پێوانەی چاکسازی باشبوونی گوزەرانی خەڵكە نەک پڕوپاگەندە

0

پێوانەی چاکسازی باشبوونی گوزەرانی خەڵكە نەک پڕوپاگەندە

سەردار عەبدوڵا حەمە

ئەم وتارە لە سەر بەشێک لە  قسەکانی مەسرور بارزانیە لە پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠.

سەرەنجام سەرۆکی بەناو حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ئامادەی پەرلەمان بوو بەویستی خۆی نەک لە سەر  بانگێهێشت کردنی ژمارەیەک پەرلەمانتار!

مەسرور بارزانی لە سەرجەم قسەکانیدا هەوڵی ئەدا شکستی کابینەکەی بخاتە ئەستۆی کابینەکانی پێش خۆی و حکومەتی عێراق و نەبوونی دەوری سەرەکی کەرتی تایبەت .

کابینەکانی پێشوو هۆی سەرەکی ئەم باردۆخەی ئێستان لە قسەکانی مەسرور بارزانیدا  لە کاتێکا ئەوانیش هەمیشە  وتوویانە چاکسازی دەکەین!!

هیچ یەک لە کابینەکانی پێشوو نەیانووتوە چاکسازی ناکەین، چ لە کاتی پروپاگەندەی هەڵبژاردنەکاندا بوو بێت یان دواتر،  هەمیشە درۆی باشتر کردنی بژێوی خەڵك و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیان کردووە وەک ئەم کابینەیەی ئێستا .

بە پێی قسەکانی مەسروربارزانی بێت کابینەکانی پێشوو درۆیان کردووەو چاکسازیان نەکردووەو خراپسازیان کردووە و  کێشە و گرفتێکی کەڵەکە بووی زۆریان بۆ ئەم جێهێشتووە، بۆیە بارودۆخەکە بە ئەو کۆنتڕۆل ناکرێت یان قورسایی زۆر لە سەر ئەو دا دەنێت. هەر بەم بۆنەوە داوای چاوەڕوانی زیاتر دەکات  لە خەڵكی کوردستان و  پێیان دەڵێت بە یەك ساڵی کابینەکەی ئەو مەحاڵە سەرکەوتن بە سەر ئەو گرفتە زۆر و کەڵەکە بووانەدا بێتە دی و دەبێت کاتی زیاتری بۆ دابنێن .

 دیارە هێشتنەوەی خەڵك لە چاوەڕوانیدا تەنها  قسەی مەسرور بارزانی نییە،  سەرجەم کابینەکانی پێشوو تر ئەم کارەیان کردووە. هەموو بیرمانە لە نەوەدەکاندا لە بەرانبەر ناڕەزایەتیەکاندا دەیانگووت حکومەتەکەمان ساوایە و  دواتریش بیانووی داعش و ئاوارەکان کرایە کەرەستەی هێشتنەوەی خەڵك لە چاوەڕوانیدا، ئەمە تەنها پیشەی کابینەکانی پێشووش نەبووە، بەڵکو هەمیشە حکومەتە بۆرژواکان شتێکیان کردووە بە کەرەستە بۆ هێشتنەوەی خەڵك لە چاوەڕوانیدا.  بۆ نموونە لەسەردەمی حکومەتی بەعس دەیگووت جارێ لە شەڕداین لەگەڵ ئێران و جارێکی تر دەیگووت لە شەڕداین لە گەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا. نیشتمان لە مەترسیدایە  دوای ئەمانە ئاڵوگۆڕ دەکەین.

خەڵکی کوردستان هەقیەتی بپرسێ کابینەکانی پێشووش هەرخۆتان بوون، هەرپارتی و یەکێتی بوون خۆ حیزبی تر نەبوون، بۆچی هێشتتان ئەو هەموو گرفتانە کەڵەکە بێت؟ بۆچی زوو نەتان گۆڕین؟ یان ئەگەر ئەوەندە گرفتیان کەڵەکە کردووە وەك ئەوەی مووچەیان لە کاتی خۆیدا نەداوەو قەرزێکی زۆریان کردووە و…تاد،  دەبوو لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکردنایە.  باشە ئەگەر وایە ئەوەندە کابینەکانی پيێشوو بێ توانا و شکست خواردوو بوون چۆنە دواتر هەر لە ناو حیزبەکانی خۆتانەوە هەڵتان بژاردن  بۆ پلەی  باڵاتر؟!

نێچیروان بارزانی ئامۆزاتان کە سەرۆکی زۆربەی کابینەکانی پێشوو بوو کردتانە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، و بەرهەم ساڵحتان کردە سەرۆك کۆماری عێراق.

  دەبێت لەوە ڕیاکارانە تر چی بێت کاتێك کابینەکانی پێشوو بکەیتە هۆی بەرەو پێشنەچوونی بە ناو چاکسازیتان یان بەمانایەکی ترشکستتان .

