بێریڤان محەمەد: تورکیا لە ڕێگەی پارتیەوە قسەی خۆی دەکات، چەواشەکاری دەکات، بەرپرسانی باڵای پارتی تا سەرۆکی هەرێم و حکومەت شەرعیەت دەدەنە هێرش و داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا …

1
بێریڤان محەمەد: تورکیا لە ڕێگەی پارتیەوە قسەی خۆی دەکات، چەواشەکاری دەکات، بەرپرسانی باڵای پارتی تا سەرۆکی هەرێم و حکومەت شەرعیەت دەدەنە هێرش و داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا …
 
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز بێریڤان محەمەد ڕۆژنامە نووس و چالاکوانی سیاسی مافەکانی ژنان و ئەندامی سەرکردایەتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان…
بۆپێشەوە: لە ئەگەری هێرشی سەربازی تورکیا یان ئێران بەشێوەی فراوان بۆ ناو هەرێمی کوردستان، چارەنووسی دەسەڵاتی هەرێم و حکومەت چی بەسەردا دیت؟
بێریڤان محەمەد: ناوچەکە لەناو سێهەمین جەنگی جیهانیدا دەکوڵێت، کوردستانیش بۆتە چەقی ئەم جەنگە، لە کۆڵۆنیالیزمی ئەوروپاوە تا نیولیبراڵیزمی ئەمەریکی، تا ستاتۆ پارێزەکانی ناوچەکە و هەندێک لە هێزەکانی دیکەش وەک ڕووسیا و چین کە وەک دوو هێزی کۆڵۆنیالیستی نوێ هاتوونەتە ناوچەکە، هەموو لە هەوڵی سەپاندنی هەژموونی خۆیانن، بەشێکیان ئامانجیان ئەوەیە حساباتەکانیان لەسەر گەلی کورد یەکلایی بکەنەوە، لەبەرامبەر ئەوانەشدا بەرەی ئازادیخوازی هەیە کە لە کورد بە پێشەنگایەتی کەجەکە و بەشێک لە نەتەوەکانی ناوچەکە و چەپ و ئازادیخوازانی جیهان پێکدێت، و لەڕۆژئاوای کورستانەوە وەک مۆدێلێکی سیستەمی دیموکراتی و ئازاد پێشکەوتووە.
تورکیا و ئێران دوو دەوڵەتی ستاتۆپارێزن لە داگیرکاریدا پاشخانی سەدان ساڵەیان هەیە، لەسەر بنەمای داگیرکرنی کوردستان و لەناوبردنی کورد و ناسنامەکەی، بنیادنراون و مانەوەی خۆشیان لە داگیرکردنی کوردستاندا دەبینن. بۆ کورد نەک ئازادی و سەربەخۆیی، تەنانەت فیدراڵی و ئۆتۆنۆمیش بەڕەوا نابینن، لەسەرەتای دروستبونی هەرێمی کوردستانیشەوە وێڕای هەموو پەیوەندییە ناتەندروستەکانیشیان لەگەڵ دەسەڵاتداران، دژایەتی خۆیان نەشاردۆتەوە، تورکیا بۆخۆی دەڵێت لە ساڵی ١٩٩١ هەڵەمان کردووە هێشتومانە ئەو قەوارەیە لە باکوری عێراق دروست بێت، ئێرانیش بەهامان شێوە ٢٩ ساڵە لەهەوڵی لەناوبردنی دەسکەوتەکانی کورد لەم بەشە نەوەستاون، بەردەوامبوون لە پیلانی لەناوبردن یان لاوازکردن و هێشتنەوەی هەرێم لەژێر هەژمونیاندا، بەڵام ئێران بەهۆی دۆخی ئاڵۆزی ناوخۆی و دەرەکی پێگەیەکی لاوازتری هەیە لەو شەڕەدا بە بەراورد بەو پێگە ناوەندییەی تورکیا لە دژایەتی کورداندا هەیەتی. بۆ تێگەیشتن لەمەش دەبێت ڕاستیەکانی پشت درووستبونی کۆماری تورکیا و ڕۆڵی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پاراستنی سیستەمی سەرمایەداری وهەژموونی بەرژەوەندی هێزە ئیمریالیستە جیهانیەکان لەناوچەکەدا.
