نوری بەشیر: هەر جوڵانەوەیەک کە دەیەوێت بێکاری و هەژاری و گەندەڵی نەهێڵیت، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەک کە دەیەویت “عەدالەتی کۆمەڵایەتی” بەدی بهێنێت، دەبێت ئاسۆی شۆڕشی کۆمەڵایەتی کرێکاری و دژی سەرمایەداری بەسەریدا زاڵبێت…

0

نوری بەشیر: هەر جوڵانەوەیەک کە دەیەوێت بێکاری و هەژاری و گەندەڵی نەهێڵیت، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەک کە دەیەویت “عەدالەتی کۆمەڵایەتی” بەدی بهێنێت، دەبێت ئاسۆی شۆڕشی کۆمەڵایەتی کرێکاری و دژی سەرمایەداری بەسەریدا زاڵبێت…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز نوری بەشیر لە ڕێکخراوی دەرەوەی حککك سەبارەت بە ناڕەزایەتیەکانی هەرێمی کوردستان.

بۆپێشەوە: خۆپیشاندانی جەماوەری ئەگەر ڕێکخراو نەبێت و هەڵگری ئاسۆیەکی ڕۆشنی سەربەخۆ نەبێت بەئاکامی پێویستی خۆی ناگات، بۆچی تائێستا ئەو خۆپیشاندانانە ڕێکخراو و ئاسۆیان ڕۆشن نییە؟

نوری بەشیر: ئایا مەبەستتان لەم پرسیارە ئەوەیە ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەی کەلەم یەک دوو ساڵەی رابردوودا لەوڵاتانی وەک عێراق، لوبنان، سودان، فەرەنسا، شیلی و ئێراندا ڕویانداوە ناڕێکخراو و بێ ئاسۆ بوون بۆیە سەرنەکەوتوون؟ ئەگەر مەبەستتان ئەمەیە؛ ئەوا دەبێت بۆ ڕۆشنکردنەوەی ئەم مەسەلەیە و ڕوونکردنەوەی زیاتر بدەین، کە من وێنەیەک لەو خۆپیشاندانانە کە دەدرێت وانابینم و بەبڕوای من ئەو خۆپیشاندانانە و ئەو جوڵانەوە ناڕەزایەتیانە، هەم ئاسۆی خۆیان هەبووە و هەم شێوازێکی تایبەت بەو ئاسۆیەی کە زاڵبووە بەسەریاندا هێناوەتە دەرەوە.

 بەواتایەکی تر دەمەوێت بڵێم کە هیچ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکی جەماوەری، بەتایبەتی ئەوانەی ناوەندی شارەکان داگیردەکەن، هیچکات خۆڕسک نین و بەئاسۆ و ئامانج و داخوازی خۆیانەوە و بەشێوازی ڕێکخراوبوونەوە دێنە مەیدانەوە. تەنانەت ئەتوانم بڵێم کە هیچ ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانێک بەبێ ئاسۆیەکی زاڵ بەسەریدا و بەبێ شێوازێك لەڕێکخراوبوون مومکین نییە پێ بنێتە مەیدانەوە.

 کەواتە کێشەی بنەڕەتی ئەو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانە ئەوە نییە کە بێ ئاسۆ و  ناڕێکخراوبوون، بەڵکو کێشەکە ئەوەیە کە ئاسۆیەک بەسەریاندا زاڵبووە کە ناکۆک بووە لەگەڵ پایەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی ئەو ناڕەزایەتیانەدا. بەواتایەکی تر بەشێوەیەکی گشتی ئەم جوڵانەوە و حەرەکەتە ناڕەزایەتیانە بەرهەق بوون و پایەی چینایەتی ناڕەزایەتیەکان خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بووە، لێرەشەوە خواست و مەسەلەکانیان ڕووی لە بەرابەری کۆمەڵایەتی و باش بژێوی و هێنانەکایەوەی سیستەمێک بووە کە خەڵک دەخالەتی ڕاستەوخۆی تیدابێت و کۆتایی بەگەندەڵی و تاڵانچیتی و هەژاری و بێکاری بهێنێت.

