گۆرانیەکانم… نوسینی مارکس

0

مافوری ئەشق

لەبەر پێت ڕادەخەن

بڵێسەی سەرکێشی هەستم

ڕۆح دێنێتە جۆش و خرۆش

دەقووبوڵیان کە. دەقووبوڵیان کە.

هەنگینێ دەزانی

کە دەنگ دانەوەی گۆرانیەکانم

سینەت لێوان لێوی تاسەدەکەن

دڵت لە جۆلانەی بێ وەستان دەخەن

دەنگ دانەوەیان لە ڕێی دورەوە

کە بەپێی ناز و غرور شێلاوتە

بەرەو خۆم دەگەڕێنەوە.

ئەو دەمە ئازایانەتر دەجەنگم

بێ پەرواتر هەڵمەت دەبەم

دەنگدانەوەی گۆرانیم زوڵاڵتر و ئازادتر

ئاوازم بڵندتر دەبێ

لە خۆشیا دەگری

هەموو ناوبانگێکی ئەم جیهانە

هەموو ناوبانگێکی ئەم سەرزەمین و زەمانە

دێنیتە لەرزە و هەموو بەشادیەوە

دەچنە پێشوازی،

بێ باکم

ئەو تیشکی نیگایەت کە

هاڵاوێکی گەرمە و دڵت دادەپۆشێ

ئەوەی کە دوو مرۆڤی ئاشق دەخاتە گریان

ئاوازێکە لە چاوانی منەوە هەڵدەستێ

******

گەر بتوانم بە ئارەزووە گەورەکەم بگەم

پاداشتی خۆ بەدەستبێنم

کە بە سۆز و گودازی خۆ، ڕامتبکەم

هەموو بیرەکانم ئاشقزەدە

بەسەر ئاهەنگێکی گەورەدا تۆودەکەم

لە سەرەمەرگدا هەست بە قارەمانێتی دەکەم

******

دەبێ ئەم کاغەزانە بەرەو تۆ هەڵفڕن و

بەدڵە لەرزێوە لێت نزیکببنەوە

دەردی جودایی و ترس باڵی بەسەرما کێشاوە و

خەونەکانم لە بێهودەییدا دێن و دەچن،

زاتی ئەوەم نیە بگەمە بەرزترین شت،

بەڵام بەم زووانە بە ئازارترین شت کۆتاییدێ

وەختێ لە سەفەری دووری تاسەی پڕ بەها

گەڕامەوە

ئەی یاری نازەنینم

لە هەمێزت دەگرم

بەغرورەوە

بەسینەمەوە دەتقەرسێنم

هەنگینێ بوومەلەرزەی بیرچوونەوە

دەکەوێتە بوونم

بمبەخشە

کە بێ پەردە ئیعتراف دەکەم

کڵپەی سەرکێشی ڕۆحم ناشارمەوە و

لێوی ئاوازگوتنم بە ئاگری ئەو

دەسوتێنم

ئایا دەشێت مرۆڤ لە خۆی جیاببێتەوە؟

خامۆش و خەمبار لەناوخۆیدا هەڵکورمێ؟

ئایا دەکرێ بە درۆ

خۆ ناوبنێم ئاوازخوان؟

ئایا دەشێت تۆ ببینرێ و

خۆشتنەوێ؟

بە هەموو سەرکێشیەکانی ڕۆحمەوە

لە عەزمەتی سێبەری تۆدا

توامەوە.

ئاخ جگە لە فرمێسکی چاو

چ شتێکی دی شکنابەم و

تەنیا هێندەم لە تۆ گەرەکە

گوێ لە گۆرانیەکەم بگری و

بیڕازێنیتەوە و

ئەو کاتە

دەشێت گۆرانیەکەم

خۆی بە نەبوون بسپێرێ.

 

کارڵ مارکس

Leave A Reply

Your email address will not be published.