بزوتنەوەی شورایی ئەڵتەرناتیڤێکی باشترە

0

کرانەوەی ڕازەکان بۆ ژیانێکی باشتر
بزوتنەوەی شورایی ئەڵتەرناتیڤێکی باشترە
عبدالرحمن رسول

 بەشی نۆهەم

لەهەموو کۆمەڵگەیەکدا بەردەوام ململانێ بۆهێنانەدی کۆمەڵگەیەکی باشتر دێتەکایەوە لەنێوان پارێزەرانی سیستەم و دەسەڵات لەگەڵ چین وتوێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا. لەکۆمەڵگە پێشکەوتووەکان و خاوەن دەسەڵات وسیستەمە سیکۆلارو شارستانییەکاندا جۆری ململلانێکان بەهۆی گەشەی وشیاری تاکەوە جیاوازترە لەکۆمەڵگە دواکەوتووەکان و کۆمەڵگە نیمچەکراوەکان، ئەگەرچی لەسەرجەم کۆمەڵگەکانی جیهان ناوەڕۆکی کێشە و قەیرانەکان یەک جۆرە، ئەویش کێشه و قەیرانەکان بەهۆی خراپی و نابەرابەری و چەوسانەوە و گەشەی زۆری جیاوازی چینایەتییەوە لەڕوویی ئابووری کە دەرئەنجامی ئیدارەدانێکی خراپ و نایەکسانی لەماف و ئەرکدا لەناو سیستەم ودەسەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەمەش بەهۆی هەبوونی سیستەم ویاساکانی سەرمایەدارییە کە بەناوی بازاڕی ئازاد و لیبڕالیزم و نیۆ لیبڕالیزم و دیموکراسی پەرلەمانی (دیموکراسی سەرمایەداری بۆ پاراستنی بەرژەوەندی سەرمایەداران وبازرگانان وسیاسییەکانی دەسەڵاتدارانی چەوسێنەر) لەکۆمەڵگە پێشکەوتووەکان و خاوەن سیستەمە سەرمایەدارەکان ئەم جۆرە ئیدارەدانانە بۆچارەسەری کێشەو قەیرانەکان لەلایەن ئابووری ناسانی سەرمایەدارانەوە خراوەتە ڕوو و کاری لەسەرکراوە، بەڵام دەرئەنجام لەبەڕێوەبردنی هەر نەخشە ڕێگایەکی نوێی کە ئابووری ناسانی سەرمایەداری بۆ چارەسەری کێشە و قەیرانەکانی ئابووری، دەسەڵاتدارانی سەرمایەداراندا لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەو قەیرانی هەنوکەییدا کێشەو قەیرانی تر لەدایک دەبێت. کە کێشەو قەیرانەکان گەورەتر دەبێت بۆ دەسەڵاتداران و بەڕێوەبەرانی کۆمەڵگە هەموو ئەمانە زیاتر هۆکاری جۆری ئیدارەدانی ناتەندروست و نایەکسان و نابەرابەرە کە زیاتر ڕەچاوی پاراستنی بەرژەوەندی خاوەن کارو سەرمایەدارو دەسەڵاتداران دەکات، بەرژەوەندی و مافی کرێکاران و کارمەندو بەشەکان وچینی هێزی بەرهەمهێنان و کرێکار فەرامۆش دەکات بەمانایەکی ڕوونتر زیاتر لەبەشی خەڵکی کارگەرو کارمەند کەم دەکرێتەوە بەڕێگای دزی وفێڵکردن و فرێودان بۆبەشی خاوەن کارو سەرمایەداران زیاتر دەکرێت ئەمەش تەوژمی چەوسانەوە گەشە دەکات و جیاوازی چینایەتی زیاتر دەبێت و بێکاری و هەژاری و ئاوارەیی زیاد دەکات، دیسان کێشە و قەیرانەکان سەرهەڵدەداتەوە بەقەبارەی گەورەترەوە. لەئێستادا لەوڵاتانی سەرمایەداریدا بەردەوام ململانێکانی چینەکانی بەرهەمهێنان کە پێکهاتووە لەکارگەران و وەرزێڕان وجوتیارو زەحمەتکێشان و کارمەندان بەهۆی بێمافی وبێکاربوونیانەوە لەگەڵ بەرپرسانی خاوەن کارگەکان و بەرپرسانی دەوڵەت و حکومەتە سەرمایەدارەکان بەگەرمی گوڕی لەئارادایە، ماوەی چەندین ساڵە لەوڵاتەکانی ئەوروپا و بەریتانیا و ئەمریکا بەردەوام شەقام و خیابانەکان بەتێکۆشانی بزوتنەوەی جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵایەتییەکانی وەک کرێکاران و خانەنشینکراوان وبێکاران گەنجان ولاوان وخوێندکاران و ژنان ئاوەدان و پڕجۆش وخرۆشە، ئەگەرچی لەئێستادا بەهۆی هەبوونی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە بیانوێکی بەهێزی داوەتە دەست لایەنی دەسەڵاتداران بۆ سەرکوت وپاشەکشەکردن بەناڕەزایەتییە جەماوەری یەکان و دیاریکردنی سنوورێک بۆیان، بەڵام ئەمەش تاماوەیەکە خەڵکی ناڕازی ئەو سنوورەش دەشکێنن بەجۆرێکی بەهێزتر و پڕکاریگەرتر دێنەوە شەقام وخیابانەکان، هەروەک لەسەرەتایی مانگی ٩ی ٢٠٢٠ خەڵکی ناڕازی ئیتاڵیا هاتەوە شەقامەکان بەهۆی خراپی بارودۆخی ژیانیان و جۆری بەڕێوەبردنی دەسەڵاتداران لەڕوبەروبوونەوەی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە، لەساڵی ٢٠١٩ و٢٠٢٠ بەردەوام شەقامەکانی پاریسی فەرەنسا لەلایەن خەڵکی ناڕازییەوە پڕ لەتێکۆشان وچالاکی بوو، بەردەوامیش لەئەگەری هاتنەوەی هێزی ناڕازی خەڵکی کرێکارو گەنجان و لاوانی بێکاری وەک بزوتنەوەیەکی بەهێزی شۆڕشی کۆمەڵایەتی لەتارماییدا دێت و دەچێت لەشاری پاریسی فەرەنسا. لەهەر خرۆشان و ناڕەزایەتییەکی گەورەی خەڵکی وشیاری فەرەنسا ڕاستەوخۆ کاریگەری ئەرێنی دەبێت بۆسەر وڵاتەکانی وەک بەلجیکا و هۆڵندا و ئەڵمانیا وڵاتانی تر. لەئەمریکا ناڕەزایەتی لەدژی ڕەگەزپەرستی بزوتنەوەیەکی بەهێزی کۆمەڵایەتی بوو لەساڵی٢٠٢٠ کە ڕاستەوخۆ هەبوونی تارمایی شۆڕشی کۆمەڵایەتی نیشان دەدات لەهەر ئان وساتێکدا ئەگەری شکڵگرتنی هەیە. لەبەریتانیا ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لەهەڵکشاندایە بەرەو بزوتنەوەییەکی کۆمەڵایەتی هەنگاودەنێت. لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوانە لەئێران بزوتنەوەی ناڕزایەتی لەشێوازو جۆری بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی کە لەهەناوی ئەم بزوتنەوەی جەماوەریەدا شۆڕشی گۆڕانکاری لەڕیشەوەی سیستەم ودەسەڵات و جۆری ئیدارەدانی لەخۆگرتووە، لەئان و ساتی ئەگەری ڕاپەرینی گشتیدا خۆی نمایش دەکات، بەڕابەرایەتی بزوتنەوەی کرێکاری کە هەنگاو بەهەنگاو کۆی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تری وەک ژنان و جەوانان و لاوان و مامۆستایان و خانەنشینکراوان و ژینگە پارێزەرانی کۆمەڵگە لەگەڵ خۆیدا ئاراستە بکات. یەکێک لەهەنگاوە جوان و ئەرێنیەکانی بزوتنەوەی کرێکاری ئەوەیە کە لەگەڵ چالاکی وتێکۆشانەکانیانی ناڕەزایەتییەکانیاندا نەخشەڕێگای بدیلی ئینسانی بۆ بەڕێوەبردن وئیدارەدانی کۆمەڵگە کاری لەسەر دەکەن ئەوەش وای لەدەسەڵات و سیستەمی کۆنەخوازو چەوسێنەری ئاخوندی ئیسلامی کردووە کە زۆر بەئاگایانەوە بوەستێتەوە لەهەرجوڵەو تێکۆشانێکی بزوتنەوەی کرێکاریدا ترسی زۆری هەیە. لەگەڵ هەر هاتنه سەر خیابانێکدا و بەرزکردنەوەی خواست و داواکارییەکانیاندا باسی گرینگی هەبوونی ئیدارەدانی شورایی دەکەن، کە داوا دەکەن بەڕێوەبردنی کارگە و سەرجەم بەشەکانی کۆمەڵگە لەڕێگای