بزووتنەوەی شورایی بۆ دەسەڵاتدارێتی خەڵکە نووسینی: عبدالرحمن رەسول

0

بزووتنەوەی شورایی بۆ دەسەڵاتدارێتی خەڵکە

نووسینی: عبدالرحمن رەسول

خەڵکی ناڕازی کوردستان ئەگەر دەیەوێت لەدەست سیستەم و دەسەڵاتی کۆنەپارێزو دزو مافیاو چەتە و چەوسێنەران ڕزگاری بێت دەبێت جۆرو شێوازی تێکۆشانی بگۆڕێت، چونکە مێژوویی تێکۆشانی خەڵکی ناڕازی ئەوەی نیشان دەدات کە ئەم جۆرە تێکۆشانە کلاسیکی و پاڕانەوەیە لەدەسەڵاتی ملهوڕ بەسەرچووە، وێڕای ئەوەی کە خەڵکی ناڕازی زۆرماندوو دەبێت و قوربانی داوە و قوربانیش دەدات، بەڵام نەی توانیوە ناش توانێت بەم جۆرە گۆڕانکارێکی باشتر لەدەسەڵات وکۆمەڵگەدا بکات هەتا وەکو جۆری ژیان باشتر و خۆشتر بژی،  هەروەها کەوەک مافێکی سادەی ئینسانی دەستی ڕا بگات بە نان، کار، ئازادی. ئەمەش لەبەرئەوە بووە کە حیزبە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکانی وەک بزووتنەوەی گۆڕان و ئیسلامییەکان و نەوەی نوێ و حیزبی شیوعی و بەشێک لە چەپەکانیش لەچوارچێوەی سیستەم ودەسەڵاتی کۆنەپارێز و چەوسێنەردا تێکۆشانی سیاسییان ئەنجام داوە و دڵیان  خۆش خەیاڵ بووە بە ئەنجامدانی ڕیفۆرم و چاکسازی پارێزەرانی دەسەڵاتی ملهوری چەوسێنەرو لەبازنەی خۆشباوەڕیدا سوڕاونەتەوە، واتە ئامانجیان تەنها چوونە ناو دەسەڵات و وەرگرتنی پلە و لێپرسراوێتی بووە و کە شەریکی حیزبەکانی (پارتی ویەکێتی و حیزبە سێبەرەکانی) دەسەڵات بن، لەجۆری داهات و دەسکەوتی مادی  و مەعنەوەی سوودبەخش بن، هەربۆیەش بە چوونە ناو دەسەڵات و حکومەت بێدەنگ و بێ هەڵوێست بوون لە ئاست گەشەی بێ مافی مرۆڤ وسەرکوتی ئازادی ڕادەربڕین و چەوسانەوەکانی خەڵکی کوردستاندا، کەوایە پێویستە خەڵکی ناڕازی کوردستان گۆڕانکاری لەجۆری تێکۆشاندا بکات ئەویش بەجێبەجێکردنی نەخشە ڕێگایەکی ئینسانی کە چارەسەر بێت بۆچارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی کۆمەڵگە لە داهاتووش خەڵک کۆمەڵگە بەڕێوەبەرێت. هەر لەژێر ڕۆشنایی ئەم تێڕوانینە ئینسانیدا باشترین هەنگاو ئەوەیە کە کۆک بین لەسەر تێکۆشانی هاوبەش وهاوپشتی خەڵکی چەوساوەو ناڕازی بەچەوسانەوە. خراپترین قۆناغ ئێستایە چونکە ئەو قۆناغەیە کە زۆرترین کەس دەزانێت کە دەسەڵات چەوسێنەرو کۆنەخوازو دزو گەندەڵە، بەڵام خۆدوورە پەرێز دەگرن لە ڕێکخراوکردنی خەڵکی ناڕازی لە بزووتنەوەیەکی جەماوەری بە ئاراستە ئاڵوگۆڕی سیستەم و دەسەڵات، بەتایبەت کەسانی کۆمۆنیست و چەپ و ئازادیخوازو یەکسانیخواز، تەنها لەچوارچێوەی نووسین و قسەدا باسی کێشەو قەیرانەکان دەکەن و چارەسەرە حیزبی و ڕێکخراوەیی خۆیان دەخەنە ڕوو، بەڵام ناچنە ناو تێکۆشانە پێویست و گرینگەکەوە، تەنانەت لەبواری ڕاگەیاندن و فەیسبوک و یوتوبیشدا بێکارن لەچاو پارێزەرانی سیستەم و دەسەڵاتی ملهوڕی چەوسێنەردا، هەر کۆمۆنیست و ئازادیخوازو یەکسانیخوازێک خاوەنی