داخستنی نووسینگەکانی کەناڵی ئێن ئاڕتی لە هەولێرو دهۆک… مەحکومە

0

لەچوارچێوەی هێرشی دەسەڵاتی سیاسیدا بۆسەر هەڵسوڕاوان و رابەران و بەشداربووانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا، وە لەچوارچێوەی هێرش بۆسەر ئازادییەکان و ئازادی بەیان و رادەربریندا، هەردوو نوسینگەی کەناڵی ئین ئارتی لە شارەکانی دهۆک و هەولێر داخراون. وەزارەتی ناوخۆ!! داخستنەکە دەخاتە ئەستۆی وەزارەتی رۆشنبیری و وەزارەتی رۆشنبیریش بێئاگایی خۆی لەداخستنەکە رادەگەیەنێت و دەڵیت وەزارەتی ناوخۆ دایخستوون. سەرەتا شانخاڵی کردنەوەی ئەم دوو دەزگا قورمیشکراوە بێ دەسەڵاتە لەبەرامبەر بە زۆری چەک و هەڕەشەی دەستڕۆشتوەکانی حزب و بنەماڵەدا، لەلایەکەوە سەرەگێژەی ئەم دەسەڵاتە لەبەرامبەر بە توڕەیی و نەفرەتی جەماوەریدا دەخاتە ڕوو، لەلایەکی تریشەوە ناوەرۆکی سەرکوتگەرانەی ئەم دەسەڵاتە تاڵانچی و مافیاییە نیشان دەدات.

داخستنی ئەم دوو نووسینگەیەو رێگەگرتن لە میدیاکارانی بۆ رۆماڵی خۆپیشاندان و نارەزایەتییە جەماوەریەکانی خەڵکی کوردستان، پوچی بانگەشەی دیموکراتی و بوونی کاری ئازادی سیاسی و ئازدییە رۆژنامەگەری، دەخاتەوە ڕوو.

خەڵکی کوردستان و چین و توێژە بێبەشەکانی،  لە دژی نەبووی موچەو دواخستن و لێبرێنی، لە دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و بێدەربەستی دەسەڵات لە پەیوەند بە کەرتی تەندروستییەوە لە هەلومەرجی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا ڤایرۆسدا، وە لەدژی بێمافی و گرانی و هەنگاوە یەک لەدوای یەکە چەتەگەرییەکانی دەسەڵاتدا، بۆ بەرگری لەخۆیان و ژیان و گوزەرانیان ناچارن بێنە دەنگ، ناچارن دەست ببەن بۆ بایکۆت، کۆبونەوەی نارەزایەتی، مانگرتن، خۆپیشاندان…تاد، دەسەڵاتی دژە ئازادی هەرێم لە جیاتی گوێگرتن لە داواو داخوازی جەماوەری و نوێنەرانی خۆپیشاندەران و توێژە بێبەشەکان، دەست دەبەن بۆ ناو ناتۆرە دروستکردن، ڕفاندن، لێدان، دەستگیر کردن. ئەو کەناڵ و دەزگا میدیایانەش کە ڕوماڵی ئەو خۆپیشاندان و نارەزایەتیانە دەکەن دەکەونە بەردەم هێرشی هەر ئەو دەسەڵاتەی، لە رێگای دزی و تاڵانی و بێدەربەستیەوە دۆزەخێکی واقعی بۆ جەماوەری بێبەشی کوردستان خوڵقاندووە. لەو چوارچێوەیەدا هەمیشە کەناڵ و میدیاکارانی دەرەوەی دەسەڵات، کەوتوونەتە بەردەم هەرەشە و رێگری لێکرن و داخستنیان. داخستنی نووسینگەکانی کەناڵی ئین ئارتی، لە ڕیرەوی هەمان سەرکوتکردن و پیشیلکردنی بەردەوامی ئازادیی و ئازادی کاری رۆژنامەگەریی و میدیاییدایە. جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان، لە پیشیانەوە نووسەران و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان و دادوەرانی ئازادیخوازو پیشکەوتنخواو ئینسان دۆست، تادەگاتە هەر حزب و لایەنێکی سیاسی و جەماوەری، کە کەمترین باوەڕیان بە ئازادی و ئازادی سیاسی و رۆژنامەگەری و کاری میدیایی هەیە، پێویستە لەدژی ئەم هێرشانەی دەسەڵات و لەبەرامبەر داخستنی نووسینگەکانی کەناڵی ئین ئارتیدا بێنە دەنگ و داوای کردنەوەی بیقەیدو شەرتی نووسینگەکان و قەرەبووکردنەوەیان بکەن.

بڵاوکراوەی بۆپێشەوە

١٤/٩/٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.