپ) (ۆرکەر کۆئۆپەرەیشن).

Worker co-op = Worker cooperation

 هەرەوەزی کرێکاری مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە. تۆ پێویستت بە شتێکی نوێ، یان تەنانەت بە مارکسیزمیش نییە بۆ ئەمە. هەموو ئەوەی مارکسیزم ئەیکات لێرەدا ئەوەیە کە لۆجیک و نەخشەڕێگەمان پیشان ئەدا کە ئەمانگێڕیتەوە بۆ بینینی ئەوەی کە چۆن خەڵک بە درێژایی مێژوو بڕیاریداوە کە کارکردن بە هەرەوەزی، دامەزراندنی هەرەوەزی کرێکاری، ڕێگەیەکی سەرنجڕاکێش بووە بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردن. ڕێگەیەکی دروست بووە بۆ ئەوەی پەیڕەوبکرێ. بۆیە نموونەی زۆرمان هەیە لە هەزاران ساڵ لەمەوبەرەوە، لە سەدان ساڵ لەمەوپێشەوە، وە لە ئێستا و لەم کاتەشدا. بەڵام ئیتر ئێستا جارێکی تر دەست پێ ئەکاتەوە، چونکە هەرەوەزی کرێکاری چیتر شتێکی سەیر و دەگمەن و نامۆ نییە. بەڵکۆ ئاڕاستەیەکی نوێیە.

ڕێگەم بدەن ئەنجامگیری بکەم و ئەوەی بۆم باسکردن بەم شێوەیەی خوارەوە بەکورتی بیڵێم.

گۆڕانکاری بنچینەیی بۆ سۆشیالیزم واتە گۆڕانکاری لە شوێنی کار. واتە گۆڕینی پەیوەندییەکان لە شۆێنی کار. ئەو هەڵەیەی کە ڕوویدا لە یەکێتی سۆڤییەت و چیندا ئەوە بوو کە هیچ گۆڕانکارییان لە شوێنی کاردا دروست نەکرد. هەرگیز ئەوەیان نەڕەخسان کە کرێکاران لە شوێنی کاردا بە دیموکراتیانە بڕیاری هاوبەش بدەن.  ئەوەی کردیان ئەوە بوو خاوەندارێتی تایبەتی بزنسەکانیان لادا و کاربەدەستانی حکومەتیان لە جێگەیان دانا. کە ئەم جێگۆڕکێیە بۆ کرێکارێکی ئاسایی هیچ جیاوازییەکی وای نییە. ئەوان ئەوەیان فەراهەم نەکرد تا کرێکاران خۆیان بەهەرەوەزی بڕیار بدەن کەچی لەو زێدەباییە ئەکەن کە خۆیان دروستیان کردووە و بەرهەمیان هێناوە.

ئەوان لە یەکێتی سۆڤییەت و چین بازاڕیان لادا و بە پلاندانان جێیان گرتەوە. خاوەندارێتی تایبەتیان لادا و بە خاوەندارێتی گشتی (دەوڵەتی) جێیانگرتەوە. بەڵام لەپەیوەندی و ڕێکخستنی ئاستی مایکرۆدا هیچ گۆڕانکارییەکیان ئەنجام نەدا. 

لێرەدا لەسەر هەرەوەزی کرێکاری (ۆرکەرس کۆ ئۆپ) ئەتوانین ئەوە بڵێین کە هەرەوەزی کرێکاری نوێنەرایەتی ئەو ڕەخنەیە لە سیستەمی سەرمایەداری ئەکات کە خوازیاری دیموکراتیزەکردنی پەیوەندییەکانی شوێنی کارە. واتە دابینکردنی دیموکراسی لە شوێنی کاردا.

ئێستا لەم پێنچ دەقەیەی کۆتایدا کە کاتمان ماوە، با پێکەوە بیربکەینەوە و ئەوە بڵێین؛ کە ئێمە لێرە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆمەڵگەیەکدا ئەژین کە گوایە دیموکراسی تیادایە و لەسەر ئەمە هەڵایەکی زۆریان ناوەتەوە و مێشکیان بردوین و ئیدیعای دیموکراسی ئەکەن. بەڵام سەرەتایترین مانای دیموکراسی ئەوەیە کە ئەگەر هەر بڕیارێک کاریگەری لەسەر تۆ و ژیانی تۆ دابنێ ئەوا مافی تۆیە کە بەشداربی لە دانی ئەو بڕیارەدا.

