یوسف عوسمان:ئەوانەی خۆمان ھەر ھەمووی (دەدزن) واتە گەندەڵ نین! بەڵکو دزن دەستەواژەی گەندەڵی ناتوانێ جوانکاریان بۆ بکات  

0

 یوسف عوسمان:ئەوانەی خۆمان ھەر ھەمووی (دەدزن) واتە گەندەڵ نین! بەڵکو دزن دەستەواژەی گەندەڵی ناتوانێ جوانکاریان بۆ بکات

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز یوسف عوسمان عەزیز چالاک و چاودێری سیاسی، سەبارەت بە بەرینبوونەوەی هێرش بۆسەر ئازادی و ئازادییە سیاسییەکان …

بۆپێشەوە: لەو ماوانەی دواییدا هێرش بۆسەر ئازادی و ئازادییەکان تادێت بەرینتر دەبێتەوە، هۆکاری بەرین بوونەوەی ئەو هێرشانە چییە؟

یوسف عوسمان: سەرەتا ئەوەی لە باشوری کوردستان دەگوزەرێ لەو نزیکەی سی ساڵی ڕابردوودا، بەھیچ شێوەیەک ھیچ جۆرە یاسایەکی فەرمان ڕەوایی مێژویی دونیایی لەسەر جێبەجێ نابێت، تاکو وێنای بکەی بە سیستەمێك. نە لەمێژووی دونیایی بوونی ھەبووە، و نە تا دونیاش دەمێنێت شتی وا دەبینێتەوە. بۆ نموونە دەستەواژەی گەندەڵی کە نەوشیروان موستەفا داھێنەری بووە لەسەر ئەوانە جێبەجێ نابێت. چونکە گەندەڵی لە دونیایێ بە پێوانەی پۆینت حیسابی بۆ دەکرێت، ھەر لە چارلسی یەکەم گەورە خوێندکاری ئینگلیز کە لەسەر ئەوە سەری پەڕێنرا تا دەگاتە ئەو ڕژێمە فاسدانەی ئێستا لە حوکم دان. بەڵام ئەوانەی خۆمان ھەر ھەمووی ( دەدزن) واتە گەندەڵ نین! بەڵکو دزن دەشتەواژەی گەندەڵی ناتوانێ جوانکاریان بۆ بکات، ئەوانە سەد لە سەدی دەدزن ئەوە نیە لە ساڵی ٢٠١٤ موچەی نادەن و خۆیان ھەر دەوڵەمەند دەبن و قەرزەکانی نەوەکانی ئاییندەشمان گەیشتۆتە ٢٨ ملیار دۆلار. بۆیە کە خەڵک لێیان دێتە دەنگ، واتە مەترسی دەکەوێتە سەر دزی کردنەکانیان ناچارن ھەڵمەتەکانیان توندکەنەوە لە دژی ھەر کەسێك بزانن ڕێگری دزیەکانیان لێ دەکات.

بۆپێشەوە: پڕۆژە یاسای” ڕێکخستنی کاری میدیای ئەلکترۆنی” پڕۆژەی یاسای لیژنە دروستکردن بەر لەچاپکردنی کتێب” پڕۆژە یاسای بێڕیزی بە هێما نەتەوەیەکان سزاکەی حەوت ساڵی زیندانییە”… چۆن دەڕواننە ئەم پڕۆژە یاسایانە؟

یوسف عوسمان: بابەتی چاپکردنی کتێب و وەرگرتنی ژمارە سپاردن لەوەزارەتی ڕۆشنبیری کەس کاری پێ ناکات. خەڵک بە پی دی ئێف و دیزاینی کتێبەکەی بۆ دەزگایەکی کوردی ئێرانی پۆست دەکات، و بە بەھای پێنج سەد شەش سەد دۆلارێك، و خۆیان بێ سانسۆر لەو بەر بەرەڵاییەی ئێستا پێنج سەد کتێبی کەبس کراوت بۆ دەنێرنەوە. بابەتی بێڕێزی بەھا نەتەوەییەکانی وەك ئاڵا و سنوری کوردستان و بەناو سەرکردە ڕەمزەکان بەرپرسە باڵاکان. کەس بێ ڕێزی پێ نەکردوون تەنیا ئەوانەی خۆیان پشتیان پێ بەستاون لە حکومەتەکانی تورکیا و ئێران و خودی عێراقیش ئەوانە سەرەتا سوکیان کردون، ھی خەڵك ھەر تەعقیبە بۆ ئەو سوکایەتیە پێکردنەی دوژمنان.

