مانیفێستی شۆڕشی ژمارەیی

0

هیوا عەلی:

”شۆڕشی ژمارەیی: ڕێگاچارەو میکانیزمێکی تازەیە بۆ لابردن و توڕهەڵدانی دەسەڵاتی ستەمکارو ملهوڕ بە شێوەیەکی شارستانیانە”

سەرەتا شۆڕشی ژمارەیی چیە؟

بەشێوەیەکی گشتی ”شۆڕشی ژمارەیی” بەر لەهەموو شت هەوڵ و کۆششێکی شۆڕشگێڕانە ”یاخیبووانەی”ی شارستانی و ناتوندوتیژیە (بە میکانیزم و پێودانگی ژمارەیی)، بۆ توڕهەڵدان و ڕیشەکێشکردنی سیستەم و دەسەڵاتی (ملهوڕ، گەندەڵ، ستەمکار، خۆسەپێن و تاکڕەو).

ڕوونتر، چەمک و بیرۆکەی شۆڕشی ژمارەیی: بریتیە لە ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی یاخی دەبن و ڕادەپەڕن لە دژی دەسەڵاتی ملهوڕو ستەمکارو تاکڕەو بە مەبەستی هەڵوەشاندن و لابردنی ڕیشەییانەی دەسەڵاتەکە بە شێوەیەکی شارستانی و ناتوندوتیژی ( بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هەموو کایەکانی دەسەڵات و کۆمەڵ بە شێوازێکی شارستانی و مۆدێرن کە لە ئاستی خواست و بەرژەوەندەیەکانی هەموو هاونیشتیمانیان”تاک”دابێ). بە دیوێکی تر؛ چەندێتی ژمارەی ئەو یاخیبووانەیە کە بەشداری شۆڕش دەکەن بەپێی ژمارەی دانیشیتوانی هەرێم و دەوڵەتەکە. شۆڕشی ژمارەیی: گرنگی دەدا بە چەندێتی یاخیبووان/ڕاپەڕیوان نەک چۆنیەتی یاخیبووان، واتە بایەخ دەدا بە زۆرترین ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی کە یاخی دەبن و شۆڕش دەگێڕن، نەک ئەو هاوڵاتیانەی یاخی دەبن؛ کێن و چین و چ ڕەنگ و چ جلوبەرگێکیان لەبەردایەو سەر بە چ ئایین و ئایدیۆلۆژیاو چین و توێژێکی ناوکۆمەڵن.

بیرۆکەی شۆڕشی ژمارەیی کە پابەندە بە زۆری ژمارەی هاوڵاتیان(یاخیبووان/ڕاپەڕیوان)وە، پێیوایە کە ژمارە هەروەکو لەهەموو ڕووداوێکی ژیان گرنگی خۆی هەیەو گۆڕانکاری گەورە گەورە دەکا لەکایەکانی کۆمەڵ، بەهەمانشێوە ڕۆڵ و سەنگی خۆیشی هەیە لە کردەی شۆڕشکردن و فشار دروستکردن لەسەر هەموو شێوازێکی دەسەڵات، بۆیە باوەڕی وایە کە زۆری ”ژمارەی یاخیبووان” هەم دەتوانێ دەنگ و ڕەنگی زۆرترو هەمیش دەتوانێ فشاری زیاتر دروست بکا بۆ چۆکدادان و کۆتاییپێهێنان بە دەسەڵاتی گەندەڵ و ستەمکارو سەرکوتکەر بەپێی قەبارەو ژمارەی دانیشتوانی هەرێم و دەوڵەتەکە.

بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێین کە ”شۆڕشی ژمارەیی” لەوانەیە هەموو کات ڕووبەڕووی سێ پرسیاری سەرەکی ببێتەوە کە بۆ دڵنیابوون و لەبەرچاوگرتنیان پێویستە ڕوونبکرێنەوە. یەکەمیان؛ ئایا شۆڕشی ژمارەیی لە سەر چ ڕێژەیەک بەندە بەوپێیەی بەژمارەوە بەندەو لەسەر جەوهەرو کۆڵەگەی ژمارە وەستاوە؟ بە واتایەکی تر ئایا شۆڕشی ژمارەیی پێویستە ژمارەیەکی بێ کەم زیادو دیارکراوبێ؟ وەڵام: نەخێر، چونکە شۆڕشی ژمارەیی پێداناگرێ لەسەر ژمارەیەکی ڕەهاو دیاریکراو، بەڵکو پشت دەبەستێ بە ڕێژە، واتە بە ڕێژەیکی زۆر، بەڵام پێشیوایە ڕێژەی ژمارەی بەشداربووان/ڕاپەڕیوان هەرهیچ نەبێ(١/٦)ی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم و دەوڵەتەکەبێ، یاخود باشتروایە لە (ملیۆنێک) کەمتر نەبێ بۆ هەرێمێکی نزیکەی ٤-٧ ملیۆنی وەک هەرێمی کوردستان. دووهەمیان؛ بەو پێیەی شۆڕشی ژمارەیی زیاتر گرنگی دەدا بە چەندێتی ژمارەی یاخیبووان نەک چۆنیەتیان، ئایا ئەمە نابێتە گەڕەلاوژەو بێسەروبەری یاخود نابێتە هۆی ئەوەی ئایدیۆلۆژیایەکی ئایینی، ڕەوتێکی توندوتیژ یان سێبەری حیزبێکی دەسەڵات لەکۆتایی شۆڕش دەست بەسەر کورسی دەسەڵاتدا بگرنەوە؟ وەڵام: بێگومان یەکێکە لە ئەگەرەکان! بەڵام بۆ ئەم مەبەستە دەستەی بەڕێوەبەری شۆڕش پێش هەموو شت، پێویستە نەخشەی دەستەیەکی شارەزای سیاسی و سەربازی سەربەخۆ ”دەستەی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و پارێزگاریکردن”ی دوای شۆڕش دیاری بکەن بۆ ڕاستەوخۆ گرتنە دەستی دام و دەستگاکانی دەسەڵات بە شێوەیەکی کاربەڕێکەر تا ئاسییکردنەوەی دۆخەکە (بەو شێوەیەی شۆڕشگێڕان و هاونیشتیمانیان بڕیاریان لە سەرداوە یاخود لەبەرژەوەندی گشتی دایە). سێهەمیان: ئایا چۆن زۆری ”ژمارە” کاریگەری دەبێ و سەرکەوتوو دەبێ یاخود چۆن ”ژمارە” دەتوانێ دەسەڵاتێکی ستەمکارو ملهوڕو خۆسەپێن توڕهەڵبدا؟ وەڵام: بێگومان بەرپاکردنی هەر شۆڕشێک ئاسان نیەو سەختە، تەنگوچەڵەمەی زۆریشی دێتە ڕێگا(ڕەنگە بێ زیان و قوربانیش نەبێ)، بەڵام شۆڕش، ئیرادەو خۆڕاگری و بەردەوامی و کۆڵنەدانی دەوێ تا گەیاندنی بەلووتکەو ئامانج. لەپاڵ ئەوەش کە کۆڵەگەی ”شۆڕشی ژمارەیی” بایەخدانە بەزۆرترین ژمارەی شۆڕشگێڕ، کەواتە زۆرترین ژمارەی شۆڕشگێڕیش، زۆرترین دەنگ و هاواری دەبێ و زۆرترین دەنگ و هاواریش، زۆرترین دەنگدانەوەی دەبێ و زۆرترین دەنگدانەوەش، زۆرترین فشاری دەبێ و زۆرترین فشاریش، زۆرترینی ترسی دەبێ و زۆرترین ترسیش، زۆرترینی دەسەڵات تەنگاو دەکا بەرەو خۆبەدەستەوەدان و هەڵاتن.

بەڵام بۆ ئەوەی ”شۆڕشی ژمارەیی” ئامانجەکانی خۆی بپێکێ و بەکەمترین زیان سەرکەوتن بەدەست بهێنێ، پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکرێ یاخود ئەم هەنگاوە سەرەکیانەی خوارەوە بگیرێتەبەر:-

١- دامەزراندن و پێکهێنانی دەستەیەکی بەڕێوەبردنی شۆڕش( دەکرێ ژمارەیان لە نێوان ١٠-٢٠کەس دابێ)، بۆ هەڵسوڕاندن و ئاڕاستەکردنی کاروبارەکانی شۆڕش.

٢- دەستەی بەڕێوەبردنی شۆڕش، پێویستە سەربەخۆ و بێلایەن بێ، واتە گرێدراوی هیچ حیزبێکی دەسەڵات یان هیچ پێگەیەکی حیزبی و حکومی نەبێ، بۆ ئەوەی شۆڕشەکە تووشی گیروگرفت نەبێ و نەکەوێتە ژێر کاریگەری هیچ ئایدیۆلۆژیاو لایەنێک یان لایەنێکی دەسەڵات.

٣- ئەو کەسانەی دەبنە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی شۆڕش، پێویستە هەریەکەیان بەلایەنی کەمەوە شارەزایی لە بوارێک لەبوارەکانی(سیاسەت، ئابوری، سەربازی، مێژوو، جوگرافیا، پەروەردە، ڕۆشنبیری، پلاندانان و ڕاگەیاندن)دا هەبێ.

٤- پێویستە دەستەی بەڕێوەبردنی شۆڕش خۆی بکات بە دوو لقی بەڕێوەبردنی شۆڕش لە ناوەوەو  دەرەوەی وڵات.

