ناڕەزایەتییەکان بەرەو قۆناغێکی تر

0

مستەفا باهیر:

لە درێژەی ناڕەزایەتییەکاندا، ڕۆژی ٩ی  دیسەمبەر مامۆستایانی ناڕازی لە بەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوادا

گردبوونەوەیەکیان ڕێکخست. بڕیاربوو پاش گردبوونەوەکە مامۆستایان بچنە بەردەم نووسینگەی نوێنەرایەتی پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی پشتگیری لەو پەرلەمانتارانەی کە پڕۆژەیەکەیان پێشکەشی پەرلەمانی عێراق کردبوو. پڕۆژەکە بریتییە لە دانی نەوتی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی عێراق لە بەرانبەردا ئەویش ١٧٪ی بودجەی هەرێمی کوردستان بدات. بەشێک لە مامۆستایان پێیان وابوو، کە ئەم ڕێگەچارەیە گونجاوە بۆ بەدەستهێنانی مووچەکانیان.

هەڵبەت ئەوە پێویستی بە لێکدانەوە نییە، کە لە بەرانبەر کارکردندا پێویستە مووچەی تەواو و لە کاتی خۆیدا بێ کەموکوڕی بدرێت. ئەمە مافێکی زۆر ڕۆشن و سەرەتاییە. جێی داخە، کە لە کوردستان بۆ ئەم خواستە سادەیە پیویستی بە خەبات و تێکۆشانە.

کاتێک بە مەبەستی بەشداری گەشتمە بەردەم پەروەردە، دووبارە هیزێکی یەکجار زۆری چەکدار لە جێگەی خۆپیشاندانەکە بڵاوەیان پێکرابوو. سەبارەت بە چوون بۆ بەردەم نووسینگەی پەرلەمانی عێراق کەوتمە گفتوگۆ لەگەڵ بەشێک لە هەڵسوڕاوان و ڕێکخەرانی گردبوونەوەکە و بە باشم نەزانی و تێڕوانینی خۆمم سەبارەت بەو پڕۆژەیە باس کرد. پاش ئەوەی دەسەڵاتداران ترسی ئەوەیان هەبوو، کە ئەم بایکۆت و خۆپیشاندانانە لەدەستیان دەرچێت، بۆیە چەندەها ڕێگایان گرتەبەر، وەک ڕێگەی دەربڕینی هاوسۆزی، بەڵێنیدانی بێ بنەما، گواستنەوەی بەشێک لە کارمەندانی باجەکان بۆ جێی تر و سووتانی ئۆتۆمبێلی هەڵسوڕاوان و دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە هەلسوراون، بەتایبەتی لە خۆپیشاندانی ڕۆژی ١ی دیسەمبەر هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بەشێک لە هەڵسوڕاوانی مامۆستایان…هتد. بە گرتەنە بەری ئەم ڕێگایانە ناڕەزایەتی مامۆستایان نەک دانەمرکایەوە، بەڵکو پتەوتر بوو. پەنابردن بۆ حکومەتی عێراق و دروستکردنی ئومێدی چاوەڕوانی لە هەمان چوارچێوەی هەوڵە چەوەشەکارییەکانی دەسەڵاتدارانە و تەنها ئامانج لێی کۆتایی هێنانە بە خۆپیشاندان و هەڵبڕینی دەنگی ناڕازی و بایکۆت، نەک چارەسەرێک بۆ گرفتی بێ مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران.

ئەم پڕۆژەی پەرلەمانتارانەش پێش جێبەجێکردنی شکستەکی دیارە. چونکە حکومەتی هەرێم لەسەر هاوردەی نەوت گرێبەستی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی بیانیدا ئەنجام داوە و لە بەرانبەردا سوودیان لێوەرگرتووە و ڕۆشنە کە دەستبەرداربوون لەو گرێبەستانە هەروا بە ئاسانی و بێ کێشە نابێت، ئەگەر هەر ڕووبدات. هەروەها ئەو بڕە بودجەیەی حکومەتی عێراق بەڵێنی ناردنی داوە، تەنها بەشی نیوەی مووچەخۆران دەکات، دەبێت نیوەکەی تری چی بکەن؟ بۆیە ئەم پڕۆژەیە تەنها لەو چوارچێوەیەدا هەوڵی دەسەڵات بۆ کۆتایی هێنان بە بایکۆت و ناڕەزایەتی جێگەی دەبێتەوە.

