لە بیستەمین ساڵیادی هێرشی چەکدارانەی یەکێتی بۆسەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقدا… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ فوئاد سادق، یەکێک لەو کاراکتەرانەی حزب کە لەکاتی هێرشی یەکێتی بۆسەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمیتەی رابەری رێکخراوی کوردستان بوو…

0
لە بیستەمین ساڵیادی هێرشی چەکدارانەی یەکێتی بۆسەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقدا…
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ فوئاد سادق، یەکێک لەو کاراکتەرانەی حزب کە لەکاتی هێرشی یەکێتی بۆسەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمیتەی رابەری رێکخراوی کوردستان بوو…
بۆپێشەوە: پێشینەی چواردەی حەوت چۆن دەست پێدەکات… پاساوی بردنە دەرەوەی
بارەگای چەکداری حزبەکان، هۆکاری هێرشی یەکێتی بوو بۆسەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی یان هۆکاری تری هەبوو؟
فوئاد سادق: سەرەتا لە یادی بیست ساڵەی ئەو ڕووداوە دڵتەزینەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ هاوڕێیانی گیان بەختکردوو شێخ عبدول و هاوکار و ئومید و کریم و هاورێ و سەرجەم گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی و سوشیالیزم دادەنوینین یادیان بەرزو بەڕێزەو ڕێگایان پڕ ڕیبوار…
لە راستیدا یەکێتی وەکو هێزیکی میلیشیایی ناسیۆنالیستی کورد مێژویەکی هەیە لە دوژمنایەتی لەگەڵ چەپ و کۆمۆنیزم. ئەو تەنانەت ئاڵای شۆڕشی پی تەحەمول نەکرا. بەرامبەر ئیمەش ئەتوانم بڵێم هەمیشە لە بەهانە و فرسەتیک گەراوە بۆ لێدانمان. هەر لەسەردەمی شوراکانی ئازارەوە ئەم نیازەی هەبووە. یەکیتی بە بوونی ئیمە وەکو کۆمۆنیستی کریکاریی، بە رۆلی ئیمە لە بزووتنەوەی کریکاری و بیکاری و ژنان و بەرگری لە مافی مندالان و لە ئازادی سیاسی و لە وەستانەوە دژی شەری ناوخۆ و هەموو زولم و زۆریک، یەکیتی هەراسان بوو. لە ماوەی ٩ سالی پێشتردا زیاتر لە دەجار یەکیتی نیاز و پلانی پەلاماری ئیمەی هەبووە. بەلام هەمووجاریک ئیمە لەلایەک بەهەڵخراندنی فەزای سیاسی لەبەرامبەریدا لە ناوەوە و لە دەرەوەی کوردستان، هەروەها بە رادەیەک لە سازش و گفتوگۆ توانیومانە بەر بە پەلاماری یەکیتی بگرین. بەڵام لە ١٤ی تەموزی ٢٠٠٠ دا بەبروای من رۆڵی تایبەتی نەوشیروان وەکو کەسێکی دژی کۆمۆنیست و خوینرێژ زۆر بەرجەستە بوو، وەکو کەسیک کە رۆڵێکی بەرجەستەی لە کوشت و کوشتاردا گیراوە لەوانە کوشتاری قەرناقا و پشتئاشان، لەم کەیسەی ئیمەشدا ئەو هەمەکارە و بریاردەر و کاریگەر بوو لەم تاوانەدا.
ئەمجارە بەدیاریکراوی کێشەی یەکێتی لەگەڵ ئیمە لە مانگی شوباتەوە لەسەر مەسەلەی هەلبژاردنی شارەوانیەکان دەستی پیکرد کە ئیمە پەردەمان لەسەر گالتەجاربونی هەلماڵی. لە قوناغی یەکەمدا دەستی بە پلان و زەمینەسازی کرد، سەرەتا بە بەرتەسککردنەوەی هەڵسوڕانی حیزب لە ڕیگای گرتن و ڕاوەدونانی کادرو ئەندامانی حیزب و هەڵسوراوانی رێکخراوە کریکاری و جەماوەرییەکانەوە. هەر لە دریژەی پیادکردنی ئەم سیاسەتەدا، لە رۆژی ١٦/٢/٢٠٠٠ سێ کادری حیزب لە ماڵەکانی خۆیاندا مافیا ئاسا هەڵیانکۆتایە سەریان و دەستگیرکران، ئەوانیش، عەمارشریف، یوسف محمد، فەهد ناسر بوون، بەبەهانەی تاوانی دروستکردنی رێکخراوی بێ مۆڵەت (اتحاد النازحین) . لەبەرامبەردا حزب فشارێکی گەورەی جیهانی و ناوخۆیی لەسەر یەکیتی دروستکرد و سەرەئەنجام لەو قۆناغەدا یەکیتی شکستی خوارد. قوناغی دووەم، یەکیتی ڕیگای یاساو دادگای هەڵبژارد بۆ قەدەغەکردنی هەڵسوڕانی حککع، بۆ ئەمە شکاتنامەیەکی بەناوی نەزەر علی اکبرەوە کە جێگری وەزیری ناوخۆ بوو، لەدادگای سلیمانی تۆمارکرد، ئەو تاوانانەی کە لە شکاتنامەکەدا هاتبوو، سەرەکی تری خاڵەکانی، تەشهیرکردن بەحکوومەت و دەسەڵات، چاپکردنی نامیلکەی یاسای یەکسانی ژن و پیاو وەک بەدیلی یاسای ئەحوال شەخسی، کارکردن بۆ جیاکردنەوەی کوردستان لە عیراق، بوونی کەسانی بێگانە لە ڕابەرایەتی حککع …..هتد. لەم قۆناغەشدا شکاتنامەکەی یەکیتی ئەوەندە پوچ و ریسوا بوو کە کەوتە بەردەم نەفرەتیکی فراوان. حککعیش لەسەر هەلویستی خۆی راوەستا و سەرئەنجام گفتوگۆ دەستی پیکرد و لەسەر کۆتایهینان بەوبارگرژیە ریککەوتین. قوناغی سێیەم، قوناغی بەهانەی چۆڵکردنی بارەگاکانی حککع بۆ دەرەوەی شار، دواتریش، واتە دوای ١٤/٧/٢٠٠٠ ئیسپات بوو بەهانەو پاساوەکانی یەکیتی بۆ لیدان لە حککع دوورە لە ڕاستیەوە، نەک هیچ حیزبێک بارەگای نەبردە دەرەوەی شار، بەڵکو ژمارەی بارەگای حیزبەکان و بارەگاکانی خودی یەکیتی و بەرپرسانی چەند قات لە نیو شاردا زیادی کرد.