ماڵێکی فەیسبوکە، بەڵام لەکردەوەدا بێکاریگەرن لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان، ئەمەش لەبەرئەوەی هەرکەسە تەنها دەڵێ من خاوەن فکرو تێڕوانینی دروستم لایە بۆچارەسەری کێشە و قەیرانەکانی کۆمەڵگە، بەڵام ناچێت لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی تردا دەست بەرێت بۆ تێکۆشانێکی هاوبەش و یەکگرتووانە لەبواری ڕاگەیاندن و وشیاری دا، کێشەیەکی تر ئەوەیە حیزبە کۆمونیست و شیوعی و چەپەکانیش ئەوانیش هەر بەوجۆرەن خۆ دوور دەگرن لە تێکۆشانی یەکگرتوانەی هاوبەش و هاوپشتیدا لەپێناوی یەکخستنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا لەبزووتنەوەیەکی جەماوەریدا کە لەجۆری ئیدارەدانی شورایی دا بێت. لەکاتێکدا خودی حیزبە کۆمۆنیست و شیوعی و چەپەکان لەئێستادا کاریگەرییان زۆر لاوازە و توانای ئاراستە گۆڕینی کۆمەڵگەیان نییە کەبتوانن سیستەم ودسەڵاتی چەوسێنەرو کۆنەخواز بگۆڕن، بۆیە ئەم حیزبانە زۆر پێویستە قۆناغی کلاسیکی و سیکتاریزم تێپەڕێنن. بەرەو گۆڕانکاری لەچالاکی ڕادیکاڵانەو نوێتر وباشتر بەرەو وەرگرتنی بەرپرسیارێتی گەورەتر هەنگاو بنێنن، کە لەئێستاوە خەڵکی ناڕازی بۆ گۆڕینی سیستەم و دەسەڵاتی ملهوڕ ڕێکخراو بکەن لەبزووتنەوەیەکی شورایی جەماوەری سەراسەریدا کە لەداهاتوو کۆمەڵگە لەلایەن شوراکانی خەڵکەوە ئیدارە بدرێت، حکومەتی خەڵک بێت. هەربۆیە ئەرکی کۆمۆنیست و شیوعی و چەپەکانە چیتر تەمبەڵی و خەم ساردی نەکەن، چونکە ئەگەری هەیە کۆمەڵگە لەکەم کاری و کەمتەرخەمی تێکۆشانیاندا ئاراستەی جیاوازتر وەربگرێت و جارێکی تر کۆمەڵگە بەرەو چەوسانەوەو کێشەو قەیرانیتر ملبنێت. هەر لەبەرئەوە ئەرکی هەر مرۆڤێکە کەدڵی بۆهێنانەدی نان، کار، ئازادی حکومەتی شورایی لێدەدات دڵسۆزانە و ڕاشکاوانە بێتەمەدان بۆسازکردنی تێکۆشانی یەکگرتووانەو هاوبەشی شۆڕشگێرانە لەپێناو ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگە، لەبزووتنەوەیەکی شوراییدا. خەڵکی نارازی کوردستان ئەوجۆرە پێویستی و داواکاری و خواستەی هەیانە لەگەڵ یەکتری گفتوگۆ بکەن بەمەبەستی ڕێکخستنی خەڵکی ناڕازی گەرەک، کارگە یان ئەو گوند و شارەی کەتێیدا نیشتەجێین بەجیاوازی هەرجۆرە بۆچوون و تێڕوانین و ئایین و نەتەوەو ڕەگەزێک هەیانە. تەنها ئامانجیان هێنانەدی ئەو داواکارییە بێت کەدەیانەوێت، بۆنموونە ئەگەر بێن گفتوگۆ لەبارەی هەبوونی بێکاری بکرێت ئەوە لەسەراسەری کوردستان دەتواندرێت گفتوگۆ بکرێت و خەڵکی بێکار خۆیان بۆ تێکۆشانی هێنانەدی کار ڕێکخراو بکەن لەبزووتنەوەی بێکاراندا. لەکوردستان بەهەزارەها گەنج و لاو هەیە وێڕای ئەوەی بەشەکانی خوێندنیان تەواوکردووە، بەڵام لەئێستادا بێکارن، ئەوگەنج و لاوانە دەتوانن ڕۆڵی گەشەدان بەتێکۆشانێکی شۆڕشگێرانەی ئینسانی ببینن، لەزاخۆ و دهۆک هەتا خانەقین و گەرمیان و ڕانیە و پشدەرو