کاتی ڕاماڵینی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، هاتووە

0

کاتی ڕاماڵینی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، هاتووە

هەلومەرجی ژیان و گوزەران و چینی کرێکار و کارمەند و موچەخۆرانی کوردستان، لەوپەرێ خراپیدایە. موچە نییە، ئەگەر هەش بێت زۆر کەم و بەشی دابینکردنی لانی کەمی پێداویستیەکانیان ناکات، موچە دەبردرێت، موچە دوادەخرێت و مانگەکان رۆژەکانی درێژ دەکرێتەوە، بێکاری بێداد دەکات و کاریگەری و لێکەوتەکانی کۆرۆنا ڤایرۆسیش بۆتە سەرباری ئەم دۆخە خراپە… خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و تەندروستی و تەرفیهیەکان لەوپەرێ خراپیدان، هێشتا ئاو کارەبا وەکو پێویست نییە… ململانێێ نێوان بەغداو هەرێم و نەمانی متمانەیان بەیەکتری خەریکە جەماوەری زوڵمێکراو و نانبڕاو دەکاتە قوربانی و هەرەشەی برینی ئەو موچە کەم و هەمیشە دواخراوەی هەیە… گرژی نیوان پارتی و یەکێتی جێگای دڵەڕواکیی جەماوەری بێبەشی کوردستانە… بۆردومان و دەسترێژی سەربازی و تورکیا و ئیران، بەهاوکاری و چاوساغی حزبەکانی دەسەڵات، درێژەیی هەیە.

حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی باکیان بە برسێتی و نەبوونی و خاڵی بوونی سفرەی کرێکاران و کارمەند  و موچەخۆران نییە، باکیان بە دوبارە سەرهەڵدانەوەی پەتای کۆڕۆنا و وێرانەیی سلکی تەندروستی نییە، هیچ خەمێکی ئاینندەی سیاسی کوردستانیان نییە، دزی و تاڵانیەک کە دەستیان داوەتی بەردەوامە و لەوەش زیاتر باسی قەرزداری ٢٧ ملیار دۆلاری دەکەن، کە ئەمە بەمانای بڕینی و موچە و دواکەوتنی زیاتری و وێرانتربوونی خزمەتگوازییەکان و شکاندنەوەی ئەو قەیرانە ئابوری و داراییە بەسەر ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و بێبەشانی کوردستاندا، دێت. ئەوە لەکاتێکدایە کە موچەی چەند ملیۆنی سەرانی حزب و حکومەت و ئەندامانی پەرلەمانە تۆپیوەکەیان و کەژاوەی سەیارە گران بەهاکانی بەرپرسەکان، وەکو خۆیانن. موچەی خێڵی خانەنشینکراوی حزبی بە پلەی باڵا وەکو خۆیەتی.

ئەم هەلومەرجە، توڕەیی و نەفرەتی جەماوەری لێوان لێو کردووە، زوربەی هەرەزۆری جەماوەری کوردستان لەسەروبەندی دەستبردن بۆ بایکۆت، کۆبونەوە، مانگرتن، خۆپیشاندان و هاتنە سەرشەقام و راپەرینیکی گشتیدا قەراریان گرتووە. خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی دهۆک تەکانێکی بە ئیرادەی جەماوەری ناڕازی لەسەرتاسەری کوردسان بەخشیووە، ئەگەر پێشووتر زۆنی سەوز زۆرتر جێگای نمایشی خۆپیشانی سەرشەقام بوو، ئیستا زۆنی زەردیش لەبەردەم سێلاوی تورەیی جەماوەریدایە. دەسەڵاتی سیاسی لەسەرتاسەری کوردستان و بەتایبەتیش لە زۆن زەرد و هەولێردا، ئارامیان لێبڕاوە و پیشبینی هاتنە سەرشەقامی رەوای جەماوەری برسیەکان دەکەن.

ئەم هەلومەرجەو هاتنە مەیدانی جەماوەری پێویستی بە ئاسۆیەکی رۆشنی سیاسی، بە رێکخراوبوون، و یەکگرتووبوون، بە پەرچەمی شۆرشگێڕانە، هەیە کە تەواوی دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەو سەرمایەداری و حزبەکانی بۆرژوازی بە دەسەڵاتدار و بەناو ئۆپۆزیسێۆنەوە بکاتە نیشانە. وە بەپێی هاوسەنگی هیزو پێشرەوی خۆی ئاستی داخوازی و مەیدانی نەبەردەکانی پێویستی بە فەتح کردن هەیە. پیویستی بە پلان و نەخشەیەک هەیە کە جەماوەری توڕە لە قوربانیدان بپارێزێت، نابێ رێگا بدرێت داخوازی و ویستەکانی جەماوەری ملیۆنی چینی کرێکار و موچەخۆران و بێبەشانی کۆمەڵگە کایەی پێوەبکرێت، نابێ رێگە بدرێت ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی خۆی تێکەڵ بە خواست و ویستی جەماوەری و رێزی خەباتکارانەیان بکات لە پێناو هەڵزنین و دەستڕاگەیشتن بە پۆست و دەسەڵات و بەشدار بوون لە سامانی دزروای خەڵکی کوردستاندا.

کات و سات، کات و ساتی چەپ و کۆمۆنیستەکانە… کاتی نمایشی رۆڵی رابەرانی چینی کریکار و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە بێبەشەکانی وەکو ژنان ولاوان و خویندکاران و بێکارانە، کاتی ئەو حزب و رێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستانەیە کە تیکۆشەری رێگای دنیایەکی باشترن… کاتی ئەوەیە پەرچەمی کۆمۆنیستی و کرێکارانی کۆمۆنیست، بزوتنەوەی نارەزایەتی کریکاریی و جەماوەری بە ئاقاری پێشرەوی سەرکەوتندا رابەری بکات و نەخشەو هەنگاوەکانی پێشرەوی بنەخشێنێت. بۆئەو مەبەستەش لەئیستاوە پیویستە چەپ و کۆمۆنیزم پلاتفۆرمی خۆی بۆ چونیەتی راماڵینی ئەم دەسەڵاتەو هەنگاوەکانی پیشرەوی و ڕیگاکانی دامەزراندنی دەسەڵاتی پشت بەستو بە ئیرادەی جەماوەری بخاتە ڕوو. وە لەئیستاوە رۆڵی رابەری و خاوەندارێتی خۆی بۆ کۆمەڵگە نیشان بدات.

بۆرژوازی کورد بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە خۆیان ئەزموون کرد، ئیمتحانی خۆیان دا، شکستان خوارد و هۆکاری سەرەکی ئەم هەلومەرجە دۆزەخیەی ئیستای کوردستانن. کاتیان دەمێکە تەواو بووە، و دەبێ نەخشەی راماڵینیان بە نەخشەیەکی رۆشنەوە دابرێژێت و دەسەڵات و رۆڵیان کەنار بخرێت و لە جیگاییدا دەسەڵاتێکی پشت بەستووی جەماوەری، جێگای بگرێتەوە کە زامنی ژیان و گوزەرانی تەسەل و خۆشگوزەران و زامنی دابینکردنی خزمەتگوازرییەکان و ئازادییە سیاسیەکان و مافە فەردی و مەدەنیەکانی تەواوی هاوڵاتیان کوردستان بێت.

با بۆ ئەو نەبەردە ئامادەبین و بە وریاییەوە پلانی دەسەڵاتی سیاسی بۆ رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندانی جەماوەری پوچەڵ بکەینەوە…

عەبدوڵا مەحمود    

Leave A Reply

Your email address will not be published.