پارتی و پەکەکە و جەنگی دەسەڵات… عەبدوڵا مەحمود

0

پارتی و پەکەکە و جەنگی دەسەڵات

عەبدوڵا مەحمود

جارێکی تر بارگرژی لەنیوان پارتی و پەکەکەدا دروستبۆتەوە و پارتیش ئاگاهانە لەرێگای وەگەڕخستنی راگەیاندن و  نمایشی هێز و مانۆری سەبازی  و کۆکردنەوەی هێز و جوڵەپێکردنیان، خەریکی بردنە سەری ئاستی گرژی و ئاڵۆزییەکەیە.

پارتی و پەکەکە دوو هیزی سیاسی… باڵادەستی و ناو خانەوادەی بزوتنەوەی کوردایەتین لە ناوچەکەداو هەر دوولاشیان خاوەنی یەک ستراتیجین لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزی خۆیاندا، کە خوازیاری شەریک بوون و بەشن لەگەڵ دەوڵەتەکانی خۆیان. هاوکات هەردوو لایان لەهەر جێگایەکەدا دەسەڵاتیان هەبێت، لەو شوێنە سەرکوت باڵادەستەو  ڕیگە بە لایەنی سیاسی تر نادەن هەڵسوڕانی سیاسی بکەن.

ململانێی نێوان پارتی و پەکەکە، لە بنەرەتدا لەسەر باڵادەستیییە بەسەربزوتنەوەی کوردایەتیدا لە ئاستی ناوچەکەدا. هەردوو حزب، خاوەنی کۆپی خۆیانن لە بەشەکانی کوردستاندا، و بەکردەوەش نوینەرایەتی پان کوردستانیزم دەکەن، لە کوردستانی گەورە!! و چواربەشیدا!! هەردوو لاشیان وابەستەو یان باشتر بڵێن خۆیان بەیەکێک لە دەوڵەتەکانەوە بەستۆتەوە. هەردوو لاشیان ئەوەی هەرەشەی پێ لەیەکتری دەکەن هیزی چەکداریانە.

ململانێی پارتی و پەکەکەو ڕوودانی هەر کێشە و بەریەکەوتنێک لە هەر جێگایەک، بەخێرای دەگۆرێت بە بارگرژی و ئاڵۆزی و هەرەشەی چەکداری لەیەکتری و ئەمەش لەگەڵ خۆیدا ترس و دڵەڕواکێ بۆ جەماوەری بێبەشی کوردستان بەدوای خۆیدا دەهێنێ.

چ پارتی و چ پەکەکە، هوشیارانە دەیانەوێت هۆکاری ململانێی نێوانیان شەتەکی روداوێکی زبر و یان چەکداری بدەن، تا ڕیشەی بنەرەتی و هۆکاری سەرەکی ململانێکانیان بشارنەوەو رەوایەتی بە هەڵویست و مامەڵەی سیاسیان بدەن. لەوەش زیاتر ململانێی نێوانیان وەکو بەریەک کەوتنی نێوان براکان و شەڕی براکۆژی وێنا دەکەن.

راستی ململانێی نێوان پارتی و پەکەکە لە بنەرەتدا ململانێی دەسەڵاتە، زاڵکردنی هەژموونی سیاسی و سەربازی و باڵادەستی قەڵەمڕەی دەسەڵاتدارێتی و بەهێزکردنی پیگەیانە لەناو بزوتنەوەی کوردایەتیدا، بۆ ئەم ئامانجەشیان هەر یەکەیان بەدوای پاساوێکدا دەگەڕیت، تا ئەو قودرەت نماییە، نمایش بکات.

لەهەلومەرجی ئێستادا هەردوو لایان دەرگیری ئەزمەیەکی قوڵن… ئەمەش خۆی پاڵنەرێکە بۆ گەرانیان بەدوای پاساوێکدا تا لەلایەکەوە پۆشش بۆ ئەزمەکەیان پەیدا بکەن و لەلایەکی تریشەوە دەمەزەردی خۆشخزمەتیان بۆ وڵاتانی وابەستەیان، نیشان بدەنەوە.

