دیمانەی هونەری بۆپێشەوە لەگەڵ هونەرمەندی شێوەکار و شانۆکار

0

تەها ساڵح

بۆپیشەوە: تەها ساڵح چۆن لە بواری هونەردا تەعریفی خۆی ئەکات. لە چ کاتێکەوە خولیای هونەریت لاپەیدا بووە، کێ لەدەوروبەرت تائسیری هەبووە لەسەرت یاخود باشتر بڵێم کێ هانی داویت بەردەوام بیت؟

تەها ساڵح: سەبارەت بە پێناسەی شێوەكارێك بۆخۆی ئەوەندە گرنگ نییە بەقەد ئەوەی کۆمەڵگە و كەسانی ڕەخنەگر و لێكۆڵەری هونەریی پێناسەی بكەن. من دەتوانم ئەوەندە بڵێم كە ماوەیەكە ستۆدیۆی خۆم هەیە لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا و ئەزمونی شێوەكاری دەكەم.

 لەڕاستیدا لەتەمەنی چواردە ساڵیەوە هێدی هێدی دەستم بەكاری خۆشنوسی كردوە، وەكو تەئسیر، كەس كاریگەری لەسەرم نەبووە، بەڵام حەزی فێربوون كاتێ ئەمبینی ئارام بەدری هاوڕێ و پورزام خۆشنوسی ئەكرد، منیش كەرەستە و پێویستی خۆشنوسیم كڕی و دەستم پێكرد، و دواتر كەوتمە ناو دنیای هونەرەوە كاریگەری هونەرمەندان و کۆمەڵگەم كەوتە سەر.

بۆپێشەوە: ئایا شکڵ و ناوەرۆک لە تابلۆکانتا چی پەیوەندییان پێکەوە هەیە.؟

تەها ساڵح:  شكڵ و ناوەڕۆك زۆر جار گرێدراون پێكەوە، گەلێك جاریش نا،  لەبەشێك لە هونەری مۆدێرن و پۆست مۆدێرندا ناوەڕۆك ئەوەندە گرنگ نییە، دیارە وتەیەكیش هەیە دەڵێت “هونەر دەبێت هونەر بێت، پاشان گوزارشت بكات” واتە دەبێت خەسڵەتەكانی هونەری تیابێت، لەكارەكانی مندا ناوەڕۆك زاڵترە لە شێوە.

بۆپێشەوە: ڕەنگ لە تابلۆکانی تۆدا چ هاوکارییەکت دەکات بۆ گەیاندنی پەیامەکانت ؟

تەها ساڵح: شێوەكاری بێ ڕەنگ ناكرێت!، دیارە ئەتوانرێت بەیەك ڕەنگ سكێچ و هێڵكاری و تەنانەت تابلۆش بنەخشێنرێت، بەڵام ڕەنگ یەكێكە لە ڕەگەزە سەرەكییەكانی هونەری شیوەكاری.

لەهەندێك شێوازی هونەری ڕەنگ ڕۆڵی سەرەكی لە نایابی تابلۆكە دەگێڕێت.

دیارە لە كارەكانی مندا جگە لە نەخشاندنی تابلۆكە، گوزارشتی ڕەنگی خۆی هەیە، بە نمونە بەهێزی ڕەنگی سور لە گوزارشتی خۆشەویستی و شۆڕش و ناڕەزایەتییەكان بەرامبەر بەڕەنگی ڕەشی هێزی شەڕ و كۆنەپارێز و ئیسلامی و داعش، هەندێك جار بەپێی حاڵەتەكان دەگۆڕێت، بۆ نمونە داگیركارییەكانی تورك بۆسەر كوردستان كە ڕەنگی سور وەك هێمایەك بۆ داگیركاری و مەرگ دۆستی و دژە ئازادی تەوزیف دەكرێت.

بۆپێشەوە: ئەو شێوازە لە کارکردنی تۆ تا چەند لەگەڵ واقیعییەتی کۆمەڵگەکەمان دێتەوە ؟

تەها ساڵح: شێوازی كاركردنی من لەگەڵ واقعیەتی کۆمەڵگە تا چەند دێتەوە؟ ئەوە ڕەخنەگر و وەرگر بڕیاری لەسەر بدەن،  ئەركی هونەر یان گرنگی هونەر بەتەنیا لە یەك شیوازدا كۆناكرێتەوە، بەڕای من هەموو شێوازەكانی هونەر گرنگی خۆیان هەیە.

