کوشتنی شیعرێکی یاخی “بۆ شاعیری عێراقی ئەحمەد ئەلنعێمی کە بە وشە بەگژ ستەمی عەمامە بەسەرەکانی دەسەڵات بۆوە و گیانیشی لەو ڕێیە بەخشی”  

0

کوشتنی شیعرێکی یاخی

“بۆ شاعیری عێراقی ئەحمەد ئەلنعێمی کە بە وشە بەگژ ستەمی عەمامە بەسەرەکانی دەسەڵات بۆوە و گیانیشی لەو ڕێیە بەخشی”

 

سەرزەمینی ژیان ئێستا کیژێکە و بەدیل گیراوە

کەتۆتە دەست دڕندەکانی بۆرژوا عەمامە بەسەرەکانی قوم و نەجەف

هەموو ڕۆژێ تەحەروشی جەستەی ئەکەن

ئازادییان کردووە بە فلیمی سەردەم و مێژوو

پێنج فەرزە وەک نوێژکردنیان ئەتکی ئەکەن

نیشتمان بووە بە زیندان

خەون بوە بە ئەفسانە

وشە بە چەک

هەتا بڵێی لە وشەی تووڕە دەترسن

ئەم بۆرژوا عەمامە بەسەرانەی زیندانی عێراق

چییان بوێ دەیکەن بێئەوەی لە خەڵکی چەوساوە و هەژار بپرسن

ئا ئەمانە لەژێر سایەی بێدەنگیدا

وشە دەکەن بە قەنارە

شیعر دەکەن بە تفەنگ و

خەیاڵی ڕووت بە تاوانبار

بەبەرچاوی بێدەنگییەوە شیعر لە سێدارە ئەدەن

ڕێک وەک شیعری شاعیر ئەحمەد ئەلنعێمی

خەون دەکوژن ڕێک وەک خەونە جوانەکانی شاعیر ئەحمەد ئەلنعێمی

چاوی وشە دەردەهێنن

وەکو نیگای هەڵکۆڵردراوی وشەی ئەحمەد ئەلنعێمی

ئەم عەمامە لەسەرانە درۆی بە ڕاستی تەغلیفکراو بە ئێمە ڕەنجدەر دەفرۆشن

لەئاست ژینی نەهامەتی ئەم ڕێوییانە

وا خۆ دەنوێنن کە بۆ ئازادی ئێمـە بەدەربەستن بەپەرۆشن

ئەو جەللادانەی دەسەڵات دەستیان سوورە بە خوێنی خەڵکی هەژار و

شیعرە ئیعدامکراوەکانی ساحەی تەحریر

دەستیان سوورە بە کوشتنی شەقامەکانی ڕەشید و موتەنەبی

دەستیان سوورە بە سەربڕینی باخچەکان

بە خنکانی دیجلە و فورات

بە چاوبەڵەکەکانی حەیی جەمیلە و بابولموعزەمی بریندار

ئەم بۆرژوا عەمامە لەسەرانەی حوکمی قەرەقووش پیادە دەکەن

ژێر مێزەرەکانیان پڕە لە خاشاک  خاڵی لە ویژدان و عەقڵە

جێگای ئەوان باڵەخانە و قەسرەکانی ناوچەی سەوز و قەراغ دەریاچەکان نییە

جێگایان ڕاستەقینەی ئەوان ناوەڕاست تەنەکەی زبڵە

دەبا بێدەنگیی بشکێنین ئەی هاوچینان

من تێناگەم بۆچی هیچ قەسیدە و شیعرێک

فرمێسکی ئەو پەتەیان نەبینی کەچووە ملی شاعیر ئەحمەد ئەلنعێمی

من تێناگەم هیچ نیگایەک ئەو حەسرەتەی کرێنی ئیعدامەکەیان وێنا نەکرد

کە جەستەی ئەحمەد ئەلنعێمی شاعیری هەڵواسیبوو

ئەحمەد ئەلنعێمی شاعیر بوو بە شیعرێکی نەنووسراو

بوو بە کەڤاڵی ڕقێکی پڕ تووڕەیی

بە سروودی سەرزاری خەمە گەورەکان

بە ئاوێنە بۆ نیشاندانی ڕوwخساری شێوێنراوی

ئەو ژیانەی کە دیاری دەستی بۆرژوا عەمامە لەسەرەکانی حەوزەکانی نەجەف و قومی ئێرانن

ئەحمەد ئەلنعێمی شاعیر لەنێو دیرۆکی نوێێ عێراق

بوو بە دارێکی زۆر بەرز کە تا ئازادی سەربڕدرێ

ئەم هەر سەوزە و هەمیشە گەڵا دەرئەکا

بوو بە دارخورمایەکی پیر

هیچ ڕەشەبایەک زەفەری پێ نابات و

هەتاکو دنیا بمێنێ ڕوو بە ئاسمان باڵا ئەکا

شیعری: عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

حوزەیرانی ٢٠١٧

 

 

 

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.