بۆپێشەوە: هۆکاری سەرەکی هێرشی یەکێتی بۆسەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی چی بوو؟ نەدەکرا بەری پێبگیرێت؟
فوئاد سادق:  سەرەکیترین هۆکار وەکو هەموو ئەو جارانەی کە یەکیتی پلانی بۆ لێدانی ئیمە دادەرشت، دوژمنایەتی یەکیتی بوو لەگەل کۆمۆنیزم و بە دیاریکراویش هەراسانبونی یەکیتی بوو بە بوون و هەلسورانی ئیمە لە مەیدانە جیاجیاکاندا. جگە لەمە وەکو سەرانی یەکێتی و بەدیاریکراوی نەوشیروان بە راشکاوی باسی کرد وەلامدانەوەی یەکیتی بوو بە تەکلیفی ڕژیمی بەعس و جمهوری ئێسلامی، کە لەوکاتەدا لەگەل هەردوکیان لە پەیوەندیدابوو. لە زۆربەی دانیشتن و گفتوگۆکانی نێوان حککع و یەکیتی، سەرانی یەکیتی بە ڕوون و ڕاشکاوی باسی ئەوەیان دەکرد کە جمهوری ئێسلامی داوایان لی دەکات پەلاماری ئیمە بدەن. هەلبەت ئەوان دەیانگوت جمهوری ئیسلامی فشارمان بۆ دەهینی تا لێتان بدەین!! بەدیاریکراوی لە کۆبونەوەی ١٥/٤/٢٠٠٠ لە بارەگای کومیتەی ڕابەری حککع بە نێوەندگیری فاروقی مەلا مستەفا، وەفدی یەکێتی کە پێکهاتبوو لە مەلا بەختیارو ئازاد جوندیانی و مستەفا چاوڕەش، ناڕەزایی و نارحەتی خۆیان لە کۆمەککردن و یارمەتی دانی حککا لە لایەن حککع وە بە تایبەتێش کۆمەکردنی حککا بۆ ناردنی هێز بۆ ناو ئیران دەربڕی، کەگوایە ئەم کارە ئێحراجیەتیەکی زۆری بۆ یەکیتی لەلای جمهوری ئێسلامی دروستکردووە. بەهەرحال وەکو لە شکاتنامەکەی یەکیتیدا هاتبوو، ئەم مەسەلەیە تەنها یەکیک بوو لە هۆکارەکانی ئەو هێرشە، بەڵام چ ئەوکات و چ ئیستاش کەسان و گروپی چەپ، هەموو هۆکارەکانی تر فەرامۆش دەکەن و تەنها ئەم هۆکارە زەق دەکەنەوە بۆ ئەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری سەرزەنشت بکەن کە هاوسەنگی هێزی بەهەند وەرنەگرتوە. بەم جۆرە بیانەوێ یان نەیانەوی ئاودەکەن بە دەستی تاوانکارانەی یەکیتیدا و حککع تاوانبار دەکەن. بەلام ناخۆشتر لەوە کەسانیک کە تەجدید نەزەریان کردوە لە کۆمۆنیزمی کرێکاریی، کە ئەمە مافیکی سادەی خۆیانە. تەجدید نەزەریان لە هۆکارەکانی ئەم رووداوەش کردوە و رێک بەوجۆرەی جەلال تالەبانی لە کۆبونەوەی لەگەل رۆشنبیرانی سلیمانی داستانەکە دەگێڕنەوە. بەڵام ئەوەندەی بەم مەسەلەیە دەگەریتەوە وەکو یەکیک لە هۆکارەکان ئەوەی لەونیوەدا جێگای سەرنج و رەخنەیەو پەیوەندی بە کێشەی ١٤/٧/٢٠٠ وە هەیە، لە دەورانی توندبوونەوەی کێشەی نێوان یەکیتی و حککع، بۆ هێورکردنەوەی وەزعەکەو کەمکردنەوەی بەهانەکانی پاساوەکانی یەکیتی کە بەوە هەوڵی دەدا خەڵکی پێ فریو بدات. هۆکاری سێیەم: هاتنەخوارەوەی جێگاو ڕیگای حککع لەئاستی خەباتی جەماوەری و کەمبوونەوەی کاریگەری حیزب لەسەر کۆمەڵگەو لەم نێوندەیشدا، نەخویندنەوەی وردی هەلومەرجەکە لەلایەن ڕابەرایەتیەوە، نەبینینی هاوکێشەی هێز، بەرزە فڕی و تیژپەری و هەندی جاریش سازشی بێمایەو قازانج بێ باڵانس لە زۆر هەڵوێست وکردارو قسەکردندا، هاتنە خوارەوەی کێرڤی جەماوەری حیزب لە ئاکسیونە محدودەکانی تەشکیلاتی حیزب لە ڕۆژانی ١٢و١٣ /٧/٢٠٠٠ لە بەردەم کومیتەی سلیمانی، نێشانی خەڵک و یەکیتی درا، دەرکەوت ئیدعاو بانگەشەیەک کە بۆ حککع دەیکەین، بمانەوی سلیمانی بەشەو بەدەستی ئێمەوە بێت بە ڕۆژیش بە دەستی یەکیتییەوە، ئیدعایەکە لەگەڵ ئەم قەوارەیەدا نایەتەوە.
