بزوتنەوەی کوردایەتی و تاوان لە زمانی خۆیانەوە!

0

بزوتنەوەی کوردایەتی و تاوان لە زمانی خۆیانەوە!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

مەلا بەختیار، بەبڵاوکردنەوەی کتێبەکەی بەناوی “لە بری بیرەوەری” گۆمی مەنگ و لیخنی بزوتنەوەی کوردایەتی و کاراکتەرەکانی شڵەقاند. جارێکی تر ئەو راستیەی دوبارە کردووە، کە بزوتنەوەی کوردایەتی و وەکو بزوتنەوەیەکی بۆرژوازی و کۆنەپەرستانە، کۆپی هەمان ئەو بزوتنەوە کۆنەپەرست و فاشیستانەیە کە رەنگڕێژی میژووی رەشی گەلێك کۆمەڵگەو وڵاتیان کردووە بوونەتە پەڵەی رەشی ناو میژووی مرۆڤایەتیش. دیارە مەلا بەختیار خۆیشی کاراکتەرێکی ناو ئەو بزوتنەوەیەو حزبی ئەو جوڵانەوە کۆنەپەرستە دژە ئازادییە.

هەر حزب و بزوتنەوەیەکی سیاسی، رزگاری ئینسان یان چارەسەری پرسێکی پەیوەندیداری گرنگ و چارەنووساز، بە ئینسان و کۆمەڵگەکەی خۆیەوە مەبنای نەبێت، بانگەواز و پەیامە گشتیەکەی لە روکەشدا هەر شتێک بێت، سەرئەنجام دەبێت بەحزب و رێکخراوەی ناکوک بە ویست و داخوازی کۆمەڵگەو پرسە بناغەیەکانی، دەبێتە بزوتنەوەو حزبی ناکۆک بە ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی ئینسان. دەبێتە ماشێنی تەسفیەو سرینەوەی نەیارانی ناوخۆیی و دەرەوەی باڵەخانەی حزبەکەی، دەبێتە ئوستازی پاساو هێنانەوە بۆ سەرکوت و کوشتار و دۆسیە سازکردن…

بزوتنەوەی کوردایەتی وەکو بزوتنەوەیەکی بۆرژوازی، لەگەڵ ئەوەدا بە خۆبەستنەوە و خۆ هەڵواسینی بە پرس و زوڵمی نەتەوایەتی خەڵکی کوردستانەوە، هاتۆتە مەیدان و پێی گرتووە، بەڵام لە بنەرەتدا چارەسەری مەسەلەی کورد و وەڵامدانەوە بە زوڵمی نەتەوایەتی، مەبنای نەبووە و لەوەش زیاتر خۆی بۆتە کۆسپێکی بەردەم ئەو پرسەو قوڵکردنەوەو ئاڵۆزکردنی…

خولانەوەی لە دەوری “مفاوەزات، شەر، مفاوەزات”، بۆ بەشداری لەدەسەڵاتی ناوەندیدا، مەبنای یاخی بوون و وەرێخستنی جوڵانەوەی سیاسی و چەکداریی بزوتنەوەی کوردایەتی بووە. بەشداربوون لە دەسەڵاتە دیکتاتۆری و هاوبەشی کردن لەگەڵ جەلادەکانی خەڵکی کوردستاندا، مەبنا و پەیامی روون راگەیەنراو و بە کردەوەی حزبەکانی بووە، بۆیە هیچ لەوە سانا تر نییە، خۆیان ببنە کۆپی و مۆدیلی دوبارەی هەمان ئەو دەسەلاتە بکوژ و ببڕانەی، میژوویان و کارنامەیان خوێناوی و سەرکوت و تەسفیەکردنی نەیارەکانیان، بێت. بزوتنەوەیەک خوازیار و پەرۆش و ستراتیجی ئەوە بێت، ببێتە بەشیک و لایەنیک لە دەسەڵاتی بەعس و گوێڕایەلی سەدام حسێنی دیکتاتۆر، هیچی لێ چاوەڕوان ناکرێت، ئەوە نەبێت ببیتە کۆپی بچوکراوەی ئەو دەسەڵات و جەلادەو کارنامەکەی.

