١٦ ئۆکتۆبەر ئەڵقەیەک لە نۆکەر پیشەیی!

0

١٦ ئۆکتۆبەر ئەڵقەیەک لە نۆکەر پیشەیی!

عەبدوڵا مەحمود

 لە ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، باڵێکی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، باڵی میراتگری تاڵەبانی، دەستیان خستە ناو دەستی سوپاو حەشدی شەعبی و قاسم سلێمانی، بۆ هێرشی چەکداری بۆسەر شاری کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان. لەم کردەوە نۆکەرپیشەیەدا، ژمارەیەکی زۆر لەخەڵکی ئەو ناوچانە ئاوارەبوون، ژمارەیەکی زۆر لە خەلکی بێتاوان  کوژران و برینداربوون و خەڵکیكی زۆر ماڵ وێران کران و بەدەیان پێشمەرگە ژێر دەبابە خران و کوژران، سەرئەنجامیش شاری کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان لەدەست حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی دەرهێنراو کەوتەوە دەستی دەسەڵاتی ڕەشی ناوەند. هاوسەنگی هێز لەنیوان بزوتنەوەی کوردایەتی لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی قەومی عێراق بە سودی دەسەڵاتی بەغدا ئاڵوگۆری بەسەدا هات و برگەیەکی نوێ لە لە ململانێی نێوان بەغداو هەولێر دەستی پێکرد.

یەکگرتنەوەی بەرژەوەندی دەسەڵاتی عروبەی قەومی و ئیسلامی شیعی، لەگەڵ باڵی میراتگری مەرحوم!! تاڵەبانی، لەدرێژەی وەستانەوە بەدژی پرسی ریفراندۆمی خەڵکی کوردستاندا بوو. پرسی ریفراندۆمی خەڵکی کوردستان کە پارتی نەک هەرخۆی پێوە گرێدابوو، بەڵکو ببووە ئاڵاهەڵگری، یەکێتی نیشتیمانی کردبووە حزبێکی گوێ رادێر، زەلیل و بێ پرۆژە، بەتایبەتیش دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سەرەکی و سەربازی لەدژی داعش. باڵی تاڵەبانی کە لەدوای تاڵەبانییەوە خۆیان بەمیراتگر و خاوەنی یەکێتی نیشتیمانی دەزانی، ویستیان لە رێگای خۆبەستنەوە بە بەغدا و درێژەدان بە دژایەتی ریفراندۆمەوە، لەلایەکەوە گورز لە باڵە نەیارەکانی ناو تەلاری رێکخراوەیی یەکێتی نیشتیمانی بدەن و لەلایەکی تریشەوە تۆڵەی کردەوەی نۆکەر پیشەیی ٣١ ئاب لەپارتی بکەنەوە. هاوکات لەگەڵ ئەوانەدا وەستانەوە بەرووی ریفراندۆمدا، هەوڵی باڵی خۆ بەخاوەنزانینی یەکێتی بوو، بۆ خۆجوتکردن لەگەڵ سیاسەت و پلانی وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە لەوانە عیراق، ئیران، تورکیا بەدژی ریفراندۆم و ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستاندا.

