ئایا خوێندنی ئۆنلاین (ئەلكترۆنی) جێگەی خوێندنی ئاسایی دەگرێتەوە؟

0

ئایا خوێندنی ئۆنلاین (ئەلكترۆنی) جێگەی خوێندنی ئاسایی دەگرێتەوە؟

نووسینی: کامەران لەتیف

‎هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە جیهاندا زۆربەی وڵاتانی جیهانی تووشی چەندین قەیرانی سیاسی وئابووری بوونەوە كە بە جۆرێك مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە زۆر قورس و زەحمەت بوو، كوردستانیش بەدەر نەبوو لەم ڤایرۆسە. بۆیە لە ١٤-٢-٢٠٢٠ سەرجەم قوتابخانەو زانكۆكان ڕاگیران وكەرەنتینە ڕاگەیەنرا بە جۆرێك ژیانی خەڵك تووشی ئیفلیجی بووەوە. ‎قەیرانی ئابووری و نەبوونی مووچە هێندەی تر ژیانی هاوڵاتیانی دووچاری برسێتی و نەبوونی كردەوە. ‎دوای چەندین مانگ دابڕانی خوێندكاران لە قوتابخانە لە ئێستادا جارێكی تر سەرەتایی دەستپێكردنەوەی قوتابخانەیە و لێپرسراوانی پەروەردە بڕیاری بە ئەلكترۆنیكردنی خوێندنی ئەمساڵیانداوە بۆ پۆلەكانی سێ بنەڕەتی تاكو یانزەو هەروەها زانكۆو پەیمانگاكان كە دەبێت بە شێوەی ئۆنلاین بابەتەكان بخوێنن بۆ وەرزی یەكەم. ‎دیارە هەر وڵات وكۆمەڵگەیەك سروشت وهەلومەرجی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ كوردستانیش ئەم بڕیارە هەر لە سەرەتاوە شەپۆلی ناڕەزایی خەڵك و پسپۆڕانی پەروەردەی بەدوای خۆیدا هێنا، ‎ چونكە ئەم بڕیارە هیچ خوێندنەوەیەكی واقعیانەی بۆ خەڵكی كوردستان نەكردووە، ڕاستە نەخۆشی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لەسەرتاسەری جیهان گیانی هەزاران كەسی لەناوبردووە، بەڵام زۆربەی وڵاتان ژیانیان ئاسایی كردۆتەوە هەروەها بە شێوەیەك ژیانیان ڕێكخستووە كە كاریگەری و لێكەوتە ئابوورییەكان كەم بكەنەوە، بەڵام لە كوردستان سەرباری ئەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بۆتە بەهانەیەك بۆ دەسەڵاتداران كە مووچە نەدەن یان زۆر دوابكەوێت هەروەها كەرتی تەندروستی بە شێوەیەك پشتگوێ خراوە كە زۆر لە نەخۆشەكان بەو هۆیەوە گیانیان لە دەستداوە. ئەم ڤایرۆسە بۆتە فرسەتێك كە دەسەڵاتداران بە شێوەیەكی گشتی خۆیان لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بدزنەوە. بڕیاری بە ئەلكترۆنی كردنی خوێندن بە هیچ شێوەیەك جێگای خوێندنی ئاسایی ناگرێتەوە لەبەرئەوەی هیچ ئامادەكاری بۆ نەكراوە لە هەمانكاتدا خوێندنی ئۆنلاین خوێندكار دادەبڕێت لە فێربوونی زانستی و پراكتیكی بۆ نموونە ئەگەر لە ماڵێكدا سێ خوێندكار هەبن جگە لەوەی خێزانەكەی ناتوانن سێ ئامێری كۆمپیوتەر یان ئایپاد دابین بكەن هەروەها ناتوانن كێشەی كارەباو ئینتەرنێتی بەردەوام چارەسەر بكەن، كە یەكێكە لەو كێشانەی بە بەردەوامی لە كوردستاندا بوونی هەیە. هەروەها ئەگەر دایك و باوكی ئەو خوێندكارانەی فەرمانبەرن چۆن دەتوانن سەرپەرشتی مناڵەكانیان بكەن بۆ خوێندن؟؟ یاخود كاتەكانیان چۆن ئەگونجێنن؟؟ یا چۆن هەڵسەنگاندن بۆ فێربوونی خوێندكار دەكرێت.؟ بە كورتیەكەی جگە لەوەی پرۆسەی بە ئەلەكترۆنی خوێندن كەم وكوڕییەكی زۆری هەیە لە كوردستان لەهەمانكاتدا هیچ زەمینەیەكی نییە بۆ فێربوونی زانستی وتێگەیشتنی خوێندكار. بۆیە تەنها چارەسەری گونجاو بۆ كردنەوەی قوتابخانەكان و بردنە پێشەوەی خوێندن بە شێوەیەكی تەندروست و پراكتیكی ئەوەیە كە قوتابخانەكان بكرێتەوە، بەڵام لە ژێرچاودێرییەكی تەندروستی وردو جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستیەكان. ‎پێویستە بەڕێوبەرو مامۆستاو كەسانی پەروەردەیی لە قوتابخانەكاندا ڕۆژانە لەكاتی كردنەوەی قوتابخانەدا ڕێنمایی تازە بە خوێندكاران بدرێت وە زۆر بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم ڤایرۆسەدا بکەن… ‎هەروەها پێویستە حكومەت سەرجەم هۆكارە خۆپارێزییەكان بۆ خوێندكاران دابین بكات لە دەمامك ودەستكێش و جێڵ و سابوون و تەواوی كەلوپەلی خۆپارێزی. بەم شێوەیە تاڕادەیەك دەتوانرێت خوێندن بەردەوامی پێبدرێت لەگەڵ هەلومەرج وگۆڕانكاری بەسەر ڤایرۆسی كۆڕۆنادا بڕیارەكانیش ئاڵوگۆڕی بەسەردا بهێنرێت.

* كامەران لەتیف بەرێوبەری سەنتەری بەرگری لە مافەكانی مناڵانی كوردستانە …

Leave A Reply

Your email address will not be published.