سەفین کاکە رەش: ناڕەزایەتییەکەی ئەم دواییەی زۆنی زەرد بە تایبەتی شاری دهۆك نیشانەی وشیاربوونەوەی جەماوەری ئەو دەڤەرەیە، کەئەوەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئێش و ئازارەکانی مرۆڤ هاوبەشە و شتێك نییە بەناوی شارچێتی و دەڤەر دەڤەرانێ. کەبرسییەتی تاوی هێنا هەموو لایەك وەك بورکان دەتەقێتەوە…

0

سەفین کاکە رەش: ناڕەزایەتییەکەی ئەم دواییەی زۆنی زەرد بە تایبەتی شاری دهۆك نیشانەی وشیاربوونەوەی جەماوەری ئەو دەڤەرەیە، کەئەوەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئێش و ئازارەکانی مرۆڤ هاوبەشە و شتێك نییە بەناوی شارچێتی و دەڤەر دەڤەرانێ. کەبرسییەتی تاوی هێنا هەموو لایەك وەك بورکان دەتەقێتەوە…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز سەفین کاکەڕەش؛ چالاکوانی مەدەنی سەبارەت بە ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لە هەرێمی کوردستان

 بۆپێشەوە: تائیستا دەسەڵات مل بەخواستی زۆر سادەی دابینکردنی هەلی کار، دانی موچە لەکاتی خۆیدا، دابینکردنی لانی کەمی خزمەتگوازارییەکان نادات ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

سەفین کاکەڕەش: دەسەڵات کە مل بۆ سادەترین خواستی جەماوەر نادات، ئەویش دابینکردنی نزمترین خواستی میللەتە وەک کارەبا، ئاو، تەندروستی، مووچە…تاد، ڕەنگە هۆیەکەی ئەوە بێت کە ئەو دەسەڵاتە خۆی بە میوان دەزانێت و وەك ئوتێلێك سەیری وڵات دەکات، چونکە هاتنەکەی خۆی لەخۆیدا ناسرووشتی بووە، هەلومەرجێکی نێودەوڵەتی و حەماقەتەکانی ڕژێمی سەدام وایکرد ئەوانە بێن و وەك تاڵانچی و پاوانخوازێك دەستیان بەسەر ژێرخان و سەرخانی  ئابووری وڵات داگرت و تاڵانیان کرد! پاشان کەوتنە وێزەی یەکتر و بەناوی شەڕی براکوژییەوە هەزاران کەسیان کردە قوربانی خواستەکانی خۆیان و شتێکیان بەناوی دووئیدارەییەوە داهێنا. لەبەرئەوەی ئەو دەسەڵاتە هەڵقووڵاوی ناخی جەماوەر نییە و بە فرت و فێڵ و تەزویر هاتوون، ئەوە سەبەبی سەرەکی بێ مننەت بوون و مل نەدانیانە بۆ سادەترین داخوازی خەڵك…

بۆپێشەوە: ئەگەر خۆپیشاندانەکانی پیشوتر زۆرتر لەزۆنی سەوزدا ڕوویان دەدا، ئەم جارە لەزۆنی زەرد ولەشاری دهۆکەوە دەستی پێکرد، چۆن دەڕوانە ئەم ئاڵوگۆڕە؟

سەفین کاکەڕەش: زۆنی سەوز هەر بە سرووشتی خۆی جەماوەرەکەی بە درێژایی مێژوو جۆرە یاخیبوونێك لەوێ هەبووە، و زۆر نموونەمان هەیە وەك یادکردنەوەی بۆنە نەتەوەییەکانی سەردەمی پیرەمێرد و شیعرە یاخی و پەند و تەحریزییەکانی شاعیرانی کلاسیكی وەک بێکەس و قانع و پیرەمێرد و ڕاپەرینی بەردەرکی سەرا و حکومەتەکەی شێخ مەحموود و …

ئەوانە وایکردووە کە لە دەڤەری سلێمانی و دەورووبەری کە پێی دەڵێن زۆنی سەوز، جۆرە کرانەوەیەك و ئازادییەکی زیاتر لە زۆنی زەرد هەبێت، بەڵام ناڕەزایەتییەکەی ئەم دوواییەی زۆنی زەرد بە تایبەتی شاری دهۆك نیشانەی وشیاربوونەوەی جەماوەری ئەو دەڤەرەیە، کەئەوەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئێش و ئازارەکانی مرۆڤ هاوبەشە و شتێك نییە بەناوی شارچێتی و دەڤەر دەڤەرانێ. کەبرسییەتی تاوی هێنا هەموو لایەك وەك بورکان دەتەقێتەوە…

بۆپێشەوە: دەسەڵات لەجێگای ئەوەی وەڵام بەداخوازییە ڕەواکانی خۆپیشاندەران بداتەوە، پەنا دەباتە بەر چاوسورکردنەوە، تۆمەت بەخشینەوە، هەڕەشە، زیندانیکردن و سەرکوتکردن… ئەم دەسەڵاتە تا کەی دەتوانێت بەو ڕێکارە نەشیاوە پارێزگاری لە دەسەڵاتی بکات؟

سەفین کاکەڕەش: بەدرێژایی مێژوو دەبینین هەموو ڕژێمە دیکتاتۆری و شموولییەکان بۆ پارێزگاری لەپێگەی خۆیان، چەندین جۆرە هێزی سەربازی و مەدەنی دادەمەزرێنن و پەنا دەبەنە بەر سیخوڕ و جاسووس و گرتن و لێدان و سووکایەتی کردن بە کەسانی چالاکوان و ڕێنیشاندەر، بەڵام ئەوە دەمێکە فەشەلی هێناوە و نموونەشمان زۆرە، چونکە ئەو کەسانەش لەکۆتاییدا کەسانی هەڵپەرستن و زۆر بەئاسانی سەنگەر دەگۆڕن و پشتیان بەردەدەن…

بۆپێشەوە: بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری، جار بەجار گەورەتر دەبێتەوە، زامنی سەرکەوتنی ئەو خۆپیشاندانانە لە گرەوی چیدایە؟

              سەفین کاکەڕەش: ڕاستە جاروبار خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکان فراوان دەبن، بەڵام پێویستی بە ڕابەرایەتی کردنێکی شۆڕشگێڕانە هەیە، ئەو خۆپیشاندانانە زۆر جار لایەن و کەسانی بۆرژوا و هەڵپەرست بۆ مەرامی خۆیان بەکاریان دەهێنن و جۆرە بێ سەروبەرەیی  و لائوبالییەکی پێوە دیارە و ڕێکخراو نییە. ئەمەش وایکردووە دەسەڵات زۆر بەگرنگی وەرنەگرێت و بەئاسانی بتوانێ دایبمرکێنێتەوە، چونکە دەزانێ ئەو نارەزایەتیانە نەفەس کورت و بێ بەرنامەن و درووشمەکانیان لەشتی سادەی وەك مووچە چڕدەبێتەوە….

Leave A Reply

Your email address will not be published.