سلیمانی و هەولێرو کەرکوک بێکاری بەردەوام لەگەشەکردندایە بەردەوامیش دەبێت هەتا خەڵکی ناڕازی خۆیان لەدژی هەبوونی بێکاری ودابینکردنی کار خۆیان ڕێکخراو دەکەن. ئەگەر خەڵکی کوردستان هیچ نەکەن و دەستەو ئەژنۆ دابنیشن ئەوا زیاتر بارودۆخی ژیانیان بەرەو بێکاری و برسێتی و هەژاری مل دەنێ باجی گەورە و بەردەوامیش هەر خەڵکی بێکارو هەژارو زەحمەتکێش و کرێکار دەی دات. ڕێگاچارە تەنها ئەوەیە ئەم هێزەی بێکاران کەهەزارەها کەسە ڕێکخراو بکرێت بۆ تێکۆشانی هێنانەدی ژیانێکی باشتر. نەبوونی موچەو کەمکردنەوەی موچە و نەدانی موچەی فەرمانبەران دەتواندرێت گفتوگۆی کارمەندو فەرمانبەران بێت کە بەئاراستەی خۆ ڕێکخراوکردن بۆ هێنانەدی ماف و داواکارییەکانیان. کرێکاران لەکارگەکان دەتوانن گفتوگۆی خۆیان بکەن لەسەر هینانەدی ماف و هەقدەستی تەواو لەکاتی خۆیدا و دابینکردنی بیمەی بێکاری و سەجەم مافەکانیان ئەوەش بە ڕێکخراوبوونی خۆیان دەبێت لەدەوری ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆیان کە هەماهەنگی و هاوپشتی بکات لەگەڵ خەڵکی ناڕازی کۆمەڵگە بۆ ‌هێنانەدی خواست و داواکاری و ئاڵوگۆڕکردن لەسیستەم و دەسەڵاتی کۆنەخوازو چەوسێنەردا. وشیارانە هەنگاو بۆتێکۆشانی جەماوەری بەرن کەبتوانن هاوکارو پشتیوانی بەشەکانی تری ناڕازی کۆمەڵگە بن، لە کۆمەڵگەی کوردستاندا ناڕەزایەتی خەڵک بەرەو هەڵکشانی زیاتر دەچێت، بەڵام کێشە ئەوەیە خەڵکی ناڕازی خۆیان دوور دەگرن لەخۆ ڕێکخراوکردن، کلیلی سەرکەوتن و هێنانەدی ماف و ئازادییەکانیش ڕێکخراوبوونی خەڵکی ناڕازی کۆمەڵگەیە. لەناوبردنی کەرتە گشتییەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە و گەشەدان بەکەرتی تایبەتی بازرگانی کەخودی کۆمپانیاکانی دەسەڵات کەرتە تایبەتییەکان بەڕێوە دەبن کە هی بەرپرسەکانی دەسەڵاتن لەکوردستان. کارەبا و ئاو و تەندروستی و خوێندن و پەروەردەو بەشەکانی تری کۆمەڵگە هەمووی هەنگاو بەهەنگاو دەدرێتە کەرت و کۆمپانیاکانی بازرگانی. بەم هەنگاوەش خەڵکی کوردستان زیاتر ڕاپێچی چەوسانەوەو هەژاری و برسێتی دەکرێت. ڕاگرتنی جێبەجێکردنی ئەم نەخشە ڕێگایە دژی ئینسانییەی حکومەت و پارێزەرانی دەسەڵات بەندە بە ڕێکخراوبوونی خەڵکی ناڕازی لەدژی هەبوون وبەکەرتی تایبەتی و بازرگانی کردنی تەندروستی و پەروەردەو خوێندن و ئاو و کارەبا و بەشەکانی تری کۆمەڵگە ئەمەش تەنها بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و واژۆکۆکردنەوە نابێت، بەڵکو پێویستە خەڵکی ناڕازی خۆی لەناو گەرەک و کارگەو شار و شوێنی ژیانی ڕێکخراو بکات لەگەڵ هاوسێ و هاوڕێ و هاوچارەنووسەکانی گفتوگۆ بکات و باسی کێشەو چارەسەری کێشەکانیان بکەن. ئەگەر خەڵکی گەرەک و کارگەو شوێنەکانی تری ژیان خۆیان بەیەکەوە کۆببنەوە و گفتوگۆ بکەن و لەدەوری یەکتری هاوپشتی بکەن وکاری هەماهەنگی بکەن و خۆیان ڕێکخراو بکەن لەبزووتنەوەیەکی جەماوەری شوراکانیاندا ئەوا بەدڵنیاییەوە خۆیان دەتوانن هەنگاو بەهەنگاو تێکۆشان و کاری زۆرباش و سەرکەوتوو ئەنجام بدەن. هەنگاوی سەرکەوتنیش لەدەست بردن بۆ ڕێکخرابوونی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکە لەبزووتنەوەیەکی جەماوەری گشتی دا کە ئامانجی ئیدارەدانی خۆبەڕێوەبەری بێت لەڕێگەی شوراکانیانەوە. جێبەجێکردنی

