فەرمان ڕەشاد: ئەوەی زامنی سەركەوتنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵك دەكات، ڕێكخراوبوون و بەردەوام بوون و پشوودرێژییە، چونكە دەسەڵات هەمیشە لەسەر دوو ئاست كاردەكات پەرتكردنی دەنگی ناڕازی و كات كوشتن و گرەوكرتن لەسەر ماندووبونی خەڵك…

0

فەرمان ڕەشاد: ئەوەی زامنی سەركەوتنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵك دەكات، ڕێكخراوبوون و بەردەوام بوون و پشوودرێژییە، چونكە دەسەڵات هەمیشە لەسەر دوو ئاست كاردەكات پەرتكردنی دەنگی ناڕازی و كات كوشتن و گرەوكرتن لەسەر ماندووبونی خەڵك…

دیمانەی بۆپێشەوە دیمانە لەگەڵ بەڕێز فەرمان ڕەشاد چالاکوانی مەدەنی، سەبارەت بە ناڕەزایەتیەکانی هەرێمی کوردستان…

بۆپێشەوە: چۆن دەکرێت ئاسۆی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری، لە ئاسۆی بزووتنەوەی کوردایەتی جیابکرێتەوە و لە پێناو داخوازییە ڕەواکانیاندا؟

فەرمان ڕەشاد: بە سەرنجێكی خێرا لە خەباتی  ئێستای هاوڵاتیان لە شەقام، دەبینین بە پلەی یەكەم  خەباتی هاوڵاتیان بۆ دابینكردنی پێداویستییە بنەرەتییەكانی ژیان، ڕووبەروبونەوەی گەندەڵی و بێكاری و خزمەتگوزاریەكانە. بەشێكی زۆری هاوڵاتیان برەودان بە كوردایەتی بە بەرنامەی  دەسەڵات دادەنێن بۆ لابردنی تەركیزی خەڵك و فریودانیان لە پرسە بنەڕەتیەكان. بۆیە بە بەراورد لەگەل پێشوو بەتایبەت بەر لە ڕیفراندۆم بزووتنەوەی كوردایەتی لە پاشەكشەیەكی یەكجار گەورەیە. ئێستا بەشێكی زۆری فەرمانبەران داوادەكەن ڕاستەوخۆ بەغدا مووچەیان بۆ دابین بكات نەوەك لە ڕێی حكومەتی هەرێم، واتە تێگەیشتنی نوێی بەشێكی زۆری هاوڵاتیان مەسەلە نەتەوەییەكانی تێپەراندووە. بۆ باشتر جێگرتنی ئەو بزووتنەوە نوێیەی خەڵكی كوردستان پێویستە لەگەڵ بزووتنەوە ناڕەزاییەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراقیش هەماهەنگی هەبێت، چونكە بەخۆشحاڵی ئێستا لەوێش خەڵك مەسەلە نەتەوەیی و مەزهەبیەكانی تێپەراندووە، ئەوە وادەكات بۆ یەكەمجار بزووتنەوەی ناڕەزایی لەسەر ئاستی عێراق لەچوارچێوەی خواستی داخوازییە ڕەواكان و مافە بنەڕەتیەكان یەكبگرێت، بەجۆرێك سیحری مەزهەبگەراییی و نەتەوە گەرایی لای حیزبە تەقلیدیەكان بەتاڵ دەكەنەوە كە دەیان ساڵە خەڵكیان پێدابەش كردووە.

بۆپێشەوە: ڕێکخراوبوون مەرجێکی سەرەکی سەرکەوتنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانە،” بزووتنەوەی کرێکاری، ژنان، خویندکاران و لاوان، مامۆستایان، بێکاران… هۆکار چییە ئەم بزووتنەوانە لە ڕێکخراوەی سەربەخۆی خۆیان بەهرەمەند نین؟ چ بکرێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە؟  

فەرمان ڕەشاد: بەهۆی ئەوەی سەندیكا جۆربەجۆرەكانی چین و توێژەكان لەلایەن حیزبەكانی دەسەڵات كۆنترۆلكراوە و دابەشكراوە، ئەوە وای كردووە خەباتی چین و توێژەكان لە چوارچێوەی سەندیكاكان سەركەوتوو نەبێت، زیانێكی زۆریشی بە بزوتنەوەی نارەزایی گەیاندووە، چونكە خەباتی سەندیكایی لە زۆر وڵات ڕۆڵی گەورەی گێراوە لە گۆرانكاری سیاسی و حكومڕانی، بەڵام بەخۆشحاڵی لەبەرامبەردا ئێستا چین و توێژەكان لەدەرەوەی سەندیكا تەقلیدیەكان خەریكی خۆ رێكخستنەوەن، بەتایبەت لەسەر ئاستی چینی مامۆستایان بە پلەی یەكەم ئەو خۆ ڕێكخستنەوەیە هەنگاوی باشی بڕیوە، دەكرێ ببتە هەوێنێك بۆ چین و توێژەكانی تریش و سوود لەو ئەزمونەی مامۆستایان وەربگرن، چونكە بەبێ ڕێكخراو بوون و یەكخستنی توانا و خواستەكان ناتوانین ئەو فشارانە بكەینە هێزێكی كاریگەر بۆ هێنانەدی خواستەكان، پێویستە ڕۆشنبیران و كەسە دیارەكانی نێو كۆمەڵگە هانی چین و توێژەكان بدەن بەو ئاراستەیە.

