بزووتنەوەی شورایی وەک نەخشە ڕێگایەکی باشتر                      

0

بزووتنەوەی شورایی وەک نەخشە ڕێگایەکی باشتر

عبدالرحمن رسول

لەکاتی هەبوونی قەیران و کێشەکاندا کە ڕووی لەسفرەی هەژاران وکرێکاران دەکات، کەدەستفرۆش و ڕەنجدەران و زەحمەتکێشان زیاتر سفرەیان خاڵی تر دەبێت، ئەوجا بەناچاری باس لە ناڕەزایەتی وخۆپیشاندان دەکرێت و خیابان و شەقامەکان جمەی دێت لە کۆبونەوە و دروشم کێشان و بەرزکردنەوە بە ڕوی دەسەڵاتی چەوسێنەری ملهوڕدا، بەڵام ئەمەش بەپێی قۆناغ بەسەر دەچێت و گرینگی خۆی لەدەست دەدات هەم بۆ دەسەڵات و هەم بۆ خەڵکی ناڕازی کۆمەڵگە. بۆ پارێزەرانی دەسەڵات ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەی خەڵک لەچەند ساڵانی سەرەتادا دەتواندرێت بەپێی بەرژەوەندی و سوودی لایەنگرانی دەسەڵات خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان ئاراستەبکرێن و خەڵک بەناوی ڕیفۆرم و گۆڕانکاری فریو بدرێت و بنێردرێتە ماڵەوە و خیابانەکان خامۆش بکرێن لە خەڵکی ناڕازی بۆ ماوەی کاتی، بەڵام قۆناغ و کاتی خۆی هەیە، کە لەئێستادا تەواوی بارودۆخ لەبنبەست و لەژێر فشاری زۆردایە بۆئەوەی ئەوکاتە تێپەڕێنێت لەکوردستان. لایەنی بەناو ئۆپۆزیسیۆن ئەوانیش لەبەرەی لایەنگری لەسیستەم و دەسەڵاتی چەوسێنەرو کۆنەخوازیدا چەندین ساڵە یاریان بەچارەنوسی خەڵکی هەژارو کرێکار کرد، بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان و ئیسلامییەکان گیانی تێکۆشان و هەبوونی ئیرادەی ئینسانی لەناو گەنجان و لاوان و ئازادیخوازان و خەڵکی دا لاواز و بەرەو کوشتن برد. هەر بەچوونە ناو دەسەڵاتیان خەڵکییان بەگشتی و گەنجان و لاوان بەتایبەتی بەرەو کەناری نائومێدی نارد، زۆرێک لەگەنجان و لاوان و کەسانی ناڕازی بەچەوسانەوە و سەرکوت کە تیرۆر نەکرابن و نەخرابنە زیندانەکانی دەسەڵاتەوە ئەوا بەناچاری کوردستانیان بەجێهێشت و بەرەو ئاوارەیی وچارەنووسێکی نادیار ملیان دەنا، بەشێکیان بوونە قوربانی لەڕێگاکانی کۆچدا یان سەرگەردان ڕووبەروی چەندەها کێشەی  ناخۆش و ناهامەتی سەخت و دژواربوونەوە یاخود بەناچاری گەرانەوە کوردستان بەبێ ئەوەی هیچ  ئامانجێک بەدەست بهێنن. بۆ خەڵکی ناڕازیش ئەو قۆناغە بەسەرچوو کە متمانە بە حیزبەکانی دەسەڵاتدار بکات و متمانە بەحیزبەکانی بەناو ئۆپۆزیسیۆنی وەک ئیسلامییەکان و بزووتنەوەی گۆڕان بکات هەروەها خەڵکی ناڕازی ئەوەش دەزانێت کە حیزبەکانی دەسەڵات بەئاسانی مل بەخواست و داواکاری خەڵکی ناڕازی و خەڵکی کرێکارو هەژاری کۆمەڵگە نادەن. وشیاری تاک بەئاستێک گەیشتووە کەپێویستی بە تێکۆشانی جیاوازتر و ئینسانی تر هەیە، بۆ ڕزگاربوون لەم قەیران و کێشانەی کە ڕوبەروی خەڵک بەگشتی بۆتەوە. دەبێت خەڵکی ناڕازی بەگشتی و گەنجان و لاوان بەتایبەتی ئەوە بزانن کە ناکرێت حیزبێک یان ڕێکخراوێک پڕوپاگەندەی