جیاوازییەکی سەرەکی خۆپیشاندانی ٩ی دیسەمبەر بە بەراورد لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی پێشوودا ئەوەبوو، کە ئەم جارە چەندین دروشمی نوێ و سەرنج ڕاکیش دەوترانەوە و ڕووی لە تەواوی حزبەکانی پەرلەمان بوو. لە خۆپیشاندانەکانی پێشوودا زۆرێک لە دروشمەکان تەنها ڕووی لە دەسەڵاتدارانی پارتی بوو. بەڵام ئەم جارەیان بەشێک لە دروشمەکان بریتی بوون لە: “هەر پێنچ حزبەکەی پەرلەمان، کوردستانیان فەوتان!”، “بە یەکێتی و بە گۆڕان سلێمانیان دۆڕاند”، “نە مسعود نە عەبادی – نان، شکۆ، ئازادی!”، “مووچە لە بەغدا نییە، لای یەکێتی و پارتییە”. ئەم دروشمانە لەگەڵ ئەوانەی پێشوودا جیاوازیان زۆربوو.

بە دروست خۆپیشاندەران لە ڕێی دروشم و قسەکانیانەوە ئەو ڕاستییەیان بەیانکرد، کە بەرپرسی سەرەکی لە دۆخی ئێستا دەسەڵاتدارانی کوردستانە بە هەموو حزباکەنیانەوە. تا دێت ئەو ڕاستییە ڕۆشنتر دەبێتەوە، کە پێنچ حزبە سەرەکییەکەی پەرلەمان لە خەمی چارەسەری گرفتەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکیدا نیین. هەوڵ و کۆششی ئەوان بۆ کۆتایی هێنانە بە ناڕەزایەتییەکان بە هەر قیمەتێک بێت. هەریەک لە ڕێگەچارە سەیروسەمەرەکان زیاتر مایەی خۆلادانە لە چارەسەری ئەم دۆخەی تووشی مامۆستایان وفەرمانبەرانیان کردووە، تا خەمخواردنی کارەساتێک، کە مووچەخۆرانی کوردستان بە ناحەق سەپاوە بە سەریاندا.

خۆدزینەوەی پێنچ لایەنەکە لە بەرپرسیارێتی وەڵامی گونجاوی وەرگرتەوە لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە، بەڵام ڕەنگە هیشتا پڕۆژەی پەرلەمانتاران لای هەندێک مایەی ئومێد بێت. هەڵبەت ئەوە لە بەرچاو دەگرم، کە بارودۆخێکی دژوار، کە بۆ مووچەخۆرانیان خوڵقاندوە، هەر سیگناڵێک بۆ دەربازبوون لێی، ڕەنگە ببێتە هیوا پەیداکردن بە ڕزگاربوون لەم دۆخە. بەڵام بە وروژاندنی چەند پرسیارێکی سادە و خوێندنەوەی پەیام و خواستی دەسەڵاتداران بەو ئەنجامە دەگەین، کە کاتی پێویستیان لە بەردەستدا بووە بۆ گرتنە بەر هەر جۆرە ڕێگەچارەیەک، بەڵام نەیان کردووە، تەنها هەوڵیان کڕینی کات و گواستنەوەی ستنووی ناڕەزایەتییەکان بووە بۆ جێگەیەکی تر و دوورکەوتنەوە لە خۆیان. تەنانەت دەستیان لە سەرکوت و دەستگیرکردن و بەکارهێنانی هێزی چەکداریش نەپاراستووە بۆ خامۆشکردنی ناڕەزایەتییەکان.

لە ئێستادا ناڕەزایەتییەکان خەریکە پێ دەنێتە قۆناغێکی ترەوە. تا دێت بەرپرسانی ڕاستەقینە و ماهیەتیان ئاشکراتر دەبێت. پێویستە مامۆستایان بە ڕیزی سەربەخۆی خۆیان و ورەی بەرزیان و بە پشتیوانی باقی توێژەکانی تر ڕێگە نەدەن بە خۆدزینەوەی بەرپرسانی ڕاستەقینە و پلانی چەواشەکارانە و بە دەربڕینی ناڕەزایەتی هەمەلایەنە و ڕێکخرابوون بتوانن بە دەستکەوتی گەورە لەم ململانێیەدا بێنە دەرەوە. بتوانن دروشمی “نە مەسعود و نە عەبادی – نان، شکۆ، ئازادی!” بە کردەوە بە ئەنجام بگەێنن و وەک نمونەیەکی سەرکەوتوو بخرێتە بەردەم مامۆستایان و چین و توێژینەوەکانی تری ناڕازی لە شار و شارۆچکەکانی تری کوردستان بۆ سوود وەرگرتن لێی. ئەمە ڕێگەی دروستە، نەک گەڕانەوە و ئومێدبەستن بە حکومەتی عێراق.

13-12-2016

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.