بێگومان لێدان لەحککع و قەدەغەکردنی هەڵسوڕانی، گورزێکی کاریگەر بوو لەبەرەی ڕادیکاڵ، حککع بەرگریکاری سەرسەختی مافەکانی خەڵک بە گشتی و مافەکانی کریکاران بە تایبەتی و سەنگەریکی قایمی مافەکانی ژنان و مناڵان و ئاوارەو دستفرۆشان و …..هتد بوو، حیزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، بەتایبەتیش یەکیتی بە مەبەستی بەرتەسکردنەوەی فەزای ئازادی و داسەپاندنی ملهوڕی زیاتر، حککع وەکوو سەری ڕمی ئەو بزوتنەوەیە، خاڵی دەستپێکی بەرتەسکردنەوەی ئازادی بوو لە کوردستاندا، ئەو بۆشایەی لە ئاکامی لێدان حککع هاتە کایەوە هەتا ئێستا پڕ نەبوتەوە.
بۆپێشەوە: بەر لە روداوی ١٤/٧/٢٠٠٠ چەندین جار سەردان و گفتوگۆ لەسەر بیانوەکانی یەکێتی نیشتیمانی لەنێوان وەفدی هەردوو لاکرا، دەکرێت باسی ئەو سەردان و گفتوگۆیانەمان بۆ بکەیت؟ وە بۆچی هەموو گفتوگۆکان نەیانتوانی ڕێگە لە هێرشی یەکێتی بۆسەر حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی بگرن؟
فوئاد سادق: دوابەدوای ڕیکەوتنی حککع ویەکیتی لە ١٧/٤/٢٠٠٠ بە دواوە نایەتەوە بیرم و هیچ بەڵگەیەکیش لە بەردەست نییە هیچ کۆبونەوەیەک لە نێوانماندا کرابێت، تەنیا هەندی جار بۆکاری بچوک و ئیداری مستەفا چاوڕەشم لە بارەگای پەیوەندیەکان دەبینی، بەڵام لە سەرەتای مانگی شەشەوە تا وەکوو  ١٤/٧/٢٠٠٠ کۆمەڵە مەسەلەیەک ڕوویدا، لێرەدا بەکورتی بە خاڵبەندی ئیشارەیان پێدەکەم، یەکەم: هەر لە مانگی شەشدا گۆڕانکاری لە بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی ڕووی دا (ئاوات عبدالغفور کە پێشتر لە زیندانی ابوغریب پێکەوە زیندانی بووین و کاتێکێش کراوە بەڕیوەبەری ئاسایشی گشتی زۆرجار بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانمان زۆر کار ئاسانی بۆ دەکردین) لەسەر کار لابراو دکتور خەسرەو گوڵ محمد هاتە جێگاکەی، دکتور خەسرەو هەموو بەرپرسی پەیوەندیەکانی حیزبەکانی کۆکردەوە، بۆ ئەم مەبەستەیش پەیوەندی بەئیمەوە کرد، بەڵام بۆ حیزبەکان کاتژمیری ١٠ی بەیانی دانابوو بۆ کۆبوونەوە، بۆ وەفدی ئێمە کاتژمیر ٣٠-١٠ دانابوو بۆ کۆبونەوە، من و عومەری خەتات وەک وەفدی حیزب (دواتر لە ڕیگای نوینەری حیزبەکانەوە ئەو زانیاریەمان وەرگرت، بۆیە دوو کاتی جیاوازی دانابوو بە تەنیا لەگەڵ ئێمە دانیشیت، دەیزانی وەفدی ئێمە قبوڵی ئەو سوکایەتی و جنێوانە ناکات کە بە نوینەرانی حیزبەکانی کردبوو، لە کۆتاییەکە گوێمان لە بەشیکی بوو، چونکە کۆبونەوەکە لە ژوریکی تەنیشت ئەو ژوورە بوو کەئێمە لێ دانیشتبووین، کە هاتە لای ئێمە بەهەمان ڕیتمی ژورەکەی تر، بەڵام بەبێ هیچ تەجاوەزکردنێک، داوای کرد بارەگاکانمان ببەینە دەرەوەی شار، بۆ یەکەمجار بوو مەسەلەی گواستنەوەی بارەگە لە یەکیتیەوە ببیستین، ئێمەش بە هەمان شێوەی ئەو توڕە بووین و هەستاین و بەبێ ماڵئاوایی و خواحافیزی کۆبونەوەکەمان بەجێهێشت، چونکە ئەو کاتێ قسەی دەکرد، عومەر ویستی مداخەلەیەک بکات، قسەی بە عومەر بڕی، وتی ئەوە مناقەشەی تێدا نییە و بڕیارەو ئەبی جێبەجێ بکریت، هەر ئەو ڕۆژە پەیوەندیمان کرد بە کۆسرەت رەسوڵەوە، ئەوکات سەرۆکی حکوومەتی هەریم (سلیمانی) بوو بۆ ئیوارەکەی لە ئەنجومەنی وەزیران چاومان پێی کەوت وەفدی ئێمە ناسک احمد و تایەر حسن و من بووین ئەوانیش کوسرەت و دکتور خەسرەو بوو هەرکە دانیشتین دکتۆر خەسرەو ڕووی کردە ناسک و تایەر، گلەیی لە هەڵویستەکەی تاقی بەیانی ئێمە کرد کە بەبێ ماڵئاوایی و ڕوخسەت کۆبونەوەکەمان بەجێهیشتووە، لە گەرمەی وەڵامی شایستەی ناسک بۆ دکتور خەسرەو، کۆسرەت بۆ کۆتاییهینان بەو باسە، وتی، هاوڕێیان بۆ ئێوە باشتر نییە بارەگاکانتان بۆ شوێنی تر بگوازنەوە؟ وتمان بۆ کوێ بیگوازینەوە؟ وتی شوێنیکە لە نزیک پردی قلیاسان بە دیوی سەرچناردا (ئێستا هۆڵی بۆنەو شایی وکابینەیە شوێنکی گەشتیارییە) بەڵام ئەو کاتە خانوویەکی ئەوتووی تێدا نەبوو، وەفدی ئێمە یەکسەر بە دەلیلی ئەوەی ئەو شوێنە بینای پێویستی تیدا نییە ڕەتیانکردەوە (لەگەڵ ئەوەبووم بە پەلە وەڵام نەدەینەوە، بەتایبەتی کاتێک ئێمە باسی کەمی بینامان کرد لەو شوێنە، کوسرەت وتی، بۆ چارەسەکردنی ئەوەیش کۆمەکتان دەکەین، دواتر کە گەڕاینەوە، پێیانم وت نەئەبوایە وا بە پەلە وەڵامی بدەنەوە فرسەتان بدایە مشاوەرەیەکمان بکردایە، بەڵام ئەوان رایان وابوو کە بەتەنیا کێشەکە نەبوونی خانوو نییە، بەڵکوو یەکێتی ئەیەوێ بارەگاکانمان بباتە دەرەوەی شارو دواتر بتوانی بەئاسانی گورزی خۆی بوەشێنی و لێمان بدات.  دووەم: هەر لە مانگی شەشدابوو بۆ دابینکردنی بورج و ئەنتێن بۆ دامەزراندنی تەلەفزیونێکی لۆکاڵی بۆ حیزب، سەردانی عیماد احمدمان کرد، ئەو کات وەزیری پیشەسازی بوو، داوای کرد دوو هەفتەی تر پەیوەندی پێوە بکەین، بەڵکوو بتوانی لەو دوو هەفتەدا بۆمان دابین بکات، دوای دوو هەفتەکە، کە پێم وابێ کۆتایی مانگی شەش بوو، تەلەفونی بۆمان کرد، لە وەڵامدا وتی جاری واز لە بورج و ئەنتێنە بێنن کاری گرنگتر هەیە، پێم باشە یەکتری ببینین، پێشنیاری کرد بچین بۆ وەزارەت سەردانی بکەین، گەیشتمە ئەوی ژورەکەی زۆر قەرەباڵغ بوو، ڕوخسەتی لە هەمووان خواست کە بچنە دەرەوە، داوایشی لە سکرتێرەکەی کرد کەس نەکاتە ژورەوە، وتی: یەکیتی بڕیاریداوە لێتان بدات!! هەرچی هەوڵتان هەیە بیخەنە گەڕ بۆ ئەوەی دانیشن و بە گفتوگۆ کێشەکە چارەسەر بکەن، هەرچەندە مەکتەبی سیاسی یەکیتی بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری لێدانەکەیان داوە، مام جەلالیش، نەوشیروانی بۆ ئەم کارە سەرپشک کردوە و خۆی سەفەری کردوە، نەوشیروان زۆر سوورە لەسەر جێبەجێکردنی، هیوادارم کاریک بکەن ئەوە ڕوو نەدات و ڕیگا لەڕوودانی بگرن. هەروەها لە بۆنەیەکدا بە سودفە مەلا بەختیارمان بینی، ئەویش بەهەمان شێوە قسەکانی عیماد احمدی دووبارە کردەوە، بەڵام ئەو سەرباری سوور بوونی نەوشیروان، باسی لە سووربوونی باڵێکی ناو یەکیتی کرد بۆ جێبەجیکردنی پیلانەکە.  سێیەم: لە سەرەتایی مانگی حەوت، مستەفا چاوڕەش داوای کرد چاوی پێمان بکەویت، وتی ڕاسپاردەیەکی مەکتەبی سیاسی یەکیتی هەیە دەمەویت پێتانی ڕابگەیەنم، کە چووین دوور لە هەموو عورف و عادەتی دیبلوماسی، زۆر بە توڕەیەوە دەستی بە قسەکردن کردو وتی، کاک کوسرەت وەکوو حکوومەت پێتانی ڕاگەیاندوە و منیش وەک یەکیتی پێتان دەڵیم، ئەبێ ئەو بڕیاری چوونە دەرەوەی بارەگەکانتان بۆ دەرەوەی شار بە زورترین کات جێبەجێ بکەن، ویستی هەڕەشە بکات، رێگامان لێگرت، وتمان ئەو شارەی کە تۆ داوامان لێ دەکەی بەجی