 بەڵام هەر ئەم جوڵانەوانە کەوتوونەتە داوی ئەڵتەرناتیڤی “هەڵبژاردنی پێشوەخت، سیمای سەربەخۆ و نا حزبی” . ئەم واقعیەتەش پێمان دەڵێت کە پایەی کۆمەڵایەتی ئەم جوڵانەوە و ناڕەزایەتیانە لەگەڵ ئاسۆی زاڵدا لە ناکۆکیدا بوون و هۆکاری شکست و ناکامیەکانیشیان هەر ئەم ناکۆکیەیە.

هەر جوڵانەوەیەک کە دەیەوێت بێکاری و هەژاری و گەندەڵی نەهێڵیت، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەک کە دەیەویت “عەدالەتی کۆمەڵایەتی” بەدی بهێنێت، دەبێت ئاسۆی شۆڕشی کۆمەڵایەتی کرێکاری و دژی سەرمایەداری بەسەریدا زاڵبێت.

واتە جوڵانەوە و خۆپێشاندانەکان لەحاڵەتی ئێستاوە بۆ هەڵوەشاندانەوەی سەرتاپای نیزامی سەرمایەداری و دامەزراندنی دەسەڵاتدارێتی جەماوەری کرێکاری و زەحمەتکێشان بەسەریدا زاڵبێت، ئەوکاتە دەتوانێت مەبەست و خواست و ئومێد و مەرامی ئەو خەڵکەی تێیدا بەشداربووە بەدی بهێنێت.

بێگومان لەسایەی جوڵانەوەیەکدا کەبەم ئاسۆیەوە پێدەنێتە مەیدانەوە، ئەوکاتە شێوازێکی ڕێکخراوبوونی تایبەت بەخۆیشی مەترەح دەکات، کەئەویش شوراکان و کۆنترۆڵی کرێکاری و حاکمیەتی جەماوەریە لەخوارەوە. واتە شێوازێک لەڕێکخراوبوون کە لە ناوەندی شارەکاندا(مەیدانەکانی وەک تەحریر و سەرای ئازادی..) ناچەقێت و پایەکانی خۆی دەباتە گارگە و گەڕەک و ناوەندەکانی کار و زانکۆ و هەموو دامەزراوەکانەوە، و مەشروعیەت لەدەسەڵات دەسێنیت و خۆیان سەرەتاکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە دەهێننە ئاراوە.

بەبڕوای من هۆکاری سەرکەوتوونەبوونی ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەی کوردستان لە پارەوە تا ئێستا، زاڵنەبوونی ئەمجۆرە لە ئاسۆی سیاسی و شێوازی رێکخراوبوونە. نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت کە سەرئەنجام دەبێت دەسەڵات بروخێت و وەلابنرێت، ئەمەیان کارێکە کەدەبێت ڕاپەڕینی جەماوەری وەک دواقۆناغی هاتنەمەیدانی جوڵانەوەی جەماوەری لەلایەن ڕابەرانەوە سازبدرێت و دەستی بۆ ببرێت، ئەگەر نا هیچ دەسەڵاتێک و حکومەتێک لە بەرئەنجامی ناڕەزایەتیەکاندا تەسلیم  بەخەڵکی ناڕازی و لەمەیداندا بوونی هەیە نابێت.

