جیاوازی سەلەفیەکانی کوردستان لەگەڵ داعش! نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە
جیاوازی سەلەفیەکانی کوردستان لەگەڵ داعش!
نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە
دیارە سەلەفیەکانی کوردستان چەند جۆرێکن لە ڕواڵەتداو لە ڕووی کاریگەریان لەسەر خەڵک جیاوازن، هەیانە زۆرتر کاریگەری دائەنێن وە هەیانە کەمتر. هەموویان یەک ستراتجیان هەیە ئەویش گەیشتنە بە حوکمی قۆرئان و خودا. ئەمانیش گروپی خۆیان هەیە, بەڵام ناویان لێ نەناوە، جیاوازیان لەگەڵ گروپ و حیزبەکانی ئیسلامی سیاسی وەک یەکگرتوو و کۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی ئەوەیە کە زۆر بە نهێنی کارەکانیان ئەنجام دەدەن. بەڵام هەموو ئەمانە (ئیسلامی سیاسی و سەلەفی) یەک ستراتجیان هەیە ئەویش حکومەتی ئیسلامی و حوکمی شەریعەیە. بەڵام ڕێگاکانیان جیاوازە. ئەی جیاوازی سەلەفیەکانی کوردستان لەگەڵ داعشدا دەبێ چی بێت.؟
وا تێگەیشتووم تاکتیکی ئەمانە لە ئێستادا ئەو تاکتیکەیە کە محمد پێغەمبەری ئیسلام لە مەککە هەیبوو کە لەو کاتەدا هێزی نەبوو وە لاواز بوو هەوڵی ئەدا بە سازشەوە لەگەڵ نەیارەکانی مامەڵە بکات. لەو کاتانەدا بوو دەیووت ئیسلام ئایینی پێکەوە ژیانە و ئایینی خۆتان بۆ خۆتان و ئایینی خۆمان بۆ خۆمان. بەڵام کاتێ هێزی پەیدا کردو توانی مەدینە داگیر بکا تاکتیکی خۆی گۆڕی تاکتیکی نوێی بەکارهێنا وەک (بیانکوژن لە پێناوی ڕێگای خوادا) (دەست بکەن بە کوشتنی هەرکەس ئیسلام نەبێ، سەری ببڕن و ماڵ و سەروەتیان داگیر بکەن و ژنەکانیان بکەنە کەنیزەک) وەک ئەوەی کردیان لەگەڵ جوولەکانی هۆزی بەنی قۆریزە، دواتریش هەمان ماڵوێرانیان بەسەر خەڵکی جیهاندا هێنا .
سەلەفەکیانی کوردستان بە تایبەت گروپەکەی عەبدول لەتیف لە قۆناغی سەردەمی «مەککەدا» ئەژین و تاکتیکیان ئەوەیە سات و سەودا و سازش بکەن لەگەڵ نەیارەکانی خۆیان لەگەڵ ئایینەکانی تر و بێئاینەکان و عەلمانیەکان هەرکەس ئایینی خۆی بۆ خۆی و باوەڕی خۆی بۆ خۆی پیادە ئەکەن. بارزانی بە وەلی ئەمر دائەنێن و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بۆ لابردنی ئەو دەسەڵاتە و هەرجۆرە توندڕەویەک لە دژی ئەو بە کارێکی باش نازانن و پێ یان باشە موسڵمانان لێی دوور بن. بەڵام ئایا ئەم تاکتیکە تاکەی درێژەی دەبێت؟ ئەگەر ئەمانە هێزیان پەیدا کرد تاکتیکی خۆیان دەگۆڕن؟ دەست ئەبەن بۆ توندوتیژی و پەلامارو کوشت بڕین وەک سەردەمی «مەدینە»؟ بەڵێ چونکە هەرکارێک پێغەمبەری ئیسلام کردوویەتی ئەمان بەڕاست و دروستی دەزانن لادان لێی کوفرە، ئەمانیش حوکمی ئیسلامیان دەوێ کە خۆیان ئێستا بانگەوازی بۆ دەکەن و ناوی دەبەن بە حوکمی اللە، وە سەوابتەکانی ئیسلامیان دەوێ لە دەستوور و یاسادا. ئەمە حوکومەتی سیاسیە چونکە سیفەتی حکومەتکردن واتە سیاسەت کردن. لەم دەسەڵاتەدا ئیتر ئەوەی نەک ئیسلام نەبێ، بەڵکو ئەگەر نوێژیش نەکاو وەک ئەوان نەبێ بە شمشێر سەری دەبڕن، ئیزیدیەکان ئەنفال ئەکەنەوە و ژن و کچ و منداڵیان ئەبەن و پیاوەکانیش سەردەبڕن. مورتەدو زیناکار دەکوژن و زاناکان و فەیلەسوفەکان و شاعیر و نوسەرەکان ئەگەر مولحید بن دەیانکوژن .
