ئافرەت و هونەر

0
ئافرەت و هونەر
 
نووسینی: تاژان سۆران
 
 
ئافرەت لە بواری هونەریدا ئامادەبونێكی قوڵ و فراوانی هەیە كە ڕەنگدانەوەی سمبولی ژیان و سروشت و جوانی و خۆشەویستی یە لەچەندین سیفەتی هەمەڕەنگ پێكەهاتووە كە تێكەڵاو دەبێت بە ئایدیای هونەری و چەندین لایەنی جوانی دەردەخات، لەگەڵ ئەمەشدا ڕۆڵی ئافرەت لە هونەردا تەنها ئامادەبونێك نەبوو وەك ئایدیاو سمبولێك بەڵكو زیاتر بەربڵاو بوو، تاكو ئافرەت بونی خۆی بسەلمێنێت لە بواری گەشەپێدانی هونەر و داهێنان، ئافرەت بووە هونەرمەند، ئەدیب، بەرپرسێكی كاریگەر لە پرۆسەی هونەریدا.
ئەمەش وامان لێدەكات بۆ هەوڵدان و گەڕان بە دوای تێگەیشتنی بوونی ئافرەت لە پرۆسەی هونەری وە گفتوگۆكردن لەبارەی ڕۆڵی كاریگەری ئافرەت و سەلماندنی خۆی وەكو لایەنێكی كاریگەر لەم بوارەدا ..
 
ئافرەت هاوشانە لەگەڵ خەیاڵ و داهێنان و ڕەنگ، هەروەك وێنەیەكی بە پێزو جۆراوجۆر، ئافرەت ڕەمزی خۆشەویستی و بەردەوامی ژیان و دایكایەتی و پەروەردەی دروست و ویستن و گەیشتن بە باشترینە، ئافرەت هیواو نوێ بوونەوەیە، كۆمەڵە هەستێكی تێكەڵاوە، لەهەمان كاتدا بابەتی سەرەكی كۆمەڵگەیە، لەبەر ئەوەی جەستەو ڕۆحە، لەبەر ئەمەش دەربڕین لەبارەی بوونی ئافرەت لە پرۆسەی هونەریدا پێویستی بە بیركردنەوەی قوڵ و ئاسانی دەربڕین و بەهێزی لە بەكارهێنانی سمبولدا هەیە.
ئەدەبی كلاسیكی وێنەیەكی جۆراوجۆری لەسەر ئافرەت پێشكەش كردین، چ لە شیعری عەرەبی و چ لە چیرۆكی هەزار شەوە و چ لە سمبولی شەهرەزاد، ئافرەت وەكو دروست بوونی جیهان سمبولی سەرسوڕمان و وروژاندن بووە، هەروەك چۆن لە تابلۆی كۆمەڵەی (مستشرقین) بەدی دەكرێت بەتایبەتی لە تابلۆی هونەرمەند ئوجین دیلاكروا بەناوی (حرملك)، وێنەی ئافرەت لە ئەدەب و هونەری مۆدێڕن گۆڕانی بەسەردا هات وەبەپێی ئەو بارودۆخ و ڕووداوانەی كە بونەتە كەیسێكی گرنگ و بەربەست بوون لە نێوان ڕەسەنایەتی و نوێگەری وە لە نێوان سەربەخۆ بوون و كرانەوە بەڕووی بوارە جیاوازەكانی هونەردا، وە لە نێوان بوونی ناسنامەیەكی جێگیر بۆ ئافرەت و دیاریكردنی سنورێك بۆ كاری ئافرەت لە بواری هونەریدا .
 
ڕەنگە گفتوگۆكردن و دیاریكردنی سنوری دیاریكراو بۆ كاری هونەری لای ئافرەت بووبێتە پاڵنەرێك بۆ برەودان بە خودی خۆی و بڕیاردان بە دروستكردنی ڕۆڵێكی كاریگەر بەخۆی، وەكو داهێنەرێكی كاریگەر بۆ چارەسەركردنی وێنە و خەیاڵ هەڵچونەكانی كە دەربڕینێكە لە كەسایەتی خۆی، چەندین ڕێگای بۆخۆی دیاری كرد تاكو داخڵی كۆمەڵگە بێت، چونكە ئافرەت خاوەن بڕیار و بۆچون و فیكر و جوانییە، توانی دیدگایەكی تایبەت بە خودی خۆی هەبێت لە هونەردا وە توانی قوتابخانەیەكی هونەری تایبەت بە خۆی دابمەزرێنێت كە پەیوەست بێت بە كەیسی ئافرەت، بێ ئەوەی كە ژینگە و داب و نەریت ناسنامەی خۆی فەرامۆش بكات، توانی ببێتە سەرۆك و نوێنەری وڵات وە پێشكەوتوو بێت لە بواری هونەری و هاوشانی پیاو كاربكات و بیرو ئایدیای داهێنەرانە بەدەست بهێنێت.
 
ئەتوانین بڵێین هەموو ئامادەبونێكی ئافرەت لە هونەری شێوەكاری واتە جیهانێكی نوقم بوو لە جوانی و ڕەنگ هێما و بیرۆكە و چیرۆكی خوازراو كە خەیاڵ و سروشت و ڕاستی و خەون و جەستەو بیرۆكە دەدوێنێت، پێگەیشتوی لە ڕەنگ و وێنە بۆ بەئەنجام گەیاندنی بیرۆكەی نادیار و ئاڵۆز، وە لە نێوان دەربڕین بۆ هەڵوەشاندنەوەی لە ژێر چەند ناوێكی كۆمەڵایەتی و زیادەڕەوی لە ئاشكرا كردن لە ژێر ناونیشانی نوێگەری ئافرەت و ململانێی ئافرەت و خودی خۆی لە نێوان ئافرەت لە وێنەیەكی هونەری و ئافرەت لە كردەوەدا و ڕۆڵی لە كۆمەڵگەدا دەگەیەنێت .
 
 
 
 
 
 
 
 

Leave A Reply

Your email address will not be published.