١٦ ئۆکتۆبەر… زۆر شتی گۆڕی ئاکامی ریفراندۆم نەبێت. دژایەتی کردنی ئەنجامدانی ریفراندۆم نەیتوانی پرسی راپرسی رابگڕیت و نەیشی توانی خەڵکی کوردستان لەبەشداری فراوان لە ریفراندۆمدا، پاشگەز یان سارد بکاتەوە. ریفراندۆم ئاکامیكی سەرکەوتوانەی بەدەست هێناو لەپێش هەموو شتیکیشەوە ئەو ڕاستیەی جێگیر کردەوە، کە خەڵکی کوردستان خوازیاری سەربەخۆیی و دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیەتی و ئەم ویستەشی بە کردەوە لە بەشداری لە ریفراندۆمدا بەرجەستە کرد. لەو نێوەشدا پارتی کە بۆ مەبەستی تر ببووە ئاڵاهەڵگری ریفراندۆم، و خۆی بەستەوە بە پرسێکی هەستیاری سیاسی و حقوقی میژووی و ئاڵۆزی کیشەی خەڵکی کوردستانەوە سەرمایەکی گەورەی سیاسی بۆخۆی پاشەکەوت کرد و پارسەنگی هێزی لە گۆرەپانی سیاسی کوردستاندا، بەسودی خۆی ئاڵوگۆڕ بەسەردا هێناو پاشەکشەی بە پێگەو جێگاو ڕیگای هەموو حزبەسیاسیەکانی تری ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد، کرد. ئەم ئاڵوگۆرە لە پێگەی پارتی بە زیانی یەکێتی و هەموو حزب و لایەنەکانی تر، باڵی خۆبەخاوەنزانینی یەکێتی و توندڕەوی ناو یەکێتی لەخەوێکی قوڵ و شکستێکی گەورە بێدار کردەوە، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شکستە ئەم باڵە ویستی بەخۆ بەستنەوە بە دەسەڵات بەغداو نیشاندانەوەی عادەت پیشەیی بۆ ئیران و تورکیا، بەشداری لە هێرش بۆسەر ناوچە کیشەلەسەرەکانی کوردستاندا، هەم پارتی توشی شکست بکات و هەم ئاڵای وەستانەوە بەدژی پارتی و سیاسەتەکانی و دارشتنی نەخشەی ململانێی ئایندە لەگەڵ پارتیدا، بەدەستەوە بگرێت، بەڵام ئەمە بەنرخی رووبەرووبوونەوە لەگەڵ ریفراندۆم و ئیرادەی سیاسی خەڵکی کورستاندا بووە هۆی ئەوە باجەکەش هەر ئەو باڵە نۆکەر پیشەییە بیدات. ناوچە کێشە لەسەرەکان و کەرکوک و کە ناوچەو پیگەی جەماوەری یەکێتی” قودسی کوردستان”ی تاڵەبانی مەرحوم  بوو!!” نەک بۆ کاتێکی کورت کە سەرانی پیشلەشکری یەکێتی کاتی هێرشەکە رایانگەیاند، بەڵکو بە تەواوەتی لە دەست یەکێتی، دەرهێناو بوای وینەگرتنی سێلفیش بۆ ئاراس تاڵەبانیەکانی بنەماڵەی تاڵەبانی لەو ناوچانە نەما.

١٦ ئۆکتۆبەر، نەبوو بەخێر بەرەکەت بۆ باڵی نۆکەر پیشەیی یەکێتی، و ئاکامی ریفراندۆمیشی پێ زیندەبەچاڵ نەکرا. پارتیش وەکو هێزێکی سەرەکی لەگەڵ ئەوەدا پێگەو قەڵەمرەویەکەی گورزێکی کاتی بەرکەوت، و بەشێک لەدەسەڵاتەکانی لە پرسی حکومەتداریدا لێسەندرایەوە، بەڵام لەسەر سەرمایەی سیاسی کە بەخۆبەستنەوە بە ریفراندۆم و پرسی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بەدەستی هێنابوو، لەچاو یەکیتی و باڵی خۆشخزمەتچی یەکێتیدا، توانی باڵانس و پێگەی سیاسی خۆی لە کوردستاندا بەدەست بهێنیتەوە و دووبارە بریاردان لەسەر پرسە سیاسیە چارەنووسازەکان، چ لە ئاستی عیراق و کوردستان و ناوچەکەدا، بەدەستەوە بگرێت و لەسەر ئاستی کایەی دیموکراسی بۆرژوایی و هەڵبژاردن!! …تاد… براوە بێت.