تورکیا هێرشی داگیرکاری بەشێوەی بەرفراوان دەمێکە دەست پێکردوە، پێشتریش بەکردنەوەی دەیان بنکەی سەربازی و جێگیرکردنی چەکی قورس و سوپا، کردنەوەی دەیان بنکەی سیخوڕی لەسەرجەم شارو شارۆچکەکان، وەگەڕستنی ماشێنی ڕاگەیاندن کە بە پارەی خەڵکی هەرێم بەڕێوە دەچن، ئامادەکاری تەواوی کردوە، هەرگیز تورکیا ستراتیژی خۆی لە داگیرکردنی باشوری کوردستان نەشاردۆتەوە، گێڕانەوەی هەژمونیان تاسنورەکانی میساقی میلی، کە باشوری کوردستانیش بەشێکە لێی سیاسەتی ئێستای تورکیایە، دەیانەوێ تا ساڵڕۆژی دروستبونی کۆمار ئەم ئامانجە ستراتیژیە سەربخەن. ئەحمەد داود ئۆغڵوو تیۆریسیانی ئاکەپەی ئیخوانی لە پەڕتوکی قوڵایی ستراتیژی ئەم ڕاستیەی بەئاشکرا ئاماژە پێکردووە، تورکیا تەواوی پەیوەندیەکانیشی لەگەڵ هێز و دەسەڵاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەم پێناوە خستۆتەگەڕ، هەرێمی کوردستان بەبێدەنگی داگیرکراوە، پەرلەمان دەمێکە لەکار خراوە، حکومەتەکەی جگە لە هەندێ کاری کارگێری ورد ئیرادەیەکی دیکەی نەماوە، لەرێگای گرێبەستی ٥٠ ساڵەوە، ئابووری و بڕیاری سیاسی و ئەمنی و کلتووری و بەشی زۆر لە خاکەکەی تەسلیمی تورکیا کردووە.
هەرێمی خستووەتە ژێر داگیرکاریەوە، ئەگەر بەرگری گەل هاوشانی گەریلا پێشنەکەوێ، سەدەیەکی ترش ڕووبەڕووی لەناوبردن و جینۆسایدێکی ئەمەرنی ئاسا دەبینەوە .
بۆپێشەوە: ڕۆڵی پارتی ویەکێتی، لەهێرشی وڵاتانی ناوچەکە بۆسەر کوردستان چۆن دەبینن؟
بێریڤان مەحەمەد: پارتی وەک حزبی یەکەم و یەکێتیش وەک هاوکاری مێژوویەکی خراپیان لەڕووی بەڕیوەبردن و پاراستنی گەلدا تۆمار کردووە. هەلی گەورە لە ١٩٩١ و ٢٠٠٣ و ٢٠١٤ دا بۆ ئازادی و چەسپاندی مافی گەل هاتە پێشەوە، بەڵام بەهۆی چاوچنۆکی و شەڕی دەسەڵات و بەرژەوەندی ماددی و شەخسی هەلەکان لەدەستچوون. بەپێچەوانەوە خەڵکیان برسی کرد و لە ژیان و تێکۆشان بێئومێدیان کرد، دەرفەتیان کردەوە بۆ دەستێوەردانی تورکیا و ئێران و پەلکێشیان کردن بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانیان، دۆخێک کە ئێستا کۆمەڵگەی تێدا دەژی ئەوان لێی بەرپرسیارن، ئەوان نەیانهێشت کۆنگرەی نەتەوەیی دیموکراتی دروست ببێت و کورد لەناوخۆیدا و لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەشدا یەکێتیەکی بەهێزی هەبێت.
پارتی بۆتە وتەبێژی و چاوساخی تورکیا، تورکیا لە ڕێگەی پارتیەوە قسەی خۆی دەکات، چەواشەکاری دەکات، بەرپرسانی باڵای پارتی تا سەرۆکی هەرێم و حکومەت شەرعیەت دەدەنە هێرش و داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و دەڵێت تورکیا بەهۆی پەکەکەوە هێرش دەکات، کەلەڕاستیدا بەهۆی لاوازی و تەسلیمکاری سیاسی ئەوانەوە تورکیا باشور داگیر دەکات.
ئەگەر بەرخودان و بەرگری گەریلاکانی پەکەکە و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی گەل پشتیوانی چەپ و دیموکراتە ناوخۆیی و جیهانییەکان نەبوایە دەمێک بوو باشوور بەڕەسمی دەخرایە سەر نەخشەی ئێستای تورکیا. پارتی و هاوسیاسیەکانی بوونەتە هێزی دژە شۆڕش و لەهەمان کاتدا بوونەتە ئاستەنگ و لەناوبەری هەر هێزێکی ئازاد و دیموکرات لە باشوور دروست ببێت.
