ئازاد ئیبراهیم: بەپێی زانیاریەکانی ماڵپەڕی RTZL ی ئەڵمانی تەنسیق و هاوکاری هەبووە لەنێوان هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و داعشدا لەو ناوچانە…

0
ئازاد ئیبراهیم: بەپێی زانیاریەکانی ماڵپەڕی RTZL ی ئەڵمانی تەنسیق و هاوکاری هەبووە لەنێوان هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و داعشدا لەو ناوچانە…
 
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ نووسەر بەڕێز ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد، سەبارەت بە شەشەمین ساڵیادی تاوانی شەنگال بەدەستی تاقمی تیرۆریستانی ئیسلامی داعش و هاوکارانیان…
 
بۆپێشەوە: ئەمساڵ شەش ساڵ بەسەر هێرشی دڕندانەی داعش بۆ سەر شەنگال و
جینۆسایدی دانیشتوانەکەییدا تێپەر دەبێت، هۆکاری هێرش بۆسەر شەنگال چی بوو؟
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد: بەبڕوای ئێمە هێرشی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام ناسراو بە” داعش ” بۆسەر ناوچەی شەنگال لە٢٠١٤ هەموو جارەکان پەیوەندی بەپرسی ئاینەوە هەبووە. وەك مێژوو بۆمانی تۆماریکردووە، ئێزدییەكان ٧٣ جاری دیكە كەوتوونەتە بەردەم هەڕەشەی لەناوبردن.
لەساڵەکانی(٨٩١ زاینی) (قەرامیتە = قرامطة) لەلایەن (حەمدان قرمیت)ەوە لەناوچەکانی خوراسانەوە دێنە ناوچە ئێزیدینشینەکان و بەپێوەری جیاوازی ئاینی، کە ئەوان شیعەی ئیسماعیلی بوون و لەئاینی ئێزیدییەکان جیاوازبوون، ژمارەیەکی زۆر لەئێزیدییەکان دەکوژن و هەرچی سەروەت و سامانیشیان هەبووە بەتاڵان بردوویانە.
ئیمپراتۆری مەغۆلیش لەئاسیای ناوەڕاست و هەروەها ئەنادۆڵەوە گەیشتنە ناوچەکە، و لەگەڵ داگیرکردنی بەغدا لەساڵی ١٢٥٨ز، دیسان بەبیانووی جیاوازی ئاینی ئێزیدی و کەلتوور جیاییان ژمارەیەکی زۆری ئێزیدیەکانیان کوشتووە. تەنانەت سەرچاوە مێژووییەکان دەڵێن مەغۆلەکان کاریگەرییان لەسەر کەلتووری ئێزیدییەکان هەبووە لەدوای ئەوەی بەناوچەکانی هەکاری و شەمزینان و زاخۆدا تێپەڕیون کە جێ نفوزی ئێزیدی بووە.
یەکێکیتر لەپرسی قوربانی ئاینی ئێزیدییەکان بۆ سەدەی ١٨ دەگەڕێتەوە کە ناوچەکەیان زۆر لەئێستا گەورەترو فراوانتر بووە.
دواجاریش کە ئێزیدییەکان بووبێتنە قوربانی ئاین، لەبەرواری ٣/٨/٢٠١٤بوو کە دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام ناسراو بە”داعش” پەلاماری قەزای شەنگالیدا، پیاو و کوڕە گەنجەکانی گولـلە بارانکرد، و هەزاران کچ و ژنیشی وەک کەنیزەک و سەبایا بۆ خۆیان حەڵاڵکرد.
چیرۆکی ئێزیدییەکان لەدوای شەش ساڵی تاوانی شەنگال، گۆڕاوە بۆ پرسێکی سیاسی و لەنێوان چەندان بەرژەوەندیدا سەرەتای جەنگێکی نوێ سەریهەڵداوە.
لەهەندێک بارو حاڵەتدا چیرۆکی ئیزیدییەکان و شەنگال دەکرێتە کاڵایەک و مادەیەکی خام و بازرگانی پێوە دەکرێت لەنێوان چەندان لایەندا.