ئەگەر بە بارێکی تردا بپرسین وەک ئەوەی لە پرسیارەکەتاندا هاتووە کە “بۆچی تا ئێستا ئەو خۆپیشاندانانە ڕێکخراو و ئاسۆیان ڕۆشن نییە!، دەبێت تەئکید لە خاڵێکی ئەساسی بکەینەوە ئەویش ئەوەیە کە کرێکاران و کۆمۆنیستەکان ڕۆڵی چینایەتی و سەرەکی خۆیان نەگێڕاوە و زیاتر لەحاشیەی جوڵانەوەکەدا بوون، واتە وەک هێزێکی بەشدار جێگایان هەبووە لەبری ئەوەی وەک ڕابەری شۆڕشی کۆمەڵایەتی چێنی کرێکار و سۆشیالیزم و بەستراتیژی گرتنی دەسەڵاتەوە مەوجود بن و هەنگاو بەهەنگاو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان ئاراستە بکەن، و لەهەر چوونە پێشەوەیەکدا تاکتیکی دروست بخەنە بەردەم ئەو ناڕەزایەتیانە بۆ مەسەلەی ئەساسی لێسەندنەوەی شەرعیەت و دەسەڵات لە بۆرژوازی و حکومەتەکانیان کە کەوتوونەتە بەردەم نەفرەتی ناڕەزایەتی جەماوەرەوە.

بێگومان ئەمەش پێش هەموو شتێکیش تەجروبەیەکی گەورەیە بۆ چەپ و کۆمۆنیستەکانی کە پێیان وایە سیستەمی سەرمایەداری ئەمڕۆ دەبێت بڕوات و جێگای خۆی بدات بەسیستەمی سۆشیالیستی، کە ئەویش بەڕابەرایەتی حزبی کۆمۆنیستی و مارکسیستی و کرێکاری ئامادە و ڕێکخرا و دەکرێت و مەیسەر دەبێت کە پێشڕەوایەتی ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانە بکات و ئاسۆداری بکات و جەماوەری کرێکار و چەوساوەکانی کۆمەڵگە لەدەوری ئاسۆی سۆشیالیستی ئاسۆدار و ڕێکخراو بکات.

                بۆپێشەوە: بەبێ هاتنەمەیدانی چینی کرێکار و بەشداری چالاکانەیان لەڕێگای مانگرتن و کار ڕاگرتن، چوونە پشتی خۆپیشاندەرانی شەقام، ئایندەی ئەم خۆپیشاندانانە نادیار دەمێنێتەوە. پێویستە چی بکرێت بۆئەوەی چینی کرێکار وەکو شادەماری ئاڵوگۆڕبەخش بێنە مەیدانی ئەم بەرامبەرکێیەوە؟

نوری بەشیر: بێگومان ڕۆڵی کرێکاران لەهەر جوڵانەوەیەکی جەماوەریدا گرنگ و بڕیاردەرە، ئەگەرچی کرێکاران بەپێی هاوکێشەی هێزی چینایەتی و هەژمونی سونەتی خەباتکارانە و ڕەوتە چالاک و شۆڕشگێڕیەکانی ناو چینی کرێکارەوە بەشێوەی جۆراوجۆر کرێکاران ڕادەکێشێتە ناو هەر جوڵانەوەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەریەوە، بۆنموونە لەناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی عێراقدا ئەوانەی بەشداربوون بەشی زۆریان بێکاران و خەڵکانی کەمدەرامەت و مەحرومی کۆمەڵگەبوون کە ئەمانە بەشێکن لەچینی کرێکار. ئەمە وێڕای سەندیکا و ڕێکخراوە کرێکارییەکان لەبەشەکانی نەوت و کارەبا و چەند بوارێکی تر بەشداری راستەوخۆیان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکاندا کرد و تەنانەت پەیوەست بوون بەمەیدانی تەحریرەوە، بۆ لوبنان و لەسودانیش بە هەمان شێوە.

کەواتە کرێکاران لە ناڕەزایەتیەکاندا ئامادەییانهەبووە و بەشێوەی خۆیان هاتونەتە مەیدانی بەرامبەرکێکەوە وەک لە پرسیارەکەتاندا ئاماژەی بۆدەکەن، بەتایبەتی لەدۆخێکدا کە ئەگەر هاتوو کۆمۆنیزم و ڕەوتی سۆشیالیستی و هەڵگرانی ستراتیژی شۆڕشی کرێکاری هەم لەدەرونی چینی کرێکاردا و هەم لەئاستی ڕابەری ناڕەزایەتیەکاندا لە مەوقعیەتی ڕابەریدا نەبێت، بەدڵنیاییەوە لەئاستی… بەشدارییەکی نەبینراو و هەست پێنەکراودا دەمێنێتەوە.

