پەتای کۆرۆناڤایرۆس و شکستی سەرمایەداری لە ئەمریکا

0

پەتای کۆرۆناڤایرۆس و شکستی سەرمایەداری لە ئەمریکا

لەگەڵ بەشێک لە وتەکانی ریچرد ۆڵف ئابووریناسی مارکسیستی و پرۆفیسۆری ئابووری لە زانکۆی ” مەسەچیوست ئەمهێرست ” ی ئەمریکی.

ئامادەکردن و وەرگێڕانی؛ سالار حەمە سەعید

ئێمە هەموو دەربارەی ڤایرۆسەکان دەزانین. دەزانین کە ڤایرۆس هەزاران ساڵە هەیە، دەربارەی ڤایرۆسە جیاجیاکان دەزانین وەک ڤایرۆسی ئیبۆلا و سارس و هتد. دەزانین کە ڤایرۆس سارییە و بڵاودەبێتەوە و دەبێ ڕێگری لێبگیرێ لە بڵاوبوونەوەی ئەویش لەڕێگەی ڕێکاری وەک دوورکەوتنەوە لەیەکتر یاخود بەکارهێنانی دەستکێش و دەمامک ئامێری تایبەتی هەناسەپێدان ( ڤێنتلەیتەر).

ئێمە دەزانین پێویستمان بە نەخۆشخانە و جێگە هەیە لە نەخۆشخانەدا. لە رابردوودا لە ساڵی ١٩١٨ یەکێک لە خراپترین پەتای ڤایرۆسمان هەبوو بەناوی پەتای ئەنفلۆنزای ئیسپانی کە زیاتر لە ٦٠٠ تا ٧٠٠ هەزار کەسی کوشت لە ئەمریکا، وە لەم دواییانەدا ڤایرۆسی ئیبۆلا و مێرس و سارس مان هەبوو. ئێمە هەموو ئەمانە دەزانین. تەنها شتێک کە خزمەتگوزاری تەندروستی دەبێ بپرسێ ئەوەیە: ئایا ئێمە ئامادەین؟ ئایا هەنگاومان ناوە و لەمێژوو فێربووین و وانەمان لە مێژوو وەرگرتوە لە بەرهەمهێنان و ئەمبارکردنی (خەزنکردنی) ماسکی پێویست و دەستکێش و ئامێری هەناسە بەخشینی دەستکرد ( ڤێنتلەیتەر) ؟

هەروەها دەزگایەک بۆ جێبەجێکردنی ئەو فاسیلە (دووری) کۆمەڵایەتییە هەروەها بۆ جێبەجێکردنی تێستکردن (تاقیکردنەوە) ی بەکۆمەڵی خەڵک تا بزانرێ ڤایرۆسەکە لەکوێدایە؟ و لەچ بارو ڕەوشێکدایە و بڵاوبوونەوەکەی چۆنە و لە چ ئاستێکدایە، ئیتر هەر بەوپێیە ئایا ئامادەین یان نا؟ ئەمریکا و زۆرێک لە وڵاتانی تر ئامادەنەبوون، هەندێ وڵات خێراتر خۆیان سازدا.

تووشی داڕووخانێکی گەورەی ئابووری بووینەتەوە کە کاریگەری گەورەی لەسەرمان داناوە، کە هیچ زەروورەتێک نەبووە بۆ ڕوودانی هەموو ئەمانە. ئەگەر ئێمە ئامادەبووینایە سیستەمی ئابووری تووشی وەها تێکشان و داڕووخان نەدەبوو. ئەو ئامادەکاریانە هەبووایە وەک ئەم سیستەمە سەرمایەداریە کە تێیداین و پیایدا تێدەپەڕین ئەو موعانات و نەهامەتیانەمان نەدەبوو. ئەگەر ئاوا بەهۆی سەرمایەداریەوە پەککمان نەکەوتایە دەمانتوانی بەشێوەیەکی کاراتر مامەڵە لەگەڵ ئەو تێکچوون و دابڕانە ئابووریەدا بکەین وە بەڕێژەیەکی زۆر کەمتر لە بێکاری و لەدەستدانی دەرامەت و هەموو ئەو موعانات و ناخۆشیانەی کە روویاندا تەواوبێت.