دژی گەندەڵی و دزی بکات، بەڵام پێکهاتەی سەرمایەکەی نەزاندرێت چۆن و بەچی و لەکوێ وە کۆکراوەتەوە؟! کەناڵی ڕاگەیاندنی جیهانی هەبێت، بەڵام نەتوانێت بەدیلێک (جێگرێک) وەک سیستەمی ئیدارەدان و بەڕێوەبردن بۆ خەڵکی کوردستان بخاتەڕوو کەباشتر بێت لەسیستەم و دەسەڵاتی چەوسێنەر، و تێکۆشانی  بۆ بکات، ناکرێت ڕۆژانەش باس لەدزی و گەندەڵی بکات ئەمە واتەی هاوبەش بوون لەگەڵ هەمان سیستەمی کۆنەپارێزو چەوسێنەرو دزدا دێت. سەرجەم حیزبەکانی ناو دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵاتی کوردستان دەڵێن دزی وگەندەڵی کۆمەڵگەی وێران کردووە، دەڵێن خەڵک برسییە و موچەی پێنادرێت وڕێژەی هەژاری و بێکاری لەبەرزبوونەوەدایە لەکوردستان و لە عێراق. هەموویان دەڵێن گردەکان و شوێنە گرینگ وستراتیژەکانی شارو شارۆچکەکان تاپۆکراوە لەسەر بەرپرسە حیزبی و حکومییەکان، دەگوترێت نەوت دەدزرێت و خەڵکیش بی سووتەمەنی یە، کەوایە هیچی جیاوازتر ناڵێن لەیەکتری. ڕۆژانە لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندنی ئەمانە چەندبارە دەبێتەوە. بزووتنەوەی گۆڕان و ئیسلامییەکان پێش چوونە ناو حکومەت لەکوردستان باسی چاکسازی و گۆڕانیان دەکرد لەکاتی نارەزایەتی ١٧ی شوباتی ڕابردوو، بەڵام حیزبەکانی پارێزەری دەسەڵات پڕۆژەی بەناو چاکسازی و ڕیفۆرمیان خستەڕوو کەئەویش بە پەراوێزخستنی  کەرتە گشتییەکانی وەکو کارەبا و خوێندن و پەروەردەو وتەندروستی و ئاو وگەشت و گوزار بوو، بەڵام هیچ ڕێکخراو و حیزبێک بەناو ئۆپۆزیسیۆن نەهات بەدیلێکی باشتر نیشانی کۆمەڵگە بدات و تێکۆشانی بۆبکات. ئەم هەنگاوەی حیزبەکانی دەسەڵات تازە نییە، بەڵکو لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵات بەم جۆرە لەئیدارەدان لەڕوویی ئابووری و کارگێڕیەوە کارییان کردووە، بۆیە دەرئەنجام کۆمەڵگەی کوردستان بەم قەیران و کێشانە گەیشت، وە لەئێستا و لەداهاتووش هەربەم جۆرە دەبن. بزووتنەوەی نەوەی نوێ بەهەمان جۆری بزووتنەوەی گۆڕان و تێکەڵەیەک لە ئیسلامی سیاسی دەیەویت بەهەمان جۆری کلاسیکی و کۆنەخوازی ئیسلامییەکان و نیولیبرالیزم دەیەوێت یاری بەچارەنووسی خەڵکی کرێکارو هەژاری کۆمەڵگە بکات، چونکە بەرگری لەهەمان سیستەمی نیولیبرالیزم دەکات لەکوردستان کە زیاتر پروپاگەندە بۆگەشەی کەرتی تایبەتی دەکات ئەمەش لەبەرژەوەندی سەرمایەداران و دەسەڵاتدایە. بۆیە تەنها باسکردنی دزی و گەندەڵی وسەرکوت بەس نییە چارەسەری کێشەو خەمەکانی خەڵکی هەژارو کرێکارو دەستفرۆشان و مامۆستاو کارمەندان ناکات، قۆناغی ئێستا پێویستی بەتێکۆشانی نوێخوازی جیاوازتر هەیە لەڕابردوو. حیزبی شیوعی و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان و هەڵسوڕاوانی حیزب و ڕێکخراوە کۆمۆنیست وچەپەکانی کوردستان دروستە لەبەرنامەی حیزبی و ڕێکخراوەییاندا باسی  لە ڕەتکردنەوەی کەرتی