حکومەتی عێراق یەکێکی تر لە هۆکارەکانی ئەم بارودۆخەی کوردستان  بوو لە قسەکانی مەسرور بارزانیدا، چونکە مووچەی نە ناردووە و بودجەی پێ نەداون، باشە ئەگەر ئەوە هۆکار بووە بۆچی واز لەو حکومەتە ناهێنن؟ بۆچی لە بەغدا ناکشێنەوە و کار بە ئەنجامی ڕیفراندۆم ناکەن؟ بۆچی پلە و پۆستان وەرگرت؟ سەرۆکی کۆمار و چەندین وەزیر و ئەندام پەرلەمانی حیزبەکانتان لە بەغدا بۆچییە ئەگەر خێرێکیان نییە بۆ خەڵكی کوردستان؟ ئەم جۆرە قسانە مایەپووچ دەبنەوە کاتێك ئێوە بە کردەوە بەغدا بە دۆست دەزانن و بە قسەش بە دوژمنی دەزانن.

مەسرور  بارزانی لەلایەک دەیگووت بارودۆخی خەڵکی کوردستان باشترە لە دەوروبەرەکانی خۆی، مەبەستی ئەو خەڵکی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقە، کەچی چاوەڕوانی مووچەو بوودجەی ئەو حکومەتەش دەکات. ئەمە  ئەوە ناگەیەنێت ئەو حکومەتە باشترە لە ڕووی داراییەوە ئەمە لە لایەك،  لە لایەکی ترەوە ئەو حکومەتە هیچ نەبێت هەموو مانگێك مووچەی خەڵك دەدات، بەڵام جەنابی مەسرور ئێوە ئەوەش ناکەن! بەچی خەڵکی کوردستان باشتر ئەژیت؟ هەردوولاتان دوو دەسەڵاتی دزو مافیان، نەخەڵكی عێراق و نە خەڵكی کوردستان ژیانێکی شایستە بە مرۆڤیان نییە لە سایەی ئێوەوە .

نەبوونی دەوری کەرتی تایبەت لە قسەکانی مەسرور بارزانیدا هۆکارێکی تر بوو بۆ شکستەکەیان، بۆیە پێی وایە کەرتی تایبەت ئابوری کوردستان پێش دەخات !!

ئەمڕۆ لە سەرتاسەری جیھاندا نیولیبرالیزم ئەم پروپاگەندەیە دەکات کە گوایە دەبێت گرنگی بەکەرتی تایبەت بدرێت. باشە ئێوە جیهانی سەرمایەداری  نابینن کە لە ژێر سایەی نیۆلیبرالیزمدا لە چ قەیرانێکدایە؟ چونکە کەرتی تایبەت بەدوای قازانجی شێتانەوەیە، بۆ ئەمەش نرخ و بەهای کاڵاکانی بەرز دەکاتەوە ئەوە لە لایەك،  لە لایەکی تر بۆ ئامانجی قازانجی زیاتر کرێکار لە سەر  کار دەردەکات و کرێی کەمیان دەداتێ، و سەعاتی کار زیاتر دەکات تا وای لێ دێت هێزی کڕينی کاڵاکان کە زۆربەی خەڵکە  کەم دەبێتەوە، بۆیە قەیران لە دوای قەیران ڕوو دەدات.

سیاسەتی کەرتی تایبەت لە جیهاندا ڕوو لە شکستە. مەسرور بارزانی هەر لە میانەی  قسەکانیدا لەم بارەوە گووتی” خۆ ئێمە سیستەمی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی بنیات نانێین”، ئەو پێی وایە ئەو سیستەمە باش نییە بۆ گەشەی ئابووری. هەر بۆ بیرهێنانەوە پێویستە نموونەی شوڕشی سۆشیالیستی ئۆکتۆبەری ڕوسیا بێنینەوە؛ پاش سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە لە ڕووی ئابووریەوە چەند هەنگاوێکی کەم نرا وەك نەهێشتن یان کەمکردنەوەی  کەرتی تایبەت،  ئەو کاتە وڵاتی ڕوسیای لە دواکەووتوترین وڵاتی ئەوروپاوە کردە پێشکەوتووترین وڵات لە ڕووی گەشەی ئابووریەوە بە جۆرێکی لێهات، بووە هاوشانی ئەمریکا. ئەوەی کە ئەنجامەکەی چی بوو؟ هۆکارەکەی ستالین و ئەوانەی دواتر هاتن نەیانتوانی کارەکانی شۆڕش تەواو بکەن (ئەوە باسێکی ترە). یەکەم کارێكی شۆڕش لە ڕوسیا کردی؛ کارەبای گەیاندە دوورترین گوندی ڕوسیا، کەچی ئێوە کارەبای کوردستانتان بڕی و تا ئێستایش کارەبای کورستان  وەك ٣٠ ساڵ پێشتری لێ نەهاتوەتەوە کە حکومەتەکانی پێشووی عێراق لە ڕێی کەرتی گشتیەوە دابینیان کردبوو.