بۆپێشەوە: هەندەران لە هونەردا چی پێ بەخشیوی وچی لێ سەندویتەوە ؟

تەها ساڵح: سەبارەت بە هونەر بەتایبەت شێوەكاری؛ هەوڵ و ئەزمونێكی تاكەكەسییە، جوگرافیا ئەوەندە گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە جێگا و كاتە، دیارە ژینگەی هونەری لە هەندەران باشترە كە ئازادانە كاردەكەیت نە پێوانەی حیزبی و بنەماڵەیی و قەڵافەت و كوڕی شار ناپێورێت! بەرامبەر بەوە كە لە وڵات دەژیت تۆ لەناو جەرگەی ڕووداوەكانیت و بەركەوتەی ڕۆژانە و ڕاستەوخۆت هەیە و گفتوگۆی هونەری زیاترت دەبێت كە دەبێتە كەرەستەی كار و پڕۆژەكان.

بۆپێشەوە: ئەبینین لەگەڵ ئەوەی کاتێکی زۆر لەگەڵ شێوەکاریدا بەسەر دەبەیت لە شانۆشدا کاردەکەیت، پرسیارەکە ئەوەیە چۆن ئەو باڵانسە ڕادەگریت، ئەو دوو بوارە چ پەیوەندییەکیان بەیەکەوە هەیە؟ چ سود مەندیەکیان بۆ یەکتر هەیە؟

تەها ساڵح: پێم خۆش دەبوو كات بەشی ئەزمون كردنی موزیكیشم هەبوایە، هاهاها، بوارەكانی هونەر تەواوكەری یەكترن، تۆ تەماشاكە لە شانۆدا شێوەكاری (دیكۆر)ی تیایە، موزیكی تیایە وێژە (تێكست) ی تیایە. باڵانس لە نێوان كات بۆ شێوەكاری و كات بۆ شانۆ دەكەوێتە سەر كەسەكە، پلان و دابەشكردنی كاتەكانی نەك تەنیا لە نێوان شانۆ و شێوەكاریدا، بەڵكو هاوسەنگیەك لەنێوان كاری هونەری و ژیان (خێزان و كاركردن و پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان) من لە سەرەتای كاری هونەری شێوەكارییەوە كەوتمە ناو دنیای شانۆ (وەك دیكۆر و دەمامك و پۆستەر)، بەڵام دواتر لەبەر بارودۆخی سیاسی كوردستان و جەنگی عێڕاق و ئێران و بەردەوام نەبوونی ئەكتەرەكان لەكارە شانۆییەكان بەهۆكاری سەڕبازی وكاركردنیان. لە ڕێكخستنەكان دەبوو وەك نواندنیش بەشدار بین بۆئەوەی كارە شانۆییەكان نەوەستێت و بەردەوام بێت.

بەڵام دواتر و لە تاراوگە بەردەوامیم بە كاری دیكۆری شانۆ و بەشێوەی پچڕ پچڕ تا ساڵی ٢٠١٥ كە لەگەڵ كۆمەڵێ هاوڕێ گروپێكی شانۆی ڕاگوزەریمان دامەزراند بەناوی گروپی سكێچ .  Improvisation لەئەزمونی ئەو پێنج ساڵەدا گەیشتومەتە ئەو ڕاستییەی كە شانۆی ڕاگوزەری بۆ هەموو كەسێك پێویستە ئەزمونی بكات، بەتایبەت شانۆكاران. من خۆم سودێكی زۆرم لەشانۆی ڕاگوزەری وەرگرتووە چ بۆ شێوەكاری چ بۆ ژیان . من ڕۆژانە كاری شێوەكاری دەكەم و هەفتەی جارێك پرۆڤەی شانۆیی دەكەم، بەڵام زۆرێك پێیان وایە مرۆڤ دەبێت لەیەك بواردا قاڵ بێت و یەك بواری هونەری هەڵبژێرێت، من دەڵێم دەمەوێت ئەزمونی ژیان بكەم ، هونەر بەردەوامی دەدات بە ژیان .

Leave A Reply

Your email address will not be published.