بۆپێشەوە: هێزێکی زۆری پێشمەرگە و زێرەڤانی لە شەنگال بوون، بەتایبەت هێزەکانی پارتی، هۆکار چی بوو بەرگریان نەکرد؟ یان ئەگەر ئەو هێزانە ڕایان دەکرد، یان توانای بەرگریان نەبوو بۆچی خەڵکی شەنگال و ناوچەکەیان ئاگادارنەکردوە، تا ڕێگایەک بدۆزنەوە و ئەو کارەساتە ڕوونەدات؟ ئەو هەموو قوربانیەی لێ نەکەوێتەوە؟
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد: تاکو ئێستایش لەناوخۆی عێراق و کوردستانیش وەڵامێکی تەواوی ئەم پرسیارە نەدراوەتەوە کە بۆچی هێزەکانی پارتی بەرگرییان، نەکرد یان خەڵکی ناوچەکەیان ئاگادار نەکردەوە، بەڵام بەپێی زانیاریەکانی ماڵپەڕی RTZLی ئەڵمانی تەنسیق و هاوکاری هەبووە لەنێوان هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و داعشدا لەو ناوچانە، تەنانەت ماڵپەڕەکە زیاتریش دەڵێت کە بەڕێککەوتن و ئاگایی هەردوو لایان و بەسەرپەرشتی تورکیا نەوتی ناوچەکە لەشەنگالەوە و بۆ خاکی تورکیا بڕوات.
ئەوەی تێگەشتنی ئێمەیە، لەسەرەتادا پارتی دیموکرات داعشیان بەدراوسێیەکی باش دەزانی، و نەیانویست لەگەڵ داعش بەشەڕبێن، بۆیە پارتی بەهیوای ئەوەی داعش نەخشەی عێراق و سنورە ئیقلیمینەکان تێکبدات لێگەڕان داعش بێتە ناوچەکە، و لەجێگەی ئەوەی سنوری هەولێر لەگەڵ عێراق و دواتریش لەگەڵ پەکەکە! بێت ئەوا پێیان باش بوو سنوریان لەگەڵ داعش بێت! وەک پێشتریش وتمان لەسەرەتادا پارتی نەیدەویست شەڕی داعش بکات بۆیە ئەوان لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان نە شەڕیان لەگەڵ داعش کرد، چونکە لەسەرەوە سەرکردایەتی پارتی بێدەنگی هەڵبژاردبوو لەهاتنی داعش، لەلایەکیتریشەوە پێشمەرگەی پارتی توانای ئەوەیان نەبوو بەرگری لەخۆیان بکەن و بچنە ئەو جەنگەوە تا ئەو ئەندازەی دەنگدەرو هەوادارەکانی خۆیشیان لەناوچەکە جێهێشت.
ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین پارتی دیموکرات داوایان لەهێزە کوردستانییەکانی دیکەی وەک یەکێتیش کردبوو لەگەڵ داعش نەچنە شەڕەوە.
بۆپێشەوە: زەمینە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی سەرهەڵدانی داعش یان هێزی لەچەشنی داعش بۆچی دەگەڕێتەوە؟
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد: ئەم پرسیارە زۆر گرنگە. لەهەموو جیهاندا کاتێک گروپێکی تیرۆریستی یان گروپێکی توندڕەو سەرهەڵدەدات، کۆمەڵێک پاڵنەری جیاواز جیاواز هەیە وادەکات ئەو گروپانە بەئاسانی و بەزوویی سەرهەڵ بدەن کە دیارترینیان باری سیاسی و کۆمەڵایەتییە. ئەم دووهۆکارانە بەردەوام لەعێراقدا لەبارودۆخی خراپدا بوون، و بەدرێژایی مێژوو لەبارێکی جێگر نەوەستاوە.