بۆپیشەوە: چۆن دەڕواننە هێزەکانی وەکو گۆڕان و ئیسلامیەکان، لە پەیوەند بەو هێرشانەدا کە دەکرێتە سەر کەشی نیمچەکراوەی سیاسی کوردستان و ئازادییەکان؟

یوسف عوسمان: گۆڕان سەرەتا لە ھاتنە ناو حکومەتی لە دەمی نەوشێروان کە خاوەنی نیو ملیۆن دەنگدەری حەقیقی بوو لەگەڵ سەدان چەکداری ھەمو لایەنەکان. بەڵام ماھیەتی ئۆپۆزسیۆنی بۆ دەمێکی دوور تێکشکاند و ئومێدی خەڵکی بۆ گۆڕانکاری نەھێشت. خۆیان بوونە دارشەقی ئەو دەسەڵاتە شڕو شەقەی پارتی و یەکێتی خەڵکی بێ ئومێد کرد بۆ باش بوونی ژیان. لەوێوە گۆڕان بوە کۆپی پارتی و یەکێتی بە بچوک کراوەیی. ئیسلامیەکان بەگشتی لەبن باندۆر و کاریگەری حەرەکەی ئیسلامی دونیایێن تێڕوانینی حەز و ویستی نەتەوەکەمان ناکەن بۆ ئازادی و سەربەستی. ھەردوو ھێزی ئیسلامی ئێرانی و تورکی کاریگەری تەواویان ھەیە لەسەریان و ئێستا کەنداویش بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەکاریان دێنێت، حیزبە سیاسیە ئیسلامیەکان بونەتە چەتر ھەڵگری ھەر باو بۆرانێکی جیھانی ئیسلامی لێرە لە کوردستان.

بۆپێشەوە: چۆن دەکرێت ڕێگە لە تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژە یاسایانە بگیرێت، کە دەکرێت بڵێین یاسای بەعسیانەو داعشیانەن؟

یوسف عوسمان: زەحمەتە ڕێ لەتێپەڕاندنی ئەم یاسایە بگیرێت! چونکە بەشی زۆر و کاریگەری ئەو بەناو پەرلەمانتارانە لە حیزبەکانی دەسەڵاتن بەتایبەت پارتی و وابەستە سێبەرەکانی و یەکێتیش ھەر وەک کوچەکوچە بەدوای خل بونەوەیە و بێ هەڵوێستە. بەگشتی دەکرێتە یاسا لە نەبوونی شەقامێکی ئۆپۆزسیۆنی حەقیقی بە ھەڵوێست و ھەروەھا نەبونی کاریگەری دەنگی ناڕەزایی دەرەوەش، بەتایبەت لەوێش قەڵەم فرۆشەکانی سەر بەدەسەڵات ھاوکار و ھاوئاھەنگی مەرامی دەسەڵاتن. بەڵام ھیچ کاریگەری ئەو پڕۆژە یاسایانە نابێت بۆ سەر ڕای گشتی خەڵك. چونکە نادادی و پێنەدانی موچە بەتایبەت کاری کردۆتە سەر ھەموو توێژەکانی کۆمەڵ ھەتا بەھی دەسەڵاتەوەش، لێرە لەبەر ئەوەی فۆرمی دەوڵەتداری نییە کە لەسەرەتا باسم کرد. بە بەڵگەی بەڵگە نەویست ھیچ یاسا و بڕیارێکیان بۆ جێ بەجێ ناکرێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.