لە یادی٥٣ ساڵەی ئیعدامی (چی گڤارا)دا

0

لە یادی٥٣ ساڵەی ئیعدامی (چی گڤارا)دا

سەردار عەبدوڵا

دەوڵەتی کۆنەپەرستی بۆلیڤیا لە بەرواری ٩ ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٧ چیگڤارای بە دیل کراوی ئیعدام کرد. ئەم تاوانە تا هەتایە وەک پەڵەیەکی ڕەش دەمێنێتەوە لە مێژووی ئەم دەوڵەتە سەرمایەداریەدا. چیگڤارا یا وەک لای خۆمان پێی دەووترێ جیڤارا لە ڕووی کۆمەڵایەتی وسیاسییەوە سەر بە کام دەزگای فیکری بوو؟ چەپ بوو یا کۆمۆنیست بوو؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە باشترە سەرەتا شتێک لەسەر ئەم دوو وشەیە.. بڵێین، جیاوازیەکە تەنها لە دەربڕینی دوو ووشەی چەپ و کۆمۆنیست دا نییە، بەڵکو جیاوازیەکە لە ناوەرۆکدایە دەکرێ تۆ چەپ بیت بەڵام کۆمۆنیست نەبیت، دەکرێ کۆمۆنیست بیت و چەپیش بیت (چەپی کرێکاری) . بۆرژوازی و ووردە بورژوازی دەتوانن چەپ بن و لە مەوقعیەتی چینەکەی خۆشیادا بمێننەوە، بەڵام ئەگەر بوونە کۆمۆنیست ناتوانن هەر لەوێدا بمێننەوە، بەڵکو دائەخزێن بۆ ناو پرۆلیتاریا. ئەم… جۆرە چەپەی بۆرژوا یا ووردە بۆرژوازیە لەمێژوودا هەر لە سەرەتای سیستەمی سەرمایەداریدا بوونیان هەبووە و بەشێوەی جیاواز دەرکەووتون دژایەتی کۆمۆنیزمیشیان کردووە لە واقیعدا کاریان بۆ مانەوەی سەرمایەداری کردووە . ئامانجی ئەم چەپە لە پراکتیکدا سۆشیالیزم نییە لە باشترین حالەتدا سەرمایەداری دەوڵەتییە، یا جۆرێک لە سۆشیالیزم کە لە واقعدا بەدی نایەت و هەر لە وەهمدا دەمێنێتەوە بەکارهێنانی پرولیتاریا و چینە هەژارەکان لە لایەن ئەم چەپەوە هەر بۆ ئەم ئامانجە بووە، چەپێک لە جیهانی بەناو سێهەم هەبوو تائێستاش پاشماوەکانی ماوە، خەڵک گەرایە یا پۆپۆلیستە و ئەنتی ئەمپریالیستە، باس لە سۆشیالیزم دەکا ئەو پشت بەستووە بە ڕۆشنبیرو جوتیار، جەنگی چەکدارانە و پارتیزانی بە خەباتی سەرەکی خۆی دەزانێ و ئامانجیشی سۆشیالیزمێکی نازانستیە بۆیە سۆشیالیزمەکەی یا خەیاڵی دەبێت و بەدی نایەت یا سەرمایەداری دەوڵەتی لە ڕێگای کەرتی گشتیەوە بەدی دێنێت، وەک چین و کوباو ڤیەتنام وکوریای باکور، .هێزی سەرەکی ئەم بەشە لە چەپ پرۆلیتاریا نیە یابڵێم چینی کرێکار نیە ، نایەوێ ئەم چینە وەک داینامۆی شۆڕشی سۆشیالیستی هەلخڕێنێ ور ناتوانێ سەر بەم مەیلەی ناو چینی کرێکار بێت. جیڤارا سەر بەم جۆرە لە چەپ بوو هەربۆیە لەهیچکام لەو وڵاتانەی ئەو تێدا جەنگی سۆشیالیزم دانەمەزراوە بنەمای کاری و بڕبڕە پشتی ئەو جوتیار بوو نەک چینی کرێکار، چینی کرێکار لە ڕێگای شەڕی پارتیزانی و تیرۆرکردنی پیاوانی دەوڵەت و ئەفسەر و سەربازی