بهێڵین، ئێمە لە دەستی بەعس دەرمان هێناو ڕزگارمان کرد، لە سایەی خوێنی هاوڕێیانی ئێمەدا تۆ ئێستا لەم شارەیی و بە ئازادی دەسووڕیتەوە، هەستاین و بەجێمان هێشت، دوای چەند ڕۆژ دواتر، لە ڕیگای تەلەفونەوە بەهەمان ڕێتم تەلەفونی بۆمان کرد، ئێمەش بە هەمان ڕێتم و تەنز وەڵاممان دایەوە (لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیونی سەحەری ئیرانی لەگەڵ مستەفا چاوڕەش، باسی ئەو چاوپیکەوتنەو پەیوەندیە تەلەفونیەی منی کردبوو هەندی شتی خستبووە سەر، کە گوایە من هەڕەشەم کردووە).                            
چوارەم” ئێمە زۆر ڕێگامان تاقیکردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکیتی بە دانیشتن و گفتوگۆ چارەسەری کێشەکە بکەین و نەگات بە شەڕ، بەڵام ئەوان هەموو دەرگاکانیان بەڕووماندا داخست، جاریکی تر پەیوەندیمان بە فاروقی مەلا مستەفا کرد (کە لە خولەکانی پیشوودا لە مانگی چوار نێونگیری ئێمەو یەکیتی بوو) بەڵام بێ سوود بوو، چاومان بە سەرجەم حیزبەکان کەوت کێشەکەمان بۆ باسکردن، بەڵام یەکیتی گوێ لەوانیش نەگرت، نامەمان بۆ مەکتەبی سیاسی یەکیتی نارد داوامان کرد کێشەکە بە گفتوگۆ چارەسەر کەین، ڕامان گەیاندبوو ئێمە کێشەی بارەگا گواستنەوەمان نییە، بەڵام سەرانی یەکیتی وەڵامیان نەدایەتەوە دوا هەوڵمان سەردانیکی من و سامان کریم بوو بۆ ماڵی ملازم عومەر کە لە شەوی  ١٣/٤/٢٠٠٠  بوو، ئەویش زۆر بە ناڕەحەتی و نێگەرانی هەمان قسەکانی عیماد احمد و مەلا بەختیاری دووبارە کردەوە.
بۆپێشەوە: کاریگەریی جمهوری ئیسلامی ئیران لە هێرشی یەکێتی بۆسەر حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی و رێکخراوە جەماوەرییەکانی نزیک لە حزب چی بوو؟
فوئاد سادق:  جمهوری ئیسلامی کاریگەری زۆر جدی هەبوو یەکیک لە پاڵنەرە سەرەکیەکان بوو کە داوای لە یەکیتی کردبوو ئەم کارە بکات، سەرانی یەکیتی ئەمەیان نەدەشاردەوە، لە کات و لە دوای لێدانەکەیش سەرجەم ڕاگەیاندنەکانیان، بە بینین و بیستراوەوە ئیهتمامێکی زۆریان بە مەسەلەکەدا، ئەمە جگە لەوەی لەڕێگای حەمەی حاجی مەحمود دەستخۆشیان لە جەلال تاڵەبانی کردبوو، لەمبارەوە شتێک کە خۆمان بینیمان،  ڕۆژی ١٤/٧ ئێمە ( عوسمان و تایەر و من) لەکۆبوونەوە بووین لەگەڵ نەوشیروان، لەهەموو لایەکەوە بوو بەتەقە، پرسیارمان لە نەوشیروان کرد ئەوە چییە؟ وتی، شەڕە (دواتر بە درێژی باسی ئەم بابەتە دەکەم) وتمان شەڕی چێ؟ وتی، وادیارە هاوڕێیانی ئێوە دەستپێشخەری تەقەیان کردبێت و تەقە دەکەن، وتی پیان بڵین با تەقە نەکەن، منیش ڕۆیشتم تەماشام کرد لە هەموو لایەکەوە، تەقە لە بینای کومیتەی ڕابەری دەکری، لەکاتی گەڕانەوەم دا (سەعدی ئەحمەد پیرە و دکتور خەسرەو هاتنە ژورەوە)  من کە گەیشتمە هۆڵەکە، نەوشیروان لەوی بوو، بەڵام پشتی لە من بوو منی نەبینی، خێرا دەستی سەعدی گرتوو بردی بۆ ئەو ژورەی تەنیشت هۆڵەکە کە من لێ وەستابووم، هەر لەناو دەرگای ژورەکە بە سەعدی وت (بروسکە بکە و ئاگاداریان بکەرەوەو پیان بڵی کارەکە تەواو بوو) سەعدی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکیتی بوو، وجودی لەو شوێن و کاتەدا پەیوەندی بەوەوە هەبوو کە بێت و لەلایەن نەشیروانەوە پەیامەکە بە جمهوری ئیسلامی بدات.
