کۆبونەوە لەدەوری کازمی، بەمانای ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی تاڵانچی بۆرژوازی کوردە

0

کۆبونەوە لەدەوری کازمی، بەمانای ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی تاڵانچی بۆرژوازی کوردە

عەبدوڵا مەحمود

لەم چەند ڕۆژەی رابردوودا، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. لەم سەردانەیدا کازمی لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو زۆنی زەرد و سەوز و زۆربەی حزبەکان کۆبۆوەو سەردانی بەشێک لەدەروازە سنورییەکان و چەندین شارو شارۆچکە و بەشێک لە خەڵکی پەراوێزخراو و زوڵملێکراوی دەستی بەعسی کرد.

هاتنی کازمی لێکدانەوەو خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ کرا، کرایە بابەتی گرنگی ڕاگەیاندنەکان و مادەیەکی باشیش بۆ توێژەر و چاودێرە سیاسیەکانی بۆرژوازی کورد. بەجیا لە لێکدانەوەو بۆچوونی باو، لەم وتارەدا هەوڵدەدەین ئامانج لەسەردانەکەی کازمی و ئەو خوێندنەوانەی بۆی کرا، بخەینە ڕوو.

 دەکرێت ئامانجەکانی هاتنی کازمی، زۆرو هەمەلایەنە بن، بەڵام لێرەدا تەنها ئاماژە بە لایەنە سەرەکی و ئامانجە میحوەرییەکانی دەکەین.

١/ لە کۆبونەوەکانی کازمی لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا و پاشانیش لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەمریکادا، یەکێک لە خاڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی بەغداو هەرێم و بەدیاریکراویش پابەندبوون بەدەستور و پرسی بودجە و موچە بوو.

کازمی بەهاتنی بۆ کوردستان و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمدا، نیەت پاکی  بەغدای بە فەرەنساو ئەمریکا و بیرورای فەرمی راگەیاند، و هاوکاتیش تۆپی ململانێکانی داهاتووی هەرێم و بەغدای لە گۆرەپانی کوردستاندا بەجێهێشت، لەهەلومەرجێکی نوێی هاوسەنگی هیزی دوای ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا، کە بەتەواوەتی باڵانسەکەی لە قازانجی بەغدا و بزوتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتییە بۆژوازییەکانی عێراقدا شکاوەتەوە. ئەم سەردانەی وەکو دەستپێشخەریەک خستە ڕوو، کە تیایدا ئەمریکا و فەرەنساو دنیای فەرمی لە ئامادەیی خۆی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێم لەچوارچێوەی دەستوردا، نیشانداو وەکو دەورەیەکی نوێ لە بەرخورد بە پرسەکانی نێوان دەسەڵاتی سیاسی بەغدا و هەرێم.

٢/ پرسی دەستور و پابەندبوون بەدەستور هەمیشە مادەیەکی سەرەکی دەسەڵاتی سیاسی بەغداو هەرێم بووە کە یەکتریان پێ تۆمەتبار کردووە. هەردوو لا کێشەکانی بەغداو هەرێمیان بە پابەند نەبوون بە دەستور دەگێرایەوە. کازمی لەم سەردانەیدا پرسی خاڵە سنورییەکان، فرۆشتنی نەوت، سوپای بەرگری حدود، وەکو میحوەری باسەکان لەگەڵ هەرێم بەدەستەوە گرت، کە هەموویان بەپێی دەستور لە سەڵاحیەت و لەژێر دەسەڵاتی ناوەندیدان و دەرهێنانیان لەدەستی دەسەڵاتی فیدرالیزمی!! هەرێمدا…ئامانجێکی بوو.  بەمەش توانایی و سەڵاحیەتەکانی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم کلک و گوێ دەکات و هاوسەنگی هیز و باڵانسی بڕیاردان بە سودی بەغدا و دەسەڵاتی ناوەندی دەگۆڕێت. گفتوگۆکانی دواتریش دەچنە چوارچێوەی ئەم هاوسەنگی ‌هێز و باڵانسە تازەیەوە.

٣/  هاتنی کازمی بۆ کوردستان، بەوێنەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەکاتێکدا کازمی سەردانی بەشێکی زۆر لە شارەکانی عێراقی لە ناوەراست و خواروی عێراق کردووە و بانگەشەی گەرانەوەی سەروەری بۆ حکومەت و پابەند بوون بە یاسا دەکات… پەیامێکی رۆشن بوو بە سەرجەم باڵەکانی بۆرژوازی عێراقی و حزب و لایەنە سیاسیەکانی، کەبە شێوەی هاوتەریب مامەڵەی هێزو لایەنە سیاسیەکانی عێراق دەکات و ئەوەش دەخاتە ڕوو کە خۆی بەسەرۆکی هەموو عێراقییەکان دەزانێت… جیا لەوانەش خاترجەمی دەبەخشیت بە وڵاتانی ناوچەکە کە عێراق وڵاتێکی یەکپارچەی خاوەن سەروەریی خۆیەتی.

