ژیان و مردن لە دوو دنیای جیاوازدا…

0

ژیان و مردن لە دوو دنیای جیاوازدا…

عەبدوڵا مەحـمود

چینە داراکان و سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیاکان، دەستڕۆشتوانی ناو حزب و بنەماڵەکانیان، کە کەمایەتیەکی زۆر کەمی ناو کۆمەڵگەن، تا لەژیاندان، ژیانێکی پڕ نۆش و عەیش دەگوزەرێنن. ژیانێک کە بەهەشتی ئیسلام و موسوڵمانان لە چاویدا کەلاوە و بێنازو داڕوخاوە. چەندین کۆشک و تەلاری زستانەو هاوینە، لە کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، چەندین ئۆتۆمبیلی دوا مۆدێل، باخێ ڕازاوەی پر میوەجات و مەلەوانگە و جێگای وەرزش، کیڵگەی تەژی لەدەیان ئاژەڵی ماڵی و ئەسپی پەروەردەکراوی ناوازە، عەنباری خۆراکی تایبەتی و ئیستیراد کراو، پۆشاک و بۆن و پزیشکی تایبەتی، قوتابخانە و مامۆستای راهێنراو بۆ پەروەردەو فێرکردنی مناڵەکانیان چ لە کوردستان و چ لە دنیای دەرەوە، تەنانەت خاوەنی تەیارە و کەشتی و بەلەمن لەپاڵ گەشتی کراوە بۆ خۆشترین و سەرسام ئاوەرترین شوێنی دیدەنی و گەشتیاری… کاتێکیش دەمرن… بەجیا لەبەجێهێشتنی سەروەت و سامانێکی خەیاڵی، جێهشتنی وەچە ئامادەکراوەکانیان بۆ جێگرتنەوەی باوک و باپیرانیان، لە خۆشترین و جوانترین و جێگا و بەرزایی و گردەکاندا گڵکۆیان لە ناو گوڵزار و باغ و باغاتی دەیان و سەدان دۆنم زەوی تایبەتدا بۆ ئامادەیە، کیڵ و بەرد و کاشی مەرمەری سەر جەستەی مردویان، هێندە نایابن کە بەهەزاران زمان دەدوێن. ئاو کارەبا و خزمەتگوازی بەردەوامیان لەگەڵ پاسەوانی تایبەتی بۆ ئامادەکراوە. ساڵانەش بەدەیان هەزار دۆلار خەرجی گۆرەکانیان و پاریزگاری لێکردنی دەکرێن و بەشێکیشیان دەکرێنە مەعبەد بۆ پەرستن و سەردانی و دیدەنی. هەموو ئەو سامان و سەروەتەشیان بەزیندوی و مردویی بەرهەمی دزی و تاڵانی و نۆکەرایەتییە…

لەبەرامبەردا، چینە نەدارەکان و بێبەشانی کۆمەڵگە… کەزوربەی هەرەزۆر کۆمەڵگەو هاوکات مۆتۆری چەرخاندنی پێکدەهێنن، لە ژیانێکی مەمرەو مەژیدا شەو و رۆژ دەکەنەوە، کە دۆزەخی دنیای ئەو لا، لە چاویاندا، بەهەشتە. بەشی هەرەزۆریان لەگەڵ ئەوەدا خۆیان خوڵقینەر و دروستکەری تەلار و بینا دوا مۆدێلەکانن، کەچی کرێچی خانووی بچکۆلانەو دارووخاون و بەسەختییەکی زۆرەوە دەتوانن کرێ خانوەکانیان بدەن… ئەو بەشەش کە گوایە خاوەنی خانوی خۆیانن، خانوەکانیان شیاوی ژیانێکی تەندروست و پێویست نین و خاڵین لە پێداویستیەکانی دنیای ئەم سەردەمە. ژیان و گوزەرانی ئەم ئۆردووە بەرینە مەمرەو مەژییەو رۆژانەشیان بەندە بە ئارەقەی ناوچەوان و ماندوبونێکی زۆر… خۆراک و پۆشاک و داو دەرمان و سەرەتاییترین پێداویستیەکانی ژیاریان، بە سەختی دەست دەکەوێت. لە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکانیش بەهرەمەند نین، مناڵەکانیان بەدەست نەبوونی ویستە زۆر سادەکانیانەوە دەناڵێنن، کاتێکیش کە دەمرن… بەجیا لەوەی زوربەی هەرەزۆریان قەرزدارن، دەستکەوتنی دوو مەتر زەوی بۆ ژیر خاکخستنیان، سانا نییە. چەند پارچە بەردێک بۆ کێلەکانیان و ڕوناکیەک بۆ سەر گڵکۆکەیان و کەمێک ئاو بۆ گوڵە سروشتیەکانی دەوربەریان دەست ناکەوێت.