بۆپێشەوە: دوای هیرشی چەکدارانەی یەکێتی بۆسەر حزب و ڕیکخراوە جەماوەرییەکانی نزیک لە حزب، کاردانەوەی حزب و رابەری چی بوو؟
فوئاد سادق:  ئێمە لە ١٤/٧ ئامادەباشیەکی کەمترمان کردبوو، بە بەراورد لەگەڵ ئامادەکارییەکانمان لە ناوەڕاستی مانگی چوار کە لە لێواری دەرگیری چەکدارانە بووین لەگەڵ یەکیتی، دواتر بە گفتۆگۆ چارەسەری کاتی کرا، لە مانگی چوار حیزب هەموو ئامادەباشیەکی کردبوو، لە بارەی سیاسی و جەماوەری و تەشکیلاتی بە تایبەتی ئامادەکاریەکانی لە بارەی عەسکەریەوە، حیسابی بۆ هەموو ئەگەرو پێشهاتەکان کردبوو، تەنانەت نەخشەی زۆر وردی بۆ شەڕەکە دانابوو،  دەستنیشانکردنی شوێنی شەڕەکە، کۆکردنەوەی هێزەکە لەیەک شوێن دابەشکردنیان، دەستنێشانکردنی خاڵەکان لە کاتی پاشەکشەکردندا دواتر خاڵی کۆبونەوەی هێزەکە (پێم وابێ شوێنیکی باش و پەنا بوو لە قۆپێ قەرداغ) دابینکردن و دابەشکردنی چەک و ئازوقە بە درێژای هێڵی پاشەکشە و لە قۆپی قەرەداغیش، بە وردی و لە چوارچیوەیەکی زۆر نهینیدا، بەڵام لە ڕوژی ١٤/٧ هەر ئەو ڕوژە دەستیان بە ئازوقە کڕین کرد، بردبوویان بۆ بارەگای ڕادیو لە گەڕانەوەدا کەوتنە کەمینی هێزیکی ئاسایشی یەکیتیەوە، دیاربوو ئاسایشی یەکیتی چاودیری وردی سەیارەکەی حیزبیان کردبوو کە لە گردەکەی ڕادیو دابەزیبوون چاودیری کرابوون، پیش گەیشتنی ئەوان بۆ شوێنی کەمینەکەی ئاسایش، پێش ئەوە بەکەمتر لە نیو کاتژمێریک (ڕزگار حاجی کایل) زۆر بە پەلە هات بۆلامان، وتی، کاک نەوشیروان ئەیەوێ لەگەڵتان دابنیشێت پێمان وت ناتوانین بە تەنها ئەو بڕیارە بدەین، بەڵکو بڕیار لای ڕابەری حزبە، وتی باشە بڕۆن ئەم قسەیەی کاک نەوشیروانیان پێبگەیەنە، دوای ئەوەی هەواڵەکەم گەیاند بۆ چەند دەققەیەک کۆبووینەوەو بڕیاریاندا عوسمانی حاجی مارف و تایەر حسن و من بڕۆین، کە ڕۆشتین نەوشیروان لە ژوری میوانی ماڵەکەی خوی چاوەڕێی دەکردین  هەر کە دانیشتین، وتی: ئێوە چین؟ وا  دەتانەوێ شەڕی یەکێتی بکەن، ئیتر بەپیاهەڵدانی شان و باڵی هێزەکانی یەکێتی دەستی پێکرد، کە لە قسەکانی تەواو بوو پێمان وت نە ئێوە لە ڕژێمی بەعس بەهێزترن نەئێمەش لە مەفرەزە سەرەتاییەکانی یەکێتی بێ هێزترین، نەیهێشت قسەکانمان تەواو بکەین وتی کاکە گیان بەهۆی ئێوەوە ئێمە لەژێر فشاری جدی حکومەتی عێراق و ئێرانین، هەنێ قسەی تری لەو بابەتە کرد، عوسمان پێی وت کاک نەوشیروان چ پێویستی ئەکرد ئەو هەموو هێزە کۆبکەنەوە؟ ئەگەر بابەتەکە چوڵکردنی بارەگایە ئەوە بە گفتوگۆ زۆر بە ئاسانی چارەسەر دەکرا ئێمەش ئامادە بووین لەبەخاتری خەڵکی گەڕەک بارەگاکانمان بگوازینەوە، بەڵام ئەگەر مەسەلەکە  سیاسییە نیازێکی ترتان  هەیە نەوشیروان یەکسەر دەستی کرد به سوێندخواردن کە ئەوان هیچ نیازێکی تریان نییە، تەنها کێشەکە ئەوەیە کە ئێمە و دراوسێکانیش لەم هەموو هاتووچۆ و دیاردە چەکدارییە ناڕەحەت بوون، مەسەلە تەنها  چوونە دەرەوەی بارەگاکانی ئێوە نییە بۆ بارەگای سەرجەم حیزبەکانە. لە نێو ئەم قسە و باسانەدا بووین لە هەموو لایەکەوە بوو بەتەقەکردن،  هەر وەکو پێشتر باسم کرد لە نەوشیروانمان پرسی ئەو تەقانە چییە؟ وتی شەڕە! لەوە دەچێ هاوڕێیانی ئێوە دەست پێشخەریان کردبێ لە تەقەکردن، داوای لێکردین کە بچین بە هاوڕێیانی خۆمان بڵێین تەقەکردن ڕابگرن،  دوای عوسمان و تایەر من ڕۆشتم ماڵی نەوشیروان دوو دەرگای سەرەکی هەبوو دەرگایەکی لە تەنیشت کۆمیتەی ڕابەری بوو لە دەرگای کۆڵانی ئەو دیوەوە داوامان لە هاوڕێیانی خومان کرد کە تەقەکردن ڕابگرن ئەوانیش پێیان ڕاگەیاندین کەئەوە ئێمە نین تەقە ئەکەین، بەڵکو چەکدارانی یەکێتین لە هەموو لایەکەوە تەقەیان لە بینای کۆمیتەی ڕابەری دەکرد بەهۆی ئەوەی کە ئێمە لە ماڵی نەوشیروان بووین هاوڕێیانی ئێمە دەست بە ستراوبوون نەیاندەتوانی تەقە بکەن لە ترسی ئەوەی نەوەک ئەوان ئازاری ئێمە بدەن کە گەڕاینەوە دەرگای تەنیشت کۆمیتە ڕابەری هاوڕێیان لە خانووی بەرامبەرەوە پێیان ڕاگەیاندین کە لە ئۆتۆمبێلی حیزب دراوە، پێشتر هێزەکانی ئاسایش لە کۆتایی کۆڵانی بەرامبەرمان بۆسەیان دانابوو. لە کاتی دەرچوونمان لە ماڵی نەوشیروان (سەرکەوتی کوبە) سەر دەکەوتە سەرەوە بو ماڵی نەوشیروان تاقمی چەکی بەستبوو (دیاربوو لەو بۆسەیەدا بوو کە تەقەیان لەئۆتۆمبێلی حیزب کردبوو) لێمان پرسی بۆ تەقەتان لە سەیارەکە کرد؟ وتی هاوڕێیانی ئێوە لەناو ئۆتۆمبێلەکەوە سەرەتا تەقەیان کرد لە ئێمە، وتمان جا بە عەقڵی کێوە ئەچێت کەسانێ لە ناو ئۆتۆمبێلە وە دەست پێشخەری تەقە بکەن، لەکاتی دەرچوونی ئێمەش لەماڵی نەوشیروان چەند فیشەکێکی قەناسیان پێوە ناین، ئەبێ زۆر سوپاس گوزاری سەیارە پیکابەکەی خۆمان و عامودەکەی بەردەم کۆمیتە ڕابەری بیین بەری بە فیشەکەکان گرت، ئەوان وتم دەست لە هەموو بەرپرسیاریەتیەک ئەکێشمەوە نامەی دەست لە کارکێشانەوەکەم نووسی و لەسەر مێزەکەی بەردەمیان دامنا. وتم من ئامادە نیم بەدیلی دەستی یەکێتی بکەوم و نامەوێ بەر پرسیاریەتی مێژووی ئەم کارە هەڵبگرم بۆیە من دەڕۆم و ئێرە بەجێدێڵم، یەکێک لە هاوڕێیان بە پێکەنینەوە وتی دەترسی بەدیل بگیرێی وتم  لێرەدا بە پێویستی دەزانم باسی خاڵیک بکەم لە ڕوژی ٧/١٤ کاتژمێری ٨ سەر لەبەیانی لەکۆبوونەوەی ڕابەرایەتی (هەیئەی تەنفیزی – مەکتەبی سیاسی لە ناوەوە)  کە تەنها عبداللە مەحمود بەهۆی ئەوەی لە هەولێر بوو ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوو، باسم لەوەکرد کە یەکێتی بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکەی زۆر جدییە، ئێمە لە نێوان دوو ڕێگاداین ڕێگە سێیەم وجودی نییە، یان ئەوە تا بڕۆین و بە یەکێتی بڵێین بارەگەکانمان چۆڵ دەکەین و نامانەوێ شەڕتان لەگەڵ بکەین، ئەم کەمتەرخەمییەی لە ئێوە دەیبینم زیاتر بەرەو ئەم ڕێگەچارە دەڕوات، ڕێگەچارەی دووەم ئێمەش زۆر بەجدی شەڕ هەڵبژێرین و خۆمانی بۆ ئامادەبکەین، نەخشەکانی مانگی ٤ جێبەجێ بکەین هەر سێ بارەگای کۆمیتەی ڕابەری و ماڵی مەکتەبی ساسی و کۆمیتەی سلێمانی چۆڵ بکەین و خۆمان و هەموو هێزەکەمان لە بینای ڕادیۆ لە گەڕەکی زەرگەتە کۆبکەینەوە خۆمان بۆ شەڕ ئامادە بکەین هەر ئەو نەخشەی مانگی ٤ بۆ شەڕ و پاشەکشێ جێبەجێ بکەین، بێگومان خۆم ڕێگەچارەی دووەم بە باش دەزانم، دوای قسە و باس و بگرە و بەردە زۆربەی هاوڕێیانی ڕابەری پێشنیارەکەمیان ڕەتکردەوە لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی ئێوە یەکێتی ناناسن بە تایبەت نەوشیروان هیچ حیزبێک