 ٤/ کازمی کە ئاگاداری قڵشتی بەرینی نێوان جەماوەرە لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی هەرێمدا، بە چوون و سەردانیکردنی چەند ناوچەیەک و کۆبونەوەی لەگەڵ بەشێک لەخەڵک، لەوانەش خەڵکانێکی زوڵملێکراوی دەستی بەعس و پەراوێزخراو، وەکو فریاد رەسێک خۆی نمایش کرد. جەماوەری گیرۆدەی دەستی حزبەکانیش بە کۆبونەوەیان لەدەوری کازمی، پەیامی “نا” وتن بەدەسەڵاتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردیەتیان پێشچاو خست، نەک ئەوەی عاشقی کازمی بن و وەکو فریاد رەسێک وێنای بکەن.

٥/ کازمی بەسەدانی کردنی هەردوو زۆنەکە و کۆبونەوەی جیاجیای لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی زۆنەکان، لەلایەکەوە ویستی هاوسەنگی مامەڵەی خۆی لەنێوان هەردوو زۆنەکەدا ڕابگرێت و وڵاتانی ناوچەکەش کە ئەم زۆنانە وابەستەنی دڵنیا بکاتەوە لە بەڕەسمی ناسینی، واقعیەتی سیاسی هەرێم. لەلایەکی تریشەوە سەردانی بۆ هەردوو زۆنەکە بۆ بەهرەبەرداری کردن بوون لە ناکۆکی سیاسی نیوان دەسەڵاتی سیاسی هەردوو زۆنەکە، بە سودی خۆی. خستنە رووی داخوازیش لەلایەن هەردوو پارێزگای سلێمانی هەڵەبجە بۆ بەردەم کازمی، بە ئاشکرا رەتکردنەوەی بەرپرسیاریەتی حکومەتی هەرێم!! و نیشاندانی پوچی حکومەتی نیشاندا. وە ئەوەی خستە ڕوو کە چاوەڕوانیان لە بەغدا زیاترە تا لە هەولێر. وە شانی خۆشیان وەکو دەسەڵاتی زۆنی سەوز لە بەرپرسیاریەتی خاڵی کردەوە.

٦/ کازمی بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی سیاسی هەرێم و شەپۆلی نارەزایەتی جەماوەری کە لەدەسەڵاتی سیاسی هەرێم هەیە، لەگەڵ هاوخەتەکانیدا لە کوردستان چاوی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووە، بۆ ئەم مەبەستەش لیستی خۆیان هەیە. ئەم سەردانەی وەکو یەکەمین کەمپەینی هەڵبژاردنەکان، پێش وادەی راگەیەنراوی دەسپێکی هەڵبژاردنەکان کەڵک لێوەرگرت، کەدەتوانێت وەکو سەرمایەکی سیاسی ئینتیخاباتی داهاتوو سودی لێوەربگرێت.

