بەشێک لە وتاری: ” ئەرکە دەست بەجێ یەکانی حکومەتی شورایی “

0

بەشێک لە وتاری:

” ئەرکە دەست بەجێ یەکانی حکومەتی شورایی “

نووسینی لینین

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: سالار حمە سەعید

ڕێکخستنی ڕکابەری

لەو شتە پووچ و بێمانایانەی کە بۆرژوازی تامەزرۆی بڵاوکردنەوەیانە سەبارەت بە سۆشیالیزم بریتییە لەو تاوانبارکردنە بێبنەمایەی کە گوایە سوشیالیستەکان نکۆڵی دەکەن لە گرنگی ڕکابەری. لەڕاستیدا ئەوە تەنها سۆشیالیزمە کە لەڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی چینایەتی و لەئاکامدا هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی جەماوەری خەڵک، بۆ یەکەمین جار ڕێگە بۆ ڕکابەری دەکاتەوە بەئەندازەیەکی فراوان، وە بەدیاریکراوی فۆرم و شێوەی ڕێکخستنی شورایی، لەڕێگەی زامنکردنی گواستنەوە و ڕاگوزەر لە  دیموکراسی ڕەسمی جمهوریەتی بۆرژوازی بۆ بەشداری ڕاستەقینەی جەماوەری کرێکاران لە بەڕێوەبردن دا، کە بۆ یەکەمین جارە ڕکابەری دەخرێتە نێو مەیدانێکی فراوان و بەریندا. رێکخستنی ئەمە لە مەیدانی سیاسیدا زۆر ئاسانترە تا مەیدانی ئابووری، بەڵام ئەوە مەیدانی ئابووریە کە گرنگی هەیە بۆ سەرخستنی سۆشیالیزم.

  ئامرازێکی رێکخستنی ڕکابەری وەک راگەیاندن بەنموونە وەربگرە. جمهوریەتی (کۆماری) بۆرژوازی تەنها بە فەرمی (ڕەسمی) ڕاگەیاندن زامن دەکات، بەڵام لە کرداردا ڕاگەیاندن و رۆژنامەگەری دەکاتە پاشکۆی سەرمایە و کۆمەڵێک خەڵک سەرگەرم دەکات بە پۆخڵەواتی سیاسی هەست بزوێن و ئەوە حەشاردەدات کە لەسەرکار، لە مامەڵە بازرگانیەکان، گرێبەستەکان و هەتادوایی  دا ڕوودەدات، لە پشت پەردەی ”نهێنی یە بازرگانیەکان” کە پارێزگاری دەکات لە ”مافی پیرۆزی خاوەندارێتی”.

حکومەتی شورایی نهێنیە بازرگانیەکانی هەڵوەشاندۆتەوە، ڕێبازێکی نویی گرتۆتەبەر، بەڵام ئێمە تەقریبەن هیچمان نەکردوە بۆ سوود وەرگرتن لە ڕاگەیاندن بە مەبەستی هاندانی ڕکابەری ئابووری. لەکاتێکدا بێڕەحمانە هەڵدەستین بە سەرکووتکردنی رۆژنامەگەری بۆرژوازی تەواو درۆیین  و تۆمەت هەڵبەستی لووت بەرز، ئێمە دەبێ بەپێی بەرنامە کارکەین بۆ دروستکردنی رۆژنامەگەرییەک (میدیایەک)  کە خەڵک سەرگەرم نەکات و بە هەست بزواندنی سیاسی و شتی پووچ گەوجیان نەکات بەڵکو کێشەی رۆژانەی ژیانی ئابووری بخاتە بەردەم حوکم و داوەری خەڵکەوە وە یارمەتی بدات لە توێژینەوەی جدی لەم کێشانە. 

هەر کارگەیەک و هەر گوندێک کۆمۆنەیەکی (کۆمون یا کۆمیون بریتیە لەو کۆمەڵە خەڵکانەی کە پێکەوە دەژین و پێکەوە کاردەکەن و هاوبەشن لە خاوەندارێتی و ئەرکەکانیاندا/ وەرگێڕ) بەرهەمهێنەران و بەکاربەرانن، کە ماف و ئەرکەکانیان بریتیە لە جێبەجێکردنی یاسا گشتییەکانی شوراکان بە ڕێگە و شێوازی خۆیان (بەڕێگە و ڕەوشی خۆیان، نەک بە مانای پێشێلکردنی مافەکانیان)، بەڵکو بتوانن بەشێوەی جیاواز جێبەجێی بکەن و بە ڕێگە و شێوازی خۆیان چارەسەری کێشەی ژمێریاری بکەن لە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کاڵاکاندا. لەژێر سایەی سەرمایەداریدا ئەمە ” مەسەلەیەکی تایبەت”ی تاکە سەرمایەدارێک، خاوەن مڵکێک یا کولاک بوو. لەژێر سایەی سیستەمی شورایی دا، ئەمە کێشە و مەسەلەیەکی تایبەت نییە، بەڵکو گرنگترین مەسەلەی دەوڵەتە.  