بۆپێشەوە: خەڵکی کوردستان لەبەرامبەر هێرش و ملهوڕی وڵاتانی ناوچەکە دەبێ چی بکەن؟ و چ ئەرکێکیان دەکەوێتە ئەستۆ؟
بێریڤان مەحەمەد: مانەوەی گەل بەندە بە ئاستی تێکۆشانیەوە، داگیرکاری تا ناو ماڵەکانمان هاتووە، تەنها یەک ڕێگا لە بەردەمانە، ئەویش تێکۆشانێکی هاوبەشە لە پێناو ئازادی و خۆبەڕێوەبەریدا. گەلەکەمان خۆی خاوەنی دەسکەوتەکانی هەرێمە و قوربانی بۆ داوە و دەبێت بیپاریزێت، نابێت بیکاتە قوربانی چەند دەسەڵاتدارێکی ستەمکار و تەسلیمکار و گەندەڵ، دەبێت ئەوە لای هەموومان ڕوونبێت داگیرکاری نەمێنێ ئەم دەسەڵاتدانەش نامێنن. داگیرکاری نەمێنێ ژن کوژی و چەوسانەوە و قەیرانی ئابوری و قەیرانەکانی تریش نامێنن. هەربۆیە ئەرکە ئەو ناڕەزایەتیانەی لە شەقامەکان هەیە دژی داگیرکاری و ناعەدالەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی جیاوازی چینایەتی بکەینە یەک و بەهێزی بکەین، ئەو ناڕەزایەتیانەی لە تۆڕکۆمەڵایەتیەکان هەیە بیبەینە لای ئەوانەی لە شەقامەکانن، هاوڵاتیان لە بادیناننەوە تا گەرمیان وخانەقین خۆیان ڕێکبخەن و ناڕەزایەتیەکانیان بە پلان و بەرنامەی فراوان و هاوبەش پێشخەن و ئەڵتەرناتیڤی خۆیان لە ڕووی پاراستن و سیاسەت و سیستەمەوە دروستکەن، ئەمە دەبێتە وەرچەرخانێکی مەزن و پیلانەکان پوچەڵدەکاتەوە.
بۆپێشەوە: هێزە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکانی هەرێم، هەڵوێستیان لەبەرامبەر لەشکرکێشی و ملهوڕی وڵاتانی ناوچەکە چۆنە؟
بێریڤان مەحەمەد: ئەو هێزانەی لەناوپەرلەمان و حکومەتن و خۆشیان بە ئۆپۆزسیون ناو دەبەن، ڕۆڵی سەر ڕاوەشاندن بۆ بڕیار و سیاسەتەکانی پارتی دەبینن، بەداخەوە گەر ئەوانە خاوەن ئیرادە و سیاسەتێکی ڕون و رادیکاڵی نیشتیمانی بونایە و ئەولەویەتیان بەرژەوەندی بچوکی حزبی نەبوایە، گۆڕەپانەکە بەم جۆرەی ئێستا بۆ دەسەڵاتی خۆسەپێن چۆڵ نەدەبوو، و بوێری ئەوەیان نەدەکرد کە ئێستا دەیکەن. چیدی ناکرێت هیوا لەسەر ئەوانە هەڵبچنرێت، مەگەر بەجورئەتەوە پاشەکشە لەو سیاسەتە بکەن هاوشانی تەڤگەری ئازادی و خەڵکە ئازادیخوازەکە بە بوێریەوە و بەدەنگی بەرز بڵێن ئێمە دژی داگیرکارین و ئەو دەفەتە مەزنانەی لە پێشیانە لەدژی داگیرکاری بیخەنە کار، ئەمە زۆر چاوەروان کراو نییە، هەرێمی کوردستان پێویستی بە ئۆپۆزسیونی بەهێزە، پێویستی بە بەرەی ئۆپۆزسیونە لە چەپ و دیموکرات و ئازادیخوازەکان بۆئەوەی پێشەنگایەتی ناڕەزایەتییەکان بکات و ئەڵتەرناتیڤی ئەم حزب و دەسەڵاتە پێش بخات، پێویستە هەرچی دڵسۆزە لەم قۆناغەدا بە بیروڕای جیاوازەوە لە پێناو ئازادی بێنە لای یەک لە دژی داگیرکاری دەرەکی و ستەمی ناوخۆی تێکۆشانێکی ڕادیکاڵ و فراوان پێش بخەن.
 
 
1 Comment
  1. بکر دەربەندی says

    دەس خۆش بۆ ڕوونکردنەوەکەی، بەڵام حیزبەکانی کوردستان
    ڕاست ناکەن لەگەڵ هاونیشتیمانیان، لەسەر میدیاکان یەکتری ئیهانە ئەکەن، بەڵام لەپشت کامێرەوە پیکەوە دائەنیشن بۆ گاتەکردن بەو قسانەی لەسەر میدیکان کردۆتیان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.