د.کارزان قادر: ئەركی سیستەمی تەندروستی و دەسەڵاتداران پاراستنی گیانی خەڵك و دابینكردنی تەندروستیەكی باش و بەردەوامە بۆیان. .. دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ د.کارزان قادر یەکێک لە دکتۆرە خۆبەخشەکانی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی

0
د.کارزان قادر: ئەركی سیستەمی تەندروستی و دەسەڵاتداران پاراستنی گیانی خەڵك و دابینكردنی تەندروستیەكی باش و بەردەوامە بۆیان. ..
 
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ د.کارزان قادر یەکێک لە دکتۆرە خۆبەخشەکانی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی
 
 
بۆپێشەوە: وەک لەسەرەتا بەڕێزتان لەگەڵ چەند دکتۆرێک و لەچەند وڵاتێک ڕۆڵتان هەبوو لە ڕاگەیاندنی ئەم تۆڕە بۆ باهاناوەچوونی تووشتبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا و پێدانی ڕێنماییە تەندروستیەکان بەهاوڵاتیانی کوردزمان لە دەرەوەی کوردستان. دەتوانیت ئامانجی ئەوکارە و وەک مێژوو چۆنیەتی دەستپێکردنتان باس بکەن؟
د.کارازان قادر: سەبارەت بە ڕۆڵی من لەڕاگەیاندنی ئەم تۆڕە بۆ بەهاناوەچوونی توشبوانی كۆرۆنا و ئەوانەشی كەتوش نەبوون، لە پێدانی ڕێنماییە تەندروستییەكان بۆهاوڵاتیانی كورد لەدەرەوەی كوردستان، بۆ بەرەنگاربوونەوی ئەم پەتا كوشندەیە و كەمكردنەوەی مەترسی گیان لەدەستدان و ڕاگرتنی خراپی باری دەرونیان و تەشەنەكردنی دەوروبەریان و هتد. هەروەها ڕێنمایكرنی توشنەبووان بۆ ڕێكارەگرنگەكانی خۆپاراستن لەم پەتایە، كەئەمانە كاری بەرپرسیاریەتی مێژوویی و گرنگن. كاری ئێمەش پێدانی چارەسەر و پێشكەشكردن و چاودێری تەندرووستیەكی بەردەوام بۆئینسانەكانە، وە بۆئەوەی زۆرترین كەس لەم خزمەتگوزاریانە بەهرەمەندبن، پێویستمان بە بەرنامە و كاری ڕێكخراوەییە، هەربۆیە پێكهێنانی تۆڕی هاوكاری كۆمەڵایەتی لەو كاتەدا گرنگ بوو، كەتیایدا توانیمان بەشێوەیەكی ڕێكخراوانە زۆرترین خزمەت بەوكەسانە بكەین و ئێستاش هەر بەردەوامین.
بۆپێشەوە: لەم چەند هەفتەیەی دواییدا ژمارەی توشبوان و گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە ڕوو لە زیادبووندایە لە شارەکانی کوردستان. هۆکاری ئەوە بۆ شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسەکە دەگەڕێننەوە یان هۆکاری دیکە هەیە؟
د.کارزان قادر: لەكوردستان هۆكاری ڕوو لەزیادبونی ژمارەی توشبوان و گیان لەدەستان ناگەڕێتەوە بۆ شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسەكە، چونكە هێشتا شەپۆلی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە كۆتایی نەهاتوە. هۆكاری ئەم زیادبونەش ئەگەڕێتەوە بۆ تێكەڵبوون و بەریەككەوتنی خەڵكەكە و خۆنەپاراستنی پێویست لە ڤایرۆسەكە. هۆكارێكی گرنگی ئەمەش نەبوونی پێداویستییەكانی خۆپاراستنە، كەخەڵكەكە بەهۆی بێ ئیمكاناتیانەوە دەستیان پێیناگات. هەروەها متمانەنەكردنی خەڵك بە حكومەتی هەرێم. لەسەرەتای ڤایرۆسەكەدا تەواوی خەڵك لەكەرەنتینەدابوو، هەربۆیە ئەوكات ڕێژەی تووشبوون و گیان لەدەستان كەمبوو .