شوراکانی خەڵکەوە بەڕێوەبچێت، لەداهاتوویی ئێراندا شوراکان حکومی کۆمەڵگە بکەن واتە سیستەم وحکومەت لەجۆری شورایی بێت. ئەم جۆرە بانگەشانە کە خەڵکی ناڕازی کرێکارو زەحمەتکێش و هەژار دروشمەکانی نان، کار، ئازادی، ئیدارەدانی شورایی بەرزدەکاتەوە ئەمەش لەواقیعدا بەمانایی هەبوونی بزوتنەوەیەکی جەماوەری شورایی لەهەناوی بزوتنەوی کرێکاری ئێراندا شکڵ دەگرێت و هەنگاو بەهەنگاو بەرەو پێشەوە دەچێت و بەجێگیرکردنی ئاسۆیەکی نوێی ئینسانی بۆ ڕزگارکردنی تەواوی کۆمەڵگە لەدەست چەوسانەوەو بێمافییەکان و سەرکوت و ئەشکەنجەدانەکاندا. له لوبنان خەڵکی ناڕازی بەسوود وەرگرتن لەناڕەزایەتییەکانی ڕابردوویان بەجۆرێکی باشتر دەستیان بەچالاکی و ناڕازی سەرشەقام وخیابانەکان کردۆتەوە لەساڵی ٢٠٢٠ هەرچەندە بەهۆی ململانێی سیاسی و حیزبی و دینی و عەشیرەتییەکانەوە گرفت وکێشەی بۆ ئاراستەی ئەوبزوتنەوە ناڕازییە جەماوەرییە دروستکردووە، لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئومێدی و هیوای باشتر لەناڕەزایەتییەکانی ڕابردوو بۆ سەرکەوتنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لوبنان لێ دەکرێت، خاڵێکی زۆر سودبەخش لەو ناڕەزایەتییانە ئەوەیە داوایی دەرکردنی هێزو دەسەڵاتی ئێران و هێزەکانی سەر بەدەوڵەتانی دەرەکی دەکەن ئەمەش وا دەکات قۆناغەکانی داهاتوو باشتر خەڵکی ناڕازی خۆیان ڕێکخراو بکەن لەبزوتنەوەیەکی جەماوەری خەڵکی ناڕازی دا بەئاراستەی گۆڕانکاری لەسیستەم و دەسەڵاتدا ئەم هەنگاوەش بەبێ گرفت و ڕێگری نابێت، بەڵام هەنگاو بەهەنگاو بەسوود وەرگرتن لەهۆکاری شکست و کەمتەرخەمییەکان ئەم بزوتنەوە دەچێتە سەر ڕێگای ئینسانی خۆی. لەعێراق هاوشێوەی لوبنان دەوڵەت و حکومەتداری لەلایەن سەرۆکی خێڵ وهەڵسوڕاوانی دین وحیزبەکان لەژێر کاریگەری نەخشەڕێگای دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە بەتایبەتی کۆماری ئیسلامی ئاخوندی ئێران ئاراستە دەکرێت بەتەداخولکردنی دەوڵەتانی سەرمایەداری تری جیهانی بەگشتی لەپێناو دەستکەوت و بەدەستهێنانی سەرمایەو قازانجی زیاتر هەریەکەیان بۆخۆیان ململانێکانیان گەشەپێدەدەن. لەناو باڵ و بەشەکانی حزب و لایەنەکانی خێڵ و دینی و نەتەوەیییەکان لەناوپێگەی ئێدارەدانی دەسەڵات وحکومەتدا، کە بارودۆخی ئیدارەدانی ئاڵۆز کردووە دەرئەنجام بەردەوام کێشەو قەیرانەکانی لەگەڵ خۆیدا گەورەتر کردووە. ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی بزوتنەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عێراق داناوە، بەوەی خەڵک هیچ ئومێدێکی بە چاکسازی وبەڵێنی ڕیفۆرم کاری دەسەڵاتدارو بەرپرسانی عێراقی نەبێت، بەردەوام لەخەمی گەشەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بن. کەسانی وشیاری هەڵسوڕاوە جەماوەرییەکانی شارەکانی عێراق. هەر بۆیەش باڵە جیاوازەکانی دەسەڵات بەتایبەت لەلایەنە کۆنەخوازو کۆنەپەرستەکان ئەم پشو درێژیی و پەرەپێدان و کاریگەری بزوتنەوەی جەماوەری ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عێراقیان پێ قبوڵ ناکرێت کە سرووشتی خۆی ئاراستەی داهاتوویی کۆمەڵگە دیاری بکات، هەربۆیە پەنا بۆ تیرۆرکردن و ڕفاندن وکوشتنی هەڵسوڕاوانی وشیاری ڕابەران و هەڵسوڕاوانی ناو ناڕەزایەتییەکان دەبن، چەندین کەسیان لێ تیرۆردەکەن ئەمەش بۆئەوەیە پاشەکەشە بەم بزووتنەوە جەماوەرییە کۆمەڵایەتییە بکەن لەشارەکانی عێراقدا. ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە چۆته قۆناغێکی وا ناگەڕێتە دواوە، بەڵکو هەنگاو بەهەنگاو دەچێتە پێشەوە. پێویستە بەرەو شۆڕش و ڕاپەرینی گشتی مل بنێ بۆ ڕاماڵینی سیستەم ودەسەڵاتی کۆنەخوازو چەوسێنەری سەرمایە. لەکوردستان بەهۆی ئەوەی هیچ سیمایەکی… دەوڵەتداری نییە و حیزبەکانی دەسەڵاتداریش ململانێی و پێشبڕکێ دەکەن لەسەر دڵسۆزی و وەفادارییان بۆ دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە لەوانە دەوڵەتی ئاخوندی ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی ئیسلامی تورکیا، بەردەوامیش هێزە ئەمنی وسەربازییەکانیان سنووری کوردستانیان بەزاندووە و هەڵسوڕاوانی ئۆپۆزیسیۆنی خۆیان لەکوردستان بەهاوکاری و ڕێ نیشاندەری کادرو هەڵسوڕاوانی حیزبەکانی دەسەڵاتداری کوردستان تیرۆرکردووە یان تەسلیم کراوەنەتەوە پێیان. لەکوردستان هیچ سیمایەکی ئیدارەدانی حکومەت کەلەسەراسەری کوردستان ڕۆڵی هەبێت نابیندرێت زیاتر ڕۆڵی نمایشی هێزی چەکداری دەبیندرێت، ئەویش بۆ زاڵبوونی دەسەڵاتی کۆنەخوازی وچەوسێنەری حیزبی و خێڵایەتی لەکوردستان لەهەرشارو ناوچەیەکیش جۆرێک لەحیزب و سیستەمی خێڵ ئیدارەی چەکداری ناوچەکە دەکات، هەربۆیە تاکە ئەرک لەمەیدانی کرداریدا ئەم هێزە چەکدارانەی حیزبەکان ئەنجامدانی سەرکوت و فشارهێنان بۆ پاشەکەشەو کۆتاییهێنانە بەناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی خەڵکە، هەربۆیە لەکاتی هەبوونی ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکاندا بەشێکی زۆر لەهەڵسوڕاوان و گەنجان و لاوانی خۆپیشاندەرو چالاکوانی ناڕەزایەتییەکان زیندانی دەکرێن و بێ سەروشوێن دەکرێن. ئەمە نیشانەی هەبوونی بزوتنەوەیەکی جەماوەری سەراسەری لەتەواوی کوردستان دەردەخات کە ئەم بزوتنەوەیە لەقۆناغی ئێستادا هەر لەزاخۆ و دهۆک و ئاکرێ و سۆران وهەولێرو پشدەر و ڕانیە و سلێمانی و کەلار و گەرمیان و هەڵەبجەو کەرکوک زۆر بەباشی وجودی هەیە، خەڵکی ناڕازی و وشیار باش دەزانێت کە چەتەو مافیاکانی دەسەڵاتی سەرمایە ناتوانن گۆڕانکاری باشتر بکەن لەئیدارەدانی کۆمەڵگەدا. هەروەک
کاڕڵ مارکس دەڵێت (ئەگەرسیاسییەکان ڕێک بکەون پارەمان ئەدزن ئەگەر شەڕیان بێت ژیانمان ئەدزن.) واتە دەبێت ئەم جۆرە سیاسییە ملهوڕانە لەدەسەڵات بڕۆن خەڵکی کوردستان خۆی دەسەڵات لەڕێگایی شوراکانییەوە بەڕێوەبەرێت. مەولانای ڕۆمی دەڵێت (نرخی هەموو کاڵایەک بزانی گەرچی نرخی خۆت نەزانی شێتییە.))کەوایە دەبێت خەڵکی ناڕازی نرخی بوونی خۆیان وەک مرۆڤ بزانن ئەوەش بە وەرگرتنی دەسەڵات بۆخۆیان مەیسەر دەبێت.