لەسەر دەستی هەمان کەمایەتی و  چینی چاوچنۆکی سەرمایەو خاوەن هۆیەکانی بەرهەم هیناندا، بە مردویش کۆمپانیا چاو چنۆکەکانیان، دەست لە خۆیان و خێزانەکانیان هەڵناگرن… لە گۆریشدا ناهێڵن ئارام بن و کەسو کارەکەشیان دەبێ لە بیری داهاتی ئازیزانی مردویاندا بن. گۆر هەڵکەندن و ناشتنیان، دەکرێت بە پارە و لەو جێگایانەش کە خەڵکی خۆبەخشانە ئەرکی ناشتنی و گۆڕ هەڵکەندن دەگرنە ئەستۆ، لەو رەفتارە ئینسانیەیان دووریان دەخەنەوەو لە جێگایدا کۆمپانیای گیرفان خاڵیکردن، دادەمەزرێنن. هەروەها چۆن بە زیندویی جەماوەری بێبەش و نەدار، بەدەست برسێتی و نەبوونی و گرانی وبێکاری و کاری سەختەوە دەناڵێنن، بەدەست نەبوونی ئاو کارەباو خزمەتگوزارییەکان و خانووی بچوک و کڕێچیتیەوە گرفتارن، بە مردوییش بەهەمان شێوە، گڵکۆکەیان لاواز و بێ خزمەتگوازرییە، جەستەی پەراویز خراویان بەهەزاران زمان نەفرەت دەکەن و دەنگی ناڕەزایەتیان بەدژی دنیای سەرەوخواری سەرمایەداریدا، دەبیسترێت.

گۆر هەڵکەندن و کردنی بە پارەو ڕادەستکردنی بە کۆمپانیاکانی خۆیان، و دوورخستنەوەو دەرهێنانی لەدەستی شارەوانیەکان، هێرشێکی ترە بۆسەر جەماوەری بێبەش و نەدار، بەڵام ئەمجارەیان بۆ سەر لاشەی نەجوڵاویان و بۆ دوای مەرگیان… هەموو ئەمانەش گەواهیدەری ئەوەن کە دەبێ ئەم نیزام و سیستەمە تاڵانچییە، بۆ هەمیشە بە گۆڕ بسپێردرێت. ئەو دەیان هەزار دۆنم زەویەش، کە بەمردووی دەستیان بەسەردا گرتووە، لەگەڵ زەوی و تاڵانیەکانی تریان بۆ کۆمەڵگە، بگێردرێتەوە. دیارە دوای نارەزایەتیەکی فراوان ئەم بڕیارە هەڵوەشێنرایەوە و ڕاگیرا، بەڵام گومان لەوەدا نییە، دەسەڵاتی سیاسی ئامانجی ئەوەیە هەموو خزمەتگوزارییەکان هەرزان فرۆشی کەرتی تایبەتی و کۆمپانیاکان بکات.         

Leave A Reply

Your email address will not be published.