کورتە ڕاپۆرتێك لە هەواڵنێری فیدراسیۆنەوە لە خێوەتگەی دانکیخ

0

کورتە ڕاپۆرتێك لە هەواڵنێری فیدراسیۆنەوە لە خێوەتگەی دانکیخ

خێوەتگەیەکە لە دارستانێکی نزیک شاری دانکیخی فەرەنسا، کە ئەو پەنابەرانەی لێیە بە نیازی پەڕینەوەن لە سنووری فەرەنسا بەرەو بەریتانیا، لە ئێستادا زیاتر لە 500 پەنابەری لێیە لە مناڵ و ژن و پیاو کە پێکهاتوون لە هەموو تەمەنەکان لەمناڵی تەمەن 1 ساڵ هەتا پیری 60 ساڵ، هەروەها نزیکەی 25 خانەوادەی لێیە نزیکەی 30 مناڵی خوار تەمەن 10 ساڵ و نزیکەی 40 ژن و 7 کەسی بەتەمەن و ئەوی تریان گەنجن، زۆربەی دانیشتوانی ئەم خێوەتگەیە کوردن کە زۆربەشیان ئێرانین، بەشێکی عەرەب و ئەفغانیی و ڤێتنامین، بەهۆی هاتنی سەرماو سۆڵەو باران و قوڕاوەوە پەنابەران بەشێوەیەکی گشتی لە بارودۆخێکی خراپ و ناهەمواردا ژیان بەسەر دەبەن و بەتایبەت مناڵەکان کە لەناو قوڕو باراناودا یاری ئەکەن، هەرچەندە لەڕێگەی چەند کەس وگروپێکی ئینسان دۆستی بەریتانی و فەرەنسی و هۆڵەندییەوە کۆمەکی خەڵکەکە دەکرێن، بەڵام هێشتا مناڵان سەرماو سەختی گوزەران هیلاك و نەخۆشی خستوون.
هەر لە ڕێگەی ئەو هەڵسوراو وە گروپانەوە تاڕادەیەکی کەم کۆمەکی تەندروستی دەکرێن و ئەگەر پێویست بکات ئەبرێن بۆ نەخۆشخانە، پیاوێکی بەتەمەن کە ماوەیەکی زۆربوو لە خێوەتگەکە ژیانی دەکرد و پاش نەخۆش کەوتن و خراپ بوونی باری تەندروستی گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی فەرەنساو لە بەرواری ٢٥/١٠/٢٠٢٠بەداخەوە ژیانی لە دەستدا.

شایانی باسە ئەو پەنابەرانەی لەم خێوەتگەیەن بۆ ماوەیەکی درێژ ئەمێننەوە بەهۆکاری خراپی ڕێگەوبان و توندوتۆڵی سنوورەکان لە ڕێی پۆلیسی فەرەنسییەوە کە زۆربەیان پاش مانەوەیان زیاتر لە دوو مانگ لە خێوەتگەکە ئەوکات دەرفەتی پەڕینەوەیان بۆ دروست دەبێت. ڕۆژانە دوو ژەم خواردن دەدرێ بە پەنابەران لەلایەن ئەو هەڵسوراو و گروپانەوە خێوەت و بەتانی و جل وبەرگ و خواردەمەنی دابەش ئەکرێت بەسەریاندا.

جارجار پۆلیسی فەرەنسی هەڵمەت دەهێنن و دێنە ناو جەنگەڵەکە و خێوەتەکان ئەدڕێنێت و جێگە لە پەنابەران تێك ئەدرێت و خێزانەکان ئەبەن بۆ هۆتێل و پێیان ڕادەگەیەنن کە لەو هۆتێلە بمێننەوە هەتا کاتی بەڕێکەوتنیان، بەڵام هەر زوو پەنابەران دەگەڕێنەوە بۆ چادرگاکە بە نیازی ئەوەی گەر لەوێ بن زووتر بگەن بەشوێنی مەبەستی خۆیان.
ئەو ڕێگایانەی لەم کاتەدا پەنابەران پێی ئەپەڕنەوە بریتیە لە ڕێگەی ئاو بەکارهێنانی چووپە بۆ پەڕینەوەیان کە ئەو ڕێگەیە جگە لەوەی هیجگار مەترسیدارە و لە مەترسی نوقم بوون و خنکان و کارەساتی نەخوازراو بە دوور نییە، بەلام بەداخەوە پەنابەران لەچاوەروانی دەرفەتی پەرینەوەیەن بەو ڕیگا پر ریسك ومەترسیدارە.

