کامەران محەمەد: بە ھەموو قەناعەتەوە دەیڵێم ئەوەی حزبێکی وەک بزووتنەوەی گۆڕان بەرامبەر بە خەڵکی ناڕازی کردی، پارتی و یەکێتی نەیکردوە! پارتی و یەکێتی خۆپیشاندەری سەر شەقامیان کوشت، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان خودی شەقامی کوشت!

0

کامەران محەمەد: بە ھەموو قەناعەتەوە دەیڵێم ئەوەی حزبێکی وەک بزووتنەوەی گۆڕان بەرامبەر بە خەڵکی ناڕازی کردی، پارتی و یەکێتی نەیکردوە! پارتی و یەکێتی خۆپیشاندەری سەر شەقامیان کوشت، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان خودی شەقامی کوشت!

  دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ نوسەر و چالاکوانی سیاسی کامەران محەمەد؛ سەبارەت بەهێرشەکانی دەسەڵات لەهەرێمی کوردستان بۆسەر ئازادییەکان…

بۆپێشەوە: بەجیا لە هێنانی چەندین پڕۆژە یاسا بۆ قوفڵکردنی ئازادییەکان و بەستنی دەنگە ئازادەکان، بەکردەوە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەسەدان کەس لە نووسەر و رۆژنامەنووس، بەشدار لە خۆپیشاندانەکان، نەیارانی سیاسی، دەستگیر کراون، نوسینگەکانی ئێن ئارتی لە هەولیر و دهۆک داخراون، هۆکاری ئەم هێرشە فراوانە چییە؟

کامەران مەحەمەد:  ئەوەی ئێستا لە ھەرێمی کوردستان ڕوودەدات شتێکی تازە نییە، درێژەدانی ھەمان عەقلیەتی دەسەڵاتی سیاسییە، بەدەستکراوەییەکی زیاترەوە. بیرمان نەچێت لەڕابردودا لەژێر سایەی ئەو دەسەڵاتە سیاسییەی ھەرێم، چالاکوانانی وەکو ڕئوف ئاکرەیی تیرۆر کراون، ڕۆژنامەنوسانی وەک سەردەشت و کاوە و سۆران تیرۆرکراون! قەتلوعامی کۆمۆنیستەکان کراوە! خۆ ئەگەر ئەگەر زیاتر بچینە ناو مێژووی ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارە، ھەر لەژێر ڕۆشنایی کتێبەکانی خۆیان، لە عەقلی پاوانخوازی ئەواندا بۆمان دەردەکەوێت ھیچ کاتێک نیشتیمان ھی ھەموان نەبوە ! ئەگەر ئەم حزبانەی بەناو کوردایەتی لە شاخ بەو شێوەیە ھەڵسوکەوتیان کردبێت و وەک دوو ڕووی شاخێک نمایشیان کردبێت، کەواتە لە حوکمرانی شاردا و لەناو نیعمەتی پەترۆل و بازرگانی ئەرز و ئاسمان دەبێت چی بکەن؟! بێگومان ئەوە دەکەن کە دەیبینین و تا کورسیەکانیان لەرزۆکتر دەبێت، زیاتر دەست دەوەشینن.

بۆپێشەوە: خەڵکی کوردستان دەبێ چۆن ڕووبەرووی ئەو شەپۆلی هێرشانە ببنەوە کە دەکرێتە سەر ئازادیەکان؟

کامەران محەمەد: یەکەم ڕێگا ئەوەیە کە ھەردوو بەرەی خەڵک و بەرەی دەسەڵات دەستنیشان بکرێت، و چیتر ڕێگە بە ھیچ ھێزێکی ئۆپۆزسیۆنی موزەیەف نەدرێت سواری شەپۆڵی عاتیفەی خەڵکی ئازادیخواز ببێت و بەسەر جەستەی نەھامەتییەکانی خەڵک ھەڵبگەرێت و لەبەردەم پێی سوڵتان بچەمێتەوە! بە ھەموو قەناعەتەوە دەیڵێم ئەوەی حزبێکی وەک بزووتنەوەی گۆڕان بەرامبەر بە خەڵکی ناڕازی کردی، پارتی و یەکێتی نەیکردوە! پارتی و یەکێتی خۆپیشاندەری سەر شەقامیان کوشت، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان خودی شەقامی کوشت! دەبێت ھێزێك دروست ببێت ئەو دەنگە ناڕازییانە لە خۆ بگرێت کە بەھۆی ڕفتارەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە بێئومێدی تا بینەقاقایان ھاتووە، دەبێت ھێزێك دروست ببێت باوەڕی بە بەشداریکردن نەبێت لەگەل ئەو حزبانەی ٣٠ ساڵە دەستیان خستۆتە ھەوکی ئەو میللەتە و نان لە قورگیان دەردێنن!

بۆپێشەوە: ڕۆڵی نووسەران لە پەیوەند بە بەرگری لە ئازادییەکان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ تا چەندە بەرپرسانە بۆ بەرگری لە ئازادییدا لە مەیداندان؟

کامەران مەحەمەد: واجبێکی ئەخلاقی ھەموو نوسەرێکی دەرەوەی دەسەڵاتە، کە ببێتە بەشێك لە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی وشیار! من پێموایە چەند نوسەرێکمان ھەن نە بێدەنگ بوونە و نە لە نوسینیش کەوتوون! ڕاستیەکەی ھەردوو بەرەکە یەکلابۆتەوە، بەرەی ستەمکاری و بەرەی ئازادیخوازی، ھەموو نوسەرێك لەنێوان ئەم دوو بەرەیەدا دەبێت خۆی یەکلا بکاتەوە! یاریکردن لەنێوان ئەو دوو بەرەیەدا پێویستە ڕیسوا بکرێت.

بۆپێشەوە: ڕۆڵی چەپ و کۆمۆنیستەکان لە بەرگری لە ئازادی و ئازادییەکان چۆنە؟ تا چەندە توانیویانە ببنە بڵندگۆی بەرگری لە ئازادییەکان؟

کامەران محەمەد: کۆمۆنیستەکان بچوکترین ھێزی سیاسین؛ بەڵام بە ھەڵوێسترینیانن و هەڵوێستێکی نەگۆڕیان هەبووە تاوەکو ئێستا. لە ئێستادا باشترین دەرفەتیان بۆ ڕەخساوە بۆئەوەی ڕابەرایەتی ئەو ناڕەزایەتیە پەنگخواردووەی جەماوەری خەڵکی بەشمەینەت بکەن و بەقازانج و لە بەرژەوەندی جەماوەردا جێگۆڕکێی دەسەڵاتی گەندەڵ و سەرکوتگەری مەوجود بکەن. ئەوەش دوای کەشفبوونی دەستە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئەمڕۆ و دوێنێ و لێکجیابوونەوەی بەرەی خەڵکی زۆرلێکراو و دەسەڵاتی پاوانخواز و سەرکوتگەر و گەندەڵ و دوور لەبەرژەوەندی خەڵک. ئەوان بەردەوام شیعاری ” ئازادی بێ قەید و شەرتیان ” بەرزکردۆتەوە و هەوڵی بۆدەدەن، لەو پێناوەشدا قوربانیان داوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.