بەڵام ئایا ئەتوانن بگەنە سەردەمی قۆناغی «مەدینە» تا ئەم تاکتیکە ئەنجام بدەن؟ ئەوە پەیوەندی بە ململانێ ئەوان هەیە لەگەڵ هێزە پێشکەوتووخوازەکان و عەلمانیەکان و زانستدا. من خۆم بە زەحمەتی ئەزانم لەم سەردەمەدا بگەنە ئەو تاکتیکە، بەو دەلیلەی زانست و عەلمانیەت و پێشکەوتنخوازی و چەپ و کۆمۆنیست لە ئارادایە و لە بەهێزیدایە وەک سەردەمی «مەدینە» نییە ئەم هێزانە نەبوون لەو کاتەدا.
بەڵگەیەکی تر ئەوەیە داعش کەوتە ئەو قۆناغەوە واتە قۆناخی «مەدینە» و کوشت و کوشتار بەڵام شکستی هێنا ئەوانیش چارەنووسیان لە داعش باشتر نابێت ئەگەر دەستی بۆ ببەن. جیاوازی سەلەفیەکانی کوردستان و داعش لێرەدایە لە دوو تاکتیکی جیاوازدایە ئەوانەی کوردستان وەک سەردەمی «مەککە» تاکتیکیان هەیە، بەڵام داعش وەک سەردەمی (مەدینە)ە.
عەبدول لەتیف جارێکیان لە تەلەفزیۆنەکەیەوە لە وەڵامی ئەنداميکی کۆمەڵی ئیسلامیدا ئەو ڕاستیەی درکاند کە ئێستا ئەوان دەبێ وەک سەردەمی «مەککە» کار بکەن و تاکتیک ئەنجام بدەن نەک وەک سەردەمی «مەدینە» تاکتیکی مەدینە ئەوە بوو بە هێڕش پەلاماردان بۆسەر دەسەڵاتی جوولەکە و دەوڵەتی ئیسلامی دامەزرا .
بڕوام وایە هۆشیاری خەڵک لە ئاستێکدایە کە بواریان پێ نادا ئەم هەدەفەیان بەئاکام بگات و بگەنە سەردەمی بەکارهێنانی تاکتیکی « مەدینە».
تەنانەت ڕابەرەکانیان ومەلاکانیان لە ئێستادا بوونەتە جێگای مەخسەرەو گاڵتەو گەپی ناو سۆشیال میدیاکان .
تاکتیکی ئێستاشیان وا خەریکە بەرەو شکست دەڕوا، چونکە ئاستی ئاگاهی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و زانست و تەکنەلۆجیا بواریان پێ نادا درۆ بکەن. ئەوکاتەی تازە کۆرۆنا لە چین پەیدا بووبوو وتیان ئەوە غەزەبی خواو سەربازی خوایە بۆ بێ باوەڕان هاتووە، چونکە گۆشتی سەگ وپشیلە و مار دەخۆن، ئەگەر شەش مانگ درێژە بکێشت وڵاتی چین لەناو دەبات زیاتر لە ٦ مانگی خایاند و چین لەناو نەچوو، بەڵکو سەرکەوت بەسەر کۆرۆنادا، دواتر کە زۆر وڵاتی ئیسلامی گرتەوە بە هەزارەها موسڵمان مردن بەهۆی کورۆناوە ڕایان گۆڕی و وتیان کۆرۆنا هەر لەلای خواوە هاتووە، بەڵام ئەگەر ئیمانداری کوشت ئەوە شەهیدەو ئەگەر بێ ئیمانیشی کوشت ئەوە تۆڵەی خوایەو هەندێکیان پێیان وابوو خوا بۆ تەمبێی ناردووە، بەڵام بێ زیان دەبێ و کاتیەو نامێنێ. جگە لەوەی ئەمانە هەموو بەدرۆ خرانەوە هەر لەهۆکاری پەیدابوونی ئەم ڤایرۆسە تا زیانەکانی وەک ئەوە دەرنەچوو ئەم سەلەفیانە دەیانووت خۆشیان خستە جێگای مەخسەرەو نوکتەو گاڵتەو گەپی ناو سۆشیال میدیا. ئەوان بۆیە ئەو پروپاگەندەیان کرد وەک کارێکی سیاسی بۆ لێدانی وڵاتی چین و بێهێزکردنی ئەو وەک کارێکی سیاسی و ئایینی بۆ بڵاوکردنەوەی جەهالەت بوو، بەڵام بۆیان نەکرا .
