لەیادی هاوڕێ ”بەکر عەلی“ تێکۆشەرو شاعیری بێبەشاندا

0
 لەیادی هاوڕێ ”بەکر عەلی“ تێکۆشەرو شاعیری بێبەشاندا
 
هاوڕێ بەکر عەلی شاعیر و رابەری ئاوارەو بێ خانەولانەکان… لە ساڵی ١٩٦٨ لە
شاری سلێمانیدا چاو بە دنیای زوڵم نابەرابەری هەڵهێناوە. بەکر عەلی زۆر زوو زوڵمی چینایەتی ناچاری خەبات و وەستانەوەی دەکات، زۆر زوو لەبەرەی خەڵکی هەژارو نەداردا دەوەستێت و دەبێتە هەڵسوڕاوێکی چالاک و تێکۆشەری ”نا“ وتن بە دنیای سەرەوخواری پر ستەم و نابەرابەری سەرمایەداری. لەساڵی ١٩٩٣ و لەگەڵ هاتنە ئارای مەسەلەی ڕوخاندنی خانوە بێ تاپۆکانی شاری سلێمانی هاوڕێ بەکر وەکو رابەرێکی ماندونەناسی بەرگری لە هاوڵاتیانی ئاوارەو بێ خانەو لانە، دەردەکەویت و دەبێتە سیمایەکی خۆشەویست و ناسراوی ناو ئاوارەکان و خەڵکی بێ خانەو لانە. دوای پشتیوانی لێبراوانەی یەکێتی بێکارانی ئەو کاتە لە خەڵکی بێخانەو لانە، هاوڕێ بەکر و ژمارەیەکی بەرچاو لەخەڵکی ئاوارەو بی خانەو لانە روو لە یەکێتی بێکاران دەکەن و بەکر عەلی ش دەبێتە یەکێک لە ئەندام و رابەرانی یەکێتی بێکاران. پاشان بەکر عەلی دەبێتە روخسارێکی ناسراو و خۆشەویستی بێبەشانی هەر جێگایەک کە ئەو هەڵسورانی تیادا دەکات… هەر بەوهۆیەوە بەکر عەلی دەبیتە یەکێک لە هەڵسوراوی یاد و بۆنە کرێکاریی و ئاکسیۆنە کرێکارییەکان و یەکێک دەبێت لە وتار بێژانی ئاکسیۆنی شکۆداری یەکی ئایاری ساڵی ١٩٩٤ ی مەلعەبەکەی شاری سلێمانی…، لەو وتارەدا پەردە لەسەر زوڵم و ستەم و ژیانی ئاوارەیی هەڵدەماڵێت و روودەکاتە بەرپرسان کەهەموو جێگایەکی شاریان بەشێوەی نایاسایی پاوان و دەست بەسەردا گرتوووە، کەچی گوشار دەهێنن بۆ سەر خیزانە ئاوارەکان کە لەناچاری و بەهۆی نەبوونیەوە خانوی لە گڵ و لە لەوح دروستکراویان کردۆتە شوێنی نیشتەجێ بوونیان. لێبراوی و تیکۆشانی بەکر عەلی بۆ وەستانەوە بەرووی روخاندنی خانوە بیتاپۆکانی شارو حامیەی سلیمانی، رۆڵی رابەری و پێشرەوی ئەو بەکر عەلی دەکاتە خۆشەویست و جێگا متمانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و نەداران و خەڵکی بێخانەو لانەو ئاوارە، هاوکاتیش دەبێتە چقڵی چاوی ستەمکاران و تاڵانچیانی کوردایەتی. بۆیە جگە لە هەرەشەو چاوسورکردنەوەی دەسەڵاتدارانی سلێمانی، چەندین جار دەستگیری دەکەن و هەرەشەی کوشتنی لێدەکەن بۆ وازهێنان لەپشتیوانی و تیکۆشانی لە خەڵکی ئاوارەو بیخانەو لانە، بەڵام باوەری بەکر عەلی بۆ ئاڵوگۆر و باشترکردنی ژیانی هەژاران و نەدارانی کۆمەڵگە، ئەو سورتر دەکات لە خەبات و تێکۆشان و گرتنەبەری رێگای ریکخستنی نارەزایەتی جەماوەری و رابەری کردنیان… تا لە رۆژی ١/٩/١٩٩٤دا، لەکاتی رابەریکردنی خۆپیشاندان و رێپێوانی ئاوارەو بێ خانەو لانەکانی حامیەدا، دەدرێتە بەر دەستڕیژی گوللەو دوای ئەوەی بریندار دەکرێت، بەدەستی قارەمانەکانی کوردایەتی و پارێزگارەکانی پاریزگای سلێمانی ئەو کاتە، دەکوژرێت و دڵە پڕ هیواو ئومێدەکەی لە جوڵە دەخەن. شایانی باسە بەکر عەلی تەنها رابەرو هەڵسوراوێکی خەڵکی کرێکارو هەژارو نارازی نەبوو، بەڵکە ئەو شاعیرێکی هەست ناسک و یاخی و خۆشەویستی بوو. خاوەنی چەندین هۆنراوەی ناوازەو جوانە و هۆنراوەکانیشی پڕن لە نیشاندانی نابەرابەری چینایەتی و رەخنە لە چینە داراکانی کۆمەڵگە.
یادو بیرەوەری خەباتکارانەی بەکر عەلی، نەک هەر لەبیرناچێتەوە، بەلکو تا ستەم نابەرابەری هەبێت، تا بێکاری و گرانی و بێخانەو لانەیی بمێنێ… بەکر عەلی رەمزی تێکۆشانی ئەوانە و بیروەرییە خەباتکارانەکانی سەرمایەکی پر بەهایە بۆ تێکۆشەران و رابەرانی بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری و داینەمۆی وزە بەخشە بۆ ئاوارەکان و خەڵکی بێخانەو لانە. وە هۆنراوە ناسکەکانی، کە لێوان لێون لە راستگۆیی و خۆشەویستی، وەکو وێردی سەر زمانی عاشقان و خۆشەویست دۆستان بەزیندووی دەمێنێتەوە…
بەرزو بەرێز بێت یادی هاوڕێی گیان بەختکردوو بەکر عەلی…
Leave A Reply

Your email address will not be published.