بەکورتی کۆرۆنا ڤارۆس و شکستی ئابووری کە ئێستا تیادەژین بریتییە لە لیستی تاوانەکان و رەخنەی سیستەمێک کە نەیتوانی ئامادەبێت و فەشەلی هێنا لە مامەڵەکردن لەگەڵیدا. ڕێگەمەدەن هیچ کەسێک سەرتان لێتێک بدات بەتۆمەتبارکردنی وڵاتێکی دیاریکراو هەروەک چۆن ترەمپ چین تاوانبار دەکات بەوەی دەستی هەیە لە بڵاوکردنەوەی ئەم پەتا و ڤایرۆسە. ئەمە هەم شکستی بەشی تایبەتی ئابووری سەرمایەدارییە هەم شکستی حکومەتی سەرمایەدارییە.

بۆچی من دەڵێم ئەمە شکستی سەرمایەداریە کە ئاوا خراپ ئامادەیە بۆ ڤایرۆسەکە وەڵامەکەی زۆر ڕۆشن و بێ پێچ و پەنایە. کۆمپانیا سەرمایەداریەکان قازانج پایەی ئەسڵی و هۆکاری بنەمایییانە. من ئەوە ئەزانم و ئێوەش ئەوە دەزانن و خۆشیان وادەڵێن. ئەوان خەریکی بازرگانی و بزنسن تاکو پارە کۆکەنەوە هەر بۆ ئەوەش خەڵات دەکرین وە ئەگەر شکست بخۆن هەموو بۆ ئەوە سزادەدرێن، ئەمە سەرمایەداریە و سەرمایەداری ئاوا کار دەکات.

مەسەلەیەکی تریش ئەوەیە کە قازانجبەخش نییە بۆ سەرمایەداران کە دەستکیش و ماسک و ڤێنتلەیتەر و ئامێری تێستکردن بەرهەمبهێنرێت و خەزن بکرێت (بخرێتە ئەمبارەوە) لە عەمارگەکاندا و چاوەڕێ بکرێت بۆ چەندەها ساڵ تا پێویست بکات بەکاربهێنرێن بۆ دابینکردن و گەرەنتی کردنی سەلامەتی خەڵک.

 ئەوان لە بیری بازرگانی بەرهەمهێنانی شمەک و پێویستی تەندروستی خەڵکدا نین. ئەوان لە بیری بەرهەمهێنانی قازانجدان، نەک ئەوەی پێویستە بۆ تەندروستی خەڵك.  لێرەدا دابڕان و پچڕانێکی ڕۆشن هەیە لەنێوان ئەوەی کە قازانج بەخشە وە ئەوەی ئێمە کە زەروور و پێویستە بۆ تەندروستی خەڵک.

 کاپیتاڵیزم سیستەمێکە کە قازانج دەخاتە پلەی یەکەمەوە و تەندروستی گشتی خەڵکیش دەخاتە پلەی ٢ یا ٣ یا ٤ بەڵام هەرچۆنێک بێت نایخاتە پلەی یەکەمەوە. ئێستا نموونەیەکی ئاشکراو کۆنکرێتمان لەبەردەست دایە کە ئێجگار ترسناکە، ئەویش ئەم قەیرانەی پەتای کۆرۆناڤایرۆسە کە سەرمایەداری تیایدا ناتوانێ پێداویستییە بنەماییەکانی خەڵک دابین بکات. سەرمایەدارەکان ئەوەیان کرد کە قازانج هێنەرە.

ئەوەی ئێمە دەیزانین لە مێژوودا سەبارەت بە پەتاکان و ئەوەی کە پێویست بوون بکرێن وە ئەوەی کە کراون ئەوەیە کە هیچ پاساوێک نییە و هیچ خۆقوتارکردنێک نییە لەڕاستییەکان. هەرچییەکتان پێ بڵێن سیاسەتمەدارە بەکرێگیراوەکانی سەرمایەداری لەبارەی شکستی ئەم سیستەمەوە ئێوە دەبێ بڵێن ئەمە شکستی رۆشنی سیستەمی سەرمایەدارییە، بەڵام ئەمە شتێکی نوێ نییە تەنانەت شتێکی نا ئاسایییش نییە. زۆر شتی پێداویستی بنەمایی و ئەساسی تری مرۆڤ هەیە کە قازانج بەخش نییە بۆ سەرمایەداران کە بەرهەمی بهێنێ لەوانە پێداویستی تەندروستی خەڵک کە بەهیچ شێوەیەک قازانج بەخش نییە بۆیان.