کارنامەو میژووی بزوتنەوەی کوردایەتی لەچوارچیوەی ئەم ئامانجەی ناسیونالیستی کوردا، لێوان لێو و سەررێژە، لە تاوانکاری و داهینانی کردن لە تاواندا… تاوان دەر‌ەق بە نەیارانی سیاسیان، دەرحەق بە کادر و هاوڕێ ناکۆکەکانیان لەناو یەک حزبدا، دەر‌هەق بەسەرەتایترین ئازادییەکان، دەرهەق بە بیرورای جیاواز و ئازادی چاپەمەنی، دەرهەق بە “نا” وتن، بەسەرۆک و پیرۆزی بنەماڵە…

رەهەندی ناسیونالیستی، نازیزم، فاشیزم، راسیزم، ستالینیزم، بەعسیزم… ی لەخۆی هێناوەتە دەرەوە و میژووی تەژی لە تاوانی وا قێزەون کردۆتەوە، کە بۆ مرۆڤایەتی بیرچوونەوە هەڵنەگرە.

ئەم بزوتنەوەیە لەهەر جیگا و لەهەر کۆمەڵگەیەکدا بێت، ڕەگەکانی ئەم رەوتە ئینسانکوژانە پایە بنەرەتیەکانی پێکدەهێنن.

ئێوە تەماشا بکەن… بزوتنەوەی کوردایەتی خاوەنی چ کارنامەیەکی رەش و خوێن رێژییە… لەجەنگی دەسەڵات و هەیمەنەو قەڵەمرەوی سیاسی، چۆن بەسەدان و هەزاران ئینسانی کردۆتە قەرەبروت، کەبەشێکی وەکو پێشەکی دراوە بەبەعس لە پیناو مفاوەزاتدا. یان دراوە بە ئێران بۆ پشتیوانی بەدەستهێنان. یان وەکو بەخشیش خوێنی سەدان ئینسانی ئۆپۆزیسیۆن رژێمی تورکیایان رادەستی میراتگرانی ئەتاتۆرک و ئیخوانییە ئەدۆغانیەکان کردووە. بە سەدان ئینسانی سەرنگوم و تیرۆر کردووە، یان لە پشتەوە و لە پلانی نەخشە بۆ دارێژروادا نەیارانی خۆیان و تەنانەت هاوڕیی گیان بەگیانی پێشووی خۆیان داوەتە بەر دەستڕێژ. بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیان و سڕینەوەی ئاسەواری تاوانەکانیان خەڵکیان تیرۆر کردووە، وریای مام وەهاب و بەکر عەلی لە نموونەکانی ئەم تیرۆرانەن… هیچ حزبێکی سیاسی لە خانەوادەی بۆرژوازی کورد لە هیچ بەشێکی کوردستاندا نادۆزینەوە کە کەمترین دەسەڵاتی بووبێت و دەستی لە تاوان و تاوانکاری و سەرکوتگەری پاراستبێ چ لەڕیزەکانی خۆیدا و چ لەبەرامبەر نەیارە سیاسیەکانیدا. هیچ حزبێک و ڕیکخراوەیەکیان نییە، دەستی بۆ چەک و کوشتار و تیرۆر و پیلانگێران نەبردبێ؟ کام حزبی بۆرژوازی کورد هەیە، لەشەری دەسەڵات و داسەپاندنی هەژموندا، دەستی رژێمە درندەکانی نەگرتبێ و خۆشخزمەتی بۆ نەکردبن… ئەگەر یەکێتی و پارتی لە شەری دەسەڵاتی ناوخۆدا چەکی کیمیایی و وێرانکارییان هەبوویە کێ گومانی دەکرد کە بۆ سڕینەوەی یەکتری دەستی بۆ نەبەن؟ کام حزبی سیاسی لەم خانەوادەیەدا هەیە… لەبەرامبەر بەداوای خەڵک و هاوڵاتیان و مخالیفینی خۆیدا دەستی بۆ زەبروزەنگ، تیرۆری کەسایەتی و تیرۆری جەستەیی و ناو ناتۆرە دروستکردن نەبردبێ. کامیان هەیە کارنامەی تیرۆر نەبووبێتە پەڵەیەک بە میژووی بوون و هەڵسوڕانیەوە.