کەواتە ئەگەر بمانەوێت چینی کرێکار ڕۆڵی رابەری بگێڕیت و بەم ئاستەش بیتە مەیدانەوە، ئەمەیان بەکاری کۆمۆنیستەکان و هەڵسوڕانێك دەگەڕێتەوە کە بەر لە سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان دەستی بۆبراوە. بەواتایەکی تر هاتنەمەیدانی چینی کرێکار وەک ڕیزێکی سەربەخۆی چیانیەتی لەهەر ناڕەزایەتیەکی جەماوەری بەرهەقدا، بە کارکردن بۆ هەژموونی ڕەوتی سوشیالیستی ناو چینی کرێکار و بردنەسەری ئاستی تەحەزوبی کۆمۆنیستی لەناویاندا و جێخستنی سونەتی شورایی و ئاسۆی شۆڕشی کرێکاری و ئەنتەرناسیونالیستی دەبێت.

 دەبێت کرێکار لە حزبی خۆیدا و لە شورا و کۆمیتەی مانگرتن و کۆنترۆڵی کرێکاریدا ڕێکخراو بێت و ڕابەرانیان لەدەوری ئاسۆی ڕابەریکردنی شۆڕشی چینایەتی و گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی رۆشن و وشیاردا بن. ئەمە مەرجی دەرکەوتنی چینی کرێکارە وەک ڕیزێکی جیاوزی چینایەتی لەدڵی هەر حەرەکەتێکی جەماوەریدا.

بۆپێشەوە: هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دوێنی و بەشدار لەدەسەڵاتی گەندەڵ و دزی ئەمڕۆدا وەکو گۆڕان دەیانەوێت خۆیان بە ناڕەزایەتی جەماوەرییەوە هەڵبواسن، چۆن دەڕواننە ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن و بزووتنەوەی گۆڕان؟

نوری بەشیر: من پێموایە ناڕەزایەتی ئەم دەورەیە  لەدژی حکومەت و سەرتاپای سیستەمی دەسەڵاتداریتی لە ئێستایدا. خواستی وەلانانی ئەم دەسەڵاتە و بێمتمانەیی بەحکومەت و حزبەکانی ناو پرۆسەی سیاسی کە لەبایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ئاخردا لەلایەن خەڵکەوە خۆی نیشاندا، ڕۆڵی هەموو حزبەکانی بەناو ئۆپۆزیسیۆنی ناکام خستۆتەوە و بەتایبەتی ڕۆڵی بزوتنەوەی گۆڕان خۆری ئاوابووە، چونکە خۆی بەشێکە لەدەسەڵات و پێموانیە خەڵکێک کە لەدژی دەسەڵات هاتبێتە مەیدانەوە قەبوڵی حزبێکی بەشداری ناو حکومەت و دەسەڵاتدارێتی قەبوڵ بکات، بەتایبەتیش کە وەزارەتی داراییەکەی بەدەستەوە بێت و نەتوانێت موچەی فەرمانبەران دابین بکات، ئەو شانسەی نەما کە جارێکی تر بتوانێت سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک ببێت، یان خۆی هەڵبواسێت بەناڕەزایەتیەکانی خەڵکەوە.