بۆپێشەوە: ئەگەر خۆپیشاندانەکانی پێشوتر زۆرتر لەزۆنی سەوزدا ڕوویان دەدا، ئەم جارە لەزۆنی زەردو دهۆکەوە دەستی پێکرد، چۆن دەڕوانە ئەم ئاڵوگۆڕە؟

فەرمان ڕەشاد: لە دوای ٢٠١٨ەوە ئاراستەیەكی نوێی بزووتنەوەی ناڕەزایی لە كوردستان سەریهەڵدا، ئەویش بە سەرتاسەری بونی نارەزاییەکان و تێپەراندنی سنوری زۆنەكانە، بینیمان لە سەرجەم ناوچەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە بەیەك دەنگ خەڵك ناڕەزایەتیان دەربڕی، كە ئەوەش ترسێكی خستە دەروونی دەسەڵات، چونكە لەكاتی خۆپیشاندانەكانی ١٧ی شوبات و ئەوانی تریش بەسەرتاسەری نەبوونی خۆپیشاندانەكان وای كرد خواستەكان نەیەنەدی. دەسەڵاتیش هەمیشە ئەو خاڵەی دەقۆستەوە كە خۆپیشاندانەكان لەیەك ناوچە قەتیس بووە و گوزارشت نییە لە ویستی هەموو خەڵك، بەڵكو دەستی سیاسی لە پشتە، بەڵام ئەو ناڕەزایەتیە نوێیانەی دوو ساڵی ڕابردوو ئەو كارتەی سوتاند، لە مانگی ڕابردووش سەهەڵدانی خۆپیشاندانەكان لە دهۆك، بەشێوەیەكی بەرفراوان و كاریگەر، پاشانیش پشتیوانی خۆپیشاندەرانی ناوچەكانی تر و بەرزكردنەوەی وێنەی دەستگیركراوانی دهۆك ئاماژەیەكی ڕوون بوو بۆ یەكبوون و پشتیوانی یەكتر لە چوارچێوەی قۆناغێكی تری بزوتنەوەی ناڕەزایەتی لە كوردستان. بەجۆرێك ئێستا ئێمە بەرەو خەمڵینی جووڵانەوەیەكی سەرتاسەرین كە بنەماكانی خواستە هاوبەشەكانی خەڵكە و دژایەتی گەندەڵی و بێكاری و فراوانكردنی مەوداكانی ئازادی ڕادەربرینە، ئەوەش سەرجەم پیلانەكانی دەسەڵات پوچەڵ دەكاتەوە بەوەی بتوانن شەڕی ناوچەگەری بۆ لاوازكردنی ئەو جوڵانەوەیە بەكاربهێنن. بەمانایەكی تر لە دیدی خەڵك چیتر شتێك بەناوی زۆنی زەرد و سەوز نییە، بەڵكو یەك زۆنە و بەیەك ئاراستە ڕووبەڕووی دەسەڵاتەكەی دەبنەوە.

بۆپێشەوە: دەسەڵات لەجێگای ئەوەی وەڵام بەداخوازی ڕەوای خۆپیشاندەران بداتەوە، پەنا دەباتە بەر چاوسورکردنەوە، تۆمەت بەخشینەوە، هەڕەشە، زیندانی کردن و سەرکوتکردن،… ئەم دەسەڵاتە تا کەی دەتوانێت بەو ڕێکارە نەشیاوە پارێزگاری لە دەسەڵاتی بکات؟

فەرمان ڕەشاد: ئەو رێككارانە تازە نین و چەندین ساڵە دەسەڵات لەجێی جێبەجێكردنی خواستەكان خەڵك پەنا بۆ سەركووتكردن دەبات. ئەزمونەكانی پێشووی كوردستان و عێراق و ناوچەكەش ئەوەی سەلماندووە كە هەڕەشە و زیندانی هیچ كات بزووتنەوەی ناڕەزایی كپ نەكردۆتەوە، ڕەنگە لە دۆخێك بتوانن گورزێكی كاتی لە بزووتنەوەی ناڕەزایی بدەن، بەڵام دواجار دەسەڵاتی ڕاستەقینە لای خەڵكە كە بریاریدا ئیتر ناگەڕێتەوە، ئەوەش ڕوونە ئەو چەند ساڵە سەرەڕای تیرۆر و گرتن و لێدان كەچی بزووتنەوەی ناڕەزایی لە كوردستان هەر بەردەوامە فروانتر دەبێت.

بۆپێشەوە: بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری، جار بەجار گەورەتر دەبێتەوە، زامنی سەرکەوتنی ئەو خۆپیشاندانانە لە گرەوی چیدایە؟

فەرمان ڕەشاد: ئەوەی زامنی سەركەوتنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵك دەكات، ڕێكخراوبوون و بەردەوام بوون و پشوودرێژییە، چونكە دەسەڵات هەمیشە لەسەر دوو ئاست كاردەكات پەرتكردنی دەنگی ناڕازی و كات كوشتن و گرەوكرتن لەسەر ماندووبونی خەڵك.

Leave A Reply

Your email address will not be published.