سەرکوت ڕاگرن!

0

سەرکوت ڕاگرن!

عەبدوڵا مەحمود

ژێر سایەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بەگشتی و زۆنی زەرد بەتایبەتی، کراوەتە زۆنی تابۆی دەنگ هەڵبڕین و ناڕەزایەتی و داواکردنی سەرەتایی مافە پایماڵکراوەکان.

لەگەڵ بەرین بوون و فراون بوونەوەی ناڕەزایەتی جەماوەریدا بەرووی گرانی و بێکاری و بێ موچەیی و دزی و گەندەڵی ئاشکرادا، ئاستی سەرکوت و گرتن و راوەدوونان و ترس و تۆقاندنش زۆرتر بووە. لەماوەی کەمتر لە دوو مانگی ڕابردوودا بەسەدان کەس لە چالاکوانی مەدەنی، نووسەر و رۆژنامەنووس، بەشدار لە خۆپیشاندانە نارەزایەتییەکان، لەلایەن هیزەکانی پارتییەوە دەستگیر کراون، هەردوو کەناڵی ئین ئارتی لە هەولێر و دهۆک داخراون و ڕێگە نادەن میدیا کارانی ڕۆماڵی پرس و ڕووداو نارەزایەتییەکان بکەن.

دەسەڵاتی تاسەر مۆخ کۆنەپەرست و سەرکوتگەری بزوتنەوەی کوردایەتی، موچە دوادەخەن و داواکردنی وەکو تاوان تەماشا دەکەن. لە موچە دەبڕن بەرگەی دەنگی “نا” ی موچەخۆران ناگرن. سەرکوت دەکەن و تەحەمولی داواکاری ئازادی ناکەن. دزی و تاڵانی ئاشکرا و سیستماتیک دەکەن و نەفرەت بەرووی ئەم تاوانکاریەدا، بە تاوان ناوەزەد دەکەن. خۆشخزمەتی بە وڵاتانی ناوچەکە و سوپاو دەزگا جاسوسیەکان دەکەن و نارەزایەتی بەروویدا بە پشتیوانی لە دەستی دەرەکی وێنا دەکەن. رۆژنامەنووس و میدیاکان دادەخەن و داواکاری ئازادکردنیان، بە شێواندنی ئاسایشی نیشتیمانی لەقەڵەم دەدەن. نەوت فرۆشی و قاچاخچیتی بە نەوت و داهاتی کۆمەڵگەوە دەکەن، هەڵدانەوەی دۆسیەکانیان بە خزمەتی نەیارانی هەرێم، دەچوێنن. دۆزەخیان بۆ ژنان خوڵقاندووە، و بەگری لە مافەکانی ژنان، بە بەرگری لە بەرەڵایی دەزانن. خویندن و پەروەردەیان توشی داڕمانی بێ وێنە کردووە، راوەستان بەروویدا بە یاساغ دەزانن. کەرتی تەندروستیان وێران کردووەو رۆژنە بەدەیان کەس بەهۆی ئەو وێرانەیەوە گیان لەدەست دەدەن، ئاه و ناڵە بەرووی ئەم دۆخەدا، گوێ بیست نابن. خەریکن هەموو خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و گشتیەکان” ئەوانەی کەماون” هەرزان فرۆشی کەرتی تایبەتی دەکەن و شانی خۆیان لە سەرەتایتیرین بەرپرسیاریەتی خاڵی دەکەنەوە، وەستانەوە بەروویدا بە دژایەتی قەوارەی سیاسی هەرێم دەزانن. سوێند بەسەری یەکپارچەیی خاکی عێراق دەخۆن و لەململانیی بەردەوامی نێوانیاندا، باج و دوکەڵی ئەو ململانێیە دەخەنە ئەستۆی جەماوەری خەڵکی کوردستان.