 تیرۆری د.شوان و پاشان سەعید ئاڵچی، تیرۆری ئیبرایم عەزۆ و عەلی عەسکەری و هاوەڵەکانیان… کەبە دیلی کوژران. دەیان پێشمەرگەی حزبی شیوعی لە قرناقاو پشت ئاشان کە بەدیلی گیانیان لێسەندرایەوە، ئاڵای شۆرش کەوتنە بەردەم گەورەترین رق و فاشیانەترین ترین رەفتاریان تەنها بەهۆی بیروڕای جیاوازەوە. حەمەی حەلاق و هاوەڵەکانی بە ئاشکراو بەرۆژی روناک قەسابی کران… عەبدوڵای قەسرێ و هاوڕیکانی بەدیلی کوژران، پینج ئەندام و کادری حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی بە رۆژی روناک و لەناو جەرگەی شاردا درانە بەر دەستدرێژی گوللە و کە وەفدی باڵای حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی لە ماڵی نەوشیروان بوون… ئەوە لەکاتێکدا کە رژێمی درندەی بەعس بۆ یەکجاریش پەیرەوی لە دەست بەسەر کردنی وەفدی مفاوزی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی نەبرد… بەڵام حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و یەکێتی ئەم رەفتارە قیزەونەشیان داهێنا. وەکو بەعسیش بەکۆمەڵ ژیر خاکیان خستن، وەکو بەعسیش رێگەی پرسە بۆدانانیانی یاساغ کرد.  چەندین کەسایەتی سیاسی لەناو شارەکاندا تیرۆر کران، لە رەئوف ئاکرەیەوە تا دەگاتە نەزیر عومەر و ویداد و شاپور و قابیل و بەکر عەلی… لیستی تاوانی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی سەر رێژە، لە تیرۆر و کوشتار. هەر ئەو قارەمانانە!! و کاراکتەرانەی بزوتنەوەی کوردایەتی پیش لەشکریان کردە عادەت و بوونە چاوساغی پاسدار بۆ سەر کێلگە نەوتیەکانی شاری کەرکوکی” قودسی کوردستان” بوونە چاوساغی فاشیستەکانی تورکیا و بەدەیان کادر و گەریلایان کردە خیر و سەدقەی نۆکەرایەتیان و کە تائێستاش بەردەوامە… چەندین جار بوونەتە قارەمانی پیش لەشکری بەعس بۆسەر  کوردستان و بۆ سەر” پەرلەمان و حکومەتی” عەزیزیان. وا ئیستاش لە سەروبەندی ١٦ ئۆکتۆبەرداین کە حەشدی وەحشیان هینایەوە. تا روخانی رژێمی بەعسیش بەدەیان لەسەرکردەکانی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی جاسوسی بەعس بوون و موچەی خیانەتکارییان وەردەگرت… ژن کوشتن بە جیا لەشاخ کە لەسەر خۆشەویستی و بۆ رەزایەت دان بە عەشیرەت و پیاوسالاری دەستیان بۆ برد، لەشاریشدا شەپۆلی ژن کوشتن ڕیک دوای راپەڕین خۆیان دەستیان بۆ برد و پاشانیش بە بەدەستەوە گرتنی یاساکانی بەعس و مل دان بە کۆنەپەرستی ئیسلامی شەرع و بە باوەشێن کردنی پیاوسالاری ناسیونالیستی ئەم قەسابییەی ژنان تا ئیستاش بەردەوامە. چەندین رۆژنامەنووس تیرۆر کران، ئەم تاوانانە تاوانی شارو شاخن، تاوانی ئاشکرا و بەچاو و هەندیکیان نهێنین…بەڵی کارنامەی بزوتنەوەی کوردایەتی، سیخناغە لە کوشتن و تیرۆر کردن و سەرکوت و ئیرهابی فکری و پاکانە پی پرکردنەوە و بوونی زیندانی نهێنی.