دەوڵەتەوە بە سۆشیالیزم ناگا، چینی کرێکار لە ڕێگای شۆڕشی کۆمەڵایەتیەوە بە مانگرتن و ڕاگرتنی چەرخی ئابوری سەرمایەو خۆپیشاندانی بە کۆمەڵ و سەرتاسەری و رێکخراو و بەکاری هەرەوەزی ودەست بەسەراگرتنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و لە کاتی پێویستیشدا بە پەلاماری چەکدارانە دەتوانێ کۆتایی بە دەسەڵاتی سەرمایە بێنێت و دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری خۆی دامەزرێنێت و سۆشیالیزم دامەزرێنێ و پەل بهاوێ بۆ جیهانیش، بەڵام جیڤارا بۆ ئەمە خەباتی نەکرد، هەربۆیە نە لە کوبا و نە لە هیچ یەکێ لەو دەوڵەتانەی ئەو تێدا تێکۆشاو ژیانی خۆشی لەسەردانا ئەم ئامانجە نەهاتە دی. لەگەڵ ئەمانەشدا جیڤارا چەپ و ئینسان دۆست بوو هەر ئەمەش بوو بووە هۆی ئەوەی ژیانی خۆی لە پێناو ئینسان دۆستیدا بەخت بکا. ئینسان دۆستی و ئازادیخوازی ڕێگا نین بۆ گەیشتن بە سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم. دەکرێ ئینسان دۆست و ئازادیخواز بیت بەڵام ئامانجت سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم نەبێت تەنانەت ڕێگریش بیت لە بەردەم گەیشتن پێیان. کاتێ ژنێکی کاثۆلیک یا مەسیحی دەچێتە ئەفریقا خواردن و دەرمان بۆ مناڵانی برسی و هەژار دەبا ئەو مناڵانە لە باوەش دەگرێ و ماچیان ئەکا ئەمە کارێکی ئینسانی دەکا، بەڵام ئەگەر پێی بڵێی ڕێگای ڕزگاری ئەم مناڵە برسیانە رووخاندنی سەرمایەداریە و بە دیهێنانی سۆشیالیزمە ڕەنگە بکەوێتە سەنگەری دژایەتیتەوە وە پێت بڵی نەخێر هەر سەرمایەداری باشە، بەڵام دەبێ بە بەزەیی بێت بەشی هەژارانیش بدات، زۆر کەس و ڕەوت هەن بەمجۆرە بیر دەکەنەوە سۆشیالیزمەکەی ئەم کەس وڕەوتانە لەمە زیاتر نییە واتە دەسەڵاتێکی سەرمایەداری بە بەزەیی و دۆستی هەژارانی دەوێ. چیڤاریزم ڕەوتێکی پۆپۆلیستی چریکی و فیدائیە و خەڵک گەراو ئەنتی ئەمپریالیستیە نەک ئەوەی ڕەوتێکی کۆمۆنیستی و کرێکاری بێ، ڕەوتێکی چەپییە و کۆمۆنیستی نییە بە هەموو پێوانەکانی کۆمۆنیست بوون کە لە مانیفیستەکەی مارکس و ئەنگلس و یا بەلشەفیزمەکەی لینیندا پێناسە کراوە، چیڤارا زانی ناتوانێ کۆمەڵگا لە چنگی سەرمایەداری دەربێنێ و سۆشیالیزم دامەزرێنێ وە ئەم جۆرە چەپە دەمێکە لای خۆمان خۆری ئاوابووە و بە بن بەست گەیشتووە و نەیتوانێ درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی بدات. ناوی چیڤارا و ئەوانەی وەک ئەو گیانیان بەختکرد لە پێناو ئینسان دۆستیدا هەر دەمێنێتەوە و لە بیر ناکرێن.

سەردار عەبدوڵا حەمە

٢٠٢٠/١٠/١١

Leave A Reply

Your email address will not be published.