پارتی وەکو هێزی باڵادەستی سەر گۆرەپانی سیاسی کوردستان لە عیراقدا، و وەکو لایەنێکی سەرەکی بزوتنەوەی کوردایەتی و دەرگیر لەگەڵ کیشەی سیاسی دەوڵەتی عێراقدا لەسەر ئاستی بەشداری سیاسی و دەستراگەیشتنی بە داهات و سامانی زۆرتردا، تا دێت کێرڤی لەبەرامبەر بە بزوتنەوە بۆرژوازییەکانی عێراقدا بەرەو داکشان دێت. هاوکات لەسەر ساحەی سیاسی کوردستاندا، دەسەڵاتەکەی دەرگیری شکستێکی ئاشکرایە و نەک هەر توانای وەڵامدانەوەی بەداخوازی و ویستەکانی هاوڵاتیان نییە، بەڵكو خەریکە مافی ژیانکردنیش لە جەماوەری کریکار و زەحمەتکیش لە ڕیگای دواخستنی موچە و لێبرێن و بەرین بوونەوەی بێکاری و گرانی بازاڕەوە، زەوت دەکات. هەموو ئەمانەش لەلایەکەوە تورەییی و نەفرەتی جەماوەری لەدەسەڵات رۆژ بەرۆژ بەرەو سەر دەبات و پرسی راماڵینی دەسەڵات نزیک دەکاتەوە، لەلایەکی تریشەوە ئەزمەی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد، قوڵتر و ریزەکانی نایەکانگیر و دژ بەیەک کردووە. هاوکات پێگەی بزوتنەوەی کوردایەتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەییش هیناوەتە خوارەوە.

پەکەکەش وەکو لایەن و رەوتێکی نەیاری سیاسی پارتی لەناو بزوتنەوەی کوردایەتیدا، چ لەمەیدانی سەربازی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و چ لەناوخۆی تورکیادا، توشی چەقین و بن بەستێکی قوڵە. فاشیزمی دەوڵەتی تورکیا مەیدانی چالاکی سەربازی پەکەکەی تا ڕادەیەکی زۆر سنوردار و بەرتەسک کردۆتەوە و هاوکاتیش لەڕیگا نۆکەرەکانیەوە کادرە سیاسییەکان، دەکرێنە نیشانەی فرۆکەی بێ فرۆکەوان، کە تا ئێستا چەندین لە کادرانیان لە قوڵایی کوردستانی عیراقدا، کراونەتە نیشانە و کوژراون یا ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا کراونەتەوە.

ئەم هەلومەرجە کەڕووبەڕووی پەکەکەو پارتی بۆتەوە، تا رادەیەکی زۆر دەستی ناوەتە بیناقاقایان و ئەزمەکانیانی قوڵتر کردۆتەوە…

پارتی کە بە ئاشکرا خۆشخزمەتی بە دەوڵەتی تورکیا دەکات و لەژێر سایەو قەڵەمرەوی ئەودا دەیان بارەگای سەربازی دەوڵەتی تورکیا هەیەو سوپاکەی رۆژانە لەشکرکیشی دەکاتە سەر سنورەکان و فرۆکەکانیشی ئازادانە بۆردومان دەکەن، کەچی بێشەرمانە هێزەکانی پەکەکە بە شێواندنی ئارامی کوردستان و دژایەتی هەریمی کوردستان تۆمەتبار دەکات و دەیەوێت بە پاساوی بەرگری لە ئارامی کوردستان و حکومەت، پەکەکە ناچار بە پاشەکشە و تەسلیم بوون بکات و بۆ ئەو مەبەستەش بەکارهێنانی هیز و زۆری چەکداری بەپشتیوانی دەوڵەتی تورکیا، کردۆتە بژاردەیەکی سەرەکی.

پەکەکەش لەلایەکەوە کۆپییەکەی خۆی لە کوردستانی عیراقدا لەبەردەم هێرشی هەموو رۆژەی دەسەڵاتی پارتییدایە و لەو جێگایانەش کە پەکەکە حزوری سیاسی هەیە تادێت سنوردارتر دەکرێت. بۆیە ناچارە کاردانەوەی خۆی نیشان بدات، بەتایبەتیش کە پەکەکە باش دەزانێت پارتی لەچ هەلومەرجێکی سەختدایە چ لە ململانێی لەگەڵ بەغدا و چ لەگەڵ جەماوەری نارازی و تورەی کوردستان. هاوکاتیش لێکترازانی بەردەوامی لەگەڵ یەکێتی وەکو بەشداری لە حکومەت و دەسەڵاتدارێتیدا.