******

ئەم نەخشە ڕێگایە باشترین نەخشە ڕێگای ڕزگارییە لەقۆناغی ئێستایی کوردستاندا، بۆیە پێویستە سەرجەم هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست و شیوعی و چەپ و ئازادیخوازو یەکسانیخواز سەرمەشقی گەشەدانی ئەم بزووتنەوەی شورایییە جەماوەرییەی کوردستان بن، گفتوگۆ بکەن و نەخشە ڕێگایەکی هاوبەشی یەکگرتووانە بنیاد بنێن بۆ یەکخستنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان لەناو بزووتنەوەیەکی جەماوەری شوراییدا بۆئەوەی لەدوای ڕوخان و نەمانی ئەم سیستەم و دەسەڵاتە کۆنەخوازو چەوسێنەرەی کوردستان کۆمەڵگە لەڕێگای… حکومەتی شوراکانی خەڵکی کوردستانەوە بەڕیوەببرێت و دەسەڵات و چاوێریکردن و ئیدارەدانی کۆمەڵگە بۆخەڵکی کوردستان خۆی بێت. ئەم بزووتنەوە شورایییە پێویستە بزووتنەوەی کۆکردنەوەو یەکخستنی کۆی ناڕەزایەتییە جیاوازییەکانی گشتی خەڵکی کوردستان بێت. ئەمەش بە یەکخستنی سەرجەم بەش و جۆرەکانی  ناڕەزایەتی یە جیاوازو جۆراوجۆرەکانی خەڵک مەیسەر دەبێت. کە هەڵسوڕاوان و دڵسۆزانی خەڵکی ناڕازی ڕاشکاوانە تێکۆشان بۆ گەشەدانی ئەم بزووتنەوە جەماوەرییە بکەن، کە ئامانج بۆ گۆڕانی سیستەم و دەسەڵاتی کۆنەخوازو سەرکوتکەرو چەوسێنەرە لەکوردستان. دواتر بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی و ئازاد و بەرابەر کە جێگرکردنی دەسەڵاتی خەڵک بۆ بەڕێوەبردن وچاودێری کردن تێکۆشان بکات. ئامانجی ئەم بزووتنەوەی شورایییە بەدیهێنانی ئاسایش و ئازادی و یەکسانی و بەرابەری بۆ هەمووانە کە کۆمەڵگە ڕزگاری بێت لەدەست سیستەم و یاساکانی  کۆنەخوازو چەوسانەوەو کۆیلایەتی و سەرکوت و دزی و گەندەڵی. بواری یەکسان بۆ گەشەی لێهاتووەکانی مرۆڤەکان بڕخسێت بە هەبوونی هەر جیاوازی  و ڕەنگ و نەتەوەو فکرو ئایین و بۆچوونێک بۆ هەر کەسێک. کۆمەڵگایەک بنیات بندرێت هەرکەسە بەڕادەی توانای خۆی کاردەکات و بەپێ پیویستیش لە بەرهەم و داهات بەهرەمەند دەبێت. لەهەمان کاتدا لەگەڵ ئەوەی بزوتنەوەی شورای ئامانجی هێنانەدی کۆمەڵگایەکی سۆشیالیستییە، بەڵام هەرگیز بۆساتێکیش دەست هەڵناگرێت لەڕێڕەوی چاکسازی و ڕیفۆرم بۆکۆمەڵگە لەپێناوی باشتربوونی ژیانی خەڵکی کرێکارو هەژاری کۆمەڵگەی کوردستان و عێراق. ئەم بزوتنەوەیە پێویستە پشتیوان و هاوکارو هەماهەنگ بێت لەگەڵ خەڵکی ناڕازی شارو شارۆچکەکانی عێراق هەر دوولا پشتگیری لەسەرکەوتنی ناڕەزایەتییەکانی عێراق و کوردستان