ئەگەر ئێوە پێتان وایە ئەو وڵاتانەی کە سیستەمەکەیان سەرمایەداری دەوڵەتیە بە ناوی کۆمۆنیست و سۆشیالیستەوە بیان نسێنن ئەوە هەڵەیەکی گەورە دەکەن.  هەرچەندە کۆمۆنیستی و سۆشیالیتیش نین، بەڵام  کەرتی گشتیی بنەمای ئابووریانە، و  کەچی گەشەیان کردووە لە ڕووی  ئابووریەوە. چین بۆ نموونە ئەمڕۆ کەوتوەتە پێش هەموو سیستەمی ئەوروپا ورۆژئاواوە بە ئەمریکاشەوە. هەر بۆیە من پێم وایە کەرتی تایبەت دەوری نییە لە گەشەی ئابوریدا. چاو لە تورکیا بکەن بزانن کەرتی تایبەت چی لە ئابووری ئەو وڵاتە کردووە. دەبێت ئەوەش لە بەرچاو بگرین هەر گەشەپێدانی ئابوری گرنگ نییە،  گرنگ دابەش کردنی سامانە بە شێوەیەکی یەکسان، گرنگ ئەوەیە  بزانین کام سیستەم لە قازانجی چینی کرێکارو زەحمەتکێش و چینە کەم دەرامەتەکانە.  تا کەرتی گشتی باڵادەست بێت ئەم چینە خۆش گوزەرانتر دەبێت. دەبێت سیستەمێك هەڵبژێرین کە سامانی کۆمەڵگە بۆ هەموو کۆمەڵگە بێت نەک بۆ چەند کەسێک.

بیانووی کۆڕۆنا یەکێکی تر لە هۆیەکانی بەرەو پێشەوە نەچوونی چاکسازیەکان بووە لە قسەکانی مەسرور بارزانیدا، وەك پێشتر گووتم دەسەڵاتە بۆرژواکان هەمیشە بیانوویەکیان هەیە بۆ خراپی بارودۆخی خەڵك. پرسیار لێرەدا ئەوەیە؛ ئایا کۆڕۆنا کاریگەری هەبووە لەسەر ژیان و بارودۆخی خودی مەسرور و باوك و برازاکانی و سەرجەم بەرپرسانی هەرێمی کوردستان؟ نەخێر، ئەی کەوایە نابێت هۆکاریش بێت بۆ خراپ بوونی بارودۆخی خەڵکی کوردستانیش،  لە کاتێکدا سیستەمێکی حوکمڕانی ئینسانی و عادیلانە هەبێت، بۆیە گرفتەکە کۆرۆنا نییە، بەڵکو سیستەمی ناعادیلانەیە، دابەش نەبوونی سامانی وڵاتە بە عادیلانە .

 دەبوو کۆڕۆنا ببوایەتە هۆی چاکسازی زیاتر نەک بیکەنە گرفت بۆ خەڵك، دەبوو لەم کاتەدا سەروەت و سامانی دزراو دابەش بکرێت بە سەر خەڵكیدا  بۆ ئەوەی  خەڵکی پارێزراو بێت لەو ڤایرۆسە و پێویستیان بە کارکردن و چوونەوە دەرەوە نەبێت، وەك لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا ئەو کارە کراوە. بە پێچەوانەوە کۆرۆنا بوو بەخێروبەرەکەت بۆ دەسەڵاتداران،  بازرگانی و بەقاچاخ بردنی نەوت و هێنانی دەرمانی ئیکسپایەر بووە  هۆی دەسکەوتی زیاتر بۆ خۆیان و دەستوپێوەندەکانیان، بەڵام چینەکانی خوارەوە ژیان و گوزەرانیان  خراپتر بوو بەهۆی ئەم پەتایەوە.

دوا قسە ئەوەیە ئەگەر چاکسازیەک بارودۆخ و ژیانی خەڵك باشتر نەکات ئەوە چاکسازی نییە و  پرۆسەی چاکسازی فریوکاریەو درۆیەکی گەورەیە.  ئەم کابینەش هەر لە هەوڵی  ئەوەدایە خەڵك خۆشخەیاڵ بکات بەوەی کاتی زیاتری  بدەنێ  تا چاکسازیەکانی بکات و خەڵك لە چاوەڕاونیدا بهێڵێتەوە تا کاتێکی نادیار لە ماڵەوە بن و نەیەنە سەرشەقام بۆ داواکانیان. خەڵكیش لە برسیەتی و هەژاریدا ڕاگرن، و خۆشیان لە تێری و دەوڵەمەندیدا بهێڵنەوە. ئەم کابینەیەش وەك ئەوانی دیکەی پێش خۆی،  نە دەتوانێت چاکسازی بکات، و نە دەتوانێت دەسەڵاتێکی دادپەروەرانە دابین بکات بۆ خەڵكی کوردستان.

 بۆیە چارسەر ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و دژ بەخەڵکەیە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.