ئێمەی ناڕازی لەچەوسانەوە و دزی و گەندەڵی هەرکە دەڵێین ئەم دەسەڵات و سیستەمە بەشۆڕش و ڕاپەرینی جەماوەری دەگۆڕدرێت، یەکسەر دۆستان و پارێزەران و لایەنگرانی دەسەڵات و سیستەمی کۆنەخوازو چەوسێنەر پێمان دەڵێن بەدیلتان چییە؟ چۆن ئیدارەی کۆمەڵگە دەکەن کە باشتر بێت لەم دەسەڵات وسیستەمە. وەک ئەوەی نەزانن بەدیلی دەسەڵاتی کەمینە دەسەڵاتی زۆرینەیە، بەدیلی خۆشگوزەرانی کەمینە خۆشگوزەرانی گشتی، بەدیلی هەڵاواردن یەکسانییە، و بەدیلی سەرکوت ئازادیییە و بەدیلی پەڕلەمانیش و هەڵبژاردنی هەر چوار ساڵ جارێک کە چەندەها ئەندام پەرلەمان و وەزیر دەبنە بازرگان و خاوەن کۆمپانیای گەورەی بازرگانی، کۆبونەوەی گشتی و پێکهێنانی شوراکانی خەڵکە لەشوینی کارو ژیانە
بەدیلی خاوەندارێتی تایبەتی لەسەدا یەکەکانی کۆمەڵگە بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێناندا خاوەندارێتی گشتی هەموو کۆمەڵگەیە و کارکردنی هەروەزکارییە و گەشەدانە بەکەرتی گشتی تەندروستی و پەروەردەو فێربوون وخوێندن و ژینگەپارێزییە. باشترین بەدیلمان هەیەو ئەویش ئەڵتەرناتیڤی شوراکان و دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی جەماوەری خەڵکی کوردستانە لە ئیدارەو بەڕیوەبردنی کۆمەڵگەدا وچاودێریکردنی ڕاستەوخۆ لەلایەن خودی خەڵکەوەیە. بۆیە بەباشی ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتی جەماوەرییە پێویسته گەشەی پێ بدرێت ئەگەرچی وەک هەر بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی تر بەدەر نییە لەگرفت و لەمپەر، بەڵام هەنگاوێکی زۆر گرینگ و دڵخۆشکەرە کەئاراستەی کۆمەڵگە دیاری بکات، بۆسەرکەوتن و هێنانەدی گۆڕانکاری کرداری پێویستە گەشە بە ئەڵتەرناتیڤی بزوتنەوەی شورایی بدرێت لەناو ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستاندا… لەبەشی داهاتوو باسی گرینگی و پێویستی بزوتنەوەی شورایی دەکەین. ئەم بزوتنەوەی بەهەبوونی ئیرادەی شۆڕشگێڕانە دەتوانێت گوڕانکاری لەسیستەم و دەسەڵاتی کۆنەخوازو چەوسێنەری سەرمایە بکات بەشۆڕش و ڕاپەرینی جەماوەری دەسەڵاتی مافیاو دز و چەتەگەر ڕابماڵێت، لەجێگەیدا حکومەتی شورایی دابمەزرێنێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.