بەشیک لە خەرمانی ئەو تیرۆرانە، لەزمانی خودی بەشداربووان و رابەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و بە بەڵگەی حاشا هەڵنەگرەوە خراونەتە ڕوو… لە ئەدەبیاتی گێردراوەی کاراکتەرە سیاسییەکاندا، ناویان براوە هێشتاش دەیان و سەدان دۆسیە و فایلی تر بە نهێنی ماونەتەوە. ئەو کتێبەی مەلا بەختیار کەخۆی کاراکتەرێکی ناو ئەو بزوتنەوەیەیە تەنها گۆشەیەک لە کارنامەی بزوتنەوەی کوردایەتی و کاراکتەرەکانی خستۆتە ڕوو لە هەلومەرجێکی تایبەتی و ململانێیەکی نوێدا. کە وەکو خۆی دانی پیاناوە… هێشتا ٢٠% بیست لەسەدی بەیان کردووە و گومانی تیانییە، هەموو ئەوانەی تریش نیوەی تاوان و کارنامەی سەرکوتگەرییەکانیان نەخستۆتە ڕوو. بیهێنە بەرچاو… کە ئەگەر هەموو کاراکتەر و بەشدار و ئاگادار لە روداوەکان و میژووی بزوتنەوەی کوردایەتی وەکو خۆی بخەنە ڕوو، دەبێ ئاستی قوربانیەکانی دەستی ئەم بزوتنەوەیەو چ کێوێک لە لاشەی ئینسانی بخاتە ڕوو… دەبێ چ روباری خوێنێک بەربووبێ… دەبێ سێڵاوی فرمیسکی دایکانی رۆڵە قەسابی کراو چ ڕوبارێکی لێ دروست ببێ؟ لەناو شەپۆلی ئەو هەموو تاوانکاری و کوشتارەدا نەوشیروانی مستەفا باوکی هەژاران!!… زۆرترین ئاماژەی پێکراوە. بە ئاشکرا بریارو پەیامی سەرپانکردنەوە و پەڕوباڵکردنی نەیارانی سیاسی خۆی داوە… بێ دادگا رەوایەتی کوشتنی کردۆتە ئاو خواردنەوە.

لەو کاتەوەی کتێبەکەی مەلا بەختیار بڵاوبۆتەوە… کادرانی بزوتنەوەی گۆڕان و میدیاکار و دەزگا راگەیاندنەکانیان… نەیانتوانیووە یەک کەسایەتی سیاسی رازی بکەن بەوەی گەردن پاکی نەوشیروان مستەفا نیشان بدات و پەڕیزی پاک!!ی بخاتە ڕوو. هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەو تاوانانەی بە بریار و بەبەشداری راستەوخۆی نەوشیروان ئەنجام دراون، هێندە ئاشکران، داناپۆشرێن… بەرۆژی روون کراون، بەبەرچاوی دەیان کەسەوە ئەنجامدراون، نووسین و دەنگ و پەیامەکانی خۆی ماون و بەشێکیان خۆی تۆماری کردوون و بەشانازیی و بێ منەتیەوە دەستی بردووە بۆ تاوانەکان. بزوتنەوەی گۆران کاتێک ناتوانێت، پەرێز پاکی نەوشیروان مستەفا بسەلمێنێ، ناچارە دەست ببات بۆبەخشینەوەی جوێن، فایل سازی، بوختان، تەشهیری شەخسی، بێ مۆراڵی لە ململانێی سیاسیدا،… کە بەراستی هیچ سنورکیان بۆی نەهێشتۆتەوە. کە دەتوانین بلێن بزوتنەوەی گۆران و نەوشیروان مستەفا، نەوەیەکی لە ریزەکانیاندا پەروەردە کردووە، نەوەی بێ گوێ، کەڕ و کوێر و زمان پیس و بەمانای وشەش لۆمپن… کە لە جێگای وەڵامدانەوە و خستنە رووی بەڵگە و گفتوگۆ.، دەست لەهیچ وشە و دەستەواژەیەک ناپارێزن کە لە مەنهۆڵی بزوتنەوەکەی خۆیان و هاوشیوەکانیان، ئیستعارەیان کردووە. هێشتا شانازی بەبڵاوکردنەوەی پاکانە بەزۆر پڕکردنەوەیەک دەکەن، کە داهێنەرەکەیان بەعسیەکان و فاشیەکانن… هێشتا شانازی بە قارەمانی دیل کوژیانەوە دەکەن، هێشتا دەیانەوێ ماشینی تیرۆر جەسەدی و فکری وەریبخەن و فتوا بدەن.

