هێزی رێکخراوی جەماوەری، دەبێ ڕووبەڕووی ملهوری و سەرکوتگەری پارتی لە زۆنی زەددا بێتەوە! 

0

 هێزی رێکخراوی جەماوەری، دەبێ ڕووبەڕووی ملهوری و سەرکوتگەری پارتی لە زۆنی زەددا بێتەوە! 

لەم دوایانەدا هێرش بۆسەر هەڵسوڕاوانی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکان، بۆسەر میدیاکانی دەرەوەی دەسەڵات، بەشێوەی بەرچاو زیادی کردووە، بە دەیان لە هەڵسوڕاوانی سیاسی تەڤگەری ئازادی، بەشدارانی خۆپیشاندانەکان، ڕفێنراون، دەستگیرکراون و لێیان دراوە، هاوکات دەست بەسەر نوسینگەکانی کەناڵی ئێن ئارتی لە دهۆک و هەولێردا گیراوە، رێگە بەو کەناڵە نەدراوە و نادرێ کە روماڵی خۆپیشاندانە… نارەزایەتییەکان بکات… وە لەهەر جێگایەک باسی خۆپیشاندان بکرێت، یان توێژێکی جەماوەری نارەزایەتی دەرببرن و کۆببنەوە، دەسەڵاتی سیاسی بەتایبەتیش پارتی، هێزێکی زۆری سەرکوت بڵاوە پێدەکەن و ئەو شوێنانە بەهیزی چەکدار و ئەمنی میلیتاریزە دەکەن، بەڵتەجیەکانی پارێزەری دەسەڵات هان دەدەن بۆ هێرشکردنە سەر ڕابەران و قسەکەرانی خۆپیشاندانەکان…

دەسەڵاتی سیاسی کە بەشێوەیەکی فراوان کەوتۆتە بەردەم تورەیی و نارەزایەتی جەماوەرییەوە، نەک توانای  وەڵامدانەوەی بە خواستەکانی جەماوەری ناڕازی نییە، بەڵکو توانای مامەڵەیەکی سادەی بێ توندوتیژیشی نییە.  و بەرگەی تورەیی جەماوەری ناگرێت. باڵانسی هێز تادێت بە زیانی دەسەڵاتی سیاسی و بە قازانجی جەماوەری ناڕازی دەشکێتەوە و هوشیاری سیاسی جەماوەری، بەرەبەرە بەرەو سەر دەچێت.

ئەم دۆخە دەسەڵاتی سیاسی دز و تاڵانچی و مافیایی بزوتنەوەی کوردایەتی شیتگیر کردووە، بۆیە دەست ناپارێزن و درۆی دیموکراسی و ئازادی بیروڕا و هەڵسوڕانی سیاسی، بە رۆشنترین شێوە دەرکەوتووە.

ئەم رەفتار و مامەڵە سەرکوتگەرانەیەی دەسەڵاتی سیاسی لەگەڵ خۆپیشاندران و نەیارانی سیاسییان، لە ئێستادا زۆتر پەلەقاژەی مەرگە. پەلەقاژەی بەرگرییە لەڕاماڵینی دەسەڵاتیان، کە تادێت دەبێتە ویستی جەماوەری برسیکراو و موچە لێبڕدراو، تاڵانکراو بۆ راماڵینی ئەم دەسەڵاتە دەچێتە سەرەوە.

جەماوەری ناڕازی کوردستان و رابەران و هەڵسوڕاوانی  کرێکاریی و جەماوەری و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە، پێویستە بە هەستیارییەکی زۆرەوە رووبەڕووی پلان و نەخشە و سەرکوتگەریەکانی دەسەڵات ببنەوە و بە هێزی رێکخراوی جەماوەری خۆیان، وەڵامی ددانشکێن بەو دەسەڵاتە بدەنەوە کە لەسەر داوکاریی زۆر رەوا، هەڵسوڕاوانی جەماوەری و نەیارانی سیاسی رەوانەی کونجی زیندانەکان و جەلادەکانی پارێزەری دەسەڵات دەکەن و دەیانەوێت دەمی ئازادیخوازان ببەستن  و میدیا نەیارەکان یاساغ بکەن و ڕیگە لە کاریی میدیاییان بگرن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.