بۆیە بۆ نمونە بە هەڵبژاردن شارەوانی شار هەڵئەبژێرین، چونکە شارەوانی ئەو شارەی تیایدا ئەژین ئەو بریارانەی کە ئەیدا کاریکەری لەسەر ئێمە هەیە، بۆیە پێویستە دەور و کاریگەریمان هەبێت لە دانی ئەو بڕیارانەدا.

تۆ ئەگەر باوەڕت بە دیموکراسی هەیە. کەواتە یەکەم شوێنێک کە پێویستە دیموکراسی تیادا پراکتیزە بکرێ و جێبەجێبکرێ، شوێنی کارە. بۆچی؟ چونکە تۆ زۆربەی ژیانی گەنجێتیت لە شوێنی کار بەسەرئەبەی. پێنج ڕۆژ لە هەفتەدا لەو کاتەوەی بوویتە بە گەنجێکی پێگەیشتوو ژیانت لە کارکردندا بەسەر ئەبەی. وە سەعات و ڕۆژەکانی تریش یان بە ئاگادێیتەوە لەو سەعاتی شادییەی کە دوای کار بەسەرت بردووە یان ناچاری پشووبدەی تا هێزت بۆ بگەڕێتەوە و بتوانی ڕۆژی دواتر بچیتەوە سەرکار. بۆیە ئەگەر باوەڕت بە دیموکراسی هەیە ئەوا شوێنی کار یەکەم جێگەیە کە پێویستە تیایدا دیموکراسی پەیڕەو بکرێ.

بەڵام تۆ لە کۆمەڵگەیەکدا ئەژی کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە کە تیایدا هەرگیز دیموکراسی تیادا جێبەجێنەکراوە لە شوێنی کاردا. ئەو کۆمپانیایەی کە تۆ ئەمڕۆ ئیشی تیایدا ئەکەی، گروپێکی پانزە کەسی لە سەرەوەیدا وەستاوە کە پێیان ئەوترێ  (بۆرد ئۆف دایرێکتەرس) واتە بۆردی بەڕێوەبردن کە ئەمانە هەموو بڕیارێک خۆیان ئەیدەن بەبێ ئەوەی کرێکاران هیچ دەورێکیان لەو بڕیارانەدا هەبێت. بۆ نمونە ئەوان بڕیار ئەدەن کە ئەبێ چی دروستبکرێ، چۆن دروستبکرێ، لە کوێ دروست بکرێ، وە چی لەو قازانجە واتە (زێدەبایییە) ئەکرێ کە تۆ بەرهەمت هێناوە و  کرێکاران ڕەنجیان لەگەڵدا کێشاوە. دەوری کرێکاران لە هەموو ئەم بڕیارە گرنگانەدا یەکسانە بە سفر. کرێکاران هیچ کاریگەرییەکیان نییە لەم بڕیارە چارەنووس سازانەی کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیان و گوزەرانی خۆیانەوە هەیە.

لە ئەمریکادا دیموکراسی نییە لە شوێنی کاردا. تۆ لە وڵاتێکدا ئەژی کە ئەڕوا بۆ ئەوسەری دنیا شەر بەرپا ئەکات و کوشتارگا ئەخوڵقێنێ و گوایە دیموکراسی ئەبات بۆ ئەو وڵاتانە. لە کاتێکدا کە ئێمە خۆمان لێرە نیمانە. بۆیە ڕەنگە بەبیرتدابێت و بپرسی کە بۆچی ئەوان ڕەخنەیان لە ئێمە هەیە.

دیموکراتیزەکردنی شوێنی کار، واتە هەرەوەزی کرێکاری (ۆرکەر کۆ-ئۆپ)، ڕێگەیەکی دیموکراتیانەیە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو  زێدەبایییەی کە هەموو بەشداربوونە لە بەرهەمهێنانیدا تا بڕیاربدەن چی لێ بکرێ.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەگەر بەم جۆرە بوایە، واتە کرێکاران بڕیاریان لەسەر چۆنییەتی سەرفکردنی زێدەباییەکە بدایە، ئایا گۆڕانکاری ڕووی ئەدا؟ بێگومان گۆڕانکاری زۆر ڕووی ئەدا و کۆمەڵگەیەکی تەواو جیاوازمان ئەبوو لەمەی ئێستا. با لێرەدا چەند نمونەیەک بهێنینەوە بۆ کۆتایهێنان بەم باسە.