تایبەت دەرکرێت و باس تێکۆشان بۆ هێنانەدی سۆشیالیزم ودەوڵەتی سۆشیالیستی وحکومەتی کرێکاری کراوە و دەکرێت کە جیاوازترو بەدیلێکی ئینسانییە و باشترە، بەڵام ئەمە بەتەنها بەس نییە، پێویستە ئەرک و تێکۆشانی جیاوازتر لەڕابردوو و لەئێستایان بخەنە بەرنامەی تێکۆشانیانەوە، کە گەشە بەبزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و یەکخستنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان بدرێت. هەموو لایەک ئەوە دەزانین کەناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەردەوام بەرەو هەڵچوونی زیاتر دەچێت، ئەمەش پێویستی بە ئاراستەکردن هەیە کەلەبەرژەوەندی خەڵکی چەوساوەو هەژارو کرێکارانی کۆمەڵگەی کوردستاندا بێت بۆئەوەی جارێکی تر باڵێکی بۆرژوازی و هەلپەرست و بەژوەندچێتی سواری شەپۆلەکانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان نەبێت. پێویستە لەبزووتنەیەکی جەماوەریدا سەرجەم ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان ڕێکخراو بکرێت، باشترین نەخشە ڕێگای ئینسانی بۆقۆناغی ئێستاو داهاتوو بزووتنەوەی شورایییە کەدەتوانێت لەم تێکۆشانەدا ڕاستگۆیانەو دڵسۆزانە سەرکەوتووبێت. ناکرێت تەنها لەچوارچێوەی بەرنامەی حیزبەکانەوە سەیری داهاتوویی کۆمەڵگەی کوردستان بکرێت و ئاراستە بکرێت ، بەڵکو پێویستە لەناوکێشەو قەیرانەکانی کۆمەڵگەوە داهاتوو بنیاد بنرێتەوە بەگۆڕینی سیستەم و دەسەڵاتی کۆنەخوازو چەوسێنەرو ئیدارەدانی شورای. حیزبە شیوعی و کۆمۆنست و چەپەکان پێویستە ئەو ڕۆڵە ببینەوە کە لەساڵانی پەنجاو شەستەکانی  عێراق لەشارەکان لە ڕابردوو شیوعییەکان وێڕای هەبوونی مەترسی زۆر لەسەرگیانیان لەناو ناڕەزایەتی وخۆپیشانەکانی کرێکاران وخەڵکی زەحمەتکێشانیدا نەک تەنها بەشداربوون بەڵکو ژیلەمۆ پێکهێنەری ناڕەزایەتییەکان بوون. هەروەها حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە لەساڵی ١٩٥٨ لەشارەکانی کوردستانی ئێران ئەو ڕۆڵەیان بینی لەگەشەدانی بزووتنەوەی شوراکانی خەڵک دا لەساڵی ١٩٩١ کۆمۆنیستەکان و هەڵسوڕاوانی یەکسانیخوازو ئازادیخوازو ئینساندۆست لەشارەکانی کوردستانی عیراق بزووتنەوەی شورایییان گەشەپێدا و دامەزراند هەر چەندە بەداخەوە سەرکوتکرا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کوردایەتییەوە خەڵتانی خوێن کراو چەندین کەس لەهەڵسوڕاوانی شوراکان بوونە قوربانی یادیان هەمیشە بەرزو بەرێز بێت، بەڵام بۆ قۆناغی ئێستا ڕێکخراوبونی خەڵکی ناڕازی دەبێت زۆر باشتریش بێت ئەمەش ئەرکی هەر مرۆڤێکە کەدڵی بۆ هەبوونی هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی باشتر لێدەدات هەروەها حیزبە شیوعی وکۆمۆنیست و چەپەکان  لەپشت میزی بارەگاو نوسینگەکانیان بێنە درەوە بچنە ناو خەڵک بۆئەوەی ناڕەزایەتییەکان لەناو بزووتنەوەی شوراکاندا ڕێکخراو بکەن