بەشێكی تر لەدەقی (( بەسەرهاتی ئاهێكی سەرد))

0
بەشێكی تر لەدەقی
(( بەسەرهاتی ئاهێكی سەرد))
 
 
بەیانیەكم پێ بڵێ
ماچێكی تۆم تیا نەنوسیبێتەوە
باوەشێكی تۆم تیا نەڕواندبێ
نیگایەكی تۆم پیا شۆڕنەكردبێتەوە
 
بەیانیەكم پێ بڵێ
لەژێر سێبەری هەناسەیەكتا خۆم حەشار
نەدابێ و
خۆشترین خەوم بە بەهەشتەوە نەدیبێ
بیرم لەفڕینێكی ئەبەدی نەكردبێتەوە
 
بەیانیەكم پێ بڵێ
وەك خۆت
خۆتم
بەخۆت ئاشت نەكردبێتەوە
ئاوێنەیەكم
بەلای سەرتەوە هەڵنەواسیبێ
شانەو قردێلەیەكم
لەخوار قاچتەوە دانەنابێ
 
بەیانیەكم پێ بڵێ
بەسەرهاتی چراو ئینجانەیەكی شكاوم
بۆ نەگێڕابیتەوەو
سەرپۆشی شەونمێكم لە ڕۆحتەوە نەئاڵانبێ
 
بەیانیەكم پێ بڵێ
گوێم نەنابێ بەلێدانی دڵتەوە و
بەلای هەناسەتەوە دانەنیشتبێتم
بەیانیەكم پێ بڵێ
خۆتم بە خۆت نەنوسیبێتەوە
خۆتم بەخۆت نەفڕاندبێ
خۆتم لەخۆتا دانەگیرساندبێ
 
بەیانیەكم پێ بڵێ
پڕ بەخۆت خۆشەویستیم
نەكردبێ بە بەرتاو
ماچم لەگوڵە وەنەوشە بۆنەدروبیت
 
بەیانیەكم پێ بڵێ
لەتەماشاكانما نەمڕواندبی و
لەخۆشما ئاو پرژێنم نەكردبێتی
لەخۆشما دامنەگیرساندبی
 
بەیانیەكم پێ بڵێ
لەخۆما گرێم نەدابی و
لە خۆما وەك شیعرەكانم
بەپەنجەرەی
ڕۆحما هەڵمنەواسیبی
بەیانیەكم پێ بڵێ
 
ئەتانبینم
لەبەرئاوێنەیەكی بەساڵاچودا دەتانبینم
ئەو بەدرۆوە پرچی تۆ شانە دەكات
تۆش بەلای
فێڵێكی كورتە باڵاوە دانیشتویت
نامەیەك بۆ ڕۆحی لەبارچووی من دەخوێنیتەوە
نامەیەك كە بۆنی پەنجەكانی باوكمی لێ دەتكێ و
لێدانی دڵی دایكمی پیا شۆڕبۆتەوە
ئەتانبینم
چاوێكتان لەگیرفانی كراسەكانتانایەو
چاوەكەی تریشتان لەسەر قەراغی
دیواری قومارخانەیەك داناوە
 
ئێوە درۆیەكی تەڵخ بوون
لە ئەزەلەوە ئولفەتان بە خوێنەوە گرتبو
دژی یاسای ماچ و باوەشی عاشقانە بوون
ئولفەتان بەسوتاندنی گەڵای دار ئەرخەوان و
زەردە خەنەی دار بەڕوو گرتبوو
 
ئەتانبینم
لەئاوێنەیەكی تەڵخا دەتانبینم
ئێوە مامەڵەی لە سێدارەدانی
كۆترە شینكەكانتان لەگەڵ ئیبلیسدا دەكرد
كووژەكەیەكی شینتان
بەناوچەوانی كاك هەڵۆدا هەڵدەواسی
میلی تفەنگتان لەسەر كەروێشكە سپیەكان
دەهێنایەوە
سەر پۆشەكەی سەری مریەمتان لەمەزاتخانە
هەڕاج كرد
میرزا
Leave A Reply

Your email address will not be published.