وادابنێ ئەوەی ئەیبینین لە چل ساڵی ڕابردوودا کە ئەم وڵاتە ئاوا هەلا هەلا بووە و قڵشتی تێکەوتووە هەروەک لە ئێستادا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و هەمووشتێکی تردا ئەیبینین. بۆ نمونە گواستنەوەی بەشێکی زۆر لە کۆمپانیاکان بۆ دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبەرئەوەی کە لەوێ لە ئاسیا و وڵاتانی تر، کەسانی تر بەپارەیەکی زۆر کەمتر ئەو کارە ئەکەن.

بۆ ئاگادارتان شاری دیترۆید نمونەیەکی بەرجەستەی دڕندەیی سەرمایەدارییە لە ئەمریکادا. کە لە ساڵی حەفتاکاندا دوو ملیۆن کەسی تیادا ئەژیا، بەڵام ئێستا بۆتە وێرانە و تەنها حەوت سەد هەزار کەسی تیادا ماوە. بەشی زۆری خەڵکەکەی ئیشەکانیان لەدەستدا و لە ماڵەکانیان و لە کەنیسەکانیان و لە قوتابخانەکانیان وەدەرنران. ئەم شارە ئێستا ئەڵێی کەلاوەیە. ئەگەر تا ئێستا سەردانت نەکردووە؟ ئەوە بڕۆ سەردانی بکە و بە چاوی خۆت دیترۆید ببینە. هەرچی من بیڵێم هێندەی ئەوە نییە بڕۆی دوو سەعات سەیارە بەم شارەدا لێبخوڕی و بە چاوی خۆت بیبینی.

تەسەورکە، ئەگەر بڕیاری ئەوەی کە لە کوێ بەرهەم و کاڵا دروست ئەکەی، ئەگەر لە جیاتی بۆردی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکان، کە بۆ قازانجی زیاتر کارگەکان دائەخەن و ئەیانگوێزنەوە. ئەگەر کرێکاران خۆیان هەموو پیکەوە و بە دیموکراتیانە بڕیاریان لەسەر شوێنی دروستکردنی بەرهەم و کاڵا بدایە. ئایا باوەڕت وایە کە کرێکارەکان ئیشەکانی خۆیان هەڵئەوەشاندەوە و کارگەکانیان دائەخست و ئەو کۆمەڵگەیەی کە خۆیان تیایدا ئەژین وێران ئەکرد؟ نا ئەگەر بڕیار بەدەست کرێکارەکان بوایە ئەوا هەرگیز ئەمە ڕووی نەئەدا و مێژووی ئەم وڵاتەش بە شێوەیەکی زۆر ڕادیکاڵ جیاواز ئەبوو.

با نمونەیەکی تر بهێنینەوە. لە کۆتایی ساڵدا هەر کۆمپانیایەک سەیری ئەو قازانجە ئەکات کە لەبەردەستیایەتی. سەیری ئەو زێدەباییە ئەکات کە بە توانای بیر و بازووی کرێکارەکانی کەڵەکەی کردووە لەو ساڵەدا. وە هەروەها لە کۆتایی ساڵدا هەر کۆمپانیایەک ئاهەنگی کریسمەس بۆ کرێکارەکانی ڕێک ئەخات. ئەمە کاتێکی سەرنجڕاکێشە کە لێی ڕابمێنی. لە کۆتایی ئەم ئاهەنگەدا بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە کە نیمچە سەرخۆشە، ئەچێتە سەر مێزێکی لەق و بە کرێکارەکان ئەڵێ سوپاسی زۆری ماندووبونتان ئەکەین کە ئەمساڵتان کرد بە ساڵێکی پڕ بەرهەم و قازانج بۆ کۆمپانیاکە.

بەڕێوەبەر و خاوەنکار سوپاسی کرێکارەکان ئەکات کە کاری سەختیان کردووە و قازانجیان (زێدەباییان) بۆ کۆمپانیاکە بەرهەم هێناوە. بەڵام بەشداریکردن لە بڕیاردانی ئەوەی کە ئەم زێدەباییە (قازانجە) چی لێ بکرێ و چۆن سەرف بکرێ. ئەوا کرێکاران هیچ دەورێکیان لەو بڕیارانەدا نییە و بەتەوای بەدەرنراون لە بەشداریکردن لەم بڕیارە گرنگەدا.