ئێمە هێشتا کەمێک دەستمانکردووە بە ئەرکی گەورە و سەخت و پڕ پاداشتی ڕێکخستنی ڕکابەری لەنێوان کۆمیونەکاندا بەهێنان و ناساندنی ژمێریاری و ڕاگەیاندن لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی دانەوێڵە و جلوبەرگ و شتی تردا و گۆڕینی هەموو ژمێریاریە وشک و مردوو و بیرۆکراتیەکان بۆ نموونەی زیندوو، هەندێکیان قێزەون و هەندێکی تر سەرنج ڕاکێش. لەژێر سایەی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا، گرنگی نموونەی تاکی وەک ”وەرشەی تەعاونی” زۆر مەحدود و سنووردارە، تەنها ئەوانەی تێر خەو و خەیاڵی بۆرژوازی بچووکن دەتوانن  خەو بە چاککردنی سەرمایەداریەوە ببینن.   

ئەڵبەتە چینێکی کۆمەڵایەتی نوێ نەتەنها چەند هەفتە، بەڵکو چەندەها مانگ و ساڵی دوور و درێژ دەوێ، تاکو ڕابێت بە باروڕەوشی نوێی، بەتایبەتی چینێک کە تائێستا چەوسێنراوەتەوە و هەژاری  و ناوشیاری وردوخاشی کردوە، بڕوانە دەوروبەرت و کارەکانی ڕیکبخەن و پلەو ڕێوشوێنی ڕێکخەرانی بەرزکەنەوە.

هیچ بزوتنەوەیەکی جەماوەری ڕەگ و ڕیشەدار و بەهێز لەمێژوودا ڕووینەداوە بێئەوەی پۆخڵەواتەکان بەرەو سەرەوە بۆ لوتکە نەچن، بێئەوەی چەتە و قۆڵبڕەکان و خۆبەزلزان و نەڕەنەڕکەرەکان خۆیان بەداهێنەرە بێئەزموونەکانەوە هەڵنەواسن. بەبێ هەراوهۆریا و بێسەروبەرەیی پووچ و بێمانا، بەبێ ئەوەی ڕابەرانی تەک و تەنیا هەوڵ نەدەن لەگەڵ بیست کێشەدا مامەڵە بکەن لەیەک کاتدا بەبێ ئەوەی هیچ کامێکیان بەکۆتایی بگەیەنن. دەبا سەگەکانی نێو باوەشی کۆمەڵگەی بۆرژوازی لە ”بیلۆرۆسۆڤ”ەوە بۆ ”مارتۆڤ” هەر بوەڕن سەبارەت بە دەرپەڕینی  هەر تەڵاشە دارێ کە لە بڕینەوەی داری کۆن و گەورە دەبێتەوە. سەگەکانی نێو باوەش بۆ چ شتێکی تر بەکەڵک دێن ئەگەر نەوەڕن بە فیلەکەی پرۆلیتاریا؟ با بۆخۆیان بنەڕێنن. 

ئێمە بە ڕێگەی خۆماندا دەڕۆین و تابتوانین بە وریایی و بەسەبرەوە تا ئەو جێگەیەی دەکرێ ڕێکخەرە راستەقینەکان تاقیبکەینەوە و بیاندۆزینەوە، کەسانی خاوەن عەقل و هزری وشیار و کردەیی، خەڵکانێک کە وەفاداری بۆ سۆشیالیزم گرێ دەدەن لەگەڵ تواناکانیان بەبێ نانەوەی هەرا (سەرەڕای هەموو دەنگە دەنگ و هەراوهۆریا) تاکو ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک پێکەوە کار بکەن بەشێوەیەکی بەردەوام و جێگیر هاوکاری بکەن لە چوارچێوەی ڕێکخستنی شورایی دا. تەنها ئەم جۆرە کەسانە پاش تاقیکرانەوەیان بۆ دەیان جار، لەڕێگەی گواستنەوەیان لە سادەترین ئەرک و کارەوە بۆ ئەرک و کاری سەختتر، وە دەبێ بەرزبکرێنەوە بۆ پلە و پۆستی بەرپرسیاریەتی ڕابەرایەتیکردنی کاری خەڵک، ڕابەرانی ئیدارە و بەڕێوەبردن. ئێمە هێشتا فێرنەبووین ئەم کارەبکەین، بەڵام فێردەبین.  

لە ٢٨ی نیسانی ١٩١٨ دا بڵاوکراوەتەوە لە پراڤدا ی ژمارە ٨٣

٨ی سپتمبەری ٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.