بکەن. لەقۆناغی ئێستادا لە عێراق و کوردستان کێشە و قەیرانەکانی ناو دەسەڵاتی ملهوڕ بەئاستێک گەیشتووە کە پارێزەرانی دەسەڵاتی تووشی شپرزەیی وبێ ئومێدی کردووە لەتوانایی درێژەدانی دەسەڵاتدارێتیان. لەناو کۆبونەوەی حکومەت و پەرلەمانەکانی عێراق باشتر شپرزەیی و بێ ئاسۆی یان دەردەکەوێت بۆخەڵکی عێراق وکوردستان، هەربۆیەش زۆرجار سیناریۆ و ململانێی قەومی و دینی ساز دەکەن بۆ ئەوەی خەڵکی ناڕازی بێ ئومێدو بێ هیوا بکەن هەتا هەنگاونەنێن بەرەو ڕێکخراوبوونی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، خەڵک لەسەر شەقامەکان بە پەرتەوازەیی بمێنێتەوە، بەڵام لەلایەکی ترەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە کوردستان و عێراق بۆتە ئیمکانێکی جدی بۆ ئاڵوگۆڕی جدی لەدەسەڵات وسیستەمی کۆنی چەوسێنەر. بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاری خەڵک بۆ دژایەتیکردنی چەوسانەوەو سەرکوت وپێشێلکردنی ماف وئازادییەکان لە کوردستان لەئاستێکی باش و بەردەوام ئەگەری گەشەکردنی زیاتری هەیە، ئەمەش دەرفەتێکی زیندووە بۆ هەبوونی پێویستی گۆڕانکارێکی ڕیشەیی لە دەسەڵات وسیستەمی کۆنەپارێزو چەوسێنەر. حیزب و ڕێکخراوەکانی پارێزەری دەسەڵات و حیزبەکانی بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستان بەردەوام هەوڵدەدەن ئەم ناڕەزایەتییانە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن و ئەم ناڕەزایەتییانە نەبێتە هۆکاری یەکبوون و یەکگرتوویی  سەراسەری لەکوردستان. هەر لەبەرئەمەیە کە بەردەوام کادرو هەڵسوڕاوەکانی خۆیان (حیزبەکانی دەسەڵات و بەناو ئۆپۆزیسیۆن) دەنێرنە ناو ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکانی خەڵک لەهەر شاروشارۆچکەیەک بیت، بەئامانجی ئەوەی ئاراستەی نارەزایەتی وخۆپیشاندانەکان بەپێی بەرژەوەندی وسوودی حیزبێک یان دەسەڵات ئاراستە بکرێت. هەر لەبەرئەوەشە بەردەوام جەخت لەسەرگرینگی پەرلەمان وحکومەتی تەکنۆکرات و هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکەنەوە، بەحیسابی خۆیان لەڕێگای زۆربوونی ئەندامانی پەرلەمانی لیستەکەیانەوە دەتوانن چاکسازی بکەن و ژیانی خەڵک باشتر بکەن. پووچەڵکردنەوەی ئەم پلان ونەخشە ڕێگای حیزبە بۆرژوا وئیسلامی ولیبراڵەکان بەندە بە تێکۆشانی خەڵکی ناڕازی بۆ ڕێکخراوبوونیان لەبزوتنەوەی شوراکانیاندا. هەربۆیە گرینگی و زەرورەتی بەشداری خەڵک لەسەرەتایی هەنگاوەکانی ناڕەزایەتییەکانەوە پێویستە ئەوەیش بە خۆڕێکخستنی خەڵکی ناڕازی لە بزوتنەوەی جەماوەری شوراکانیان. ئەمەش دەبێتە خاڵی گرینگی جەوهەری ڕاستەقینەی سەرکەوتنی خەڵکی ناڕازی هەنگاونانی کرداری بۆ ڕوخان و نەمانی سیستەم و دەسەڵاتی کۆنەپارێزو چەوسێنەر دواتر ئیدارەدانی کۆمەڵگە وچاودێریکردنی لەلایەن شوراکانەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.