بۆ ڕۆژی دواتر ئەو خاوەنکارە لەگەڵ بەڕێوەبەر و خاوەنکارەکانی تردا کۆئەبنەوە و هەموو بڕیارێک ئەدەن دەربارەی ئەو کۆمپانیایە و لە نێویشیدا بڕیار دەربارەی ئەو زێدەباییەی کە تۆ بەرهەمت هێناوە و ماندووبووی پێوەی. ئەوان سوپاسی تۆ ئەکەن بۆ ئەوەی بەرهەمت هێناوە، بەڵام بەشداریکردن لە بڕیاری ئەوەی کە چی لێبکرێ و چۆن سەرفبکرێ، نا نا ئەمایان ئیشی تۆ نییە و تۆ ناتوانی بەشداربی تیایدا. جا ئەگەر بڕیاری ئەوان ئەوە بێت کە کارگەکە دابخرێ و تۆ ئیشەکەت لەدەستبدەی. یان ئەگەر ڕێگری بکەن لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و ئەمەش ببێتە هۆی پیسبوونی هەوای ئەو ژینگەیەی کە منداڵەکانتان هەڵیئەمژن. ئەوا تۆ لە هەموو ئەم بڕیارە چارەنووسسازانەدا هیچ بەشداری و کاریگەرییەکت نییە. ڕەنگە ئەم نیگەرانیانە بۆ هەندێک لە ئێوە جێگەی سەرسوڕمان بێ.

لە چل ساڵی ڕابردوودا ئەم کۆمپانیایانە بەهۆی کاری تۆوە قازانجی سەرسوڕهێنەر و سەرمایەی خەیاڵیان کەڵەکە کردووە. ئەوانەی هەموو بڕیارێک ئەدەن بریتین لە بۆردی بەڕێوەبردن و ئەو کەسانەی کە خاوەنی پشکی (شەیە)ی زۆرن لە کۆمپانیاکەدا. کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەمانە تەنها 20 بۆ 30 کەس ئەبن. هەموو ئەمانە لەسەر مێزێک کۆئەبنەوە و هەموو بڕیارێک خۆیان ئەیدەن دەربارەی کۆمپانیاکە و ئەو قازانجەی بەرهەم هاتووە. جێگەی سەرنج ئەوەیە کە بەشی هەرە زۆری ئەم قازانجە ئەدەن بە خۆیان لە شێوەی مووچەی زۆر و خەیاڵیدا یان بە ڕێگەی دیڤیدێنت [ئەو پارەیەیە (قازانجەیە) کە لەبری هەر سەهمێک (شەیەیەک) لە کۆمپانیاکەدا بە خۆیانی ئەدەن]. لەهەر کۆمپانیایەکدا ئەوانەی کە خاوەنی ملیۆنان پشکن و هەموو بڕیارێک ئەدەن، لە ژمارەی پەنجەکانی دەست تێپەر ناکات. بۆیە تا دێت نایەکسانی لە داهاتدا لە هەڵکشاندایە لەم وڵاتەدا. هیچ شتێک شاراوە نییە لێرەدا. ئەم نایەکسانی و جیاوازی داهاتە هیچ پەیوەندی بە پلەی خوێندن و تەکنەلۆژیاوە نییە. بەڵکو ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئێمە ڕێگەمانداوە گروپێکی زۆر بچوک لەسەرەوە بڕیار بدەن کەچی لەو زێدەبایییە بکرێ کە هەموومان بەشداربووینە لە پێکهێنان و بەرهەمهێنانیدا. ئەوان کە نزیک بە هەموو زێدەباییەکە بۆ خۆیان ئەبەن، لە ئەنجامدا ئەمە ئەبینین کە کۆمەڵگە بەم جۆرە دابەشبووە کە لە جەمسەرێکدا گروپێکی بچوک هەیە کە تا خەیاڵ بڕ بکات سەرمایەیان کەڵەکە کردووە و داهاتیان هەیە. وە لە جەمسەرەکەی تردا یەکەم نەوەی کرێکاران ئەبینیین کە قوتابین لە زانکۆکانی ئەمریکادا کە بۆ ئەوەی زانکۆ تەواو بکەن ناچارن قەرزی بۆ بکەن و بکەونە ژێر باری دەیان هەزار دۆلار قەرزەوە.