بۆپێشەوە: سیستەمی تەندروستی لەهەرێمی کوردستان و خەڵک هاوئاهەنگیان چۆنە بۆ کەمکردنەوە و لەناوبردنی ئەم پەتایە؟ ئایا حکومەت بەئەرکی خۆی هەستاوە لەلایەنی ڕێنوێنیە تەندروستیەکان و پێشکەشکردن و ئاسانکاری بۆ هێشتنەوەی خەڵک لە ماڵەوە و جێبەجێکردنی ڕێنوێنیە تەندروستیەکان؟ کام لا بەرپرسیارەتی زۆرتریان بەردەکەوێ و چۆنە؟
د.کارزان قادر: ئەركی سیستەمی تەندروستی و دەسەڵاتداران پاراستنی گیانی خەڵك و دابینكردنی تەندروستیەكی باش و بەردەوامە بۆیان. لەكوردستان سیستەمی تەندروستی لەكاتێكی ئاساییدا نەیتوانیوە وەڵامدەرەوەی پێداویستییە تەندروستییەكانی خەڵك بێت، هەربۆیە لەكاتی نەخۆشیە كتوپڕەكان و نەخۆشیە درێژخایەنەكاندا بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری لەنەخۆشخانەكاندا خەڵك بەناچاری ڕوو لەكلینیكە تایبەتەكان ئەكەن بۆچارەسەرو كۆنتڕۆڵ بەپارەیەكی زۆر. هەربۆیە بەدڵنیایەوە لەكاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كەپەتایەكی كوشندەیە نەتوانیوە و ناشتوانێ لە نەخۆشخانەكاندا چاودێری ژمارەیەكی كەمیش بكات.
هەروەك بینیمان لەسەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا حكومەتی هەرێم بەبێ دابینكردنی بژێوی ژیان بۆ خەڵكەكە و تەنانەت بەبێ هیچ ئاسانكاریەك بۆیان، تەواوی خەڵكەكەیان لەماڵەوە كەرەنتینەكرد بەسكی برسیەوە و بێ نان وئاو، خەڵكەكە بۆماوەیەكی زۆر لەماڵەوە مانەوە وخۆپارێزیان كرد لەبەریەككەوتن، تائەو جێگەیەی كەخەڵكەكە نەك هەر وزەی كۆكراوە لەلەشیاندا نەما، بەڵكو چەوریش لە خانەكانی لەشیاندا تەواو بو بۆسوتاندنی وزە تابژین! هەروەها بێباكی و نابەرپرسی دەسەڵاتی هەرێم بەرامبەر بەوخەڵكە، لەدابینكردن و ئاسانكاری و بژێوی ژیانی ئەوخەڵكە، تەنانەت نەدانی موچەی مانگانە پێیان هەتا ئێستاش.
ئەمانە هەمووی هۆكارێكی تەواوبوون بۆ ئەو خەڵكە كەچیتر متمانە بە حكومەتی هەرێم نەكەن لەپاراستنی گیان و تەندرووستیان بەرامبەر ئەم ڤایرۆسە. حكومەتی هەرێم بەرپرسیارە لە پێدانی ڕێنماییە تەندروستیەكان و ئاسانكاری بۆ هێشتنەوەی خەڵك لەماڵەوە، بەدابینكرنی بژێوی ژیانی ئەوخەڵكە تابتوانن لەكاتی پێویستدا لەماڵەوە بمێنەوە. هەروەك ئەزانین بەشێكی زۆری ئەو خەڵكە بژێویان لەسەر كاری ڕۆژانەیانە، كاتێك كەرەنتینەدەكرێن ئەبێت بژێوی ژیانیشیان بۆدابین بكرێت، تابتوانن ڕێنماییە تەندروستیەكان جێبەجێی بكەن، بەمە دەتوانرێت ژمارەی توشبوان و گیان لەدەستان كەمبكرێتەوە، لەگەڵ دابینكردنی خزمەتگوزاری پێویست لەخەستەخانەکاندا تابتوانرێت بەپێی پێویست چاودێری توشبوانی كۆرۆنا بكرێت .

Leave A Reply

Your email address will not be published.