ئێستا کە سێ ساڵ بەسەر پرسی ریفراندۆم و کردەوەی نۆکەرپیشەیی باڵی میراتگری تاڵەبانی تێپەر دەبێت… یەکێتی لەهەموو بارێکەوە چۆتە دواوە. پارتیش لە هێرشی بەردەوامی سیاسی و جێ قایمکردنی زۆتری خۆیدایەو هەنگاوەکانیشی بۆ بە‌هێزکردنی پێگەی خۆی لە زۆنی سەوزو نیلیدا دەستپێکردووە. پارتی بەو جێگاو رێگا تازەیەوە کە بەدەستی هێنا، نەک دەستی حزبە سیاسیەکانی تری لە ئاستی هەرێم و ژێر سایەی خۆیدا کورت کردۆتەوە یان کردونی بە پاشکۆی سیاسەتەکانی خۆی، بەڵکو ئێستا ڕێگری لە سیاسەت و پرۆژەو نەخشەکانی یەکێتی لە زۆنی سەوزو پێگەی جەماوەری یەکێتیشدا دەکات. وە هەموو جومگە گرنگ و بڕیاردەرە گرنگە سیاسی و چارەنووسازەکانی لەدەست خۆیدا مۆڵ کردووە.

هەموو ئەم واقعیەتانە، شکستی یەکیتی بەگشتی و باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی بەتایبەتی بەیان دەکات، لەوەش واوەتر مایەپوچ بوونی نەخشەی نۆکەر پیشەیەکەی یەکێتی بۆ عێراق و ئیران نیشاندا. ئەگەر پارتی لەنۆکەر پیشەیی خۆی لە ٣١ ئابدا، توانی باڵانسی هێزو قەڵەمرەوی سیاسی خۆی لەبەرامبەر یەکێتیدا دابسەپینیت و بیکاتە ئەمری واقعی کوردستان و یەکێتی و هێزەکانی تریش ناچار بکات، ئەو تاڵاوە بچیژن. ئەوا یەکێتی بەهۆی ١٦ ئابەوە، بووە قوربانییە سەرەکیەکە و دۆڕاو لە گەمە و پیشبرکێی و کرێگرتەیەدا.

خەڵكی کوردستان، دوای سێ ساڵ بەسەر کردەوەی عادەت پیشەیی یەکێتی” باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی” بۆ سوپای عێراق و سلێمانی قاسمیانی و ئیران و بەهێزبوونی پێگەی پارتی، ئێستا دوو راستی ئەزموونکراویان لەبەردەستە کە دەشێ ببێتە سەرمایەی سیاسی بۆ داهاتوویان. یەکەمیان: چ پارتی و چ یەکێتی بۆ راگرتنی باڵانسی نێوانیان و جەنگی باڵادەستی لە کوردستاندا، سڵ لە هیچ کرێگرتەیی و نۆکەرایەتیەک ناکەنەوە، دەیان جاری تریش ئامادەن، ئەو رێگا شەرماوەرە بگرنە بەر. دووەم: گەرانەوەی پارتی بۆ بەغداو پشتکردنە ئاکامی ریفراندۆم، دیسان ئەوەی نیشاندا کە پارتی ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی و وڵاتێکی سەربەخۆ بەدەستەوە نەگرت، بەڵکو بۆ ئەوەی بوو لەلایەکەوە کێشەی کورد بە ریفراندۆمەوە بکاتە کارتی سات و سەودای داهاتوو لەگەڵ بەغداو وڵاتانی ناوچەکەو لەلایەکی تریشەوە شکاندنی زۆرتری یەکێتی و پاشەکشەپێکردنی و تەسلیم کردنی هێزەکانی تری بۆرژوازی کوردیش بە دەسەڵات و حکومدارییە کۆنەپەرست و سەرکوتگەریەکەی.

ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان ڕووبەڕووە لەگەڵ دەسەڵاتێکی پارێزەری سەرمایە، کەزوربەی لایەنە سیاسیە بۆرژوازییەکانی لەناو کابینەی نۆهەمدا کۆکردۆتەوە، و درۆی ئۆپۆزیسیۆنیشی خستۆتە روو کە پێشتر بانگەشەی شەفافیەت، و چاکسازی و گۆرانکاریان دەکرد. ئێستا هەموو ئەو هێزانە، لەگەڵ پارتی خاوەنی لە ٣١ ئاب و ١٦ ئۆکتۆبەردا، دەستیان لەناودەستی یەکترەو بەخۆبەستنەوەشیان بە وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و چاو برینە بەغدا، پەیامی دریژەدان بە ٣١ ئابەکان و ١٦ ئۆکتۆبەرەکان، رادەگەیەنن.

ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.