بەم جۆرە دەبینین، کە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بەگشتی و پارتی کە قەڵەمرەوی سیاسی و پاوانی بریاری سیاسی کردووە بەتایبەتی، لەهیچ بوار و زەمینەکی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کەلتوریدا، بەرگەی هیچ رەخنەیەک ناگرێت و لەبەرامبەردا تۆمەت ئاراستەی رەخنەگران و نەیارانی دەکات. نەک هەر دەست بۆ سەرکوت و زیندان و داسەپاندنی ترس و تۆقاندن دەبات، بەڵکو لەوەش زیاتر دۆسیە و سیناریۆی ئامادە و پاکەتی بۆ شکاندنی کەسایەتی و ڕەخنەگرانی هەیە. خۆیان کە هێچ دەستێکی چنگ بەخوێن نییە، ڕاکێشی ناو کوردستانیان نەکردبێت و نۆکەر پیشەییان بۆی نەسەلماندبیت، ئەو تاوانە ئاراستەی نەیاران و رەخنەگرانیان دەکەن. خۆیان کە هیچ ڕێز و سەروەرییەکیان بۆ هەرێم و هاوڵاتیانی نەهێشتۆتەوە و لەسەر بێئیرادەکردنی خەڵکی کوردستان بەهرەبەرداری دەکەن، کەچی تۆمەتی شێواندن و شکاندنی شکۆی نیشتمان!! دەخەنە ئەستۆی چالاکوانانی جەماوەری و رۆژنامەنووس و نووسەران.

دەسەڵاتی سیاسی دەیەوێ تاوانەکان وەکو دەستکەوت، نۆکەر پیشەیی بە پەیوەندی ئاسایی، خۆشخزمەتی بە دڵسۆزی، موچە بڕین بە خۆ گونجاندن، و سوێند بە یەکپارچەیی خاکی عێراق، بە خەبات بۆ سەربەخۆیی و هەزران فرۆشی خزمەتگوازرییەکان بە کەرت تایبەت، بە پەرۆشی بە هاوڵاتیان و … نیشان بدات.

بەکورتیەکەی دەسەڵاتی سیاسی دەیەوێت، کەس نارەزایەتی بە لێبڕینی موچە و دواخستنی موچە و دزی و تاڵانی نەبێت. کەس نیگەرانی لە وێرانەیی سلکی خوێندن و پەروەردە رانەگەیەنێت. کەس نارازی لە نەبوونی خزمەتگوازرییەکان نەبێت. کەس دژی سەرکوتی سیاسی و ژێر پێخستنی ئازادییەکان، دەنگ هەڵنەبڕێ. کەس مافی بایکۆت و مانگرتن و خۆپیشاندانی نەبێت. کەس مەعشوق بوونی هەرێم بە بەغدا، نەدرکێنێ. کەس هاوار و ناڵەی ژنانی زوڵم لێکراو نەبیستێ. کەس نۆکەر پیشەییان ئاماژە پێ نەدات. کەس دەنگ نەکات و هەموو هاوڵاتیان “بەڵێ” بۆ دەسەڵاتی تاڵانچیان بڵێن.

ئەو شەپۆلە لەسەرکوت و ترساندن و تۆقاندن، لە بنەرەتدا ترسە لە مەرگی سەرکوت و ترس و تۆقاندن. نارەزایەتی جەماوەری قوڵپ دەدات، بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگە لەبەرامبەر بەو کەمایەتیە تاڵانچییە بنەماڵەیی و حزبییەدا، خەریکی رێگا دۆزینەوە و وێڵی دەربازبوون لەو دەسەڵاتەن. دەسەڵاتی سیاسیش دەیەوێت لە رێگای ئەم سەرکوت و تۆقاندنەوە کەشی هاتنە مەیدانی رێکخراو و فراوانی جەماوەری بتۆقێنی و بەری پێبگرێت. بەڵام راستیە سەلماوەکانی دنیا نیشانیداوە پەتی سەرکوت و ترس و تۆقاندن کورت و بی ئاکامە… نموونەی رژێمە روخاوەکان کە پایەی دەسەلاتیان لەسەر سەرکوت و فریوکاری ڕۆنا بوو، ئەزمونێکە ئەگەر دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی دوای خۆیان، خۆیانی لێ بی ئاگا دەکەن، بەڵام جەماوەری ناڕازی و ئازادیخواز وەکو ئەزموون بۆ راماڵینی دەسەڵاتە هاوشیوەکانیان بەدەستیەوە دەگرن.

ئەم سەرکوت و ترساندن و تۆقاندنەی پارتی لە زۆنی زەردا، پەیرەوی دەکات، لەدوا ئاکامدا تورەیی و نەفرەتی جەماوەری کەڵەکە دەکات و هێزی ڕاماڵینی ئەو دەسەڵاتە بەرینتر دەکاتەوە. ئازادی و ئازادیخوازی بە سەرکوت کۆتایی پێناهێنرێت، ئەوە سەرکوت و سەرکوتگەرییە بە ئازادی و خەباتی ئازادیخوازی لەبەین دەبرێت.

ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.