ئەم بزووتنەوەیە ئەو شانسەی کە هەیبوو لە دەورەی پێشوو سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان ببێت و بچێتە دەسەڵاتەوە، نە لە جێگاوڕێگای بزووتنەوەی گۆڕان وەک باڵێکی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کوردەوە هاتبوو، وە نە لە جێگا و مەکانەتی خودی نەوشیروان مستەفا بوو لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵگەدا، بەڵکو ئەوەی وایکرد ئەوان بگەیەنێتە ئەو جێگایەی کەپێشتر هەیانبوو، ئەوەبوو کە سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیەکانی بوون و چوونە دەسەڵاتەوە، ئەوەش بەرئەنجامی دەورەیەکی درێژماوەی دوو دەیە لە کەڵەکە بوونی توڕەیی و  ناڕەزایەتی خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەتی کۆمەڵگەی کوردستان بوو بەدژی دەسەڵاتدارێتی مافیایی و میلیشیایی بۆرژوا ناسیونالیستی یەکێتی و پارتی کە کۆمەڵگەیان نوقمی کوێرەوەری و هەژاری و برسێتی و بێکاری کردبوو بە سیاسەتی فریوکارانە و سەرکوت و کاری مافیایی. ئەو هەلومەرجە شانسی دایە دەست بزووتنەوەی گۆڕان بچێتە دەسەڵات و ببێتە شەریکە بەشی حکومەتی پارتی و یەکێتی.

خەڵک هەموو ئەوانەی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕانی بیرنەچۆتەوە، وە ئەوەی کە ئەمڕۆکەش دەیبینین ئەو حکومەت و دەسەڵاتە سێ کوچکەییەی پارتی و گۆڕان و یەکێتی، کە خەڵکیان توشی چ نەهامەتیەک کردووە، و گۆڕان پارێزەری هەمان سیاسەتێکە کە پارتی و یەکێتی سەپاندوویانە بەتایبەت لەم دەورەیەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا و ناردنەوەی خەڵک بۆ ماڵەوە بەبێ نیشاندانی هیچ بەرپرسیاریەتێک بەرامبەریان. هەر بۆیە هەموویان بەگۆڕانیشەوە لەبەردەم ناڕەزایەتی توڕەیی بێپایانی خەڵکدا قەراریان گرتووە.

بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە ڕۆڵی نەوەی نوێ لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا؟ تا چەندە لاتان وایە بەشداری نەوەی نوێ لەپێناو بەرژەوەندی بێبەشان و موچەخۆران و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستاندایە؟

نوری بەشیر: ئەوەی نەوەی نوێ دەیکات شتێکی جیاوازتر نییە لەوەی کە بزوتنەوەی گۆڕان کردی لەسەر حسابی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان چووە دەسەڵات و کە ئەمیش دەیەوێت سیناریۆیەکی گاڵتەجاڕی دووبارە بکاتەوە و پێی بچێتە دەسەڵات و ببێتە شەریکە بەشی حکومەتەکەی پارتی و یەکێتی، و حسابی لەسەر بکرێت. نەوەی نوێ دەیەوێت هەمانکاری بزوتنەوەی گۆڕان بکات بەڵام لەهەلومەرجێکی جیاوازدا. لەلایەک ئەمە شانسی کەمترە بەهۆی جێگاوڕێگای پارتیەوە کەهەموو حزبەکانی دەسەڵاتی لەدەوری سیاسەتی خۆی پاشەکشە پێکردووە و جێگایەکی وای بۆ نەوەی نوێ نەهێشتۆتەوە.

لەلایەکی ترەوە لەبەر ئەوەی خەڵکی کوردستان تەجروبەی بزووتنەوەی گۆڕانی بیرنەچۆتەوە بەخوێن و گۆشتی خۆپیشاندەران لە ١٧ی شوبات و ناڕەزایەتیەکاندا قوربانیان دا، وە ئێستاش لە پارتی و یەکێتی زیاتر بەرگری لە حکومەتی کابینەی نۆیەم دەکەن. ئیتر جێگایەک کە نەوەی نوێ لە ناڕەزایەتی و توڕەیی خەڵک لەئێستادا هەیەتی ناتوانێ لەوەی بزوتنەوەی گۆڕان واوەتر بچێت و کاریگەری هەبێت.

