ئامارەکانی داڕمانی سیستەمی پەروەردە دەدوێن…

0

ئامارەکانی داڕمانی سیستەمی پەروەردە دەدوێن…

فایەق سەعید، نووسەر و شارەزای بواری پەروەردە لە پەیجی تایبەتی خۆی ئامارێکی سەبارەت بە توندوتیژی و هەراسانکردن لە خوێندنگەکانی هەولێردا بڵاوکردۆتەوە…بەپێی ئەو ئامارە کە تەنها هی شاری هەولێرە، ئەوە نیشان دەدات کە ژینگەی خوێندن لە قوتابخانەکانی هەرێمدا، ژینگەیەکی ناتەندروست، دواکەتوو و پڕ هەراسانکردنی دەرونی و جەستەیی و فیزیکییە، کە ئەمە رۆڵی زۆر خراپ لە پێگەیاندنی نەوە یەک لەدوای یەکەکان دەگێرێت، بە ئاقاری بێئیرادەکردن و تێکشکاندنی توناییەکانی خوێندکاران. هاوکاتیش رووی ئەو دەسەڵات و سیستەمە سەقەت و دواکەوتوانەیە نیشان دەدات کە تەریبە لەگەڵ ئەو هەموو دزی و تاڵانی و سەرکوت و برسیکردنەی جەماوەری کوردستان. ئەمەی خوارەوە دەقی نووسینە ئامارییەکەی نووسەر و شارەزای بواری پەروەردە فایەق سەعیدە کە پشتبەستوە بە توێژینەوەیەک کە بەزمانی ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە:

هەراسانکردن لە خوێندنگەکانی هەولێر

توێژینەوەیەک (بە زمانی ئینگلیزی بڵاوبۆتەوە) کە دەربارەی ڕێژەی هەراسانکردن لە ٣٥ خوێندنگەی بنەڕەتی و ئامادەیی هەولێردا کراوە، بەشداری بە ١٠٧٠ خوێندکاری پۆلەکانی ٧-١٢ کردووە (٥٢٪ خوێندکاری ئامادەیی و ٤٨٪ خوێندکاری بنەڕەتی) توێژینەوەکە باسی ئەوە دەکات کە ڕێژەی خوێندکارە تێوەگلاوەکان لە هەراسانکردن (هەراسانکار و قوربانی) بریتی بووە لە (٦٠٪) ، لە نێو ئەمانەشدا (٣١٪) قوربانی بوون، (٢٦٪) هاوکات قوربانی و هەراسانکاریش بوون و (٣٪) هەراسانکار بوون.

توێژینەوەکە لە باسکردنی جۆرەکانی هەراسانکردندا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ڕێژەی هاراسانکردن بەپێی جۆرەکانی هەراسانکردن بەم جۆرە بووە؛ هەراسانکردنی جەستەیی (٤٢٪)، هەراسانکردنی دەروونی (٥٢٪)، هەراسانکردنی دیجیتاڵی (٣١٪)، هەراسانکردن بەهۆی ڕەگەزپەرستییەوە (١٢٪) و هەراسانکردنی سێکسیش بریتی بووە لە (٨٪).

کوڕان لە هەموو جۆرەکانی هەراسانکردندا بە ڕێژەیەکی زۆر زیاتر تێوەگلابوون، بەڵام کچان لە هەراسانکردنی دەروونیدا باڵادەست بوون. قوربانییەکانی هەراسانکردنی سێکسی لە نێو کچاندا بەرزتر بوو.

لەسەر ئاستی ڕەگەز ڕێژەی ئەو خوێندکارانەی بە کاری هەراسانکردنەوە تێوەگلابوون لە نێو کوڕاندا زیاتر بوو (٦٨٪) تا کچان (٥٢٪)، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی قوربانییەکان لە نێو کچاندا (٣٠٪) زۆر بەرز بوو بە بەراورد لەگەڵ کوڕان (٣٢٪).

ڕێژەی هەراسانکردن لە پۆلەکانی ٧-٨ (٢٥٪) بووە و لە پۆلەکانی ١١-١٢ (٢٧٪)، بەڵام بەرزترین ڕێژەی هەراسانکردن لە پۆلەکانی ٩-١٠ بووە (٤٨٪).

فایەق سەعید

Leave A Reply

Your email address will not be published.