نییە لە کوردستان دیلەکانی بە دەستی یەکێتی نەکوژرابێ، هەر بە پێکەنینەوە پێم وت جا ئەگەر بەدیلیش بگیرێین بەحوکمی ئەوەی کە زۆربەی سەرانی یەکێتی چەند ساڵ لە زیندان بەیەکەوە بووین من لە هەمووتان زیاتر پارێزراوم  ئەم  قسەیەم  لەلایەن دوو  ئەندامی (بە ئینسافی) مەکتەبی سیاسیەوە بەداخەوە بە جۆرێکی تر لێکدرابووە، لەم قسە و باسانە دابووین هاوڕێیان پێیان ڕاگەیاندم کە ئاسایش هاتوون کارەبای بارەگاکان ببڕن، ڕێگەمان لێیان گرت کە کارەبا کە ببڕن، بەڵام دواتر چوونە خوارتر کارەبای هەموو کۆڵانەکەیان بڕی پێشتریش ئاو  و تێلیفۆنیان لێمان بڕی بوو، لەو کاتەدا تەماشایەکی دەوروبەری بارەگای کۆمیتەی ڕابەری و ماڵی مەکەب سیاسیم کرد تەنرابوو بە هێزی چەکدار، دابەش ببوون  بە هەموو سەربانەکاندا  قەناس بەدەستێکی زۆریان لەبەرامبەر هەر دوو بیناکەدا دامەزراندبوو. بۆیە بۆ من زۆر ناخۆش بوو لەو هەلومەرجە نەخوازراوەدا هاوڕێیان بەجێبێڵم ئیتر هەڵوێستەکەم دەچووە خانەی ترسنۆکی و خۆ دەربازکردنەوە بڕیارمدا بمێنمەوە سەرباری هەر ڕەخنەیەک  کە هەمە ڕۆشتم دەست لەکارکێشانەوەکەم هەر لەسەر مێزەکە بوو دڕاندم و گەڕامەوە بۆ بارەگای کۆمیتەی ڕابەری…
 
بۆپێشەوە: دوای ٢٠ ساڵ بەسەر ئەم ڕووداوەدا، ئیستا چۆن دەڕوانە ئەم رووداوە دڵتەزێنە؟
 فوئاد سادق: لە دووتوێی چاوپێکەوتنەکەدا کەم تا زۆرو لێرەو لەوی هەڵسەنگاندنمان بۆ سەرجەم بابەتەکان و لە هەمان کاتدا بیروبوچوون لەسەر ئەو ڕووداوە دڵتەزینە بەیان کردوە، دوو مەسەلە کە دەمەوێ زیاتر ڕوونکردنەوەی لەسەر بدەم، یەکەم: لە دوای نێوەڕو ڕۆژی ١٤/٧ ، نەوشیروان وەفدی حیزبی بانگهێشت کرد بۆ چارەسەری کێشەکە لە ڕێگای دانیشتن و گفتۆگۆە، بەلام لە راستیدا مەبەستی ئەو بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەکە نەبوو، بەڵکوو بۆ بارمتەگرتنی ئێمە بوو بۆئەوەی خۆی و ماڵەکەی لە گورزی عەسکەری هاوڕیانی ئێمە بپارێزی، بە تایبەتی زانیای وردیان (بەزۆر یان خۆوێست) لەو چەک فروشەی کە ئێمە هەندی چەکمان لێ کریبوو، کە ژمارەیەکی زۆری نارنجۆک بوو، بێگۆمان مەترسیەکی زۆری هەبوو بۆ سەر ماڵی نەوشیروان، چونکە دیواری بارگای کومیتەی ڕابەری بە تەنیشتی ماڵی ئەوانەبوو، ماڵەکەی مەکتەبی سیاسیش ڕاستەخۆ بەرامبەر ماڵیان بوو، هەڵدانی نارنجوک لە مەودایەکی کەمدا زۆر قورس نەبوو. دووەم: نە لە کۆبونەوەکانی ڕابەری حیزب و نە لەگەڵ حیزب و لایەنەکان وە نە لە ڕاگەیاندنەکانی حیزبداو تەنانەت لەو نامەیەی کە حککع بۆ یەکیتی ناردو لە هیچ جێگایەکدا پێداگری لە جێهشتن و چوڵکردنی بارەگاکانی نەکردوە، بەڵام پێداگری و سووربوونی یەکیتی کە ئەیویست بەزۆرو بەبێ دانیشتن و ڕاوێژکردن و گفتۆکۆ بەسەرماندا بسەپێنێ، زۆر بە ڕوونیش دیاربوو کە کێشەی یەکیتی، کێشەی بارەگا نییە، ئەمە لە ١٦/٧ کە وفدی حیزب لە ئاسایشی گشتی دەست بەسەرکرا، یەکیک لەمەرجە سەرەکیەکانی یەکیتی قەدەغەکردنی هەڵسورانی حیزب و تەنانەت قەدەغەکردنی هەڵسوڕانی ڕێکخراوە کریکاری و ریکخراوە جەماوەرییەکان بوو، دواتریش نە هیچ حیزبیک شاری چوڵکردوو نەکەسیش هەڵسوڕانی بەم بۆنەیەوە قەدەغە کرا.
 

Leave A Reply

Your email address will not be published.