و بۆئەوەی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بکەوێتە دەست شوراکانی خەڵکی کوردستان. لەهەر ئان وساتێکدا بێت بورکانی خەڵکی ناڕازی وەک ڕاپەرین وشۆڕش سەرتاپای کۆمەڵگە دەگرێتەوە، هەروەک میخائیل باکۆنین دەڵێت (شۆڕش وەک دز وایە لەشەودا دێت) ئەم وتەیە زۆر ڕاستە بۆکۆمەڵگەی کوردستان ئێستا کاتی شۆڕشی گۆڕانکاری لەدەسەڵات وکۆمەڵگە ناکرێت فەرامۆش بکرێت ئەم بزووتنەوەی گەورەی ناڕەزایەتییەی جەماوەری خەڵکی کوردستان کە ئەگەری ئان وساتی کڵپەی ڕاپەرین و شۆڕشی جەماوەریدا وەک تارمایی دێت و دەچێت بەرەو ژانکردن لەدایکبونی دەچێت. هەروەک کاڕڵ مارکس دەڵێت (هێزی بزوێنەری مێژوو شۆڕشە نەک ڕەخنە) کەوایە پێویستە تەنها ڕەخنە نەگرین لەسیستەمی چەوسێنەر، بەڵکو بەکردار هەنگاوبنێن بۆهێنانەدی کۆمەڵگەیەکی نوێتر و باشتر کەلەئێستاشدا باشترین هەنگاو بەشداربوونمانە لەگەشەدان بەبزووتنەوەی جەماوەری خەڵکی ناڕازی بە ئاراستەی ڕێکخستنی لەناو بزووتنەوەی شوراکانیاندا بەئامانجی خۆبەڕێوەبردنی خەڵکی. ئەمەش بەمانای ڕەتکردنەوەی هەڵسوڕانی حیزبەکان نایە بەڵکو، بەواتای پشتگیریکردنی حیزبەکانە لەبزووتنەوەی شورایی یە. ڕاستییەک هەیە ئەویش ئەوەیە سەرجەم سیستەمی سەرمایەداری لەناو کێشەو قەیرانی گەورەدایە بەیەکەوە ناتواندرێت هەموو جیهان بگۆڕدرێت، بەڵام دەتوانین لەگۆشەیەکەوە دەست بەگۆڕینی بکەین.

کۆمەڵگەی کوردستان بەهۆی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتییەوە بەچەندەها ساڵە مرۆڤایەتی بوونی دەهاڕدرێت و خۆشی و شادییەکانی لێ زیندەبەچاڵ دەکرێت، پێویستە بەیەکەوە لەبزوتنەوەی بەهێزی سەراسەریدا بڵێن ئیتر بەسە چەسانەوەو نایەکسانی و نابەرابەری. هەر ئەم بزوتنەوە جەماوەرییە بکرێتە شۆڕشی گۆڕانکاری و نوێ بونەوەی کۆمەڵگە، لەسەرجەم بوارەکانی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و سیاسی وئیدارەیی و بەڕیوەبردندا. چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە کرداری مرۆڤ خۆیەتی لەسەر زەوی. لەکوردستانیش بەهۆی دەسەڵاتی حیزبەکانی کوردایەتی پارتی و یەکێتی و ئیسلامی و گۆڕانەوە گیرۆدەیە بەچەوسانەوە، نەک کارێکی ئیلاهی وخوایی بێت، بۆیە دەبێت ئەوەبزانین کە هەر لەم دونیایەداو لە سیستمی ئابووریدا؛ بۆ هۆکاری چەوساندنەوەو چارەسەرەکانیشی بگەڕێین. چارەسەرەکەشی مەحاڵ نییە بەڵکو بەگۆڕینی سیستەم و دەسەڵاتی کۆنەپارێزو دزو چەوسێنەر مەیسەر دەبێت کەحکومەت و ئیدارەدانێکی شورایی بێتە جێگای کەخەڵک بەشدار بێت لەئیدارەدان وچاودێریکردن بەدواداچوونی کارەکانی حکومەتدا. دەبێت بەکردار دەسەڵات بدرێتە خەڵک لەڕێگەی شوراکانییەوە ئەمەش پێی دەگوترێت گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ ژیانێکی کۆمۆنی هەرەوەزکاری، لە ئیدارەیشدا گۆڕینی دەسەڵاتە بە سیستمی خۆبەڕێوەبردنی خەڵک.