مەلا بەختیار و دەیان کەسی تر وەک کاراکتەری سیاسی و نووسەر بەشێک لەمیژووی شاخ و شار، لە مێژووی سەرکوت و تیرۆر، لە کارنامەی نۆکەرایەتی و خۆشخزمەتیان خستۆتە ڕوو… هێشتا هەموو ئەوەی وتراوە، دڵۆپێک لە دەریای تاوان و چەند تاڵە پۆشێکن لە خەرمانی کارنامەی دژە ئینسانی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی. بەڵام هاوکات مەلا بەختیار خۆیشی کاراکتەر و بەشداربوویەکی ئەو میژووە رەشەی بزوتنەوەی کوردایەتی و یەکێتی نیشتیمانییە کە گێرانەوەکانی و میژوو سازی ناتوانێت، ئەو لەو مێژووە و لەو کارنامەیە بێبەری بکات.

هەموو ئەو میژووە خوێناوییە کە بزوتنەوەی کوردایەتی و کاریزماو کاراکتەرە سەرەکیەکانی لەشاخ و شار، لەسەردەمی ئۆپۆزیسیۆن بوون و دەسەڵاتدارێتیدا ئەنجامیانداوەو بەو هۆیەشەو بە سەدان و هەزاران ئینسان بوونەتە قوربانی، سەد بارە پێویستی راماڵینی ئەم دەسەڵات و بزوتنەوەیەی کردۆتە ئەرکێکی لەدواخستن نەهاتوو… هەموو ئەو تاوانانە تێکهەڵکێشی تاوانی تاڵانی و دزی نەوت و دەست بەسەراگرتنی سامانی سەرزەوی و ژیر زەوی و سەرکوتگەری ٣٠ ساڵەی رابردووی دەسەڵات بوون.

ئەم بزوتنەوە و دەسەڵاتە، لەزمانی کاراکتەرەکانی خۆیانەوە، لە خوێنریژیدا نوقمن، لە تاوانکاریدا داهێنەرن، لە نۆکەرایەتی و خۆشخزمەتیدا، دەست لەسەر سنگ و هەڵکورماوی بەردەم وەزارەتخانەکانی رژێمە درندەو چنگ بەخوێنەکانن… لە ململانێی سیاسی نیوانیاندا ئوڵفەتیان بە نزمترین فەرهەنگی جنیو فرۆشێ و شکاندنی کەسایەتی و دەستبردن بۆ ژیانی تایبەتی نەیارانیان بردووە. ئەم بزوتنەوە کۆنەپەرستەی کوردایەتی کە بەچکەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و هاوشیوەکانین، لەگەڵ راماڵینیان، سەران و تۆمەتبارەکانیان دەبێ بخرینە بەردەم دادگایەکی جەماوەری… بۆ خستنەڕووی سەرجەم تاوانکاریەکانیان. تا نەوە دوای نەوە، بەو میژووە رەشە ئاشنا بن، کە لەژیر ناوی شۆرش!! خەبات دژی داگیرکاری!! ئەنجامیان داوەو خەون و ئاواتی دەیان هەزار پیشمەرگە و ئەندام و لایەنگر و جەماوەرەکەیان، خنکاندووە، هەمووشی لەپێناو هاوبەش بوون و خزمەتکردن بەو دەسەڵاتە رەشانەی، کە میژوویەکی رەش و پر خوێناوییان لەدژی خەڵکی کوردستان و هەموو دەنگێکی ئازادیخواز و ئینسانیدا، تۆمار کردووە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.