 تەجروبەی خۆڵکردنە چاوی خەڵكی کوردستان لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕان و چوونە دەسەڵات و دامەزراندنی حزبێکی بچوکراوەی بنەماڵەیی هاوشێوەی پارتی و یەکێتی و نەمانی متمانە و خۆشخەیاڵی بەم هێزە کافیە بۆ ئەوەی کە خەڵک بەهەمانشێوە متمانە نەکات بەوەی کە نەوەی نوێ وەک کۆمپانیایەک بەهەمانشێوە ڕەخنەی لە کۆمپانیاکانی نێچیروان و مەسرور بارزانی و کۆمپانیاکانی یەکێتی هەیە و دەیەوێت بە کۆمپانیاکەی خۆی جێگایان بگرێتەوە.

 واتە نەوەی نوێ داوا لەجەماوەر دەکات کە ڕاپەڕن و  دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی و کۆمپانیاکانیان ڕاماڵن، و ئەم خاوەن کۆمپانیا بچوکەی نەوەی نوێ بچێتە جێگایان، یان پاشەکشەیان پێبکەن و نەوەی نوێش وەک بزووتنەوەی گۆڕان ئەگەر شانسی هەبێت بچێتە دەسەڵات و ئاوڕێکی باشی لێبدرێتەوە و بیکەنە شەریکە بەشی خۆیان. لە ڕاستیدا ئەم شانسە لە ئێستادا لەبەردەم نەوەی نوێدا داخراوە، لەگەڵ ئەوەی حزبەکانی دەسەڵات هەمان حزبی هاونەزەری سیاسی و چینایەتی نەوەی نوێ خۆیەتی. بەهەمانشێوە ئەم شانسەی نەوەی نوێ لەلایەن خەڵكی کرێکار و کەمدەرامەتی کۆمەڵگەشەوە بێ ئاکام ماوەتەوە.

بۆپێشەوە: چ ئەرکێک دەکەوێتە سەرشانی چەپ و کۆمۆنیستەکان لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا؟

نوری بەشیر: بەبڕوای من پرسیارێکی وا دەبێت زیاتر ڕۆشنایی بخرێتە سەر، بەلای منەوە مەسەلەکە ئەوەنییە چ ئەرکێک دەکەوێتە سەرشانی چەپ و کۆمۆنیستەکان لەناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە جەماوەریەکاندا، چونکە ئەمە جگە لەوەی کە دەربڕینێکی گشتی و موجەڕەدە و پێمان ناڵێت کە مەبەست لەکام ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەرییە تا لەسەر هەریەکەیان قسەبکەین. بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە کە چەپ و کۆمۆنیستی کوردستان بەرامبەر بەدۆخێک کە بەهۆی بنبەستی حوکمەت و سیستەمی حوکمڕانی بۆرژوازی کوردەوە هاتۆتە کایەوە چی دەکەن و چ ئەرکێک بۆخۆیان دادەنێن و لێرەشەوە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەریدا بکەن.

 من پێموایە وەڵام بەدۆخی ئێستای کوردستان وەک کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداری و قەیرانگرتوو، شۆڕشی کرێکاریە. شۆڕشێک کە نیزامی کاری بەکرێ و خاوەندارێتی تایبەتی سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیاکان هەڵدەوەشێنێتەوە و کۆمەڵگەی کارکردوان دادەمەزرێنێت. کۆمەڵگەیەک کە هەرکەس بەپێی کارەکەی و هەرکەس بە پێی پێداویستی لە ژیانێکی خۆشگوزەرانی سەردەم بەهرەمەند بێت.