هەروەک کارڵ مارکس دەڵێت (هەموو شۆڕشە گەورەکانی جیهان، پەرچەکردارێک بوون دژی تاڵانچێتی و داگیرکردنی موڵکی گشتی لەلایەن سەرمایەدارانەوە.) پێویستە ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەو ئامانجەبێت کە گەڕانەوەی موڵکی گشتی و پارەی دزراوی گشتی بێت بۆ دەست خەڵکی کوردستان بێت نەک هەروەک ئێستا پارەو داهات بۆ سەرۆک و سکرتێرو بەرپرسە حیزبییەکانی دەسەڵات و ئەندام پەرلەمان و وەزیرو بەرپرسەکانی حکومەت وحیزب بێت. بۆیە لەئێستاوە گرینگ و پێویستە خەڵکی ناڕازی خۆی ئامادەبکات بۆ داخستنی تەواوی سەری زێرابەکە هەروەک کارل مارکس دەڵیت (شۆڕش لەبەرئەوە نەبۆتە پێویستیەک کە تاکە ئامرازێک بۆ هەڵگێڕانەوەی چینی سەروەر، بەڵکو لەبەرئەویشە کەتەنها شۆڕشە دەتوانێت ڕێگا خۆشکات بۆ ئەو چینەی کەچینێکی تر هەڵدەگێڕێتەوە، تاهەموو ئەو بۆگەناوەیش ڕابماڵێت کە بەڕژێمی  کۆنەوە بەستراون و ئامادەکاریش بکات بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگا لەسەر بناغەیەکی نوێ.) ئەرکی سەرجەم هەڵسوڕاوانی شیوعی و کۆمۆنیست وئازادیخوازو یەکسانیخوازو مرۆڤدۆستە بەکردار هەنگاو بنێت بۆگەشەدان وچالاکردنی بزوتنەوەی شوراکانی خەڵکی کوردستان هێزی گەورەی بێکاران و گەنجان ولاوانی ناڕازی خۆیان نەک بەشداربن، بەڵکو ببنەڕابەر و ژیلەمۆی هێنانەدی گۆڕانکارێکی باشتر بەقازانجی خەڵکی کرێکار وهەژارو بێکارانی کۆمەڵگەی کوردستان.

 

ملهوڕی چەتەو مافیاکان تاسیستەمیان نەڕووخێت ناوەستێت

بەردەوام لەکۆمەڵگەدا چەتە و مافیاکان بەهۆی خراپی و گەندەڵی و دزی دەسەڵاتەوە هەبوون و گەشەیان کردووە، بەڵام چەتەو مافیاکانی کوردستان جیاواز لەسەرجەم کۆمەڵگەکانی جیهان خودی پێکهێنەرانی سیستەم و دەسەڵاتەکەی باشووریی کوردستانن. لەسەردەمی شاخیشیاندا بەردەوام کاری ڕاورووت و چەتەیی و بەزۆر پارە لێ ستاندن لەخەڵکی جوتیارو زەحمەتکێشانی دێهات و شارەکان کردووە و کردوویانەتە پیشەی تێکۆشان و سەرچاوەی مانەوەیان. بناغەی بەناو شۆڕشیان (یەکێتی وپارتی) لەسەرچەتەیی وڕاو ڕووت دامەزراوە بۆیە ئیدارەی دەسەڵاتیان هەر گەندەڵی چەتەیی و دزو ڕاو و ڕووتی یە ،هەروەکو دەگوترێت خوی شیری تەرکی ناکەن بەپیری. هەروەکو پشکۆ نەجمەدین لە کتێبی ئەزمون و یاددا دەگێڕێتەوە و دەڵێت (ڕژێمی بەعس پاش ڕاگواستنی گوندەکان و کۆکردنەوەی دانیشتوانەکەی لە ئۆردوگاکاندا بە پارە قەرەبووی موڵکەکانی بۆدەکردنەوە، ئێمە وەکو یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەرچەندە هۆکاری ڕووخانی ماڵ و موڵک وباخ و باخاتی