بەشێکی زۆر لە نووسەر و سیاسی و رۆژنامەنووس و شرۆڤە کارانی سیاسی!!، بزوتنەوەی کوردایەتی هاتنی کازمیان وەک فریاد رەس و پاڵەوانی جەنگێکی براوەو سەرکەوتوو خستە ڕوو. هەر ئەم خێڵە لەنووسەر و رۆژنامەنووس و میدیاکار و شرۆڤەکارانی سیاسی لە دوای کەوتنی رژێمی بەعس و بەدیاریکراوی لەساڵی ٢٠٠٩ دا، لەهەلومەرجێکدا جەماوەری خەڵکی کوردستان قوڵپی نارەزایەتییەکانیان لەوپەری خۆیدا بوو، نەوشیروان مستەفاو پاشان گۆڕانیان وەکو فریاد رەس و پاڵەوان وێناکرد. وتیان نەوشیروان پیاوێکی سادەو خاکییە، لەگەڵ پیشمەرگەکانی قوڕکاری کردووە، گەندەڵ نییە، سادەیە، بەدوای خانوو سەیارەو سەروەتەوە نییە، حەزی لە نان و ماست و تەماتەی سورەوەکراو و پەڵپینە و خواردنی رەسەنی کوردەوارییە، سامانەکەی تەنها پاکەتی جگەرەو چەرخەکەیەتی… وە وینەکەیان لە میدیاکاندا بە شانازییەوە خستە ڕوو وە وتیان باوکی هەژارانە. وتیان دژی تەوریسی سیاسی و گەندەڵییە و گۆڕانکاری ڕیشەیی دەکات. کەچی پێچەوانەی هەموو ئەم درۆو فریوکاریەیان بە کردەوە سەلما. لەپێش هەموو شتیکدا بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری جڵەو کردو دەسەڵاتی دزو گەندەڵی لە ڕمان رزگار کرد. چوونە ناو دەسەڵاتی تاڵانچی خۆشخزمەت و سەرکوتکەرەوە کە ئەندازیاری” چوار ساڵی ئارامی کوردستان” نەوشیروان بوو. کارکتەرە سیاسیەکان گۆران بوونە هاوبەشی دزو تاڵانی بازرگانی سیاسی، سەروەت و سامانەکە نەوشیروان بەر لەمردنی بەسەدان ملیۆن دۆلار خەمڵینرا لە پشکی کۆمپانیاکان و بازرگانی و زەویدا… کورەکانی بوونە هەمەکارەو تەوریسی سیاسی پارتی وبنەماڵەیان تۆختر کردووە، بەر لە مردنیشی سەروەتەکەی بەهی گۆڕانیشەوە تاپۆی سەر کوڕەکانی کرد و مەزاگەکەشی گردێکی داگیر کردو وەکو سەرانی هاوشێوەی خۆی چ بەزیندووی لەتاڵانیدا بێ دریغ و چ بەمەرگی دنیایەک زەوی پاوان کرد و کرا بە مەعبەد و پەرستگای توێژێکی گەمژەی دنیا نادیدەی مێشک مەیوو…

هەر ئەم خێڵە ئەمجارە و لەدۆخێکی تری نارەزایەتی جەماوەری فراواندا بە دژی دەسەڵاتی سیاسی دەیانەوێ کازمی وەکو فریاد ڕەس وێنا بکەن و دیسان رای گشتی بشێوێنن. وە خێر لەنانی بە نرخی ڕۆژدا بخۆن و لەوەرگای داهاتوویان زامن بکەن.

کۆبونەوەی بەشێک لە جەماوەری توڕەی کوردستان لە کازمی، بەمانای رەتکردنەوەی دەسەڵاتی تاڵانچی بۆرژوازی کوردە، نەک ئومێد هەڵبەستن بەکازمی و وەکو کاریزما قبوڵکردن و تەماشاکردنی وەکو فریاد رەس، فریاد رەس تەنها جەماوەری ڕێکخراو بێبەشی کوردستانە لەدەوری ئەلتەرناتیفێکی شۆڕشگێرانە.

کازمی نوێنەری چینی بۆرژاری عێراقی و بەشێکی بەرین لە بزوتنەوە و حزب ولایەنە سیاسیە باڵادەستەکانی ئێستای عێراقە بە پشتیوانی ئەمریکا و غەرب، کە کاری سەرەکی خامۆشکردنەوەی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرییە لە سەرتاسەری عێراقدا، بەتایبەتیش لە ناوەراست و خواروی عێراق، تا لانی کەمی ئارامی سیاسی و ئاسایشی بۆ عێراق بگێریتەوە، بەمەبەستی ئازادی بۆ سەرمایەو سەرمایەداران و کۆمپانیاکان، بۆ سود و کەڵەکەی سەرمایە.

خەڵکی هوشیاری عێراق و کوردستان، لەپەیامی کازمی و بۆرژاوزی عێراقی بە ئاگان و تەواوی جەماوەری بێبەش و نەدار و توڕەش لەدەسەڵاتی تاڵانچی و سەرکوتگەری بزوتنەوەی کوردایەتی، نابێت هیچ خۆشباوەرییەکیان بە کازمی و پەیام و فریوکارییەکانی هەبێت. کازمی هات بۆ کوردستان تا لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی کوردستان بگاتە سازان و رێکەوتنێکی جێگا مەبەستی بۆرژازی عێراقی، نەک بۆ وەڵامدانەوە بەداواو ویستەکانی خەڵکی کوردستان. کۆبونەوەی کازمی لەگەڵ سەرانی حزبە سیاسیەکانی کورد و تەنانەت لەگەڵ جەماوەری کوردستانیش هیچ پاروە نانێک بۆ سەر سفرەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتیکش زیاد ناکات، بەڵکو بە بە پێچەوانەوە ئەوان دەکاتە زەخیرەی سیاسی لە پێناو ئامانجە سیاسییەکانی بزوتنەوە بۆرژوازییە عێراقییەکان بە قەومی  وئیسلامیەوە.

 ناوەڕاستی سیپتەمبەری ٢٠٢٠             

Leave A Reply

Your email address will not be published.