کاری ئەمانە درۆکردن و ڕاگۆڕین و ڕیاکارییە بەپێی بەرژوەندی خۆیان. دەبێ خەڵک لەوە تێ بگات کە ئەمانە سیاسەت دەکەن بەم جۆرە مامەڵەیان لایەنگرو دۆست بۆ خۆیان پەیدا دەکەن، ئەگەر درۆ نەکەن بەناوی خواو قورئانەوە کەسیان بۆ کۆ نابێتەوە. دەبێ درۆ لەوە گەورەتر چی بێ بە منداڵێکی چوارساڵانە کە سورەتی فاتیحەی لە تەلەفزیۆنەکەیەوە (کەناڵی ئامۆژگاری) خوێند بڵێی هەموو عەلمانیەکان و مولحیدەکانی دونیا ئەوەندەی تۆ سوودیان بۆ مرۆڤایەتی نەبووە!!. کێ هەیە نەزانێ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناو هەموو نەخۆشیەکان وداهێنانی کارەباو ڕادیۆو تەلەفزیۆن و ئەنتەرنێت و کۆمپیتەر و ئۆتۆمبیل و فرۆکەو مانگە دەسکردەکان و چوون بۆ ناومانگ و مەریخ و بۆشایی ئاسمان کە لەلایەن عەلمانیەکانەوە بووە وە سوودێکی گەورەیان هەبووە بۆ مرۆڤایەتی، بەڵام خوێندنی سورەتی الفاتیحە لەلایەن منداڵێکەوە بۆ مرۆڤایەتی چ سوودێکی هەیە؟ هیچ .
دەبێ ئەوەش بڵێین بارودۆخێک کە دەسەڵاتی کوردایەتی لە کوردستاندا لە ماوەی ٢٩ ساڵدا خوڵقاندوویەتی هۆکار بووە بۆ ئەوەی بەشێکی بەرچاو لە خەڵک بەدرۆی سەلەفیەکان باوەر بێنن درۆکانیان بەڕاستی بزانن. بێکاری و نەبوونی و برسیەتی و بێ مووچەیی و نەبوونی ئازادی و تیرۆر فڕاندن و ترساندن و تۆقاندنی خەڵک لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە و ئێستایش بوونی کۆرۆنا هۆکارن بۆ هێز کۆکردنەوەی سەلەفیەکان و ئیسلامی سیاسی، خەڵک هیواو ئۆمێد بۆ ژیانێکی باشتر لە بەهەشتی دوای مردن لەمانە وەردەگرن، چونکە لەم دونیایە بێ ئومێد بوون، سەلەفیەکان و ئیسلامی سیاسییش زۆر پێویستیان بەبارودۆخێکی لەم جۆرەیە بۆ گەشەکردنی خۆیان لە پێناو ئامانجە سیاسیەکانیاندا.
لەهەر وڵاتێکی دونیا بارودۆخی ئینسان باشتر بووبێ هێزی ئایینەکان کەمتر بووە خەڵکی باوەڕ بە خورافات ناهێنن، بە پێچەوانەشەوە ڕاستە. ئەم بارودۆخە، نەک لە کوردستان لە ئاستی جیهان بواری زیاتر خۆش کردووە بۆ شوێن کەوتنی ئیسلامی سیاسی و سەلەفی بە هەردوو جۆرە سەرەکیەکەیەوە وەک دەووترێ بە توندڕەوەکەیەوە وەک داعش و قاعیدەو ئەوانی ترەوە تا دەگاتە بەشە نەرمەکەی وەک سەلەفیەکانی ئەمڕۆی کوردستان .
دیارە کە من باوەرم بە توندرەو و نەرم ومیانەڕەویان نییە، بەڵام باوەڕم بەوە هەیە دوو تاکتیکی جیاوازیان هەیە ئەوەی بەخۆی دەڵێ نەرم و میانەڕەو تاکتیکی ئیسلامی سەردەمی «مەککە» ی هەیە ئیسلام بە ئایینی پێکەوە ژیان و(لکم دینکم ولي دین) پەیڕەو دەکا و داعشەکەش کە پێی دەوترێ توندڕەو تاکتیکی ئیسلامی سەردەمی « مەدینە» ی هەیە (کە تەنها ئیسلام ڕێگای خودایە و ئەوانی تر نابێ بمێنن) پیادە دەکا. ئەمەیە خاڵی لێکچوون و جیاوازی هەردوو جۆرە سەلەفیەکانی کوردستان و داعش.