ئەمە دەتوانێت کێشەی بێکاری، هەژاری، گەندەڵی و نابەرابەری کە ئومێدی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە چارەسەر بکات. بەڵام ئەم شۆڕش و ئەم ئامانجە لە هاوکێشەی هێزی چینایەتیدا هێشتا پێداویستیەکانی ئامادە نییە و دەبێت لە جەرگەی خەبات بۆ وەلانانی دەسەڵاتدارێتی ئێستادا هەنگاو بەهەنگاو کاری بۆ بکرێت. لێرەوەیە کە ئەرکی کۆمۆنیستەکان، چەپ و ئازادیخوازەکان دێتە پێشەوە و بەرنامە و پلاتفۆرمی دەخالەتیان لەهەر ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانێکی گەورە و بچوکدا دیاری دەکرێت.

دەورەی ئێستا بۆ چەپ و کۆمۆنیستەکان، کۆبوونەوە لەسەر یەک ستراتیژە کە چۆن لەدڵی ناڕەزایەتیەکان و خواستی جەماوەرەوە بۆ وەلانانی دەسەڵاتی ئێستا، هەم ڕاپەرین سازبدەن و هەم چینی کرێکار ئامادە بکەن و هەمیش ڕیزی خۆشیان یەکگرتوو و مونسەجم لەدەوری ئەم ستراتیژە سیاسیە برەو پێبدەن، لێرەوە مەسەلەی ڕابەری و پێشڕەوی بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان دابین بکەن و لەشەڕی ئەلتەرناتیڤە بۆرژوازیەکاندا بکەونە جەنگێکی چینایەتیەوە.

ئێستا لەهەموو کات زیاتر کۆمەڵگەی کوردستان قوتبی بۆتەوە، لە دوو بەرەی چینایەتی جیاوازدا، بەرەیەک کەیەک دەستن لە دیفاعکردنیان بەشێوەی جۆراوجۆر لەمانەوەی دەسەڵات و سیستەمی حکومڕانی ئێستا بە شێوەی دیفاع لەپەرلەمان و چاکسازی ئەم حکومەتە و هێنانەوەی پاساوی سواو بۆ مانەوەی. ئەم بەرە چینایەتیە پێکهاتووە لەهەموو حزبە قەومی و ئیسلامیەکان و بەوەیشی کە بەرگی ئۆپۆزیسیۆنی لەبەرکردووە.

لەبەرە چینایەتیەکەی تردا هەموو خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەتی کۆمەڵگە لە مامۆستایان، فەرمانبەران، پەرستاران، لاوانی بێکار، ژنانی ستەمدیدە، کەمئەندام و خانەنشینان دەگرێتەوە، کە هەموویان قوربانی سێ دەیەی دەسەڵاتدارێتی حزبەکانی کوردایەتین و هەموو بێکار و برسی و بێبەشن لە خزمەتگوزاریەکان. واتە ئەم هێزە چەند ملیۆنیەی خەڵک یەک چارەنوس ویەک بەرژوەندیان هەیە و یەک دواڕۆژیش چاوەڕوانیان دەکات.

لێرەدا زەروورە کە جارێکی تر تاکید لەوە بکەینەوە کە دەور و نەخشی چەپ و کۆمۆنیستەکان و کرێکارانی پێشڕەو و ئازادیخوازان لەنێو ئەم هەلومەرجە حەساس و چارەنوسازەدا کەمەسەلەیەکی عەمەلیە و چ وەڵام و چ کاردانەوەیەکیان هەیە. لەناو ئەم کێشمەکیشە چینایەتیەدا بە کردەوە چ بەرەیەکی چینایەتی هەڵدەبژێرن بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگەی ئەمڕۆ بۆ کۆمەڵگەیەکی ئینسانی و خۆشگوزەران بۆ هەمووان. ئەم مەسەلەیەش تەنها مەسەلەی تیۆری و تەحلیلی نییە، بەڵکو ڕێک و ڕاست بەستراوەتەوە بە پراکتیکی شۆڕشگێڕانە و بە ئاسۆی سۆشیالیستی عەمەلیەوە کە وەڵامێکی ڕاست و دروستە کەدەتوانێت چارەنوسی کۆمەڵگە لە ڕیشەوە بگۆڕێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.