ئەو خەڵکانە بووین، و بووینە هۆکاری سڕینەوەو نەمانی چەندەها دێهاتی کوردستان، بەڵام هێشتاش پاش ئەو کارەساتەش ئێمە نەوەستاین لەسیاسەتی خۆمان، ڕژێم ئەوپارەی وەکو قەرەبوو دەی دایە هاوڵاتیان ئێمە بەزۆر ڕێژەی لەسەدا پێنچی ئەو پارەیەمان لەهاوڵاتیان دەستاند..) هەروەها شەهاب کەریم لەکتێبی مێژووێک لەلولەی تفەنگەوە، دەڵێت (ئاسۆی قومری پێشمەرگەیەکی حیزبی سۆسیالیست بوو لەلایەن یەکێتی یەوە بەدیلی دەگیرێت و زیندانی دەکرێت لەگەڵ هاوڕێیەکی دا، بۆئازادکردنی داوای ١٠٠٠ دیناری عێراقی ئەو سەردەمەی لێ دەکات، کە ئەو پارەیە بۆئەو سەردەمە زۆر بووە، ئاسۆ نامە بۆدایکی دەنێرێت، کە ئەو پارەیە پەیدا بکات، دایکیشی بەسواڵ و سەدەقەی لەخەڵک پارەکەییان بۆدەبات و دەڵێت کوڕەکەم ئازاد بکەن بەرپرسەکانی یەکێتی پێی دەڵێن تۆبگەڕێوە دواتر ئێمە ئاسۆ ئازادی دەکەین، بەڵام ئازادی ناکەن، دواتر ئاسۆ وهاوڕێیەکەی لەزیندان هەڵدێن، پاش ئەوە حیزبی سۆسیالیستی کوردستان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێک دێنەوە ئەوشتانەی ڕوویداوە باس ناکرێن و هیچ هەقێک بۆ خاوەن هەق ناگەڕێتەوە، هەربۆیە ئەم پێشمەرگەیە کەناوی ئاسۆیە دەبێتە بەعسی و دژی پێشمەرگە دەوەستێتەوە. لەمرۆڤە بەتەمەنەکان گوێ بیست بووم و بۆیان گێڕاومەوە کە سەردەمی بەناو شۆڕش کەناسێندرابوو بە شۆڕشی ئەیلول پارتی دیموکراتی کوردستان عێراق بەزۆر پارەی لەخەڵکی لادێکان دەستاند بەناوی یارمەتیدانی شۆڕشەوە. هەروەها چەند کەس و هەروەها باوکم یادی بەخێر بۆی دەگێڕامەوە کە حەسۆی میرخانی کە یەکێک بووە لەبەرپرسەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لەناوچەی بیتوێن بەدیاریکراوی لەشارۆچکەی چوارقوڕنە لەساڵانی بەناو شۆڕشی ئەیلولدا بەزۆر خەڵکی جوتیارو زەحمەتکێشی ناوچەکەی بانگ کردووە بۆ ئەوەی مەڕەکانی بۆ خاوێن بکەنەوە بەو مەرجەش نابێت هیچ مەڕێک بباعێنێت، چونکە ئەو کەسەی دارکاری دەکرد ئەم کارەش بەزۆرەملێ بوو بێ پارە بوو. بەدڵنیایییەوە کەسانی خاوەن ویژدان لەناوحیزبەکاندا مێژوویی ئەنجامدانی تاوان و جۆری تاوانەکانی بەرپرسەکانی سەردەمی شاخیان دەنووسنەوە.. ئەوەش بەرهەمی تێکۆشانی ڕابردوویی ئەو دەسەڵات و سیستەمی کوردایەتی و خێڵایەتی و کۆنەپارێزو چەوسێنەرو دزو گەندەڵ لەکوردستانە، هەربۆیە کە لەسەردەمی ئیستاش خەڵک ڕاپێچی هەژاری وبرسێتی وبێکاری وچەوسانەوە دەکەن. لەکۆتایی مانگی ٧ی ٢٠٢٠ هاوڵاتێکی کوردستان نامەیەک بۆ ڕای گشتی دەنوسێت و دواتر خۆی دەخنکێنت. ئەم هاوڵاتییە خەڵکی شاری هەڵەبجەیە و بەرکەوتەی چەکی کیمایییە وچەندەها ساڵ بەئازارو نەخۆشی گیرۆدەبووە، لەنامەکەی کاوە حمە امین هاتووە بەم جۆرە (کۆتایی من، ژیانێک کە تۆسقاڵی ئارامی تیا نەبێ بۆ چیمە؟ کەمن هەرگیز وەک مرۆڤ نەژیاوم حەقی ژیانێکی شایستەم پێ نەدراوە، بۆیە ژیان بۆ من هیچ مانایەکی نییە، بێجگە لەخەم ژیان هیچ مانایەکی نییە، سەر شۆڕبن یەکێتی وپارتی، تەنیا یەک داخم هەیە کە ڕیسوابوونی ئێوەم نەبینی. کە ڕۆژێک هەر دەهات، بەڵام نازانم کەی لەکۆتاییدا تکاتان لێ ئەکەم ئاگاتان لەمنداڵەکانم بێت با سەرگەردان نەبن. من ئیتر بەرگەی ژیانێک ناگرم جگە لەئازارو خەم وئیش وکار هیچ خۆشیەکی نییە ژیان. خواتان لەگەڵ. لەهەرکۆمەڵگە وڵاتێکی تربووایە ئەم نامەیەو ئەم جۆرە خۆکوژی یە کەخۆی بەدەستی خۆی لەپاش ئازارو نەخۆشی لەدەستی گازی کیمیایی خۆی خنکاندبێت گەورەترین ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بۆ شەرمەزارکردن وڕیسواکردنی ئەوسیستەمە و دەسەڵاتە دەستی پێدەکرد و شەقامەکان دەبوونە مەیدانی جەنگ لەدژی ڕژێم سەرکوتگەرو چەوسێنەردا. لەگەل بیستنی هەواڵی خۆکوژی کاوەدا بەهۆی بێزاری وچەوسانەوە. هەواڵی لێدان و زیندانیکردنی کارمەندانی هاتۆچۆش دەبیستین، کەبەهۆی پێنەدانی موچەکانیانەوە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانیان دەربڕێوە، بەڵام لەبەرامبەر هێزە چەکدارە داپڵوسێنەرەکانی پارێزەری سیستەم و دەسەڵاتی ملهوڕی چەوسێنەرو دز لەپۆلیسی هاتوچۆ دەدەن و بۆ چەندین کاتژمێر زیندانیان دەکەن، بەزۆر ناڕەزایەتییەکانیان سەرکوت دەکەن لەشاری سلێمانی. لەژێر ئەم دەسەڵات و حزبانەی پارێزەری ئەم دەسەڵاتە قازانج پەرستی سەرمایەدا، ڕۆژ نییە هەواڵی خۆکوژی و مەرگی لاوێکی تازە پێگەیشتوی دەرچوی زانکۆ یان بێکاری یاخود کریکار ومامۆستاو پێشمەرگە و فەرمانبەرێکی بێ موچەی بێئومێد لەئیستاو لە داهاتوی نەبیستین، ڕۆژ نییە هەواڵی گیان لەدەستدان و برینداربوونی کرێکارێک نەبیستین. ڕۆژ نییە هەواڵی خنکانی چەند پەنابەرێک لە دەریای ئیجە نەبیستن کەلەدەست سیستەم دەسەڵاتی چەوسێنەری کوردایەتی و خێڵایەتی و بنەماڵەیی دا ڕێگای ئاوارەیی گرتۆتە بەر و ڕۆژ نییە هەواڵی کوشتنی ژنێک نەبیستین کەبەهۆی هەبوونی سونەت ویاسا کۆنەپەرست و دژە ژنەوە ڕەشەکوژ کراوە ودواتر بکوژەکەی ئازادە و پارێزراوە. هەموو ئەمانە بەهۆی خراپی و بۆگەنی ئەوسیستەم و دەسەڵاتەی کوردستانەوەیە. ساڵانە بەهۆی ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکانەوە لەکوردستان بەردەوام خەڵک زیندانی دەکرێت ئازارو ئەشکەنجە دەدرێت. لەشارەکانی