 شایانی باسە  هەر دوێنی ٢٧ ئۆکتۆبەر یەختێت کە قاچاخچییەکانی ئەڤغانی بوون بەهۆی بەرزی شەپۆلەوە نقووم بووە کە هەتا ئێستا ١٨ پەنابەر ڕزگار کراون و ٢ منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ خنکاون و ئەگەر هەیە ژمارەی خنکاوەکان زیاتر بن، لەوبەریشەوە واتا بەریتانیا سەرباری توندکردنەوەی سنورەکان بەهێزی دەریایی وچاودێری ورد بە بەردەوامی ئەگەری گێرانەوەی پەنابەران هەیە لەکاتی دەستگیرکردنیان،  بەڵام هێشتا پەنابەران خۆیان بەدوور ناگرن لێی و پەنابەران خۆیان ئەپلیکەیشنی دەستنیشان کردنی ئاستی شەپۆلی دەریایان لە سەر مۆبایلەکانیان داگرتووە و بەردەوام چاودێری ئەکەن هەرکات ئاستی شەپۆل نزم بێتەوە داوا لە قاچاخچییەکان دەکەن بیانپەڕێننەوە. بەداخەوە وەک هەمیشە قاچاغچیەکان ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن ئەو دۆخە ناهەموارەی پەنابەرانیان قۆستۆتەوەو بەردەوامن لە بەڕیکردنی پەنابەران و نرخی ڕێگاکە لە ٢٥٠٠ بۆ ٣٥٠٠ یۆرۆیە، لەگەل ئەگەری توندکردنەوەو زەحمەتکردنی پەرێنەوەدا نرخەکانیان دەبەنە سەرەوە.
هەروەها ڕێگەی شاحینە کەڕێگەیەکی باوی نێوان فەرەنسا وبەریتانیایە کە ئەم ڕێگەیە نرخەکەی لە دەوری ٣٥٠٠ یۆرۆ و بەرەو ژوورە و بەبێ ئاگایی شۆفێرەکە قاچاخچی دەرگای بارهەڵگرەکان دەکاتەوە و پەنابەری تێ ئەکات و دەرگایان لەسەر دائەخات، کە دیسان ئەمەش ڕێگایەکی پر مەترسیە لە رابردودا چەندین تراجدیدیای خنکان وەیان کەوتنەخوارو رووداوی نەخوازراوی ڕووبەڕووی پەنابەران بۆتەوەو لەو ڕیگەیەدا ژیانیان لەدەستداوە.
هەروەها ڕێگەیەکی تر هەیە کە ئەم ڕێگەیە کەم کەس هەیە بتوانێت پێی بڕوات لەبەر بەرزی نرخی پێی دەڵێن ڕێگەی (ئیتتیفاقی) کەگوایە بە زانیاری شۆفێرەکەیە و بەم ڕێگەیە پەنابەر ئاسانتر و گەرەنتی پەڕینەوەی زیاترە کە نرخی نزیکەی ١٢ هەزار یۆرۆیە.

بەم شێوەیە بەهۆی سیاسەتی دژی پەنابەری و بەرتەسكردنەوەو مافی پەنابەری لەم ولاتانە بەبەردەوامی پەنابەران کراونەتە کارتێك یاری بەژیان چارەنوسیان دەکرێت.

٢٨/١٠/٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.