هەندێ کات حکومەت دەست تێوەر دەدات بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شکستەی کە ڕوویداوە لە سێکتەری خصوصی (تایبەت)دا بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، وە ئامادەکاری بۆ کۆرۆناڤایرۆسە. حکومەت دەیتوانی بێتە پێشەوە و فەرمانی دەرکردایە بۆ بەرهەمهێنانی ماسک / دەمامک و ڤەنتیلەیتەر (هەناسەپێدان) و دەستکێش وە دەیتوانی نەخۆشخانە و جێگە ئامادە بکات لەگەڵ یەکەی چاودێری چڕدا ( وحدات العنایة المرکزة).

حکومەت دەیتوانی هەموو ئەم شتانە خەزن و کەڵەکەیان بکات لە تەواوی وڵاتدا نزیک بە شوێنە قەرەباڵغەکان. حکومەت دەیتوانی قەرەبووی ئەو شکستەی سەرمایەداری خسووسی بکاتەوە لە ئامادەکاری بەشێوەیەکی گونجاو بۆ ئەم پەتایە. بەڵام ئەمە نەکرا لە ئەمریکا ئەمەش تەنها هەڵەی دۆناڵد ترەمپ نییە یاخود حزبی جمهوری یا حزبی دیموکرات، بەڵکو ئەمانە هەموویان بەرپرسن لەم شکستەی کە ڕوویداوە.

بەهۆی زاڵبوونی ئایدۆلۆژیایەک کە زۆر بەشێوەیەکی سەیرو سەمەرەو نەگونجاو لایەنگری کاپیتاڵیزمە، حکومەت هەرگیز نەهاتووە هەڵوێست بنوێنێ بەرامبەر سەرمایەداری خسووسی لەبەرئەوەی وەها کارێک پێویستی بە حکومەتێکە هەڵویستێکی ڕەخنەگرانەی هەبێت لەبەرامبەر سەرمایەداریدا، حکومەتەکان نەیانتوانیوە ئەم کارە بکەن و نەیانکردوە و نایکەن. هۆکارەکە هەر لەبەر ئەوەبووە کە ئامادەکاری نەبووە و نەکراوە بۆ ئەم ڤایرۆسە وە ئەوشتانەی کە پێویست بوون خەزن نەکراون، بۆیە ئەو ژمارە زۆرە لە خەڵک دەمرن. زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس مردوون ئەمە لەکاتێکدا رێژەیەکی زۆر کەم لەخەڵک تێستیان (فەحسیان) بۆکراوە کە تاماوەیەک لەوەوبەر بە رێژەی لەسەدا ٢ ی دانیشتوانی ئەمریکا بوو.

چەقی تێڕوانینی سەرمایەداری گۆڕانکاری بەسەرهات، بۆئەوەی قازانج بکەن دەبوا زەرەرو زیانەکانیان بگەیەننە کەمترین ڕادە، ئەمەش هەموو سەرمایەداران دەیزانن و ئاگادارن لێی. کاتێ دەزانن کە ئێمە ناتوانین کۆبینەوە لە ئۆفیس و فەرمانگە و کارگە و دوکان و بازاڕەکان، واتە سەرمایەدارەکان بۆیان ناکرێ نەک قازانج بکەن، بەڵکو تەنانەت کاڵاکانیشیان ساغ بکەنەوە، لەئاکامدا پەنا دەبەنە بەر دەرکردنی کرێکاران.

هەر لەبەر ئەوەیە کە دەبینرێت ڕێژەی بێکاری بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بەرزدەبێتەوە هەروەک بێکاری سەردەمی قەیرانە گەورەکانی سەرمایەداری لە ساڵەکانی ٣٠ یەکانی سەدەی پێشوو. کەواتە ئێمە ڕووبەڕووی داڕمانێکی ئابووری دەبینەوە سەرباری پەتای کۆرۆناڤایرۆس لەبەرئەوەی ئێمە نە بۆ ئەم ڤایرۆسە ئامادەبووین و نە بۆ داڕمانە ئابووریەکە. هەروەها ئێمە باسی بێکاری دەکەین، چونکە زیاتر لەهەر وڵاتێکی تر بێکاری کاریگەری داناوە بەسەر ئەم وڵاتەوە، چونکە ئامادەکاریەکی ئێجگار زۆر کەم هەبوو بۆ ئەم پەتایە هەر بۆیەش زیانەکانی کە پێمان دەگەن زیاتر و گەورەترن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.