کۆیە و ڕانیە وهەڵەبجەو هەولێر و سلێمانی و دهۆک و زاخۆ و سۆران لەساڵانی ڕابردوو هێرش کراوەتە سەر خۆپیشاندان و لێیاندراوە و مامۆستا بەرشەق دراوە و ڕۆژنامەنووسان و هەڵسوڕاوانی سیاسی و ئازادیخوازو یەکسانیخواز ڕفێندراون و بەنادیاری کوژراون وتیرۆرکراون. لەگەڵ ئەم جۆرە سەرکوت و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکاندا دزی وگەندەڵی زۆر زیاتربووە لەسایەی ئەم سیستەم و دەسەڵاتە بۆگەن ودژە ئینسانییە لەکوردستاندا. بەردەوام لێشاوی گەنجانی بێکار زیاتر بووە و هەژاری وبرسێتی ونەخۆشی وبێ خزمەتگوزاری درێژەی هەبووە. پێویستە خەڵکی کوردستان زۆرباش بزانێت، کە ملهوڕی چەتەو مافیاکانی کودستان تاسیستەمیان نەڕووخێت ناوەستێت هەر بۆیە پێویستە ئەرک وکاری ڕۆژانەی هەریەکێک بریتی بێت لەتێکۆشان بۆڕووخانی دەسەڵاتی چەتە و دز و مافیاکانی کوردستان. چارەسەر تەنها تێکۆشانی یەکگرتووانە و هاوبەشی خەڵکی ناڕازی کوردستانە بۆ ڕووخانی ئەو سیستەم و دەسەڵاتە دزو کۆنەخوازو چەوسێنەرە. پێویستە ئەم شەپۆلی گەنجان و بێکاری زانکۆ و پەیمانگاکان و لاوانی کۆمەڵگەی کوردستان بکرێتە شەپۆلی شۆڕش و ڕاپەرین لەدژی ئەو سیستەم و دەسەڵاتە ملهورەی کوردستان، لەئێستادا کەبەهۆی دزی و چەتەیی ئەم بەرپرسانەوە ڕێژەی هەژاری چۆتە خوار هێڵی هەژاری، ئیستا هەروەک دەبینین لەئەنجامی ئەم هەموو تاڵان وبڕۆو دابەشکردنی سامان و بەتاڵان بردنەی بۆ حزب و بنەماڵەکانیان دەسەڵاتەکەیان لەڕوی ئیداری وسیاسی وئابوری وکۆمەڵاتیەوە توشی شکست و بن بەستبوون چووە. ئەم دەسەڵاتە چەتە و مافیایەی کوردستان، ئەرکی گەنجان و لاوانی کوردستان کە ناڕازین لەوجۆرە سیستەم و دەسەڵاتەی کوردستان لەجیاتی خۆ خنکاندن وخۆکوژی پێویستە خۆیان ڕێکخراو بکەن لەبزووتنەوەیەکی جەماوەری سەرتاسەری گشتیدا پێشەنگ و ڕابەربن بۆیەکخستنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لەبزووتنەوەی جەماوەری دا لەجۆری بزووتنەوەیەکی شورایی کە ئیدارەدانی شورایی لەخۆی بگرێت. بەدڵنییایییەوە کەئەم هێزە گەورەیەی بێکاران و کرێکاران و خەڵکی ناڕازی کوردستان ببێتە یەک هێزی یەکگرتوو لەتێکۆشانێکی هاوبەشدا ڕێکبخرێت بەئاسانی دەتوانێت خودی خەڵکی ناڕازی کوردستان ئەم ڕژێمە سەرکوتگەرە ژێرەو ژوور بکات و لەجێگەی دا حکومەتێکی شورایی کەڕاستەوخۆ خەڵکی کوردستان لەئیدارەدان وچاودێریکردنی سەرجەم بەشەکانی کارگێڕی و ئیداری و دیبلۆماسیدا بەبێ هیچ سانسۆرێک تێیدا بەشداربێت مسۆگەربکات.

Leave A Reply

Your email address will not be published.