یەکەم: بارودۆخی سیاسی. ئەو دەمەی داعش لە عێراق و سوریا دەرکەوت کەشوهەوای سیاسی لە عێراقدا ئەوەندە خراپ بوو تەواو شێواوبوو بەسەر یەکدا، لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەپێکدادانێکی سیاسی قوڵدابوون و نەدەپەرژانە سەر ئەو باهۆزە ترسناک و توندانەی لەسنورەکانەوە ڕووی دەکردە سەر خاکی عێراق، و ژینگەی سیاسی ناڕوون و تاریک دەکرد. بۆیە لەو کەلێنە سیاسییە قوڵەدا کەوتبووە نێوان لایەنەکانەوە داعش توانی خۆی بخزێنێتە ناو جەستەی سیاسی عێراقەوە، و گەرای خۆیان لەسەر خاکی عێراق پیتاندو زۆر بەخێرایی بەرەو قوڵایی عێراق و بەغدا ڕۆیشتن کە بەلای هەموو وڵاتانی جیهانەوە سەرسوڕهێنەربوو.
دووەم: بارودۆخی کۆمەڵایەتی؛ لەهەر وڵاتێکدا برسێتی و نەبوونی و کەمی داهات و کار هەبێت و بژێوی هاوڵاتیان دابەزێت بۆ ئاستێکی زۆر نزم، ئەوا پێشبینی هەموو کارێکی خراپ و نەخوازراو دەکرێت. لەدۆخی کۆمەڵایەتی وڵاتێکی وەک عێراقیشدا ئەمە ڕاستە، و هاوڵاتیان لە ڕێگەی دەست تێکەڵکردنیانەوە لەگەڵ داعش و ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستی و دڕەندەو توندڕەوانەدا لەبەرامبەر بڕێکی باش پارە کۆمەکێکی زۆر بەو ڕێکخراوانە دەکەن، و گەشەکردن و گەورەبوونیان پێش دەخەن. وەک چۆن داعش لەو ماوە کەمەدا توانییان 35%ی خاکی عێراق داگیربکەن، ئەگەر کۆمەکی هاوڵاتیان و هەندێک لایەن و هۆزی عێراقی نەبوایە کە بەدەست برسێتییەوە دەیانناڵاند، هەرگیز داعش بەو خێراییە ئەو ڕێژە زۆرەی لە خاکی عێراق داگیر نەدەکرد.
بۆپێشەوە: ڕۆڵی ئەمریکا و غەرب و وڵاتانی ناوچەکە، لە پەیوەند بەداعشەوە چۆن دەبینن؟
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد: لەڕاستیدا هەموو ئەو قسانەی لەسەر پەیوەندی ئەمریکا و وڵاتان لەگەڵ داعش دەکرێت، تەنها لە چوارچێوەی گوماندایە و هیچ نهێنی و زانیارییەک ئاشکرا نەکراوە جگە لە دەوڵەتی (تورکیا)، تورکیا بەئاشکراو لەڕێگەی مەشق پێکردن و هاوکاری مادی و لۆجستییەوە بەردەوام خزمەتی داعشی کردووە و هێزی پشتەوەی داعش بووە، هەموو ئەو واقیعەش لەڕێگای ئەو بەڵگەنامانەوە دەست ئەمریکا و ڕژێمی سوریاو فەرەنساو بەریتانیا کەوتوون گومانەکە دەڕەوێنێتەوەو پەیوەندی تورکیا لەگەڵ داعش سەد لەسەد دروست و ڕاستە.
بۆ پاڵپشتی ئەم قسانەش. لەسەردانەکەی (دۆناڵد ترامپ)دا بۆ ڕیازی سعودیە لەساڵی ٢٠١٧ ڕاستەوخۆ دۆناڵد ترامپ هەریەکە لەقەتەرو ئێران و تورکیای تاوانبارکرد بە سەرچاوەکانی (دارایی و فکری و سەربازی) داعش و ڕایگەیاند لەکات و شوێنی دیکەدا سزایان دەدات.
تورکیا هێندە نزیکبوو لەداعشەوە کە هیچ گومانێک لەوەناکرێت کە داعش پیلانێکی تورکیابوو، تاکو هاوشان بەهیلالی شیعی ئەویش هێڵی سوننی نوێی خۆی بەرەو قوڵایی ناوچە سوننیەکان دروست بکات و بەرەو خەونی خەلافەتی عوسمانی بڕوات. لەم پێناوەشدا لەهەمان ساڵدا 25 هێزی سوننی عێراق و سوری لەئەستەنبوڵ کۆکردەوە، و خودی ئەردۆغان سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی کردو (تاریق هاشمی) لەکۆبوونەوەکەدا ئامادەبوو.