٥- کاری سەرەتایی بریتبێ لە بڵاوکردنەوەی زانیاری دەربارەی ”شۆڕشی ژمارەیی” بەزمانی جیاواز، بەبەردەوامی و بەشێوەیەکی تێروتەسەلیش تا کۆتایی شۆڕش.

٦- دانانی سندوقی کۆمەک و هاوکاری (لەهەرشوێنێک توانرا)، بۆ پشتوانیکردنی خەرجی و دارایی شۆڕشەکە.

٧- هۆشیارکردنەوەی سەرجەم هاوڵاتیان بەهەموو ڕێگەیەکی ڕاگەیاندن، بۆ یاخیبوونیان و بەڕێکخراوەییبوونیان لە ناوەندەکان و لە  شوێنی کارەکانیان و لە سەرجەم شارو شارۆچکەکان( بە دێهاتەکانیشەوە).

٨- دەستەی بەڕێوەبەری شۆڕش؛ هەڵبستێ بە پەیوەندی بەستن و ئاگادارکردنەوەی زۆربەی زۆری دەوڵەتەکانی جیهان لە شۆڕشەکە، هەم بۆ کۆمەک و پشتیوانیکردن، هەمیش بۆ فشار دروستکردن لەسەر دەسەڵاتی ملهوڕو خۆسەپێن لەکاتی شۆڕش.

٩- ئاگادارکردنەوەو بانگێشتکردنی ڕۆژنامەنووس وکەناڵەتەلەفیزیۆنیەکان لەناوەوەو دەرەوەی وڵات بۆ کاتی دەستپێکردنی شۆڕش.

١٠-  زۆر گرنگە هۆشیارکردنەوەی بەردەوامی هێزە چەکدارەکان لە سەرباز(پێشمەرگە)و پۆلیس و ئاسایش، کە هەرگیز دەست بۆ چەک و توندوتیژی نەبەن لە دژی یاخیبووان و خۆپیشاندەران لە کاتی شۆڕشگێران لە شەقام و شارەکان(بەڵکو وایان لێبکرێ کە بێنە بەرەی گەل و یاخیبووانەوە).

١١- دەستەی بەڕێوەبردنی شۆڕشەکە پێویستە لەوە دڵنیابن کە بەلایەنی کەمەوە نزیکەی ١/٦ی ژمارەی دانیشتوان(یاخیبووان)ی هەرێم یا دەوڵەتەکە دێنە سەرشەقام یاخود ئامادەن بێنە سەرشەقام و ڕاپەڕن و شۆڕشبگێڕن.

١٢- دوای تەواوبوونی هەموو ئامادەکاریەکان( لە ژمارەی-نزیکەیی یاخیبووان/هاوڵاتیان، دروشم، لافیتەو مایکڕۆفۆن…تاد.)، ئاگادارکردنەوەیان بۆ کات و شوێنی دەستپێکردنی شۆڕش لەسەرجەم شارو شارۆچکەکان. بەم جۆرە خۆپیشاندەران پێویستە بڕۆن بەرەو گرتنی فولکەو شەقامەکان و، یاخیبووان و ڕاپەڕیوان هەموو ڕۆژێ بەردەوامبن لەشۆڕشگێران بە هاواری بڕووخێ.. بڕووخێ و سەدان دروشمی تری جۆراوجۆر (لەپایەتەخت و بەردەم بارەگا سەرەکیەکانی حکومەت و دەسەڵات-لەناوەوەو دەرەوەی وڵات)، تا ئەوکاتەی دەسەڵاتی ملهوڕو خۆسەپین لە ژێر فشاری زۆری ژمارەی/ئاپۆرای هاوڵاتیان و فشاری نێودەوڵەتی لەلایەک، لەبەر سڕکردن و پەکخستنی هەموو دامودەستگا ئەهلی و حکومیەکان لەلایەکی ترەوە، ناچاردەبێ چۆکدابداو واز لە دەسەڵات بهێنێ یان ڕێگەی هەڵاتن بگرێتەبەر.

تێبینی: ئەم هەنگاوانەی سەرەوە کە ئاماژەمدا، تەنها هێڵە گشتیەکان بوو بۆ ئەنجمادانی شۆڕشی ژمارەیی لەهەر شوێنێک، هەرێمێک یان دەوڵەتێک، ئەگەر نا وردەکاری زۆر زیاتر هەیە لەناوهەریەک لەو هێڵە گشتیانە، بەڵام نەچوومە سەر وردەکاریەکان(چونکە…)، بەڵکو ئەوە جێهێڵراوە بۆ ئەو کەسانەی کە ئەرکی دەستەی بەڕێوەبردنی شۆڕشەکە دەگرنە ئەستۆ.

٢٦/١٢/٢٠١٦

Leave A Reply

Your email address will not be published.