هەڵسەنگاندنی ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت لە کۆمەڵگەدا

0

هەڵسەنگاندنی ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت لە کۆمەڵگەدا

 ” ڕاپۆرتی بۆپێشەوە

ناپلیۆن بۆناپارت كە بووە ئیمپراتۆری فەڕەنسا وتی: «ئافرەت بە دەستێكی لانكە و بەدەستێكی هەموو جیهان رادەژەنێ»، یان نووسەری ڕووسی سۆخۆملینسكی پسپۆڕ لە بواری پەروەردە دەڵێت: «ئافرەت لە پەروەردەكردنی خۆشەویستیدا ڕۆڵی سەرەكی دەبینێت و نەك هەر دایكی منداڵە، بەڵكو پیاویش پەروەردە دەكات»، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە دەڵێت: ئەوە ژنی ئازا و بەهێز و دڵسۆزە، پیاوی ئازا و بەهێز و دڵسۆز دەخوڵقێنێت و پیاو بە ڕۆحی ئافرەت دەوڵەمەندەو ناچار دەبێت، قەدری جوانی بگرێت». با بزانین بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی بۆپێشەوە چۆن لە ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت دەڕوانن؟ بێگومان لەگەڵ دەستپێكی هاتنە كایەی مرۆڤایەتیدا ئافرەت وەك بوونەوەرێكی تەواوكەر لەگەڵ پیاودا رۆڵی كاری لە پێكهێنانی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا هەبووە و لە رێكخستنی خێزان و دروستكردنی پیاوی مەزنیش حاشا لە تواناكانی ناكرێ. ئەم بوونەوەرە میهرەبانە بە هەموو سەبر و ئارامی و بەخشندەیی خۆی توانیویەتی تەنانەت مێژوو بنەخشێنێت. شنە پشدەری : چالاك لەبواری مافەكانی ئافرەت، لە لێدوانێكیدا بۆ بۆپێشەوە دەمانگێڕێتەوە بۆ مێژووی كورد و ڕۆڵی ئافرەتی كورد بەمجۆرە هەڵدەسەنگێنێت «ئەگەر لە مێژووی كورد و كوردستان وردبینەوە بۆمان دەردەكەوێ كە ئافرەت چ رۆڵێكی گەورە و گرنگی هەبووە و هەیەتی لەژیانی پیاو و كۆمەڵگەی كوردیدا، گوتیشی «ژیانی ڕۆڵەی كورد بە شێوەیەكی گشتی و بە ئافرەت و پیاوەوە بەستراوەتەوە بە ژیانی سیاسی، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو وەزعەی كە كورد تێیدا ژیاوەو دەژی، هەر بۆیە ناتوانین ڕۆلیان لەیەكتر جیا بكەینەوە، بە بۆچوونی من هەر كۆمەڵگەیەك دان بە ڕۆڵی ئافرەتدا نەنێ و لە پۆستەكانی بڕیاردان و بەڕێوەبردن دووری بخاتەوە، ئەو كۆمەڵگەیە بەرەو دیكتاتۆریەت و تاكڕەوی و پیاوسالاری دەڕوات، ئەمەش گەورەترین هۆكارە بۆ مانەوەی كۆمەڵگە لە بازنەیەكی بچووك و قاڵبێكی تەسكدا، ئافرەتی كورد لەم سەردەمەش بە بێگومان ڕۆڵێكی دیار و بەرچاوی هەیە، ناتوانین بڵێین رۆڵی ئافرەتی كورد پشتگوێ خراوە و كاریگەری نەبووە، بەڵكو بەپێچەوانەوە هەموو هەوڵ تەقەلا و كارێك لەسەر بەرز ڕاگرتنی ڕۆڵی ئافرەت ئەنجام دراوە، ئافرەتیش خۆی زیاتر لەهەوڵدانە بۆ ئەوەی جەخت لەسەر بوونی خۆی و گرنگی ڕۆڵی لە ژیانی پیاودا بكات، بەڵام پێویستە لەناو خیزان زیاتر رێز لە ئافرەت و ڕۆڵی ئافرەت بگیرێ، چونكە بناغەی خێزان و سەرچاوەی خۆشەویستی و گەرمكەرەوەی هێلانەی ژیان ئافرەتە، سەقامگیری خێزانیش بە بەرز ڕاگرتن و رێزلێنان لە ئافرەت مسۆگەر دەبێت، كەواتە ژیان بە بێ بوون و ڕۆڵی ئافرەت هیچ واتایاكی نابێ. لە كۆمەڵگەی كوردیش وەك هەموو كۆمەڵگەكانی دیكە هەندێك كەموكورتی بەرامبەر بە ئافرەت هەیە، بەتایبەت لەپێشێلكردنی مافەكانی و باوەڕنەكردن بە توانای ئافرەت و تەنانەت لەهەندێك بوار ئافرەت دوور دەخرێتەوە و هیڵی سووری