یەکێکی دیکە لەو بەڵگانەی دەست تێکەڵکردنیی تورکیا لەگەڵ داعش دەسەلمێنێت بوونی ڕێژەیەکی زۆری پاکیزەکانی ئیزیدی بوو لەبازاڕەکانی غازی عەنتابی تورکیادا.
بۆپێشەوە: کارەساتی شەنگال، یەکێک لە گەورەترین کارەساتی هەزارەی سێهەم و پڕ قوربانیترین کارەساتی بەکۆمەڵی، کۆمەڵگەی عێراق و کوردستانە، کێ بەرپرسی سەرەکی ئەو کارەساتەیە؟ ڕۆڵی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان چییە لەو کارەساتەدا؟
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد: بەبێ دوو دڵی هەموو ئەو هێزانە تاوانبارن لەم ڕووداوە کە ئەوکات ناوچەکەیان بەدەستەوەبوو، وەک دەزانرێت لەئەوکاتدا سوپای عێراق سوپایەکی فەشەل و بێتوانابوو بەهەمانشێوەش لەڕووی لۆجستییەوە داهێزراو بوو. بەڵام بەشی زۆری ئەم خەتایە دەکەوێتە ئەستۆی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی خۆی بەخاوەن هەوادارێکی زۆر دەزانێت لەناوچەی شەنگال و موسڵ. بەپێچەوانەوە کاتێک داعش هێرشی هێنایە سەر شەنگال وەک لەتیڤی و ڤیدیۆو وێنەکانی ڕووداوەکەدا بینیمان، هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی چۆن بەپەلەپەل ڕایان دەکرد و شەنگالیان چۆڵ دەکرد بۆ داعش، هاوکات نەشیان دەهێشت هاوڵاتیانی شەنگال شارەکە چۆڵ بکات! ئەم ڕووداوە هەرچۆن بێت یان دەبێت ئەو ڕاستییە بکات بە یەقین کە پارتی ـ تورکیا ـ داعش سێگۆشەیەکی تەواوکار بوون و تەنسیقات و پرۆتۆکۆڵ لەنێوانیاندا هەبووە و وەک بینیمان لەمیدیا سێبەرەکانی پارتییەوە لێدوان لەداعشی ناو سەنگەرەکان وەردەگیرا، یان لانی کەم ئەو ڕاستییە وەک خۆی دەهێڵێتەوە کە پارتی لەپێناو تورکیا نەیویستووە شەڕی داعش بکات، چونکە لەبیریشمان نەچێت لەگەڵ پێشڕەوییەکانی داعشدا ئەوەبوو هاوڵاتیانی هەولێریش شارەکەیان چۆڵ کردو ڕوویانکردە سەر سنوورەکان و پارێزگای سلێمانی.
ڕۆڵی تەواوی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئەوەیە کە تەنها وەک پرسێکی سیاسی و بازرگانی نەڕواننە ئەو تاوانەی دژی شەنگال و ئێزیدییەکان کراوە، بەڵکو پێویستە زیاترو زۆرتر لەجاران بەدەم خەمی خوشک و برا ئێزیدییەکانەوە بچن چ لەدۆزینەوەی ئەو ئێزیدییانەی تاکو ئێستا ونن و دیار نین وە چ بەرزکردنەوەی کەیسی شەنگال و ئێزیدییەکان و بەسزاگەیاندنی هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لەم تاوانەدا هەبووە. دەبێت لایەنەکانی کوردستان داوا لەعێراق بکەن کار بەمادەی ١٢٥ بکات کە ڕێگا بەهەرێمێکی سەربەخۆ دەدات بۆ ئێزیدییەکان، بەمەش لانی کەم دەتوانن کەمێک لەبرینی ئێزیدییەکان و شەنگالیش هەتوان بکەن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.