ساڵی تازەی خوێندن، لە ژێر سایەی ڤایرۆسی دەسەڵاتی کوردایەتیدا!!

0

ساڵی تازەی خوێندن، لە ژێر سایەی ڤایرۆسی دەسەڵاتی کوردایەتیدا!!

عەبدوڵا مەحمود

لەکاتێکدا ئەمساڵ دەرگای قوتابخانەکان کرایەوەو خوێندن بۆ ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١ دەستی پێکرد، کە لەلایەکەوە هەرەشەی کۆرۆنا ڤایرۆس سەرجەم پرۆسەی خوێندن و جوڵەی کۆمەڵگەی سنوردار کردووە، لەلایەکی تریشەوە کۆرۆنا ڤایرۆسی دەسەڵات دەستی ناوەتە بینەقاقای سەجەم کۆمەڵگەو خوێندن و پەروەردەش، بەتایبەت.

ساڵی تازەی خوێندن و هێنانی خوێندنی ئۆنلاین یان خوێندنی ئەڵکترۆنی… لە هەلومەرجێکدا کە هیچ زەمینەیەک بۆی ساز نییە، و هیچ ئامادەکارییەکی پێویستی بۆ نەکراوە، لەپاڵ نەبوونی و گرانی و بێ موچەیی و دواخستنی موچەی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەدا، سەرجەم پرۆسەی خوێندنی لەبەردەم مەترسیدا ڕاگرتووە.

لایەنێکی هەرە سەرەکی سیستەمی خوێندن و پەروەردەو فێرکردنی تەندروست، بەجیا لە رێرەوەو مەنهەجی ئازادیخوازانە و ئینسان سالاری، بوونی زەمینەیەکی گونجاو، زامنبوونی پێداویستییەکانی خوێندن، و ئامادەییەکانی خوێندکارو مامۆستا و بردنە سەری توانایەکانیانە.

لە هەرێمی کوردستانی ژێر سایەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، کەرتی خوێندن و پەروەردە، یەکێک لە پەراوێزخراوترین کەرتەکانە.

کەمی بینایەی خوێندن و نا ستانداردبوونی خوێندگاکان، کۆن بوونیان، چەند دەوامی، نەبوونی پێداویستی ناو قوتابخانەکان لەوانە تاقیگەو شوێنی سەرگەرمی، تا دەگاتە ئاو و کارەبای پێویست و ئەنتەرنێت و کتێب و دەفتەر و ….تاد

جیا لەهەموو ئەمانە، هەلومەرجی سەختی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر مناڵەکانیان و کوڕ و کچەکانیان لەسەر پرۆسەی خوێندن هەیە. هاوکات کەمی موچەو دواکەوتنی موچە، توانایی و سەلیقەی مامۆستایان دەهاڕێت. کەمی بودجە بۆ پەروەردەو فێرکردن، بەمانای فەراموشکردنی کەرتی فیرکردن و پەروەردەیە. ئەوەی بۆ دەسەڵاتی سیاسی هەرێم جێگای هیچ بایەخێک نییە، ریشەی لە دیدی دەسەڵاتدایە بۆ کۆمەڵگە و هاوڵاتیانی و خوازیاری ئەوەیە کۆمەڵگە بەدواکەوتوویی و نەخوێندەواری بمێنێتەوە.

لە هەلومەرجێ ئێستادا، کە ئەمە دۆخی خوێندکار، مامۆستا، قوتابخانەو بیناو پێداویستەکانی بێت، دەبێ خوێندن لە دۆخی تازەدا چۆن بێت؟

خوێندنی ئۆنلاین، پێویستی بە پێداویستی و فازێکی تر لە ئامادەیی هەیە. دابینکردنی کۆمپیوتەر یان ئایپاد، بۆ خوێندکاران، زامن بوونی کارەبا و ئەنتەرنێتی بەردەوام، بوونی ژوری تایبەت و کەشیکی ئارام بۆ قوتابی تا بتوانێت پرۆسەی خوێندن بە شێوەی ئۆنلاین دەست پێبکات، هاوکات لەگەڵ ئەوانەدا زامن بوونی ژیان و گوزەرانی خوێندکاران و خانەوادەکانیان… لەگەڵ فەراهەم بوونی ژیانێکی شیاو بۆ فێرکاران و مامۆستایان، سەرەتاییترین پێداویستی و لەراستیدا پیش مەرجی دەستبردن بۆ خوێندنی ئۆنلاینن.

بەداخەوە، نەک ئەوانە بۆ خوێندکار و کەس وکاریان، بەڵکو بۆ مامۆستایان و فێرکارانیش بوونیان نییە، ئەمەش هەر لەسەرەتاوە ساڵی تازەی خوێندن بەرەو رووی شکست و دارمان دەکاتەوە.

ئەم هەلومەرجە سەختە کەڕووبەڕووە لەگەڵ خوێندن و پەروەردە، بەشێک و گۆشەیەکە لە هێرشی دەسەڵات بۆسەر کۆمەڵگە، نەک وەڵامدانەوەو نەخشەیەک بۆ هەلومەرجێکی تایبەتی لە دۆخێکی هەستیاری وەکو ئێستادا.

ئەگەر ئێستا کۆڕۆنا ڤایرۆس، ڕێگرە لە خوێندن بەشێوەی ئاسایی و لەجێگایدا خوێندنی ئۆنلاین یان ئاوێتە، بۆتە رێگایەکی ناچاری… ئەوا پێویست بوو ئامادەییەکان و پێداویستییەکانی ئەم شێوازە بۆ ساڵی نوێی خوێندن

بەرنامەڕیژیی بۆ بکرایە. بۆ ئەمەش دابینکردنی پێداویستی خوێندنی ئۆنلاین، بەتایبەتیش دابەشکردنی کۆمپیوتەرو ئایپاد بۆ هەموو قوتابی و خوێندکارێک لە هەموو ئاستەکان، لەگەڵ زامنکردنی کارەباو ئەنتەرنێتی بەردەوام…لانی کەمی ئەو پیداویستیانەیە کە دەبوو بۆ فەراهەم بکرێت. هاوکاتیش مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە موچەیان لەکاتی خۆیدا پێ بدرایە تا حەوسەڵەو توانای وانە وتنەوەی پێویستیان ببوایە.

نەبوونی زوربەی پێداویستیەکان بۆ خویندنی ئەمساڵ و بۆ سیستەمی بە ئۆنلاین کردن یان ئاوێتە کردنی خوێندن… لەپاڵ نەبوونی و گرانی و بێ موچەی و لێبرینی موچەدا، بەراستی هیرشیکی بێ پاساوی دەسەڵاتێکی نابەرپرسە بەرامبەر بە پرۆسەی خوێندن و گشت کۆمەڵگەو لێلکردنی ئاییندەی نەوەکانی داهاتووە.

مامۆستایان و کەس و کاری خوێندکاران، ئەرکیانە لە چوارچێوەی نارەزایەتییە فراوان و بەردەوامەکانیاندا، دەستی خەباتکارانەیان بخەنە ناو دەستی یەکتری، بۆ بەرگری لە خۆیان و ڕۆڵەکانیان و ناچارکردنی دەسەڵات، کە ئاوڕێکی جدی لە پرسی خوێندن و پەروەردەو دۆخی مامۆستایان و کارمەندانی بداتەوە.

کۆتایی سێبتەمبەری ٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.