لێرەدا ئەوە کرێکارە، ئەوە تۆی کە ئەچەوسێنرێیتەوە و ئەڕوتێنرێیتەوە. بۆیە مارکسیزم و سۆشیالیزم بەردەوام ڕوو بە کرێکاران بووە. ڕووی لەوانە بووە کە قوربانی سیستەمی سەرمایەدارین. کرێکاران بە تێگەیشتن لەمە ئەتوانن بڵێن کە ئێمە ئەتوانین باشتر بکەین لە سیستەمی سەرمایەداری. دامەزراندنی هەرەوەزییە کرێکارییەکان هەنگاوی یەکەمە لەم ئاڕاستە نوێیەدا.

هەرەوەزی کرێکاری (ۆرکەرس کۆ-ئۆپ) لە ژێرەوە و لە نیو کرێکارانەوە دەست پێ ئەکات و ئاراستەیەکی نوێ بۆ سۆشیالیزم نوێنەرایەتی ئەکات. ئێستا ئەبینین کە لە پلاتفۆرمی ئیقتیسادی (بێرنی ساندەرس)دا شتێکی  کەم هەیە دەربارەی هەرەوەزی کرێکاری (ۆرکەرس کۆ-ئۆپ) شتێکی زۆر نییە، بەڵام دەستپێکێکی باشە. ئەگەر نمونەی سیاسییەکی ئەمڕۆت ئەوێ کە زۆر زیاتر لە بێرنی ساندەرس واوەتر چووە، ئەوە (جێرمی کۆربین)ە لە بەریتانیا، لیدەری حیزبی کرێکاران. ئەمەی باسی ئەکەم سەرنجڕاکێشە بۆ ئەوانەتان کە موتابەعەی سیاسەت ئەکەن. ئەوان پێشکەوتووترین تێگەیشتنیان هەیە لەسەر پێویستی دامەزراندنی بەشی هەرەوەزی کرێکاری (ۆرکەر کۆ-ئۆپ) ی سۆشیالیستی کە بەجیا و هاوشانی سەرمایەداری مەوجود بێت، ئەمە سەری دەرهێناوە لە بەریتانیا لە ژێر ڕابەری حیزبی کرێکاران بە ڕابەری لیدەرە نوێیەکەی (جێرمی کۆربین) کە سیاسەتێکی کۆنکرێتی لەم بارەوە ڕاگەیاندووە. کە ئەگەر حەز بکەی ئەتوانم بە درێژی بۆتان باس بکەم لە بەشی پرسیار و وەڵامدا و کاتێک کە ئەم قسەوباسانەمان تەواو بوو.

ئێستا سۆشیالیزم سەری دەرهێناوەتەوە بە ئاڕاستەیەکی نوێ و پێناسەیەکی تازەوە. وە یەکێک لەو شتە سەرنجڕاکێشانەی کە لە ساڵانی ئایندەی ژیانتا دیقەتی بەیتێ سەرکەوتنی ئەم سۆشیالیزمەیە بەم جۆرەی کە باسمانکرد. وە ئەمە بەشێکی بەهۆی ئەوەوەیە کە تەواوی ئەو بەرەیەی کە دژ بە سۆشیالیزمە، تەرکیزیان کردۆتە سەر شتێک کە چیتر سۆشیالیزم نییە و بە تەواوی نائامادەن و ناتوانن هەڵکەن لەگەڵ ئەوەی کە سۆشیالیزم یانی چی لە ئێستادا. ئەمە یەکێک لەو ئەنجامە خراپانەیە کە سەرکوتی ئایدیۆلۆژی بەرانبەرت (ئەڵتەرناتیڤت) بکەی وەک ئەوەی ئەیبینین کە بۆ زیاتر لە 50 ساڵ پەیڕەوکرابوو لە ئەمریکادا.

ڕێگەم بدەن لێرەدا کۆتایی پێ بهێنم. زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.

تێبینی: هەموو ئەم قسەوباسەی سەرەوەی پرۆفیسۆر ڕیچارد ۆڵف، یەک سەعاتی ڕێکی خایاند. بەدوای ئەمەدا 38 خولەکی تریش بەشی پرسیار و وەڵامە کە لەلایەن ئامادەبووانی هۆڵەکەوە پرسیاری لێ ئەکرا و زۆر لایەن و گۆشەی ئەم باسەی کردوویەتی بە درێژتر شیکردۆتەوە. بەداخەوە لە ئێستادا نەتوانرا بەشی پرسیار و وەڵامەکانیش وەرگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی.

       تێبینی: بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی پێشوو سەردانی ماڵپەری بۆپێشەوە بەشی وتار یان وەرگێران بکەن… بۆپێشەوە  www.bopeshawa.net 

Leave A Reply

Your email address will not be published.