بۆ دادەنرێ، لە هەندێك خێزانیش دەبینین پیاوەكە واهەست دەكات كە ئافرەت ڕۆڵی سەرەكی نییە لەخێزان، بەڵام كاتێك كە ئافرەتەكە لەماڵ نابێت، هەموو شپڕزە دەبن و نازانن چۆن ماڵەكە بەڕێوە ببەن، بۆیە بێگومان ئافرەت و پیاو بۆ بەردەوامبوونی ژیان تەواوكەری یەكترن و دواڕۆژیان بە یەكترەوە بەستراوەتەوە. تەنانەت لەدابینكردنی سەرچاوەی ئابووری خێزانیش ئافرەتی كورد ڕۆلێكی گەورەی هەیە، رێژەیەكی زۆری ئافرەتەكانمان بۆ باشتركردن و بەرەوپێشخستنی باری ئابووری خێزان چ لە دەرەوەی ماڵ و چ لەناوماڵ كار دەكەن، كەواتە پێویستە دایك و باوك، یان ئافرەت و پیاو بە بایەخ و گرنگییەكی زۆرەوە سەیری بەهاكانی یەكتری بكەن». ڕۆژنامەنووس زانا حسن : پێیوایە ئافرەتی كورد بەگشتی بەهۆی كۆمەڵێك هۆكارەوە ئەو ڕۆڵەی پێنەدراوە، ئەگەر ڕۆڵیشی هەبێت، زۆر كەمە، لەبەر ئەوەی ئافرەت هەر لە سەرەتای ژیانیەوە بە جۆرێك لە جۆرەكان مافەكانی پێشێل دەكرێت، بگرە هەتا لەبەشوودانی كە چارەنووسی ژیانیەتی، ئەو ئازادییەی نییە كە ئارەزووی خۆی دەرببڕێ»، گوتیشی «دەكرێ بڵێین لەنێو بەشێك لە كۆمەڵگە شارستانییەكان هەندێ ئافرەت تا رادەیەك لەمافەكانیان تێگەیشتوون و توانیویانە ڕێنیشاندەری پیاویش بن، خۆشبەختانە ئافرەتی كوردیش ڕۆڵی سەرەكی لە كۆمەڵگە هەبووە و تەنانەت پیاوی مەزنیشیان پەروەردە كردووە». زانا حەسەن جەختی لەوەش كردەوە كە نەك هەر لە كۆمەڵگەی كوردی بەڵكو لە هەموو كۆمەڵگەكانی دواكەوتووی نێرسالاریدا مافەكانی ئافرەتان بە رەوا نابیندرێ، گوتیشی «دیارە هیچ كێشەیەك بێ ماندووبوون و تێكۆشانی بەردەوام چارەسەر ناكرێ و پێویستە بۆ ئاگاداركردنەوەی تاك و كومەڵگە بەرامبەر بە پێگەی ئافرەت هەوڵی بەردەواممان هەبێت، چونكە ئافرەت دایكە، خوشكە، هاوسەرە و هاوبەشی ژیانی پیاوە، دەبێ زۆر پیرۆزتر لەوەی هەیە رەفتاری لەگەڵ بكرێ، گەشبینیشم بەوەی كە چەند بەرەو بەشارستانی بوونی كۆمەڵگە بچین، ئەوەندە لەو تێگەیشتنە نزیك دەبینەوە». ئاواز قادر :چالاكی بواری ئافرەتان ، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت «زۆربەی بیرمەندان رایانوایە ژن یەكەم داینەمۆی پەروەردەیە، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە پیاو بەرپرس نییە، یان تەنها ژن تەنها كاری پەروەردەیە، بەڵكو ئەوە دەگەیەنێت كە ژن تواناو كاریگەری زۆرە لەپڕۆسەی پەروەردەدا، مامۆستا هەژار موكریانیش لەچێشتی مجێوردا بەرامبەر بە سوپاسی بۆ هاوسەرەكەی دەڵێت: خۆزگە لەبری ئەوەی پەیكەر بۆ پیاوە گەورەكان دروست بكرایە، پەیكەریان بۆ فرمێسكەكانی ژن و خوشكەكانیان دروستدەكرد، چونكە ئەوان لەپشت سەركەوتنەكانی پیاوانەوە وەستاون. بۆیە دەبێت كۆمەڵگە ڕێز لە گەورەیی ژن بگرێت، ژنیش خۆی ئەو گەورەییەی بپارێزێت، بەپێی سەردەم و رۆژگارەكان بەرپرسیاریەتەكەش دەگۆڕێت». جەختی لەوەش كردەوە كە ئافرەتان هەر سەردەمەو پێویستییان بەچەكێكە بۆ هاتنە مەیدان و ئێستاش لەسەردەمی تەكنەلۆژیاو مۆدێرنیتەدا لەهەموو كات زیاتر پێویستییان بەبەرزكردنەوەی ئاستی رۆشنبیریی خۆیان هەیە، تاوەكو بتوانن بەرامبەر بە ئەركی خۆیان سەركەوتوو بن و مافەكانیشیان مسۆگەر بكەن.

ئامادەکردنی: شوانە حەسەن ئەبوبەکر

Leave A Reply

Your email address will not be published.