بەجیا لەهەموو ئەمانە، پێشبینی دەکرێت کە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و سەرکەوتنی جۆ بایدن کاریگەری لەسەر دەوڵەتی تورکیا و ئەردۆغان دابنێت، بەسودی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد دەسەڵاتی خۆ بەڕیوەبەری لە سوریادا بشکێتەوە، ئەمەش جارێکی تر پێگەی کۆپییەکەی پەکەکە” هەدەپە” بەهێز دەکات.

دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بەر لە کۆتاییهاتنی خولی سەرۆکایەتی ترامپ، کەڵک لەو ماوەیە وەربگرێت و گورزی هەمەلایەنەی خۆی ئاراستەی پەکەکە و هیزەکانی بکات و لەو نێوەشدا پارتی ناچار بکات هاوبەشێکی سەرەکی بێت لەو هێرش و گوزر وەشاندنەدا… دەوڵەتی تورکیا لێدوانەکانی بەرپرسانی پارتی بەدەستەوە دەگرێت کە دەڵێن پەکەکە هەرەشەیە بۆسەر هەرێمی کوردستان و هەر بەو پاساوەش بانگەشەی لەرەگەوە دەرهێنانی پەکەکە دەکات!!.

تورکیا ناچارە لەو دۆخە ئەزمەگرتووە ناوخۆیی و ناوچەیی و هاوکات تەریک کەوتنەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، لەو ماوەیەی کە ترەمپ لەدەسەڵاتدایە، جوڵەیەکی تایبەتی تر لەڕیگای لەشکرکیشیەکی فراوان بۆسەر پەکەکە بەهاوکاری پارتی بکات. بەڵام بەو هۆیەوە کە دۆخی پارتی چ لەگەڵ دەوڵەتی عێراق ناوخۆی کوردستاندا و چ بەهۆی ناتەبایی هاوبەشەکانی لە دەسەڵاتی هەرێمدا،  گونجاو نییە بۆ هێرشێکی سەرتاسەری بۆسەر پەکەکە. بۆیە پارتی دەیەوێت لە ڕیگای مانۆری بەرینی سەربازی و هیزکۆکردنەوە و وەرێخستنی کەمپەینێکی فراوانی ڕاگەیاندن بە مەبەستی هەڵخراندنی نەفرەت لە پەکەکە، پاشەکشەیەکی سپی و سەربازی بەسەر پەکەکەدا لە چەند شوێنێک بیسەپێنێ، بەمەش هەم تورکیا رازی دەکات و هەمیش خۆی لە شەرێکی سەراسەری و دریژ مەودا دوور دەخاتەوە کە دەزانێت بێ ئاکامە.

دیارە ململانێی پارتی و پەکەکە و لەگەڵ ئەوەدا لە ئێستادا بەدوور دەزانرێت ببێتە شەڕ، بەڵام هەر ئێستا کەشێکی ترس و تۆقاندنی بەسەر جەماوەری کوردستاندا سەپاندووە، لەزۆر جێگاو شوێنیش کەشی میلیتاریستی زاڵ کردووە. خەڵکی کوردستان و بەرەی ئازادیخواز و دژە شەڕی دەسەڵاتی باڵەکانی بۆرژوازی کورد، دەتوانێت بە هاتنەمەیدانی رۆڵی کاریگەر ببینێت لە خاوکردنەوەی ئەم دۆخەی ئێستاو بەستنی دەستی هیزەکان بۆ لەدەست بردن بۆچەک.

لەکۆتایدا ماوە بلیێن، ململانێ و جەنگی نێوان باڵەکانی بۆرژوازی کورد دوورو نزیک شەری براکوژی نییە، شەرێ دەسەڵات و فراوانکردنی پێگەی سیاسی و داسەپاندنی هەژموونە، کە تیایدا ژنان و پیاو و خزم و کەس وکاری یەکتر و هاوڕێ و درواسێ و هاوشاری و بەشداربوونی شەڕ و خەڵکی بێتاوانیش دەبنە قوربانی و کارەسات بەدوای خۆیدا دەهێنێ…

  ناوەڕاستی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.