قورئان لە خەلیفە عوسمان کوڕی عەفانەوە بۆ ڤلادیمێر لینین !!!

0

قورئان لە خەلیفە عوسمان کوڕی عەفانەوە بۆ ڤلادیمێر لینین !!!

ئەم ناو نیشانە جێگەی سەر سوڕمانە! منیش هەوڵ ئەدەم لەم کورتە نوسینەدا ئەوە ڕوون بکەمەوە و لەو سەر سوڕمانیەتان بێنمە دەرەوە .

دووساڵ لەمەوپێش لە وتارێکمدا ئاماژەم بەم مەسەلەیە کردووە وەک هەڵوێستی لینین لەبارەی ئیسلامەوە، بەڵام ئەمجارە هەوڵ دەدەم تایبەت تر لەم مەسەلەیە بدوێم، بۆئەوەی زیاتر ئەوە ڕوون ببێتەوە سۆشیالیزم چەندە ئازادیەکی بێ سنوری هەیە بۆ بیروڕاکانی کۆمەڵگە، چ بۆ  بیروڕای ئایینی بێ یا نائایینی. واتە ئەو ئازادیەی لەم سیستەمەدا هەیە لە هیچ سیستەمێکی تردا نییە .

هەروەک مێژووی ئیسلام باس لەوە دەکات کە قورئان لە سەردەمی خەلیفەی سێ یەمی موسڵماناندا (لە ساڵی٦٥١ زایینیدا، وە ١٩ ساڵ پاش مردنی پێغەمبەری ئیسلام بووە) کۆکراوەتەوە، و کراوە بە کتێب واتە لە لایەن عوسمان کوڕی عەفانەوە بووە . پێنج دانە لەم کتێبە دەنوسرێت هەریەکەیان دەنێردرێت بۆ پێنج شاری ئیسلامی. دوو لەو نوسخانە دەمێنێت، دانەیەکیان لە قەصر قوپ قاپی تورکیا دەبێت، و دانەیەکیشیان لە مەدینە دەبێ کە نوسخەی ئەسڵی عوسمان کوڕی عەفان خۆی دەبێت. لە پاش مردنی ئەو خەلیفەیە عەلی کوری ئەبوطالیب دەبێتە، ئەو نوسخە ئەسلیە  دێنێت بۆ کوفە لە عێراق .

کاتێ تەیموری لەنگ ناوچەکە وێران دەکات، ئەم نوسخەیە لە مزگەوتی بیبی خانوم لە پایتەختی سەمەر قەند دەپارێزرێت، وەک ئاسەوارێکی گرنگی مێژوویی لەوێ دەمێنێتەوە تا ساڵی  ١٨٦٨ زاینی. واتە تا ئەو کاتەی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا سەمەر قەند داگیر دەکات، ئەو نوسخە قورئانە دەبەن بۆ  کتێبخانەکەی سان پترسبۆرگ( کە ئەمڕۆ بە کتێبخانەی نیشتمانی رووسی ناسراوە ).

لە پاش ئەوەی شۆڕشی سۆشیالیستی ئۆکتۆبەر لە ڕووسیا بە سەرکردایەتی لینین و بەلشەفیەکان بە سەرکەوتن دەگات، لینین ئازادی دەداتە تەواوی ئەو خەڵکانەی ڕووسیا کە لە نەتەوەو ئایینی جیاواز پێک هاتبوون، و زۆربەیان کۆماری سەربەخۆیی لە چواچێوەی یەکێتی سۆڤیەتدا پێک دێنن. یەکێك لەوانە کۆماری باشوری کوردستان بووە، ئەو کاتە لینین ئەو نوسخەی قورئانە لە کتێبخانەکە دەردەکات و دەیکاتە دیاری بۆ خەڵکی ئوفای سەر بەم کۆمارە (کۆمارێك بوو لە ناوچەی ڤۆلڤای ڕووسیای ئێستا). پاشان کۆماری تورکستان زۆر داوای ئەم نوسخەیە دەکات تا دەدرێت بەوان لە شاری تەقشەند دا ئەندرێت و تا ئێستایش لەوێ ماوە .

زۆرن ئەو مەلاو بانگخوازانەی کۆمۆنیستەکان بەوە تاوانبار دەکەن، ئەگەر دەسەڵات بەدەستەوە بگرن ئەوا ئیسلام لە ناو دەبەن و مزگەوتەکان ناهێڵن و قورئان دەسوتێنن کافرو بێ بەزەیین و شتی تریش! ئەوان  لەم ڕێگایەوە دەیانەوێ خەڵک کوێرو نادیدە بکەن و مێشکی خەڵکی بەوە پڕ بکەن کە کۆمۆنیستەکان دوژمنی ئەوانن، بەڵام پێچەوانەکەی ڕاستە، هیچ کەس وەک کۆمۆنیستەکان دۆستی خەڵک نین و هیچ سیستەمێکی  نەتەوەیی وئایینی و تۆلیتارتی و لیبرالی و دیموکراتی وەك سیستەمی سۆشیالیستی ئازادی بۆ کۆمەڵگە ناهێنێت. ئەوەی بە ناوی سۆشیالیستیەوە ئازادی پێشێل دەکات، لە بناغەدا سیستەمەکەی سەرمایەداری دەوڵەتییە و ڕژێمە سیاسییەکەشی دیکتاتۆری بۆرژوازیە نەوەك دیکتاتۆری پرۆلیتاریا. سیستەمی سۆشیالیستی لە ڕووسیا تەنها ٥ ساڵ ژیاوە، بەدوای ئەودا هەرچی ناوی لە خۆی ناوە دەوڵەتی سۆشیالیستی پەیوەندی بەو سیستەمەوە نەبووە.

کۆمۆنیستەکان نایانەوێ لە ڕێگای زەبروزەنگ و توندوتیژی و ترس و تۆقاندنەوە باوەڕی ئایینی خەڵك بگۆڕن، بەڵکو لە ڕێگایەکی ئازادەوە دەیانەوێ ململانێی بکەن بە شێوەیەکی زانستیانە . کۆمۆنیستەکان دژی داخستنی مزگەوت و سووتاندنی قورئانن، و بەڕێگایەکی ناکۆمۆنیستانەی دەزانن، هەر لایەن و کەسێك  ئەو کارانە ئەنجام بدات لەگەڵ بیروبۆچوون و بەرنامەی کۆمۆنیستەکاندا ناکۆکە .

کۆمەڵگە دەبێ لەو درۆ و بۆختانانەی کە بۆ کۆمۆنیستەکان دەکرێت ڕزگاری بێت، و پاک بکرێتەوە. هەوڵەکان لەم پێناوەدا دەبێت چڕتر بکرێنەوە، و دەبێت ئەو ڕاستیەش بزاندرێت کۆمۆنیستەکان ڕاستگۆترین و پاکترین و شەرافەتمەندترین کەسی کۆمەڵگەن، و پێشرەون بۆ گوڕینی ڕیشەیی بارودۆخی ناهەمواری چینە هەژارو کرێکارو زەحمتکێشەکان بۆ ژیانێکی شیاو بە ئینسان.

https://ar.m.wikipedia.org/wiki/%D9%85%D8%AE%D8%B7%D9%88%D8%B7%D8%A9_%D8%B3%D9%85%D8%B1%D9%82%D9%86%D8%AF

سەردار عەبدوڵا حەمە

١٨ تشرینی یەکەم ی٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.